Sunday, August 2, 2015


مـــــــــــــەرگــــــســــــتــــــــانــــــــی زارگــــــــــــــــــەلـــــــــــــــی
کـرمـانـج گـونـدیـی

"لەژێڕ تارمایی هێرشەکانی خوێناویی تورکیای داگیرکەر داوای چوونەدەرێ پەکەکە دەکرێ لە وەختێك چاو لە بوونی بنکەکانی عەسکەری تورکیای داگیرکەر لە کوردستانێ دەپۆشرێ!"

داستانی داوا کردنی چوونە دەری پەکەکە لە قەندیلێ، داستانێکە سەربردەی مێژوویێکی هاوشیوەی هەیە. بەسەر کردنەوەی ئەو مێژووە شكۆمەندە دەمانخاتە سەر سکەی ویژدانی نەتەوایەتیی ـــ سکەیێك کە پەی کردنی، وێدەچێ، ئەرکێکی نیشتیمانیی بێ.

لە ساڵەکانی ١٩٤٥ ــ ١٩٤٦، لەو سەردەمەی کە بەهەشتیی بارزانیی لەبەرامبەر ڕژێمی پاشایەتیی ئێراقێ چەکی هەڵگرتبوو، عەسکەریی ڕژێمی پاشایەتی بە فەرماندەیی عەبدولکەریم قاسم کە پاشان ڕژێمی پاشایەتیی ڕووخاند و بووە ئێکەم سەرکۆماری ئێڕاقێ، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەکانی بارزانێ. لە ئەنجام، بارزانیی و پێشمەرگەکانی، ئاوای دیوی بندەستی ئێرانێ بوون.

لەو ئانە، نەتەوەی مە لەو بەشەی وڵات، بە پێشڕەویی پێشەوای کوردان، بەهەشتیی قازی محەمەد، خەریکی دامەزراندنی تەسکەرەی سیاسیی ـــ نەتەوایەتیی بوون. ئەو ڕوودارە، هەلێکی دیرۆکیی بۆ بەهەشتیی بارزانیی ڕەخساند کە شەرەفێکی مێژوویی لە درووست کردنی ئەو مێژووە شکۆدارە هەبێ ــــ بەوەی کە لە ٢ ی ڕێبەندانی ی ٢٦٤٦ (٢٢ ی ژانیوەری ١٩٤٦)، لە حزوور پێشەوا، وەکی سەرکردەیێك لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستانێ بەشدار بێ. لەپاش دامەزراندنی کۆماری کوردستانێ، بەهەشتیی ژانڕاڵ بارزانیی و پێشمەرگەکانی، لەخۆبوردوانە، لە داکۆکیی کردنی ئەو تەسکەرە مێژووییە، درێغیان نەکرد. ژمارەیێك لە پێشمەرگەکانیشی، لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستانێ و داکۆکیی کردن لە کۆمارێ شەهید بوون. دواتر کە کۆمار شکستی پێهێنرا، ژانڕال بارزانیی ناوچەکەی جێهێشت و لەگەڵ پێشمەرگەکانی بەرەو یەکیەتیی سۆڤیەتی ئەوکات ،کەوتە ڕێ.

پاشان، لە وەختی دادگەیی کردنی پێشەوا لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری شاهەنشاهی ئێرانێ، ئێك لەو تۆمەتانەی پێشەوایان پێ خەتابار کرد، ئەوە بوو کە وی "بێگانەی هێناوەتە وڵاتی ئێرانێ." هەڵبەت، مەبەستی ڕژێم، بەهەشتیی بارزانیی بوو. بەهەشتیی پێشەوا، لە وەرام پێی کوتبوون، "مەلا مستەفا بێگانە نیە. ئەویش کوردە و لە بەشێکی وڵاتی خۆی هاتبووە بەشێکی دیکەی وڵاتی خۆی." پاشان زۆر بەگەورەیی لە دادگەی ئێرانی داگیرکەر، لەسەر بەهەشتیی بارزانیی قسە دەکا. وێدەچێ، هۆکاری ئەو ڕەفتارەی پێشەوا، ڕەسەنێتیی هەستی کوردانەی وی بووبێ کە لە ئێك ئاست تەماشای داگیرکەرانی کوردستانێی دەکرد. ئەوکات، زهنیەتی ڕەسەنی کوردانە ئەوە بوو کە کوردستان وڵاتی هەموو کوردانە، و خەڵکی هیچ بەشێکی کوردستانێ لەبەشێکی تر میوان نین. ئەو هەڵوێستەی پێشەوا، زێتر پێشەوای لەبەرچاوی میللەت مەزنتر کرد.

لە دوای هەلگیرسانەوەی شەڕ، تورکیا لە ئەرز و ئاسمانێ دەستی بە هێرش کردن کرد، و لەو نێوانە بە سەختی بنکەکانی پەکەکەی لە قەندیلێ بۆردمان کرد. ئەویش لەبەر ئەوەی گویا پەکەکە لە پاش کارەساتەکەی پڕسوسێ کە دەیان مرۆڤانی مرۆڤدۆست لە تورك و کورد شەهید بوون ــــ مرۆڤدۆستانێك کە بە نیازی چوون بۆ یارمەتیی دانی کۆبانێ، لەوێ کۆببوونەوە کە داعش زەفەری پێهێنان و کوشتارگەی لەمەرگیان درووست کرد؛ وەها ڕاگەیێندرا، چونکە پەکەکە دوو پۆلیسی تورکی لە تۆڵەی ئەو کوشتارە، کوشت بوو، شەڕ دەستی پێکردەوە. ئەو کارەی پەکەکە بە شێوەکی گشتیی لەسەر ئاستی کوردستانێ سەرکۆنە کرا، و ڕەخنە لە پەکەکە گیرا. چونکە، کارێکێ وێنەچوو بوو. بە کوشتنی دوو پۆلیس هیچ شتێك لە دڕندەیی دەوڵەتی تورکیایێ کێم نابێتەوە.

ئەو کارەی پەکەکە لەلایەن قشرێکی کوردیی وەها لێکداروە (کە کوشتنی ئەوو دوو پۆلیسە تەنیا هۆکار بوو کە تورکیا شەر دەست پێ بکاتەوە). لەوانەیە، ئەو کارەی پەکەکە کارئاسانیی بۆ دەوڵەتی ئاکەپە کردبێ، بەڵام هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەلایەن تورکیایێ مەوداگەلێکی دیکەی هەبوو. مەودایێکیان، سەرکەوتنی گەلی کوردستانێ لەبەشی بندەستی سووریایێ لە بەرامبەر داعش، و سەلماندنی تەسکەرەی نیشتیمانیی لەو ناوچە، و نێزیك بوونەوەی ئەمریکایێ لە یەپەگە بوو کە ئەردۆگانی شێت و هار کرد بوو. مەوداکەی دیکە، سەرکەوتنی (لەلایەن ئەردۆگانێ چاوەڕون نەکراوی) هەدەپە لە باکووری کوردستانێ/تورکیایێ بوو. بەتایبەتیی کە هەدەپە رەدی کردەوە یارمەتیی ئەردۆگانێ بدا لە گۆڕینی سیستەمی پارلەمانیی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتیی. ئەوانە هۆکاریی سەرەکیی بوون کە ئەردۆگان دەستی بە ڕێژتنی خوێنی تورکیی ـــ کوردیی کردەوە، نەك کوشتنی دوو پۆلیس.

ئەوڕو، لەبەرامبەر ئەوە، لەسەر بوونی پەکەکە لە قەندیلێ، سەرکردایەتیی پارتی و هەندێك لە هەڤوەلاتییانیش دەڵێن، "پەکەکە میوانە، دەبێ لە قەندیل دەربچێ." لێرەکانێ دەکرێ لەئاستانەی گۆتەکان، بڵێین باشە، ئەوە درووستە کە وجوودی پەکەکە لە قەندیلێ، کێم یان زۆر، سەرئێشەی لەبۆ دەسەڵاتی ئەو بەشە، درووست کردیە. بەڵام، لە ڕەهەندی گۆتەکان، گەرەکە ئەوەش بڵێین کە هێزەکانی پەکەکە (وەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆمارێ) داکۆکیان لەو بەشەی وڵات کردیە ـــ بەتایبەت لەپاش هێرشەکانی داعش بۆ شەنگالێ، مەخموورێ، کەرکووکێ، و هەندێك ناوچەی دیکەی بەشی بندەستی ئێڕاقێ. هێزەکانی پەکەکە، لە پێناو پاراستنی خاکی ئەو بەشە، شانبەشانی خوشکان و براکانیان لە بەرەکانی جەنگ، جەنگاوەرانە جەنگاون و دەیان گەریلایان لەو ڕێگە، لێ شەهید کراون.

داوا دەکرێ هێزەکانی پەکەکە لە قەندیلێ وەدەرکەون ـــ هێزێك کە بە هەزاران قوربانیی لە باکووری وڵات داوە ـــ هێزێك کە نەك هەر لاشەی مردووی میللەتی کوردی لە قەبر دەرهێنا، بەڵکو شاکارێکی وەهای کرد کە ئەو میللەتە لە باکوور جارێکی دیکە شانازیی بە تەسکەرە و کەڕامەتیی کوردانەی خۆی بکاتەوە.

وەلێ، دەکرێ ئەوەش لەلایەن ئەو کەسانەی/لایەنانەی کە داوای دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە دەکەن، نەدیدە بگیردرێ. لێ بە لێ، لە وەختێك کە داوای دەرکردنی ‌هێزەکانی پەکەکە دەکرێ، با، ویژدانمەندانە ـــ نیشتیمانپەروەرانە، داوا بکرێ کە هێزەکانی داگیرکەری تورکیایێش کە سێزدە بنکەیان ( لە باتوفێ، کانی ماسێ، بامەڕنێ، سینگێ، کریبێ، سیریێ، گەلی زاخۆیێ، سیرتێ، قۆبکێ، قومریێ، کۆخی سپیێ، دەریێ داواتیا، و سەری زیرێ) لە هەرێمی دهۆکێ هەیە، ئەوانیش دەربکرێن. با، هاوکات داوا بکرێ عەسکەری تورکیایێش لە کوردستانێ دەربچن کە باڵانسێك لە سیاسەتی سەرانی حیزبەکانی کوردستانێ، ببیندرێ!

مخابن، کارەساتی زارگەلی ئێکەم کارەسات نیە و دوا کارەساتیش نابێ کە تێیدا جارێکی دیکە هەڤوەلاتییانی بێگونا‌ح بوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیای داگیرکەر. بەڵام، نەنیشتیمانپەروەرانەیە کە هیچ قسەیێك لەسەر وجوودی ئەو هێزە داگیرکەرەی کە ئەو کارەساتەی لە زارگەلی درووست کرد نەگۆرتێ، وەلێ خودی کارەساتەکە بۆ دەرکردنی ئەو هێزەی کە شەری ئەو وڵاتە داگیرکەرە دەکا، بەکار بهێندرێ.

ئەو دۆخە ناهەموار و دژوارە کە لەبەشی بندەستی ئێڕاقێ درووست بووە، هۆکاری سەرەکیی ناڕێکی ناو ماڵی کوردە کە لە ئەنجامی ڕەفتاری نەبەرپرسانەی پارتی، یەکیەتیی، گۆڕان، و حیزبەکانی دیکە درووست بووە. ئەو حیزبگەلانە (بەتایبەت پدك و ینك) لەئەنجامی سیاسەتی بنەماڵەیی خۆیان، هەر ئێکەك لە زۆنی خۆی، کوردستانیان تەسلیمی ئێرانێ و تورکیایێ کردیە. لەبەر هەندێ، هەتا ئەو کاتەی ئەوە سیاسەتی ئەو حیزبانە بێ، ئەوان لەبەرامبەر تورکیایێ و ئێرانێ هیچ نرخێك و سەنگێکیان نابێ. لەبەر ئەو فاکتەرە، کاتی ڕاوەستاندنی موزایەدەی سیاسیی کە ئەوانە لەگەڵ ئێکدی دەیکەن، هاتیە. لەلایێك یەکیەتیی بڵێ دەبێ تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێ، لە لایێکی تر، قاسمی سلێمانی وەکی فەرماندەی هێزەکان، بەرەکانی جەنگی پێشمەرگە لە زۆنی یەکیەتیی بەسەر کاتەوە. لە سەرووی هەندێش، هەردوو لاشیان، پارتی و یەکیەتیی، بە کردەوە بزاڤی خەباتی نیشتیمانییان لە بەشێ بندەستی ئێرانێ خەساندوە، و تەواوی ڕێکخراوەکانی سیاسیی بەشی بندەستی ئێرانێیان هێناوە و لە کۆێ و شارەکانی دیکە دایانناون.

ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی ئەوە بوو، هەر پاش ئەوەی کە تورکیای داگیرکەر ئەو هێرشەی کرد، دەبا سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە (پەکەکەش لەگەڵ) شەرمیان لە کەڕامەتی کوردانەی خۆیان کردبا، و بێدرەنگ داوای کۆبوونەوەیێكی نائاسایی نیشتیمانییان کردبا و پێکەوە (لە ئێك بەرە) بە ئێك گوفتار و ئێك کردار ڕووبەڕووی ئەو کارەساتە جەرگبڕە ببانەوە. وەلێ، تا ئەو وەختەی ئەوانە، ئەوها تەنێ حیزبایەتیی و بنەماڵەیی بکەن، هەر ئاوها بەوجۆرە، لەبەرامبەر ئێرانێ و تورکیایێ، و لەبەر چاوی میللەتی کوردستانێش، سووك و بێنرخ تەماشا دەکرێن.

دروود بۆ ڕووحگەلی پاك و بێگوناهی شەهیدانی کارەساتی زارگەلی، ئینشاڵا، خوداوەند لە بەهەشتێ لە ئاسوودەیی خۆی جێگەی لەبۆیان کردبێتەوە.

دروود بۆ ڕووح و ڕێبازی تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستانێ لە هەر چارپارچەی وڵاتێ.

کرمانج گوندیی، پڕۆفیسۆرە لە بەشێ ڕێبەرایەتیی پەروەردە لە زانستگەی تێنێسی ستیەیت.