Wednesday, February 5, 2014


لەمپەرەکانی هەمبەر درووستکردنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی و دامەزراندنی کۆنگرەی نـەتـەوەیـی کوردستانێ

 کرمانجی سەعید مەسیفیی*

بـەرایـی
تایبەتمەندێتییەکانی پێکهاتەی نەتەوە، و چەمکی ئەو تێرمە سیاسیی ــ جوگرافییە، قەوارەکی بەرفرەی هەیە کە دەکرێ شرۆڤەی تەسکەرەی نەتەوەی تێدا بکرێ. چەمکی نەتەوە، دەکرێ لەو ڕەهەندە تاریفی لەبۆ بکرێ کە میللەتیكی کەونار (باستانیی) لەسەر خاكی هەزاران ساڵەی خۆی بەردەوام بوونی هەبووبێ، و لەسەر ئەتلەسی دنێدا ئەو خاکە بە هی ئەو میللەتە دێرینە ناسرابێ.
 
ئەو میللەتە، لە تەنیشت ئەو خاکە ئاژدادییە کە هەیتی، دارای چەند گەلێکە کە پێکهاتەی ئەو گەلانە بەگوێڕەی هەڵکەوتی جوگرافیاییان، پێکڕا قەوارەی جوگرافیای گەورەی ئەو نەتەوە درووست دەکەن. بۆ نموونە، گەلەکانی لوڕ و زازا دوو گەلن کە لە پێکهاتەی نەتەوەیی نەتەوەی کوردستانێ، تایبەتمەندێتیی مێژووییان هەیە کە ئێکەکیان لە باشوور و ئەویدیکەیان لە باکوور قەوارەی مەزنی زێدی میدیا نیشان دەدەن.

 ئەو گەلانە، بە هەبوونی زمانێکی نێوکۆیی (بە زاراوەی جیاواز)، داب و نەریتی وێکچوو، مێژوو، ، فەرهەنگ، تایبەتمەندێتیی کۆمەڵایەتیی، و ئارمانجی نێوکۆیی ــ ئێك میللیەتیی ـــ لەبۆ ئەو میللەتە درووست دەکەن، و لە چاشنی نەتەوە دەیناسێنن. هەڵبەت ئەو جۆرە میللەتانە، تەنێ لە ڕووی تایبەمەندێتییەکانی ئیثنیکیی دەخرێنە ناو قەوارەی تاریفی "نەتەوە." دەنا، تەنیا ئەو تایبەتمەندێتییانە بۆ پێناسەی میللییەت نابنە "تەسکەرەی نەتەوەیی" ئەگەر ئەو نەتەوە ئاڵای سەربەخۆیی، و سیستەمی سیاسیی ــ ئابووریی خۆی نەبێ.

درووسـتـکـردنـی هـزری نـەتـەوایەتیـی
بۆ درووستکردنی هزری "نەتەوایەتیی" گەرەکە ئەو تایبەتمەندێتییانەی کە باسیان لێوە کرا لەناو میللەتێك هەبن بۆ ئەوەی ئەو میللەتە لەسەر ئاستی جیهانێ ئەو بوارەی هەبێ کە بتانی داوای تەسکەرەی نەتەوەیی خۆی بکا. ئەنجا، لەگەڵ دامەزراندنی وڵاتی نەتەوەیی، دەسەڵاتی نیشتیمانیی ئەو نەتەوە، سەرچاوەکانی سرووشتیی و مرۆیی ڕەکار دەخا بۆ درووستکردنی فەلسەفی نەتەوەیی و هێزمەند کردنی فەرهەنگی هەڤوەڵاتیی بوون، و بەستنەوەی هەڤوەڵاتییان بە خاکی ئاژدادیی، مێژووی نەتەوایەتیی، فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی، و پەروەردەی نیشتیمانیی کە پێکڕا سیمایێکی تەندرووستی نەتەوایەتیی بۆ ئەو نەتەوە چێ دەکەن.

دەسەڵاتی سیاسیی گەرەکە بەردەوام هەوڵ بدا بۆ درووستکردنی سیستەمگەلێکی کارای پەروەردە، ئابووریی، جڤاکیی، چاندن، و تەندرووستیی بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە لەبوارەکانی ئەکادیمیی، زانستیی، مەعـریفیی، کۆمەڵایەتیی، ئاوەدانکردنەوە، و فەرهەنگیی، پێشڤە ببا کە تێیدا مافەکانی تاکیی و جڤاکیی هەڤوەڵاتییان بپارێزێ بە جۆرێك کە هەموو هەڤوەڵاتییان لەبەرامبەر یاسا ئێکسان بن بۆئەوەی هەر تاکێکی ئەو نەتەوە لەناو کەسێتیی خۆی هەست بە پاراستنی کەڕامەتی خۆی بکا.

هەڵبەت، بۆ بزاڤی ئازادییخوازیی (بەمانای نەتەوایەتیی) ئەگەر هەبێ، گەرەکە بنەماکانی هزری نەتەوەیی لە وجود بێ بۆ ئەوەی بزاڤێکی ئاوهایی هەبێ. ئەنجا، دوای ئەوەی کە بزاڤ دەگاتە هەوارگەی مەبەست کە قۆناخی سەرکەوتنە، پەروەردە کردن و هێزمەند کردنی ئەو هزرە بە جۆرێکی تەندرووست دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقیی ئەو ڕێبەرایەتییەی کە لەسەرووی بزاڤەکە قەراری گرتیە بۆ ئەوەی زەوینەسازیی بکا  بۆ دانانی بونیادی پاراستن و پێشڤەبردنی فەرهەنگی نەتەوایەتیی کە مەرامنامەکەی دەکەوێتە سەرووی تەواوی بەرژەوەندییەکانی تاکیی و حیزبیی. وەلێ، داخوا هزری نەتەوایەتیی بۆ میللەتێکی داگیرکراوی وەکی میللەتی کوردستانێ، چلۆن درووست دەکرێ؟ ئایا خەباتی ڕزگارییخوازیی ئەو میللەتە بندەستە، دەتوانێ چ پێگەیێکی لە هێزمەند کردنی هزری نەتەوەیی هەبێ؟ بەتایبەتیی جۆری دابەشبوونی میللەتی کوردستانێ کە تێیدا چار "وڵات ـــ نەتەوەی" داگیرکەری پاشڤەڕۆ، نەتەوەی کوردستانێیان چەوساندیتەوە ـــ خەباتی میللەتی کوردستانێ هەمیشە زۆر دژوارتر بووە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو میللەتانەی تەنێ خەباتیان بۆ سەردەستەیی ئایدیۆلۆژیی ــ سیاسیی کردووە.

 گەڵاڵەکردنی بنەماگەکانی سایکۆلۆژیی فەرهەنگی نەتەوایەتیی
بۆ باوەڕ بەخۆ بوون لە هەر ئاستێكی ژیان، کەسیی، جڤاکیی، سیاسیی، یان نەتەوەیی، سایکۆلۆژییەکی تەندرووست لەسەرووی عەقڵ پێویستە، چونکە لەوەختێك سایکۆلۆژیی لاواز بێ، عەقڵ نکاری تەندرووستانە کار بکا. عەقڵ هێندە تەندرووست دەمێنێ ــ تا ئەو جێگەی لەژێر هێمای سایکۆلۆژییەکی تەندرووست کار دەکا.

لەو حاڵەتە، بۆئەوەی بنەماگەکانی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی لە سەرووی زهنیەتی نەتەوەیی ـــ سیاسیی ـــ کۆمەڵایەتیی قەراربگرێ، گەرەکە ئەو زهنیەتە سێ جەمسەرییە لەناو ژینگەی پەروەردەیێکی تەندرووست گەڵاڵە و گەشە بکا بۆ ئەوەی کە دەکەوێتە سەر ڕەهەندی خەبات، ئەو توانا ڕووحیی ـــ سایکۆلۆژیی ـــ فیکرییەی هەبێ هەتا بتانی ئەرکی سەنگینیی خەباتی نەتەوایەتیی، چۆك ئەستوورانە هەڵگرێ ــــ بۆئەوەی بتوانێ ستراتیژییەکی ڕۆشن لە پێناو ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی ئامادە و ڕەکار بخا.

بۆ ئەو مەبەستە، گەرەکە ڕێبەرایەتییەکی حەکیم هەبێ تا لە ڕەهەندی کاربردی ستراتیژییەکی نیشتیمانیی، تەواوی تواناکانی ژێهاتیی ڕێکبخا. دەبێ ڕێبەرایەتییەکی نێوکۆیی و بهەڤڕا دابمەزرێ، و ئەو ڕێبەرایەتییە هەوڵ بدا کە سوود لە کاناڵەکانی جۆراوجۆری خەبات، لە وانە خەباتی فەرهەنگیی، دیپلۆماسیی، و (لەکاتی پێویست 'وەکی دوا چارە' بۆ پاراستنی کەڕامەتی میللەت، لە ڕەهەندی چەکدارییش سەر قیت کاتەوە). پێویستە هوشیارانە، ئەو جۆرانەی خەبات، هەرئێك بە نۆرەی خۆی، لە کاتی پێویست بەکاربهێندرێ. لە تەنیشت ئەوانەش، دەبێ نوێکردنەوەی فەرهەنگی جڤاکیی هاوتەریبی خەباتی نەتەوایەتیی لەبەرنامەی کاری ڕێبەرایەتیی، گرینگیی پێبدرێ. چونکە، پاراستنی کۆمەڵگەیێکی تەندرووست و هوشیار، فاکتەری هەرە گرینگی درێژە دان بە خەباتێکی تەندرووستە کە لەهەر قۆناغێکی ئەو خەباتە، خەباتگێڕان، ویژدانمەندانە بە دڵسۆزییەکی ڕەها لە پێناو سەروەریی نەتەوە و نیشتیمان، ئەخلاقمەندانە درێژە بە خەبات بدەن.

ڕێبەرایەتیی حەکیم بەشیوەیێکی سەرەکیی کار لەسەر کێمکردنی ئاستی زهنیەتیی "تاکڕۆیی" دەکا و بەردەوام ئەندامانی سەرکردایەتیی و خەڵکەکەی خۆی، لەمەڕ مەترسیی و ئەنجامی خراپی ئەو زهنیەتە ئاگەدار دەکاتەوە. ڕێبەرایەتیی حەکیم نەك هەر بە گۆتن، بەڵکو بە کردەش هەولی بنبڕکردنی "ئەنانییەت" دەدا، و ژیانی خۆی لە ژیانی خەڵکە سادەکەی دیکە جیا ناکا. ئەو جۆرە ڕێبەرایەتییە بە کەڕامەت ڕێبەرایەتیی خەباتگێڕان دەکا، و خەباتگێڕانیش کەڕامەتمەندانە لە خزمەت ئارمانجەکانی پیرۆزی نیشتیمان دخەباتینی.

لە ڕەهەندی جۆرە خەباتێکی ئاوهایی ــ ئارمەنجەکانی نەتەوایەتیی، جۆری ستراتیژ، و فەرهەنگی نیشتیمانیی دەبنە بنەما و فەلسەفەی خەبات، و لەو ڕە‌هەند و ڕوانگە، ڕێبەرایەتیی، هوشیارانە سوود لە هەر ئیمکانیەتێك وەردەگرێ. بە لەبەرچاو گرتنی زرووفی بابەتیی، هەرێمیی، و جیهانی ـــ واقیعبینانە سیاسەتی خۆی هەموار دەکا.  لەسەر ئاستی جڤاکییش، ڕێبەرایەتیی بەردەوام کاردەکا کە فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی لەسەر بونیادی پاراستنی کەڕامەتی تاکی کۆمەڵ دەوڵەمەند، و لەوێوە هەڤوەڵاتییان فێر دەکا کە فەرهەنگی پاراستنی کەڕامەتی نەتەوایەتیی لەسەرووی هەر جۆرە بەرژەوەندیێکی دیکە دابنێن، و تەنێ لە ڕەهەندی خزمەتگوزاریی نەتەوە و نیشتیمان کار بکەن.

داگیرکەران و سیاسەتی شێواندنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی میللەتی کوردستانێ
لە ڕەهەندی سەرنج دان بە مامرەتی سیاسەتی دوژمنکارانە و داگیرکەرانەی هەر چار وڵاتانی داگیرکەر، ئێران، ئێراق، سووریا، و تورکیا کە هەر ئێك بە نۆرەی خۆی تەواوی تواناکانی خۆی بۆ شێواندنی سیماکانی نەتەوایەتیی میللەتی کوردستانێ بەکار هێنایە، گەرەکە لەو نێوانە، هەڵوێستەیك لەسەر کارێگەرێتیی مەکانیزمی سیاسەتی لاوازکردنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی میللەتی کوردستانێ بکرێ.

پڕۆسێسی چەوساندنەوە لەهەر چار پارچەی کوردستانێ، هەر لەپاش دابەشکردنی زێدی میدییەکان لە دوای ئێکەم جەنگی جیهانگیر لەلایەن هێزەکانی کۆلۆنیالیستی ڕۆژاوایێ، ڕەکار هاتیە، و بەردەوامیش لە دژی میللەتی کوردستانێ کاری پێکرایە. ئەم دابەشکردنە، کارێگەرێتییەکی زۆر دژواری لەسەر تەواوی لایەنەکانی سیمای کوردەواریی، بەتایبەتیی، سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی دانایە کە هەتا ئێستاش لەکە کرێتەکەی، کێم یان زۆر، بەسەر زهنیەتیی بەشێکی خەڵکی کوردستانێ (بەتایبەت هەندێك لەڕێبەرانی سیاسیی حیزبەکان) ماوە.

داگیرکەران، بەردەوام هەوڵیان داوە کە سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی کوردیی تێکەڵ و لە بۆتەی نەتەوایەتیی عـارەب، فارس، و تورك بتاوێننەوە. هەرکاتێکیش لەو سیاسەتە سەرکەوت نەبووبن، ڕەویشی چەوساندنەوەی جەستەیی لەبەرامبەر کوردستانییان بەکار هێنراوە. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە، میللەتی کورد تەسکەرە و فەرهەنگی نەتەوایەتیی خۆی لێ سەندرا، و بەسەریشی سەپێندرا کە ببێتە بەشێك لە فەرهەنگەکانی عارەبیی، فارسیی، و تورکیی. ئەم سیاسەتە دژوارە، وەهای کردیە کە جیهان بینینی میللەتی کورد لە ناو چارچێوەی سایکۆلۆژییەکی لاواز، و ڕوانگەی "کێمباوەڕیی بەخۆ،" سەرچاوە بگرێ و هەر لەو ڕوانگە لاوازەش جیهانی دەوروبەری خۆی ببینێ.

ژیان لەنێو ژینگەی بندەستیی و چەرمەسەرییی بۆ میللەتی کوردستانێ بۆتە ئەو فاکتەرە کە بنچینەکانی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی بکەوێتە ناو ئاژاوەی سیستەمگەلێکی چەواشە و نامرۆڤانە کە هۆکاری هاتنە بوونیان، هەر لەبەرایی، تواندنەوەی هزری نەتەوەیی مرۆڤی کورد لە بۆتەی فەرهەنگی نەتەوەی باڵا دەست بوو.

ئابلۆقە دانی هزری نەتەوایەتیی کوردیی بە سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی نەتەوەی باڵا دەست، دۆخێکی وەهای بۆ مرۆڤی کورد درووست کردووە کە هەمیشە خۆی بێپەنا ببینێ و لە ناو گرفتی تەنهایی نەتەوایەتیی لەنێوچیاکان، لەناو ژانی بێدەنگیی خۆی، هەنیسکان هەڵێنێ. لەبەرهەندێ، لایەنەکانی هزری نەتەوەیی مرۆڤی کورد بە شێوەیێکی گشتیی لە نوشست هێنان بووە ــــ هەر ئەو فاکتەرەش کاری کردۆتە سەر کێمکردنەوەی کارێگەرێتیی کەسێتیی مرۆڤی کورد، بە جۆرێك بۆی زەحمەت بووبێ کە ببێتە ڕێكخەری ڕێكخستنەوە و گەڵاڵە کردنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی خۆی. ئەمەش وەهای کردیە کە ئەو گرفتەی بۆ درووست بووبێ ـــ لەکاتێك کە مرۆڤی کورد سیاسەتیشی کردبێ ــــ لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوایەتیی، بەسایکۆلۆژییەکی نەتەندرووست کاری کردبێ. هەرئەو سایکۆلۆژییە لاوازەش بویتە هۆی درووست بوونی زهنیەتیی خۆپەرستیی و ڕێبەرهایێکی تاکڕۆ کە هەر ئێك لەوان بە نۆرەی خۆی، زێتر بۆتە هۆی دابەشکردنی سایکۆلۆژیی سیاسیی مرۆڤی کورد کە تێیدا حیزب ـــ حیزبانێ و بەهەدەر دانی تواناکانی میللەتی لێکەوتۆتەوە. هەر لەئەنجامی ئەو حیزب ــ حیزباێیەش، چەندان هەڵی مێژوویی لەدەست دراون، بەجۆرێك، لەپاش ساڵانێکی زۆر لە خەباتی درێژ و خوێناویی، میللەت جاریكی تر خۆی لە ژینگەی بندەستیی دیتیتەوە. هەڵبەت، ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە نەساغ و سەقەتە، بە جۆرێکی زۆر خویا، لە پارچەکەی کوردستانێ بندەستی ئێراقێ، لە ڕفتاری حیزبەکان ڕەنگی داوەتەوە.    

سیاسەتی حیزب ـــ حیزبانێ و کارێگەرێتی نێگەتیڤی ئەو سیاسەتە لە هەمبەر دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی
لە بەشی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، چونکە شۆڕشی نەتەوایەتیی بەڕێژەیێکی زێتر بەردەوامێتیی هەبووە، هەمیشە بواری ئەوە هەبووە کە ڕێبەرانی بزاڤی ئازادییخوازیی نەتەوایەتیی ئەو بەشە، بنەماگەکانی فەرهەنگی ئێکیەتیی نەتەوایەتیی ‌هێزمەند بکەن، و پێشینەیێك بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانێش دابنێن. لێ مخابن، لەبەر نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە ئەرکەکانی نیشتیمانیی، فەرهەنگی حیزب ــ حیزبانێ، جێگەی بۆ هیچ مانۆرێکی نەتەوایەتیی نەهێشتۆتەوە. نەك هەر ئەوەش، بەڵکو سیاسەتی سەرانی هەندێك لە حیزبەکانی ئەو پارچە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانێ بوونەتە مایەی دەردەسەر.

نەتەوەی کوردستانێ، هێشتا لە بیری مایە کە لەساڵی ١٩٩٢، پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پدك) و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانێ (ینك) بەهاوکاریی لەشکری تورکیای داگیرکەر چوونە شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستانێ. ئەو ڕەفتارەی ینك و پدك بووە هۆی بە هەدەر دانی خوێنی هەزاران لە کچان و کوڕانی دلێری کوردستانێ کە پاداشەکەی، لە تەنیشت "سوپاسنامەیێك" کە ژانڕاڵەکانی تورکیا پێشکەشی سەرکردایەتییەکانی ینك و پدكیان کردبوو، شەرمزار کردنی خۆیان بەرامبەر میللەت و مێژووی نەتەوایەتیی کوردستانێ بوو. ئەم کارەی ئەو دوو حیزبە، گەورەترین گورزی خیانەت بوو کە هەرتکیان بەو سیاسەتە چەواشەی خۆیان لە پیرۆزەیی ئێکیەتیی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتییان وەشاند.

وەلێ، ماوەێێکی کێم دوای ئەو ڕەفتارە نەنیشتیمانپەروەرییە، سەرکردایەتیی ینك، لەسەردەمی سەرۆکایەتیی بەهەشتیی، پرێزدنت تورگوت ئۆزال، سەرۆکی تورکیایێ، هەوڵی دا کە ئەو رووزەردییەی خۆی بەرامبەر بە بزاڤی ئازادییخوازیی باکووری کوردستانێ هەموار بکا ـــ ئەویش بە ناوبژییکردنی سکرتێری ینك، جەلال تالەبانیی، لەنێوان ڕێبەر ئۆجەلان و پرێرزدنت ئۆزال بوو. بەهەندێ، سەرکردایەتیی ینك توانی تائەندازەیێك ئەو حەساسیەتە کێم بکا کە لە ئەنجامی سیساتە تاریکەکەی خۆی، درووستی کرد بوو. ئەو ناوبژیی کردنەی تاڵەبانیی کارێگەرێتییەکی پۆزەتیڤی هەبوو لەسەر ڕەهەندی هزری سیاسیی باکووری کوردستانێ بەرامبەر بە ینك. لەبەرهەندێ، خەڵكی باکوور و سەرکردایەتیی پەکەکە هەمیشە ستایشی ئەو هەڵوێستەی تاڵەبانییان کردیە. ئەو سیاسەتەی ینك، لە دوای بزربوونی تاڵەبانیش لەسەر شانۆی سیاسەت، لەلایەن سەرکردایەتیی یەکیەتیی بەردەوامێتیی هەبووە. ینك لەبارەی کوردستانی بندەستی سووریایێش، سیاسەتێکی نیشتیمانپەروەرانەی بەکار هێناوە.

لێ بەلێ، وێدەچێ سەرکردایەتیی پدك، لەو بارە، ئەوەندە خەمخۆری هەموار کردنی سیاسەتی خۆی نەبووبێ. چونکە هەتا ئێستاکانێش، وەکی پێویستە وەها "خزمایەتییەکەیان" لەگەڵ پەکەکە نەگەیاندیتەوە ئاستێك کە مایەی خۆشنوودی میللەت بێ. لەلایێکی دیکە، سیاسەتی تاریکی پدك بەرامبەر کوردستانی بندەستی سووریایێ، جارەکی تر، سیمای سەرکردایەتیی پدکی لەکەدار کردۆتەوە. ئەو سیاسەتەی پارتی بەرامبەر ئەو پارچەی کوردستانێ نەك هەر بۆ خۆیان خراپە، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانا مەزنیش، سیاسەتەکی بەرەواژە. ئەو سیاسەتەی پدك بۆتە گەورەترین کۆسپ لەهەمبەر پێشڤەبردنی پڕۆسێسی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی. پارتی بەو کارەی کە دەیکا، خەریکە سیاسەتەکی خۆکوژیی لەسەر ئاستی نیشتیمانیی بەکار دێنێ. پدك بەو جۆرە ڕەفتارانەی خۆی، بەردەوام خۆی دەخزێنێتە ژێر ڕکێفی تورکیای داگیرکەر، و لەسەر ئاستی نەتەوایەتیی، خۆی زێتر گۆشەگیر دەکا.

لەلایێکی تر، هەڵوەشاندنەوەی "لیستی کەرکووکی کوردستانێ" لەلایەن پدك (بۆ بەرژەوەندی حیزبایەتیی)، لەبەرامبەر "ئێك لیستیی عارەبان" لە کەرکووکێ، بە بەهانەی ئەوەی کە نابێ دکتۆر نەجمەدین کەریم سەرۆکی لیست بێ، خیانەتێکی زەق بوو کە لەبەرامبەر ناوچەکانی دابڕێنراوی کوردستانێ کرا. سووکایەتییەکی مەزن بوو بە کۆششی ڕێبەرانی هەر چار پارچەی کوردستانێ کرا کە دەمێکە خەمخۆرانە، هەوڵی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەدەن. هەر لەبەر ئەو ڕەفتارەی پارتی، خەڵکی کوردستانێ لەبۆیان هەیە بڵێن، با چیدی پارتی نەڵێ "ئێمە سازش لەسەر کەرکووکێ ناکەین. ئێمە شۆڕشی ئەیلوولمان لەسەر کەرکووکێ دانا." چونکە، بەوەی کە ئەوجارە لە بەرامبەر لیستی کەرکووکی کوردستانیی کردی، پدك هیچی تێدا نەهێشتەوە. پدك بەهەندێ، خەڵکی کوردستانێی، نەباوەڕانە، سەرسوڕماو کرد. پارتی کارێکی کرد کە نەك هەر لەخەونی کوردان، بەڵکو لە خەونی "کێوییەکانی" ناو چیاکانی کوردستانێش نەبوو.

پاشان، بۆ هەرنیشتیمانپەروەرێکی کورد هەیە کە پرسیار لە سەرۆکایەتیی پدك بکا، ئایا بوونی دکتۆر نەجمەدین کەریم بە سەرۆکی لیستی کەرکووکێ، هێندەی دەهێنا کە پارتی سیاسەتەکی ستڕاتیژیی نیشتیمانیی ئاوهایی، وەها ئیفلیج بکا؟ ئایا پدك بۆ دەبێ وەها تێبگا کە لەبەرامبەر ئەرکەکانی نیشتیمانیی، دەتانی هەر چۆنێك بیەوێ وەها ڕەفتار بکا، بەبێ ئەوەی هیچ حسێبێك بۆ نەتیجەی خراپی سیاسەتی خۆی بکا کە چ جۆرە زیانگەلێك بە ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی دەگەینێ؟ ئایا پارتی بۆ دەبێ ڕێگە بەخۆی بدا کە دژایەتیی هەر نیشتیمانپەروەرێك بکا؟ دکتۆر نەجمەدین، لەسەر ئاستی هەر چار پارچەی کوردستانێ، وەکی مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر ناسراوە ـــ مرۆڤێکە کە هەر گیز درێغی لە خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتیمانی خۆی نەکردیە. بۆچی دژایەتیی دکتۆر نەجمەدین دەکەن؟ دکتۆر نەجمەدین، لەماوەی ئەو سێ دەهەی کە لە ئەمریکایێ بوو، لە چاشنی کاراترین دیپلۆماتی کورد، بەبێ جیاوازیی، خزمەتی بە دۆزی نیشتیمانیی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە کرد. دکتۆر نەجمەدین، بۆ تەمەعی پارە و مەسوولییەت نەگەڕایتەوە کوردستانێ. ئەو مرۆڤە، ژیانی خۆش و ئاسوودە (و ملیۆنێریی) خۆی لە ئەمریکا جێهێشت و ژیاری ناهەمواری کوردستانێی هەڵبژارد ـــ ئەوەتا هەتا ئێستاش جوامێرانە خزمەتی کەرکووکێ دەکا. هەر کاتێکیش، دکتۆر نەجمەدین وەکی ئەوانی دیکە (کە نممونەیان لەناو پارتی و یەکیەتیی) زۆرە، ڕووی لە گەندەڵکاریی کرد، ئەو کاتە ئەرکی ئەخلاقیی هەر کوردێکی دڵسۆزە ڕەخنەی لێبگرێ. بەڵام، وێناچێ ڕەخنەکانی پارتی بۆ مەبەستێکی ئاوهایی بێ، بەڵکو دژایەتییکردنی دکتۆر نەجمەدین لەلایەن پارتی پتر مەبەستی حیزبایەتیی پێوە دیارە. بەو کارانەش پارتی جەماوەر بۆخۆی زێدە ناکا، بەڵکو وێدەچێ قەوارەی پێگەی جەماری خۆی گچکەتر بکا. لەبەرهەندێ، لەبۆ پدك و ئاییندەی میللەت باش نیە کە سەرکردایەتیی پارتی، بۆ بەرژەوەندی حیزبیی، ئاییندەی ئەو خاکانەی کە هێشتا بە داگیرکراویی لەبندەستی ئێراقی داگیرکەر ماونەتەوە، بخاتە ناو مەترسیی لە دەست چوونێ.

پدك وەها نابەرپرسانە ڕەفتاری کرد، بۆیێ کێرڤی پێگەی جەماوەریی بۆ ڕێژەی لەسەدا سی و هەشت دابەزیوە. ئەو جۆرە ڕەفتارانەی پدك بوونەتە هۆکاری نوشستیی دۆزی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ لەبەرامبەر داگیرکەران. لەبەر هەندێ، گەرەکە کە پارتی ئەگەر بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی خۆشی بێ (و هیچ مەرامنامەیێکی دیکەشی بەلا گرینگ نەبێ) ، خۆی لەو سیاسەتە نەنیشتیمانپەروەرییە دوور بکا. ئەو کارانەی سەرکردایەتیی پدك، نەك هەر بێڕێزییە بەرامبەر بە پیرۆزەییەکانی نیشتیمانیی، بەڵکو بێڕزیشە بەرامبەر بە مێژووی خەباتی خودی پارتی. لەبەرهەندێ، پێویستە پدك بە سیاسەتی خۆی دابچێتەوە، و هەوڵی دیتنی ئەو واقیعە تاڵە بدا کە میللەت تێیدا دەژی. سەرکردایەتیی پدك گەرەکە ئەو ڕەهەندە دژوارە لەنەزەر بگرن کە دۆزی نەتەوایەتیی پێیدا تێدەپەڕێ ـــ دەبێ هەمیشە ئەو هەقیقەتەیان لەبیر بێ کە ئەگەر ئەو هەلە لەدەست بچێ، ئەوە تەنێ میللەت نیە کە ماڵوێران دەبێ، بەڵکو ئەوانیش ڕیسوای زەمانە و شەرمزاری مێژوو دەبن.

پێویستە ئەو حیزبانە گۆڕانکارییەك لە سیاسەتی خۆیان بکەن. چونکە، دۆخی ئێستای کوردستانێ، فەرز دەکا کە پارتی و تەواوی حیزبەکانی دیکەی کوردستانێ واز لە سیاسەتی حیزب ـــ حیزبانێ بهێنن و ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندییەکانی تەسکی حیزبایەتیی. پێویستە هەوڵ بدەن کە لەسەرئاستی کوردستانا مەزن فەرهەنگێکی نوێ ـــ فەرهەنگی پێشڤەبردنی دۆزی نەتەوایەتیی ـــ درووست بکەن. پێکەوە کار بکەن، پێکەوە بڕیار بدەن، و بە ئێك گوتار لەبەرامبەر داگیرکەران و هێزەکانی جیهانێ بئاخفن. درووستکردنی ئەو فەرهەنگە پێویستییەکی مێژووییە، چونکە ئەوە تەنها ڕێچکەی سەرکەوتنی شەرافەتمەندانەی نەتەوایەتییە ـــ سەرکەوتنێك کە کەڕامەتی میللیی و شکۆمەندیی وانیشی تێدا دەپارێزرێ.  

ڕۆڵی کوردستانی بندەستی ئێراقێ لەمەڕ دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ
هزری دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ، بەتایبەت لە کوردستانی بندەستی ئێراقێ، لەوانەیە تەنیا بابەتێك بووبێ کە هەتا ئەم ساڵانەی دوایی، لەلایەن حیزبەکانی کوردستانێ، کێمترین سەرنجیی پێنەدرابێ. وێدەچێ، هۆکاری هەرە گرینگ ئەوە بووبێ کە لە کوردستانی بندەستی ئێراقێ، هەر لەگەڵ دەستپێکی شۆرشی ئەیلوولێ، لەسەر دەستی پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ بۆ ئێکەمجار، درووشمی داخوازیی نەتەوایەتیی لە "مافی چارەنووس و سەبەخۆیی" کێمکرا و هێنرایە خوارێ بۆ "مافی ئۆتۆنۆمیی" لەناو چارچێوەی ئێڕاقێ. ئەمەش هەنگاوێکی گەورە و دژوار بوو بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە، و گچکە کردنی هەیبەتی نەتەوایەتیی نەتەوەی کوردستانێ بوو. چونکە، ئەوە تەسکەرەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێی، وەکی نەتەوەیێکی دابەشکراو گۆڕی بۆ کەمینەیێك لەناو قەوارەی ئێڕاقی داگیرکەری عارەبیی. سیاسەتی خەبات بۆ ئۆتۆنۆمیی، سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی ئەو بەشەی کوردستانێی، کێم یان زۆر، لە سایکۆلۆژییەتی نەتەوایەتیی کوردستانا مەزن دابڕی. هەر ئەوەش لەسەر ئاستیی بەشەکانی دیکەی کوردستانێ، بووە هۆی درووست بوونی زهنیەتیی "ئێمە و ئەوان" کە نەتیجەکەی بووە فاکتەری ئەوەی کە سەرکردایەتیی پدك سیاسەتێکی دژوار و نەنیشتیمانپەروەرانە لە بەرامبەرخەباتی نەتەوایەتیی لەبەشەکانی دیکەی کوردستانێ بەکار بهێنێ کە دەرئەنجامەکەی بۆ ئێکیەتیی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی دژوار و زیانبەخش بوو.   

ئەمە، لەوەختێك دەکرا کە هەر لەسەرەتای دەستپێکی شۆرشی ئەیلوولێ، لەساڵی ١٩٦١، وەکی شۆڕشێکی خاوەن توانای مرۆیی ــــ شۆڕشێك کە لەو قۆناغی خەباتی نەتەوایەتیی، زۆرترین ڕۆناکبیرانی میللەت تێیدا بەشدار بوون، دەیتوانی ئامادەکاریی هزری نیشتیمانیی کردبا، و بەرنامەڕێژیی بۆ بونیادێكی تەندرووستی کردبا  کە تێیدا فەرهەنگی کوردستانیی و سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی زیندی کراباوە.

لێ مخابن، چونکە سەرکردایەتیی شۆڕش دارای ئەو سایکۆلۆژییە هێزمەندەی نەتەوایەتیی نەبوو، و لەمەڕ تێگەیشتنی سەرکردایەتیی نێوکۆییش کامڵ نەبوو ــــ هەر سێ ساڵێك پاش دەسپێکردنی شۆڕش، لەساڵی ١٩٦٤، ناکۆکیی کەوتە ناو ڕێبەرایەتیی شۆڕش و باڵباڵێنێ درووست بوو. کۆتایی باڵباڵێنەکەش بووە هۆی لێکتری ترازان و شەڕی خیانەتکارانەی ناوخۆیی و ماڵوێرانیی میللەتی لێکەوتەوە ـــ بەجۆرێك کە هەتا ئێستاش، نەتەبایی ئەو لایەنانە بەردەوامە و خەڵكی کوردستانێش باجەکەی بەلاوز بوونی دۆسیەی بزاڤی ئازادییخوازیی خۆی لەبەرامبەر داگیرکەران دەدا.

دوای ئەو لێکترازانە، باڵی بەهەشتیی بارزانیی کۆنترۆڵی پارتی و ناوچەکانی ئازادکراوی کوردستانێی کرد. ئەو ڕووداوە، کۆتایی بە ململانێی ناو پارتی هێنا. بۆ ژانڕاڵ بارزانییش، ژانی ئەو ململانێیە بووە ئەزموونێك کە ئیدی زەحمەت بوو، بۆ کەسێك بەبێ ڕەزامەندی وی ببێتە ئەندامی سەرکردایەتیی پدك. بارزانیی بووە سەرۆکی بێڕکبەری پارتی و کەسێتی وی کەوتە سەرووی پدك، و شۆرشی نەتەوایەتیش لەلایەن پدک ڕێبەرایەتیی دەکرا.

پاش ئەو ڕووداوانە، پەروەردەیێکی نەتەندرووست لەناو قەوارەی شۆڕش بڵاو بۆوە. کەسێك بۆی نەما کە بتانی ڕەخنە لە سیاسەتی سەرۆکایەتیی شۆڕش بگرێ. هەموو شتێك ڕاستەوخۆ لەلایەن "بارەگای بارزانیی" ڕێڤەدەچوو. ئەو فەرهەنگە بووە هۆی کێمبوونەوەی هزری شایان لەناو پێکهاتەکانی پارتی و شۆڕش. لەتەینشت ئەو بەربەستە هزرییەش، سەرۆکایەتیی شۆرش پێوەرێکی نەنەتەوەیی لە بەرامبەر خەباتگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستانێ بەکار هێنا بە جۆرێك کە کۆمەڵێك لە ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانێ (پارچەکانی بندەستی ئێرانێ و بندەستی تورکیایێ) ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرکردایەتیی شۆرش شەهید کران. ئەمەش گورزێکی ژاراویی دیکە بوو کە سەرۆکایەتیی شۆڕش لە جەستەی نەساغی "ئێکیەتیی" فەرهەنگی نەتەوایەتیی کوردستانێی دا. ژیان و ئاییندەی شۆڕش تەنێ لەلایەن سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاری لەسەر دەدرا ـــ ئەوەش بووە هۆی درووست بوونی فەرهەنگی سیاسەتەکی سەقەت، و نەتیجەکەی ئەو ئاکامە تاریکەی لێکەوتەوە کە لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥، لەماوەی چەند ڕۆژێك ئەو شۆڕشە قەبەی ئەیلوولێ بەئاسانیی شکست بێنێ.  

دوای ساڵێكیش لەهەرەسی شۆڕشێ ئەیلوولێ لە ساڵی ١٩٧٦، کە جەنگی میللەت لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەر دەستی پێکردەوە ــ ئەوجارە شۆڕش، شۆڕشێکی ئێك ــ حیزبیی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێك حیزبی قەوارە جودا لە مەیدانی خەباتێ بوون. لێ، لەبەر نەبووبی فەرهەنگی ئێکدی تەحەمول کردن لەلایەن حیزبەکانی کوردستانیی، تێکڕای بنەماگەکانی ئێکەتیی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی، نەتەندرووستانە کەوتنە ناو نەخۆشیی حیزب ـــ حیزبانێ و لەناو زهنیەتێکی تەسکی حیزبایەتییەکی نەساغ، سایکۆلۆژیی نەتەوایەتییان تووشی شەلەل کرد. 

لە پاش ڕاپەڕین و سەردەمی کاری دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، تەنها لەمپەرێكی دژوار لە هەمبەر دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەبێ، هەتا ئێستاکانێش، زهنیەتی سیاسیی ڕێبەرایەتیی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێراقێیە. چونکە، ئەو حیزبانە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە کە لەئاست بەرژەوەندییەکانی نەتەوایەتیی، بە هەستی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی کاریان لەگەڵ ئێکدی کردبێ. ئەوانە، ئەلئانەکانێش، نەبەرپرسانە لەناوخۆیان نەتەبان، و نەتەبایی وانیش پێگەی نیشتیمانیی کوردستانی بندەستی ئێراقێی لەمەر کار کردن لەسەر هەر فایلێکی نەتەوایەتیی، لاواز کردووە.

سیاسەتی نەنیشتیمانپەروەرانەی ئەو حیزبانە لەو بەشەی وڵات بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو حیزبانە نەتانن بەرنامەڕێژیی ستراتیژییەکی نیشتیمانیی بکەن. ئەوانە، پتر لە خەمی بەرژەوەندی خۆیان بوونە، و بۆ ئەو مەرامەش لە هەر جۆرە ڕەویشێكی بەردەست سوودیان وەرگرتیە. لە هەڕەشە کردن، زیندانییکردن، تۆقاندن، و تەنانەت کوشتنی نیشتیمانپەروەرانیش سڵیان نەکردووە. لەلایێکی دیکە، ئەو حیزبانە، هەمیشە هەوڵیان داوە کە تەواوی پێکهاتەکانی سیڤیلیی ـــ وەکی یەکیەتییەکانی مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران، ژنان، ئافرەتان، دادوەران، جوتیاران...و...بە کراسی حیزبایەتیی بپۆشن و عەقڵەکانی ناو ئەو پێکهاتانە بە پێوەری خۆیان و بۆ مەرامی سیاسەتی حیزبیی، بەکاریان بهێنن. بەهەندێش، میللەتیان لەخۆیان تووڕەتر و دوورتر کردیە.

ئەو سیاسەتە، کارێگەرێتییەکی زۆر نێگەتیڤی لەسەر رەهەندی زیندیکردنەوەی سایکۆلۆژییەتی نەتەوایەتیی هەبووە ــــ سایکۆلۆژیێك کە نێزیکەی سەدەیێك بوو لەژێر ستەمی ئێراقی داگیرکەر کەوتبوە بەر سیاسەتی عاراباییز، و بە شێوەگەلێكی جۆراوجۆر دەشێوێندرا. لێ بە لێ، ئەوەی لە ئەلیفبێی سیاسەتی ئەو حیزبانە نەبوو، زیندیکردنەوەی سایکۆلۆژییەتی نەتەوایەتیی بوو. شەڕی وێرانکارانەی پدك و ینك لە ساڵی ١٩٩٤، جودا لەوەی کە هەزاران ژیانی کوردی تێدا مەحوو بۆوە، بووە هۆی درووست بوونی دوو زۆن، زۆنی کەسك و زۆنی زەرد. شەڕێك کە نەك هەر ئاییندەی  کەی ئاڕ گی  هێنا ژێر پرسیار، بەڵکو سایکۆلۆژیی سیاسیشی لەو پارچەی کوردستانێ، زۆر دژوارانە، لە خەتی زۆنەکان دابەش کرد.

ئەو ڕووداوانەی خوێناویی کە لەو بەشەی کوردستانێ ڕوویان داوە، لەلایێك هۆکاری لاواز کردنی هزر و سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی بوونە، لەلایێکی تر بونەتە فاکتەری ئەوەی کە گەندەڵیی بخزێتە ناو تەواوی لکەکانی حیزبیی و دەوڵەتیی. لەبەر هەندێ، وێناچێ کە ئەو پارچە، لە قۆناغی ئێستاکانێ، توانا و ئامادەیی هەبێ کە بتوانێ ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ لەو ڕەهەندە گرینگە مێژووییە ببینێ. چونکە، ئەو حیزبانەی ئەو بەشە، هێشتا کاتیان پێویستە تا بتانن خۆیان فێری فەرهەنگی تەحەمول بکەن. هێشتا وێدەچێ، ئەوانە کاتیان پێویست بێ بۆئەوەی بگەنە ئەو قەناعەتە کە چیدی لە ساڵانی شێستەکان وحەفتاکانی سەدەی بیست ناژین. بەڵکو، لەسەرەتاکانی سەدەی بیست و ئێك دەژین، و گەرەکە خۆیان بۆ ئەو سەدە و ئەو قۆناغە، بە دید و زهنیەتێکی نوێ سازوبەرگ بکەن. ئەوانە گەرەکە ئەو هەقیقەتە قەبووڵ بکەن کە میللەتی ئێستای کوردستانێ، هەمان میللەتی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردی نیە. بەرەبابێکی نوێ پێگەیشتیە کە هوشیارترە لەبەرەبابی پێش خۆی. بەرەبابێك کە هێندە "موعجیبی" سیاسەتی بنەماڵەیی ئەو حیزبانە نیە. لەبەر هەندێ، گرینگە کە ئەو حیزبانە بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و هەوڵ بدەن بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتیمان وەدۆزن. بۆ ئەوەی بتوانن تەندرووستانە، هزرێك لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەن، و چیدی خۆیان ڕووزەردی مێژووی نەتەوایەتیی نەکەن.
        
پاشەرۆك
ئەو فەرهەنگە سیاسییە سەقەتەی سەرانی حیزبەکانی کورستانی بندەستی ئێراقێ خەریکە دەبێتە زەوینەسازییێك کە تێیدا داگیرکەران جارێکی دیکە دەستکەوتەکانی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ زەفت بکەنەوە، و درێژە بەسیاسەتی داگیرکەرانەی خۆیان بدەن. سیاسەتی ئەو حیزبانە، بەتایبەتیی سیاسەتی پدك، سیاسەتێکی ئەوەند نەتەندرووستە کە خەریکە گرفت بۆ سیاسەت و بزاڤی ئازادییخوازیی نەتەوایەتیی پارچەکانی بندەستی سووریایێ و تورکیایێش درووست دەکا.  

دژایەتیی کردنی کوردستانێ بندەستی سووریایێ لەو دۆخە ناسکەی دۆسیەی نەتەوایەتیی تێیدا قەراری گرتیە، نەك هەر دژی ئارمانجەکانی نیشتیمانیی و دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ خزمەتی سیاسەتی دوژمنکارانەی داگیرکەرانی کوردستانێ دەکا. نەتەوەی کوردستانێ لەبەشی کوردستانی بندەستی سووریایێ، بۆ ئێکەمجار لە پاش پەیمانی شوومی سایکس ــ پیکۆت، توانی تەسکەرەی نەتەوایەتیی خۆی زیندی کاتەوە. لەو ڕەهەندەش، بێدرەنگ لەلایەن داگیرکەران، بەتایبەتیی تورکیا، دژایەتیی کراوە. لەحاڵەتێکی ئاوها دژوار، سەرۆکایەتیی پدکیش سنووری بەڕووی ئەو بەشەی وڵات داخست. ئەو ڕەفتارەی پدك نەک هەر وێرانکردنی هزر و سایکۆلۆژییەتیی نەتەوەیی لێڕا درووست دەبێ، بەڵکو ڕاستەوخۆش یارمەتیی سیاسەتی داگیرکەرانەی تورکیا، و بەرنامەی دوژمناکارانەی چەتەکانی بەرەی نوسڕە و بیلادی ئێراقێ و شامێ دەدا.

سەرۆکایەتیی پارتی گەرەکە وەبیر خۆیان بهێننەوە کە سەرکەوتنی ئەو گرووپە بێکەلکانە، شکستی خەباتی نەتەوایەتیی ئەو پارچەی کوردستانێیە. شکستی ئەو بەشەی کوردستانێ، توانای ئەو چەتە خوێناوییانە زێتر دەکا. هێزمەند بوونی ئەو گرووپانە، کێم یان زۆر، کوردستانی بندەستی ئێراقێش دەخاتە بەر هەڕەشەی عەقڵیەتێکی تاریك و پاشڤەڕۆ. لەبەرهەندێ، گرینگە کە پارتی هەڵوێستەیێك لەبارەی سیاسەتی خۆی لەمەڕ کوردستانی بندەستی سووریایێ بکا. سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر ئەو پارچە بگۆڕێ، و پێکەوە لەگەڵ هێزەکانی یەپەگە چاوردێر و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەردوو پارچەکانی بندەستی ئێراقێ و سووریایێ بکەن و بهەڤڕا هەوڵ بدەن کە نفووزی هێزەکانی وابەستە بە ئەلقائیدە لەو دوو پارچەی کوردستانێ ڕیشەبڕ بکەن.

سەرکردایەتیی پدك، ئەگەر حەکیمانە بهزری، گەرەکە هەرچی زووتر سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر کوردستانی بندەستی سووریایێ هەموار بکا. ئەو کارەشی، زێتر بۆ خودی پدك سوودی هەیە هەتا هەر لایەنێکی دیکەی کوردستانێ. حەکیمانەترە کە پدك پشتیوانی پێکهاتەی خۆجێیی ئەو پارچە بکا. ئەوەش، بەو هۆکارەی کە لە تەنیشت ئەوەی سەرکەوتنی ئەو پارچە، سەرکەوتنی پارچەکانی دیکەی کوردستانێیە ــــ لەوەش وێوەتر، سەرکەوتنی ئەو پارچە دەبێتە گەرێنتی بۆ پاراستنی کوردستانی بندەستی ئێراقێ کە پدك تێیدا دەسەڵاتێکی بەرچاوی هەیە. ئەگەر پدك بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆشی بێ، پێویستە ئەو کارە بکا. بەڵام، ئەگەر پدك درێژە بە سیاسەتی تاریکی خۆی لەبەرامبەر پارچەکانی بندەستی تورکیایێ و سووریایێ بدا. کۆشش بکا تا لەڕێگەی حیزبگەلێکی کلاسیك نفووزی خۆی لەو پارچانە زێدە بکا ـــ ئەوە گەرەکە وەبیر سەرکردایەتیی پارتی بهێنرێتەوە کە ئاستەمە پارتی بتوانێ لەبەرامبەر شۆڕشی نوێی پەکەکە، یەپەگە، و پژاك ــــ بەتایبەتیی بەو پێگە جەماوەرییە بەرفرە کە پەکەکە و یەپەگە لەو دوو بەشەی وڵات هەیانە، ئەو ئارەزووەی پارتی بهێتە دی.

پارتی پێش ئەوەی دەست لەکاری بەشەکانی دیکەی کوردستانێ وەربدا، با  لەسەر ئاستی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر ئەرکەکانی نیشتیمانیی هەموار بکا. با هەول بدا  چارەیێك بۆ ئەو گەنديڵییە وەدۆزی کە تەنگی بە میللەت هەڵچنیوە. با، پارتی هەوڵ بدا لەو بەشەی بندەستی خۆی، سیستەمێکی پێڕگەیی سیڤیل بونیاد بنێ کە کەڕامەتی خەڵکی کوردستانێی تێدا بپارێزرێ. با، پدك داهاتی نەفت و گاز، و گومرگ بە کراوەیی لەگەڵ میللەت باس بکا، داخوا ئەو هەموو ملیۆنان دۆلارە چیان لێدێ ـــ لە وەختێك وڵات، نە ژێرخانی ئابووریی، نە سیستەمی پەروەردە، نە سیستەمی تەندرووستیی، نە سیستەمی بانکی هەیە. ئەو بانکانە بۆ دەبێ وەها خالی بن، لەکاتێك حسێبەکانی بانکی سەرانی ئەو حیزبانە (لەسەر حسێبی میللەت) پڕاوپڕ بن. بۆ دەبێ، هەر سەرەمانگ و بنەمانگێك، ئەوها سووکایەتیی بە کارمەندانی مووچە خۆری کوردستانێ بکرێ. بۆ دەبێ لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو سامانی نەتەوایەتیی، قشرێکی میللەت لە فەقر و بەدبەختیی بژین. ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی  کەی ئاڕ گی  کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پدك ڕێڤەدەچێ، بۆتە مایەی کێمهێنانی نەتەوایەتیی. ئەو سیاسەتەی پدك بۆتە هۆی لاوازکردنی پێگەی میللیی لەسەر ئاستی ئێراقێ، ناوچە، و جیهانێ.

هەر ئەو سیاسەتەش وەهای کردیە کە وڵاتانی ڕۆژاوایێ، بەتایبەتیی ئەمریکا، لە نێزیكڕا چاودێریی دۆخی کوردستانێ و جۆری بەخێوکردنی میللەت لەلایەن سەرۆکایەتیی کەی ئار گی بکەن. بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی نزیك لە هەندێك کوردانی دەرەوەی وڵات، ئەمریکا زۆر لە ڕەویشی ئیدارەکردنی کوردستانێ لەلایەن کەی ئاڕ گی دڵگرانە، بەتایبەتیی لەبارەی جۆری بازرگانی نەفت و بێبەشکردنی میللەت لە سوودی نەفتەکە. ئەو سیاسەتانەی پدك زیانمەندن بۆ دۆزی نەتەوەیی، و بۆ خودی سەرانی پدکیش بوونەتە مایەی کێمهێنانی سەنگ و ناوی وان. لەبەرهەندێ، گرینگە کە سەرکردایەتیی پارتی، سیاسەتەکی حەکیمانە لەمەڕ داهاتەکانی نیشتیمانیی بەکار بێنێ کە خێری میللەت و ئاسوودەیی وانیشی تێدا بێ. پدك، گەرەکە کۆشا بێ بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئەو هەقیقەتەی تێیدا دەژی، لەسەر ئاستەکانی نیشتیمانیی، ناوچەیی، و جیهانیی هەموار بکا بە جۆرێك کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوایەتیی پێشڤە ببرێن.

لەبارەی لیستی کەرکووکێ، ئەگەرچی بە کشانەوەی خۆی، پارتی لیستەکەی فەلەج کرد، لێ وێدەچێ هێشتا کاتی لەدەست مابێ کە مانۆرێکی حەکیمانە بکا. پدك دەتانی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە ڕاوێژ بکا بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدەکانی کورد ڕێك بکەون تا بتانن لەناو خۆیان بگەنە ڕەزایەتێك کە پێکەوە کاندیدەکان هەڵبژێرن هەتا بتوانن لیستێکی بەهێزی کوردستانیی درووست بکەن. ئەوە، ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی وانە کە ئەو کارە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستانێ، کەرکووك و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ئاژدادیی لەدەست نەدەن.

گرینگە بۆ پارتی و حیزبەکانی دیکەش کە خاوەنی پێرەوپڕۆگرامەکانی حیزبەکانی خۆیان بن کە سەرچاوە لە خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتیمانێ دەگرن. با، هێندە بە مێژوو نەنازن کە داخوا لە ڕابردی چیان کردیە. ئەوەی لە ڕابردی کردیتیان، چاك یان خراپ، لەناو هەگبەی مێژوو پارێزراون. هەقیقەتەکە ئەوەیە، ئەوەی کە لەماوەی ساڵانی حوکمی ئەو حیزبانە، میللەت لێیانی دیتیە، تەنێ گەندەڵیی، حیزب ــ حیزبانێ، و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی بووە. بۆیێ، گرینگە کە ئەو حیزبانە، بەجێگەی ئەوەی هێندە لە رابردی بژین، زێتر سەرنج بە ژیانی ئێستا و ئاییندەی میللەت بدەن. دەنا، مێژووی نەتەوایەتیی "سووك و هاسان" خەتمی خیانەت لە فایلی کارەکانیان دەدا. ئەوانە گەرەکە بەخۆدا بچنەوە، چونکە ئەگەر بەخۆدانەچنەوە، بەلای میللەت و مێژوو گرینگ نیە کە ئەو حیزبانە، سەرەتاکانی خەباتی خۆیان چۆن دەست پێکرد ـــ وەك لەهەر شوێنێکی دنێ لە پڕۆسێسی خەبات باوە ـــ چۆن دەست پێدەکرێ تەنێ "کارە" بەڵام چۆن تەواو دەکرێ "كارستانە." لەبەرهەندێ، میللەت و مێژوو ئەو پێوەرە لە بەرامبەریان بەکار دێنن، و ئەوە بۆیان دەنووسن کە چۆن کارەکەیان تەواو کرد.

لەبەر ئەو هۆیانەی لەسەرێ باسیان لێڕا کرا، تا ئەو کاتەی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، ڕیفۆڕمێکی ڕیشەیی لە سیاسەتی خۆیان نەکەن، و واز لە سیاسەتی پاوانخوازیی نەهێنن، و هەوڵ نەدەن کە ئەو بەشەی کوردستانێ بە کەڕامەت ئیدارە بکەن، ئەوانە ناتوانن ببنە فاکتەرگەلێکی تەندرووست بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانێ ـــ بە گۆتەکی دیکە ـــ ئەوانە گەرەکە لەسەرەتا خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی بتانن ڕۆڵی کارێگەرانەی خۆیان لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ بینن.
 

* دکتۆر کرمانج، پڕۆفیسۆرە لە بەشی ڕێبەرایەتیی پەروەردە، لە زانستگەی ویلایەتی تێنێسی لە ئەمریکا.