Friday, October 17, 2014

دیداری شاندی ئەمریکایێ لەگەڵ ساڵح موسلیم
 
کـرمـانـج گـونـدیـی    
 
پاش ئەوەی لە ڕۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، شاندێکی ئەمریکایێ بە سەرۆکایەتیی تۆنی بڵینکن، جێگری ڕاوێژیاری ئاسایشی نەتەوایەتیی ئەمریکایێ، لە دهۆکێ لەگەڵ سەرۆکی کەی ئاڕ گی کۆبۆوە، ماکینەکانی پرۆپاگەندەی پارتی بڵاویان کردەوە کە لەسەر خواستی مەسعوود بارزانیی، تۆنی بڵینکن لەگەڵ سالح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە، کۆبۆتەوە.
وەلێ، ڕاستییەکان نیشان دەدەن کە دیداری ئەمریکایێ لەگەڵ سالح موسلیم بۆ جاری ئێکەم لە پاریسێ ئەنجام درا بوو (دووشەم، ١٣ی ئۆکتۆبەرێ، جان کێری لە پاریسێ بوو). ئەو دیدارەی شاندی ئەمریکایێ لەگەڵ وی لە کوردستانێ، دیداری دووەم بوو کە بەشێوەکی ئاشکرا ئەنجام بدرێ. چونکە، بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە، پێش دیداری پاریسێ، ژمارەك دیداری ژێرپەردە، لە نێوان هەرتك لا ئەنجام درا بوون.
 
دیداری دووەمی شاندی ئەمریکایێ لەگەڵ ساڵح موسلیم لەسەر خواستی خودی شاندی ئەمریکایێ بوو نەك خواستی سەرۆکی کەی ئاڕ گی. وێدەچێ، ئەوە پشکەی کە سەرۆکی کەی ئار گی لەو بارە وەبەری کەوێ، ئەوەبێ کە شاندی ئەمریکایێ لە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ وی، پێیان گۆتبێ کە لەگەڵ ساڵح موسلیم دیدار دەکەن. ئەو پێوەندییەی ئەمریکایێ لەگەڵ یەپەگە، لە چارچێوە ئەو سیاسەتە نوێیەیە کە ئەمریکا لەمەڕ سیاسەتی جەنگیی خۆی لەبەرامبەر داعش بەتازەیی دەیەوێ ئەنجامی بدا. لە لایەکی دیکە، ئەو سیاسەتەی ئەمریکایێ نیشان دانی بێزارییشە لەبەرامبەر سیاسەتی سەقەتی تورکیایێ و یارمەتی دانی ئەو وڵاتە بۆ گرووپی تاریك و خوێناویی داعش.
 
مخابن، لەمەڕ کۆبانێ، پارتی لەدوا واگنی شمەندەفەری هاریکارییەکانە بۆ ئەو بەشەی کوردستانێ. ئەوەی نەتەوەی کوردستانێ و ناوچە و جیهان لە پارتیان دیت، خەندەق لێ دان و سنوور داخستن بوو لەبەرامبەر ئەو پارچەی کوردستانێ. ئەو ڕەفاتارە تاریکەی پارتی کتومت تەواوکەری سیاسەتی داگیرکەرانەی فەرخەکانی عوسمانیی تورکیایێ بوو.
بەڵام، دوای ئەوەی بەرخۆدانی کچان و کۆڕانی شەهامەتمەندی کۆبانێ جیهانیان حەپەساند، و خۆڕاگری وان لەبەرامبەر خوێناویتری گرووپی تێرۆریستی سەدەی بیست و ئێك، وەهای کرد کە ئەمریکا و دەسەڵاتمەندەکانی دیکە چاوێك بە سیاسەتی خۆیان بخشێننەوە؛ و لە بەرەی جەنگ ستایشی کچان و کوڕانی کۆبانێ بکەن کە لەو ڕەهەندە، فەڕەنسا و ئەڵمان، دەمێکە پشتیوانی خۆیان بۆ کۆبانێ ڕاگەیاندوە، و ڕاستەخۆش سەرکۆنەی سیاسەتی پیسی تورکیایێیان کردیە. ئەوچەل، لەگەڵ ئەوەی کە جیهان دەنگی ناڕەزایی لێ بەرز بۆوە لەبەرامبەر هاریکاری تورکیا بۆ داعش، نێچیرڤان بارزانی گۆتی، " بە تەئکید تورکیا یارمەتی داعشی نەداوە." مەسعوود بارزانیش کەمێك نەرمتر لە نێچیرڤان، گۆتی، "ئێمە بەڵگەمان نیە کە تورکیا یارمەتی داعشی دابێ." ئەوە سیاسەتی سەرۆکایەتیی پارتی بوو لەبەرامبەر تورکیای داگیرکەر و بەرخۆدانی بەشی کوردستانی بندەستی سووریایێ.
ئەنجا، لە بەرامبەر هاواری میللەتی کوردستانێ کە ماوەیێکی زۆرە داوا لە پارتی و حیزبەکانی دیکە دەکەن کە بە هانای ئەو بەشەی کوردستانێ بچن ـــ پارتی بە تازەیی بە شێنەیی، ماکینەکانی پڕۆپاگەندەی خۆی ڕەکار خستیە کە گوایا سەرۆکی پارتی داخوازی کردیە کە ئەو دیدارە ئەنجام بدرێ. لێرەکانێ، ئێكەك لەبۆی هەیە، لەسەرۆکایەتیی پارتی بپرسێ، داخوا ئەو ڕەفتارە بچووکانە کە "بە تەئکید" هێشتا بچووکترتان دەکا، لە پێناوی چی؟
سەرۆکایەتی پارتی، بە جێگەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە و ڕێگە دان بە بڵاو بوونەوەی هەواڵگەلێکی وەها، با هەوڵ بدەن سیاسەتێکی نیشتیمانی لەسەر ئاستی کوردستانێ درووست بکەن. پارتی ئەگەر، بە ڕاستیی، ئەوەندە خەمخۆری پارچەکانی دیکەیە، با چیدی بە بەهانەگەلێگی وێنەچوو، ڕێگری لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ نەکا.