Sunday, December 1, 2013

قـۆنـاغـی دوای هـەڵـبـژاردنـی پـارلـەمـانـێ: پـێـگـەی جـەمـاوەریـی حـیـزبـەکـان و نـەخـشـەی سـیـاسـیی ئـایـیـنـدەی هەرێمی کـوردستـانـێ


کـرمـانـجـی سـەعـیـد مـەسـیـفـیـی
 
بـەرایـی
لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی کوردستانێ لە ٢١ مانگی ئەیلوولی ٢٠١٣، وێدەچوو کە دەنگدەران لە دەنگ دانێ، بە ‌هەڵسنگاندن لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩، ئازادیی زێتریان هەبوو. ئەوەش ئاماژە بەوە دەکا کە دیموکراسیی لە کوردستانێ لەنێو مەودای "چاوکراوەیی" میللەت، هێدی هێدی دەبێتە فەرهەنگی سیاسیی ـ کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستانێ.

ئەو هەڵبژاردنە، بەو ئەنجامەی کە هەیبوو ـــــ پەیامی میللەتی کوردستانێ بوو بۆ حیزبەکانی دەسەڵاتدار کە چیدی حیزبایەتیی نەکەنە پێوەر بۆ خزمەت کردنی تاکی کوردستانێ. ئەو هەڵبژاردنە، کاردانەوەی میللەت بوو لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارانە ــــ  لە بەرامبەر ئەوەی کە تەسکیەی حیزبایەتیی و واسیتە و واسیتەکاریی و پێوەندی تایبەتیی، و گەلەك کاری نامەردوومیی دیکە ببوونە دیاردەی ڕۆژانە لەناو ژیانی میللەت. میللەت لەو هەڵبژاردنەی ئەوجارە، وەبیر ئەو حیزبانەی هێناوە کە گەرەکە  لێرە وێوە  بە چاوێكی ڕەخنەگرانە تەماشای رەفتارەکانی خۆیان بکەن ـــــ میللەت پێیانی گۆت کە نە ئەوها، بەو ناعـەداڵەتییە هەڤوەلاتییان بە خودان دەکرێن، و نە ئەوهاش دەکرێ خزمەتی ئاییندەی کوردستانێ بکرێ.

پێگەی جەماوەریی حیزبەکان لەدوای ‌هەلبژاردن
بەشداریی کردنی  حیزبەکانی کوردستانێ لە هەڵبژاردنی پارلەمانێ لە مانگی ئەیلوولێ بە لیستی سەربەخۆ نەك هەر پێگەی جەماوەریی ئەو حیزبانەی لەناو میللەت نیشان دا، بەڵکو  پێگەی وانی لەناو قەوارەی پێکهاتەی سیاسیی خۆشیان دەرخست. لە پێش هەڵبژاردن، هەندێك لە حیزبەکان وەهایان ڕادەگەیاند کە ئەگەر تەنێ حسێبی ژمارەی دەنگەکانی"ئەندامانی" خۆیان بکەن، هێندە و هێندە کورسیی دەهێنن. بەڵام، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیێندران ــــ وێدەچوو کە ژمارەی ئەو کورسیانەی هێنابوویان لە ڕێژەی ئەندامەکانی حیزبەکەیان کێمتر بوو ــــ ئەمەش، ئەوە دەگەینی کە  هەموو ئەندامەکانی ئەو حیزبانە دەنگیان بە حیزبەکانی خۆیان نەدابوو. ئەوجارە، بەشێك لە ئەندامانی حیزبەکان  لە دەرێی  مەداری  حیزبایەتیی دەنگیان دابوو. ئەمەش، لەفەرهەنگی دیموکراسیی هێما بە هوشیاریی خەڵك دەکا.

ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە،  دەکرێ وەکی زەنگی هوشیار بوونەوە بۆئەو حیزبانە ڕەچاو بکرێ ــــ بەو مانایە کە درێژکردنی لیستی ناوی ئەندامانی حیزب، پێگەی میللی وان بەرین ناکا. ئیمتیاز دان بە ئەندامانی حیزب بۆ قەرقبالغ کردنی دەوروبەری خۆیان ــــ  جەماوەریان لە دەوروبەر کۆ ناکا. ڕێگە دان بە درووست بوونی بازرگانهایێکی قەبە لەناو حیزب و کۆنتڕۆل کردنی باژێڕ لەلای وان، و بەرز کردنی نرخی شمەكان بەسەر دەستکورت و بێنەوایانی کوردستانێ (بەتایبەت لە کاتی جێژن)  دڵی میللەتیان لێ سەخلەت و لەبەر چاوی جەماوەر گچکە و گچکەتریان دەکا. ئەمە، ئەوە دەگەینی  بۆ حیزبهایێکی نەتەوەیی گەرەکە لە ڕێگەی خزمەگوزاریی زێتر بۆ میللەت و پاراستن و پێشڤەبردنی کەڕامەتی  تاکی کوردستانێ پتر پشتگیریی میللەت بۆ خۆیان درووست بکەن ــــ تەنێ بەهەندێش دەتانن تەمەنی کورسی دەسەڵاتیان درێژتر بکەن، و دوعای خێری میللەتیان لەگەڵ بێ.

پێگەی جەماوەریی سێ حیزبەکانی سەرەکیی کوردستانێ، بەنا بە ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پدك) سی وهەشت کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان بیست وچار کورسی، و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانێ (ینك) هەژدە کورسی هێنا بوو. وەکی دەرکەوت، پدك کە زۆرترین دەنگی هێنابوو، لێ،  دەنگەکانی هێندە نەبوون کە بتوانێ بەتەنێ دەوڵەتی ئاییندە لە کوردستانێ پێکبهێنێ. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە هیچ ئێکەک لەو حیزبانە ئەو پێگە فراوانە جەماوەرییەی نەبوو کە بتانی بەبێ هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنێك یان دوو لایەنی دیکە  حکومەتی ئاییندە  پێکبهێنێ.

لێرەکانێ، کە تەماشای ئاماری ئەنجامەکانی ‌هەلبژاردن و ژمارەی کورسیەکانی پدك و ینك  دەکەین ــــ ئەو پرسیارە دێتە ژیان، ئایا ژمارەی کورسیەکانی وان بارتەقای دەیان ساڵانی مێژوویی خەباتی ئەو دوو حیزبە بوو؟  ئەو پرسیارە دەمانخاتە سەر ئەو ڕەهەندە کە دەبینین نێوانێکی زۆر مەزن  لە نێوان مێژووی خەباتی ئەو دوو حیزبە و پێگەی ئێستای جەماوەریی وان هەبوو.

بە لەچاوگرتنی مێژووی پارتی کە شێست و حەفت ساڵە خەبات دەکا ـــــ لە ساڵی ١٩٦١ – ١٩٧٥، تەنیا ڕێبەری بزاڤی ئازادییخوازیی و حیزبی بێڕکبەر لە کوردستانی بندەستی ئێراقێ بوو ـــــ لە سێ پارچەکەی دیکەش، کێم یان زۆر، کارێگەرێتیی هەبوو. لەگەڵ شێوەگرتنی قەوارەی سەقامگیریی سیاسیی لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١،  دوو لە سێ شارەکانی کوردستانێ، دهۆك و هەولێر، کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەو حیزبە. دوو شار لە کۆی سێ شار، دەکاتە دوو لەسەر سێی خاک و خەڵکی کوردستانێ لەو پارچە، لەبن کارێگرێتیی سیاسەتی پدك ڕێڤە دەچێ، بەڵام ئاماری دەنگەکان نیشانی دا کە بڕکۆکەك زێتر لە ئێك لەسەر سێی دەنگەکانی هێناوە.

یەکیەتییش، بە درێژایی مێژووی  سی و هەشت ساڵەی خەباتی خۆی بە تایبەتیی لەساڵەکانی ١٩٧٦ – ١٩٩١، پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە  زۆر لە داستانهایێکی قارەمانانەیان لەبەرامبەر ڕژێمی داگیرکەر تۆمار کرد. دوای ڕاپەڕینیش بۆ ماوەیێك هەیبەتی هێزێکی ژێهاتییان بۆخۆیان پاراست ــــ پێکەوە  لەگەڵ پارتی کۆنترۆلی  حکومەتی کوردستانێیان کرد. وەلێ، بە لەبەر چاو گرتنی هەژدە کورسیەکانی کە لەو هەڵبژاردنەی  ئەوجارە بەدەستیان هێنا، کێمهێنانێکی زۆر بوو لەبەرامبەر پتر لە سێ دەهە خەباتی ئەو حیزبە کە تەنانەت نەیتانی پێگەی خۆی لە سڵیمانیش بپارێزێ.

بە هەڵسەنگاندنی  مێژووی خەباتی درێژ و خوێناویی ئەو دوو حیزبانە (بە تایبەت پارتی) و قەوارەی  جەماوەریی  ئێستای وان لەگەڵ پێگەی جەماوەریی بزووتنەوەی گۆڕان کە تەمەنی  تەنێ چار ساڵانە، دەردەکەوێ کە پێگەی جەماوەریی پارتی و یەکیەتیی زۆر نوشستی هێناوە. یەکیەتیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی پەسند کرد و بڕیاری دا کە پێداچوونەوە بە سیاسەتی ڕابردووی خۆی بکا کە هۆکارەکانی ئەو شکەستە چی بوون و چلۆن دەکرێ چارەیان بۆ وەدۆزرێ. لەبەرامبەر ئەوە، پارتی وەها ڕەفتاری کرد کە ٣٨ کورسیەکەی سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو. بەڵام، ئەگەر پارتی بە دیدێکی پراگماتکیی ئەو سەرکەوتنەی خۆی هەڵسەنگێنی گەرەکە زێتر لە یەکیەتیی هەڵوێستە لەسەر سیاسەتی خۆی بکا، و بە خۆدا بچێتەوە، چونکە لە پاش شێست و حەفت ساڵ خەبات، لە سەدا سی و هەشت، ئەو دەنگە نیە کە ئەوها پێی خۆشحاڵ بی.

هۆکارەکانی نوشست هێنانی پێگەی جەماوەریی پارتی و یەکیەتیی
لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی لە سالێ ١٩٩٢، لە کەشێکی گرژی سیاسیی دەوڵەتی ٥٠/٥٠ پارتی و یەکیەتیی دامەزرا. ئەو دەوڵەتە ئێکەم ئازموونی پێڕگەیی حیزبەکانی سیاسیی کوردستانێ بوو کە لە پاش ساڵانێکی ناتەبایی و شەڕی خوێناویی و خیانەتکارانەی خۆکوژیی (کورد بە کورد بە کوشتن دان) دامەزرابوو. لە وەخـتـێـك کە کارێگەرێتیی دژواریی و دوژمنایەتیی رابردیی هێشتا لە زهنیەتی هەردوو لا مابوو، ئەوان  بوونە هاوبەشی ئێکەم حکوومەتی "نیشتیمانیی." ئەوان بوونە هاوبەشی حکوومەت، لێ بەلێ، هاوبەشییەکەیان متمانەی تێدا نەبوو. ئەوە، هۆکارێكی گرینگ بوو کە ئەو دوو حیزبە نەتانن لە ناو تەوەری تەنگی حیزبایەتیی بێنە دەرێ، و ڕوو لە ئاییندە ـــــ خزمەتگوزاریی میللەت بکەنە سەرمەشقی بەرنامەکانی خۆیان، و ئێك دەنگ بن و بە پشتیوانی ئێکدی بۆ مافەکانی دیکەی خەڵکی کوردستانێ کە هێشتا لەلایەن ڕژێمی ئێراقی پاش ـــ سەددام زەفتکرابوون/زەفتکراون کە کەرکووك، خانەقین، و شەنگال دەگرێتەوە،  کار بکەن. حیزب ــــ حیزبانێ بووە مەرامنامەی سەرکردایەتیی حیزبەکان. ئەو ڕەفتارەی حیزبەکان کارێگەرێتییەکی نێگەتڤی لەسەر پڕۆسێسی خزمەتگوزاریی گەلی کوردستانێ دانا، و بووە فاکتەرێکی زێدە بوونی گلەیی میللەت  .

حکوومەت لە نێو ڕەهەندی بێ متمانەیی پارتی و یەکیەتیی بە نیوەچڵیی هەتا ساڵی ١٩٩٤ ڕێڤەچوو. ئەوساڵانە،  میللەت لەنێو مەداری دوو قوتبی ناتەبا دەژیا کە ئێەکیان قوتبی زۆنی سەوز بوو، ئەوی دیکە قوتبی زۆنی زەرد بوو. وەلێ، لە مانگی مای ساڵی ١٩٩٤، ناتەبایی ئەو دوو حیزبە هەر تخووبێك هەبوو بەزاندی، و جارێکی دیکە لەئەنجامی نابەرپرسێتیی سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە میللەت کەوتەوە ناو لەجەنزاری شەڕی خیانەتکارانەی براکوژیی (هیچ خیانەتەك لەوە گەورەتر نیە، خەڵكانێك کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کوردستانێ چەکیان هەڵگرتووە لە پێناو بەرژەوەندی حیزبایەتیی بە کوشتن بدرێن). ئەوجارەش،  کوردستان هەزاران لە کوڕانی چاپووکی لێ کوژرا. کوردستان هەزاران لە ژنانی نازداری لێ بێوە، و هەزاران لە دایکانیشی لێ جەرگ سووتاو کران. ئەو حیزبانە، هیچ نەما بە یەکتری نەڵێن و بە ئێکدی نەکەن. ئەو حیزبانە، دوور لە داب و نەریتی زەوینیی و ئاسمانیی، دیلەکانی ئێکدیشیان کوشت. ئەو حیزبانە، کوردستانی دابەشکراویان لە بەشی بندەستی ئێراقێ جارەکی دابەشکردەوە، و دوو پێڕگەیان (پێڕگەی سلێمانیێ و پێڕگەی هەولێرێ) دامەزراند.

لە سێپتێمبەری ساڵی ١٩٩٨، یەکیەتیی و پارتی بە ناوبژییکردنی ئەمریکایێ جارێکی دی ئاشت بوونەوە، و هێدی هێدی گرژییەکانی نێوانیان کێم بۆوە، لێ هەرگیز باوەڕ لەنێوانیان درووست نەبۆوە. هەڵبەت، لە دوای ئاشت بوونەوەیان، پێڕگەکان لە ڕووی فیزیکیی وەکی جاران نەمان ــــ کەمێك گۆڕانکاریی ڕواڵەتییان بەخۆ دیت، لێ، لە بواری سایکۆلۆژیی سیاسیی و ئەنجام دانی کارەکانی پێڕگەیی، دابەشبوونەکە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. هەنووکەش، كڵاوەکان لە هەولێرێ و دهۆکێ سۆرن، و تا دەگەیە نوختەی کۆیێ (بەرەو سلێمانیێ)، کڵاوەکان سەوز دەبن. پۆلیس و ئاسایشی لە هەر زۆنێك جودا لەوی دیکە کارەکانی دەکا.

بەڵام، بەرژەوەندییەکانی نێوکۆیی، ئەو دوو حیزبەی ئەوەندە لێکدی نێزیك کردەوە کە کار گەیشتە ئەوەی "پەیمانی ستراتیژیی" لەنێوان خۆیان واژۆ بکەن، ولەبۆ مامرەتی هەڵبژاردنی پارلەمانیی کوردستانێ لە ساڵی ٢٠٠٩، یەکیەتیی و پارتی بە ئێك لیست (لیستی کوردستانیی) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. هاوپەیمانێتیی پارتی و یەکیەتیی، پێچەوانەی سەردەمی "ناتەبایی" نێوانیان بوو ــــ سەردەمێك کە هیچ نەما بەسەر ئێكدی نێنن ـــــ ئەوجارە، هاوپەیمانێتییەکەیان وەهای لێهات کە موجامەلەیێکی زۆریان لەگەڵ ئێکدی دەکرد ــــ بە جۆرێك کە جێگەی هیچ جۆرە گۆتەیێکی ڕەخنەییان بۆ هیچ کەسێك نەهێشت. لەئەنجامی هاوپەیمانێتییەکەیان، یەکیەتیی و پارتی، تەواوی سیماکانی دەسەڵات و سامانی کوردستانێیان پێکەوە کۆنتڕۆڵ کرد.

دوو حیزبی دەسەڵاتدار نەك هەر حیزبایەتییان کردە پێوەر بۆ خزمەتکردنی خەڵك،  بەڵکو خەباتی شاخیشیان کردە منەت بەسەر خەڵك. ڕەفتارەکانی ئەو حیزبانە وەکی ئەوەی لێهات کە ئەوان ئایەتەکانی پیرۆزی ئاسمانیی کوردستانێ  بن و کەسێكیش لەرووی زەوی کوردستانێ  مافی ئەوەی نەبێ ڕەخنەیان لێبگرێ.  لە تەنیشت هەندێش، ڕێگە بە خەڵکانێکی بێکەلك و چاپلووس درا کە بکەونە ناو ڕیزەکانی حیزبەکان و دەوڵەتی کوردستانێ. ئەو ڕەفتارەی دوو حیزبی دەسەڵاتدار بووە هۆی نەبوونی سیستەمی دەوڵەتداریی و (واسیتە و واسیتەکاریی)  بووە دیاردەی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵگەی کوردستانێ کە هەتا ئێستاش ئەو ڕەفتارە بەردەوامە. حکوومەت بە پەردەی حیزبایەتیی داپۆشرا ــــ بڕیار بووە بڕیاری حیزبیی و حیزبایەتییش بووە ئارمانج.

لەگەڵ کۆنتڕۆڵ کردنی سیستەمی حوکمڕانیی لەلایەن دوو حیزبی دەسەڵاتدار و ئەو هەموو سامانانەی کوردستانێ کە لەلایەن وان کۆنترۆڵ کران ــــ لەبەرامبەر ئەوە، پڕۆژەکانی خزمەتگوزایی لە ئاستی خواست و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کوردستانێ نەبوون. سیستەمی پێڕگەیی (ئیداریی) هێشتا لە ئاستەکی نزم دایە. بۆ وێنە، بەشێکی زۆر لە کاری ڕۆژانەی خەڵك لەنێو ئێك پێڕگە ئەنجام دەدرێن ــــ ئەمە لەکاتێك دەکرا/دەکرێ کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کاری ڕۆژانەی هەڤوەڵاتییان بکرێ بەوەی بۆ هەر دوو ــ سێ گەڕەکێك  پێڕگەیێك دامەزرێندرێ و ژمارەی ئیمزاکانی نەپێوست و ڕۆتینیاتی بیرۆکراسیی پێڕگەیی کێم بکرێن. لە نێو هەر پێڕگەیێكیش بە ئەندازەی پێویست شوێن بۆ کارداران هەبێ بۆئەوەی لەپێش دەرگەی پێڕگە نەبیتە قەرەپەستانێ، و کارداران لە زستانێ لەبەر سەرما و لە هاوینیش لەناو گەرما پەرێشان نەبن ــــ ئەوە مافی میللەتە کە سیستەمی خزمەتگوزاریی وان لە ئاستێکی شایان بێ ـــ ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقیی نیشتیمانییە کە دەسەڵات ئەو خزمەتگوزارییە بۆ میللەت ئەنجام بدا.

نەبوونی عەدالەتیی کۆمەڵایەتیی، هەبوونی فەسادی پێڕگەیی، و ئیمتایز دان بە ئەندامانی خۆیان (هەندێكیان بە هەبوونی ڕابردووی خیانەتکارانەشیان)، و دوورکردنی هەڤوەلاتییانی ژێهاتیی و دڵسۆز لەلایەن ئەو حیزبانە، هێدی هێدی ناڕەزایی خەڵکی لێوە درووست بوو. ئیدی وەهای لێهات کە نابەرامبەرییەکان و ڕەفتارەکانی حیزبەکان کەوتنە ژێر ڕەخنەی خەڵك و لە پرێسی کوردیی ڕەنگی داوە. ئەوە فەرهەنگێکی نوێ بوو کە ژوڕنالیستهایێکی جحێڵ ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە، و جۆرە نووسین و ڕەخنەهایێك لە دەسەڵات بگرن کە دەسەڵات تەحەموولی بیستنیانی نەبوو. لە نەتیجە، بەرپرسانی دەسەڵات پێوەرێکی زۆر توندیان لەبەرامبەر ئەو کەسانە بەکارهێنا کە ڕەخنەیان لە سیاسەتی دوو حیزبی دەسەڵاتدار دەگرت ــــ ڕەفتاری دەسەڵات گەیشتە ئەوە شوێنەی کە ژمارەیێك لە ژورنالیستان لەسەر شەقام لێیان بدرێ و سووکایەتییان پێبکرێ ــــ تەنانەت هەندێك لەو ژوڕنالیستانە کەوتنە بەر ئاگری گولڵەی دەسەڵات و تیرۆر کران.

دیارە، رەفتاری تۆقاندنی هەڤوەڵاتییان هێشتا لەلایە دەسەڵاتی کوردستانێ بەردەوامە. هەوڵ دان بۆ کوشتنی خاوەنی تیلەڤیزیۆنی ئێن ئاڕ تی، شاسوار عـەبدولواحید و بریندار کردنی، و دەستگیرنەکردنی ئەنجامدەرانی ئەو کارە نامرۆڤایەتییە، خۆبەخۆ، پەنجەی تاوان بۆ دەسەڵاتی کوردستانێ ڕادەکێشێ. لەبەرهەندێ، بەرپرسانی ئاساییشی سلێمانی بەرپرسن لەبەرامبەر پاراستنی ژیانی هەڤوەڵاتییان، بە تایبەت کەسانی دیار و نیشتیمانپەروەرانی وەکی شاسوار.

لە دیوەکی دیکەی ئەو ڕووداوانە، لە مانگی ڕەمەزانی ڕابردی لەکاتی نیشاندانی ناڕەزاییەکی هێمنانە لە هەولێرێ کە تێیدا دکتۆر کەمالی سەید قادری بەشداریی کردبوو؛ لە نێو ئاپۆرەی خۆنیشاندەران تەنێ کەمال بژار کرا و بە جۆرێکی دوور لە داب و نەریتیی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستانێ سووکایەتیی پێکراــــ بە هێلکە، تەماتە، شەق و تێهەڵدان هێرشی کرایە سەر وئازارێکی جەستەیی زۆریی پێگەیاندرا. پاشان، تەنێ میدیای پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پـدك) هەواڵەکەی بۆ خەڵك گواستەوە. تیلەڤیزیۆنەکانی پدك وەهایان بڵاو کردەوە کە "دکتۆر کەمال لە کاتی بەشداریی کردنی لە خۆنیشاندانەکە سەرخۆش بوو."  خەڵکیش ئەو ڕەفتارەی وی بە بێڕێزیی بۆ مانگی رەمەزانێ زانیبوو، و ئیدی هێرشیان کردبووە سەری و لێیان دابوو.

وێدەچێ کە ڕاگەیاندنی پارتی لەو کۆششەی کە دکتۆر کەمال بە کابرایێکی "بەدمەست" نیشان بدا سەرکەوت نەبووبێ، چونکە ڕۆژی دوای ئەوەی کە سووکایەتیی پێکرا، دکتۆر کەمال لەسەر تیلەڤیزیۆن گۆتی کە وی نەك هەر سەرخۆش نەبوو، بەڵکوو "بەڕۆژیش" بوو. لەلایێکی دیکە خانەوادەی دکتۆر کەمال وتائەندازەیێکیش خودی دکتۆر کەمالیش لە هەولێرێ ناسراون، و خانەوادەکن کە داب و نەریتی کوردەوارییان پاراستووە، و دکتۆر کەمالیش ئەوەندەی خەڵك بزانێ ئەو مرۆڤە "مەی ڤەخۆر" نیە، و ئەگەر مەی ڤەخۆریش بێ، ئەوها "عەییاش" نیە کە لە مانگی ڕەمەزانێ بە سەرخۆشی بچێ و لە خۆنیشاندانێکی دیموکراتیکانە و هێمنانە بەشداریی بکا.

لێرەکانێ، لەوانەیە ئەو کارە، لە سەرەتا بە بڕیاری بیرۆی ڕاویاریی، یان سەرکردایەتیی پدك ئەنجام نەدرابێ، بەڵام کاتێك کە مەلا بەختیار، کارگێری بیرۆی ڕاویاریی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانێ (ینك) بە ڕەخنە لەو ڕەفتارە کە بەرامبەر کەمال کرابوو، گۆتی ئەو کارە، ڕەفتارەکانی "سەدەکانی ناوەڕاستی" بەبیر هێنامەوە ــــ لەوێ پدك بە فەرمیی لە مەلا بەختیار هاتە دەنگ، و ئەوانیش لێدان و سووکایەتیی پێکردنی ڕۆشنبییر، ئاسۆسی ئەحمەد هەردیان وەبیر ینك هێناوە ــــ بەجۆرێك کە ئێوە لە ئێمە باشتر نین. ئالێرە، پدك خۆی لەو ڕەفتارە وێنەچووە کردە خاوەن و بەرپرسێتییەکەی خستە ئەستۆی خۆی.

دیارە هۆکاریی ئەوەی کە پدك بەو شێوە دژایەتیی دکتۆر کەمال دەکا ئەوەیە کە کەمال لە ڕابردی شتهایێکی لەسەر بەهشتیی ژانڕال بارزانیی نووسی بوو کە گویا بارزانیی پیاوی ئینگلیزان بوو..و...و. لەوحاڵەتە گەرەگە بگوترێ، لەنێو داڵانی ڕەهەندی خەباتی بارزانیی و بەشداریی کردنی وی لە دامەزراندن و پاسەوانیی کردنی کۆماری کوردستانێ، ئەنجا کە ڕێچکەی گوزەری بارزانیی و پێشمەرگەکانی وی بۆ سۆڤیەتی پێشین کە ڕێگەکی ئێجگار دوور و مەترسییدار بوو، لە نەزەر دەگیردرێ، دەکرێ بگوترێ، ئەگەر وی سەر بە ئینگلیزان بوو، ئینگلیزەکان ئەوکات لە ئێرانێ بوون، و بارزانیی بە ئاسانیی دەیتانی پێوەندی پێیان کردبا و بچووبا لای وان؛ و ئەو ڕێگە دوورو مەترسییدارەی بۆ سۆڤیەتێ هەڵنەبژاردبا. ئەم داستانە بۆخۆی وەرامگۆیە بۆ ئەو جۆرە شتانەی کە کەمالی سەید قادری نووسیبوونی. وەلێ لەهەر حاڵەتێك، ڕەفتاری پارتی لەبەرامبەر دکتۆر کەمال، ڕەفتارێکی ئێجگار ناشیاو بوو ــــ هەڵسوکەوتی پدك لەگەڵ دکتۆر کەمال، جۆرێك بوو کە وەهای کرد کە خەڵك (تەنانەت ئەوانەی ڕەخنەشیان لە نووسینەکانی کەمال هەبوو) هاوسۆزیی لەبۆ کەمال نیشان بدەن.

رەفتاری پارتی، بەو جۆرەی کە لەبەرامبەر کەمال درێژەی پێدرا، وێدەچێ چەهرەکی مەشهووری لە کەمال درووست کرد بێ ــــ ئەمە لەکاتێك لەبۆ سومعەی پارتیش کارێکی ناشیاو بوو. لەبەر هەندێ، هیچ پێویستی نەدەکرد/ ناکا کە پدك بەو جۆرە لەبەرامبەر هەر کەسێك کە شتێکی گۆت، یان شتۆکەکی نووسی ئەوها لە "کوورەی ئاگر" بێتە دەرێ و پەلاماری کوڕانی ئەو میللەتە بدا و سووکایەتییان پێ بکا، یان ژیانیان مەحوو بکا. لە کاتێك کە پدك کارهایێکی وەها دەکا، پدك کێم دەهێنێ و خۆی بۆ ئاستێکی نزم دادەبەزێنێ، چونکە خۆی دەهێنێتە خوار بۆ ئاستی تۆڵەسەندن لە هەڤوەلاتییان. لەکاتێك کە پارتی کارهایێکی ئاوهایی دەکا، لەو ئانە، دەکرێ پرسیاری ئەوە لە پارتی بکرێ، داخوا کوانێ ئەو "سەروەریی" یاسایە کە سەرۆکایەتیی پارتی بەردەوام قسەی لێوە دەکەن؟

جا، کە دەسەڵات لە هەولیڕێ یاسا ژێر پێ دەخا، لە لایێكی دیکە هەولی جوانکردنی هەولێرێ دەدا، و بەردەوام دەیەوێ زێتر لە بواری عـیمڕانیی ئاوەدانی بکا ــــ وێدەچێ ئەگەر هەزار هێندە بیناهایێکی گەورەی تێدا درووست بکا ــــ سەد جادەی  ١٢٠، ٣٠٠، و ٤٠٠ مەتریی تێدا درووست بکا، و بیکاتە زندیترین بازاڕی جیهانێ ــــ کە خەڵکی کوردستانێ کارهایێکی وەها لە پارتی دەبینن، سایکۆلۆژییەتییان لەبارەی ئەو حیزبە بۆ ئاستێك دادەبەزێ کە زێتر دووری لێ بکەن. ڕەنگدانەوەی ئەو هەستەی خەڵکی کوردستانێ لە ماوەی دەسەڵاتی پارتی، لە هەڵبژاردنێکی پارلەمانیی بۆ هەڵبژاردنێکی دیکەی پارلەمانیی زێتر بیندراوە  کە میللەت پتر پشتگیریی لە بەرەی ئۆپۆزیسۆن کردووە  کە  بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی ئیسلامیی لەخۆ دەگرێ. بۆ وێنە، یەکگرتووی ئیسلامیی لە هەڵبژردنی پارلەمانیی ٢٠٠٥، هێندە دەنگی نەهێنا کە بتانی بچیتە پارلەمانێ، لێ لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩، شەش (٦) کورسی و لەهەڵبژاردنی ٢٠١٣،  دە (١٠) کورسی هێنا. ئەوانە، هەموو ئاماژەی رۆشنن کە ئەو ڕەفتارانەی  پدك بە زەرەری وان و قازانجی ئۆپۆزیسیۆن تەواو دەبێ.  

سامانی کوردستانێ، لە نەفت، گاز، و گومرگ هەمووی لەلایەن بەرپرسانی یەکیەتیی و پارتی بەتەواویی کۆنتڕۆڵ کرایە ــــ بازاڕ لەلای وان و کەسانی سەر بەوان "حەیف و مەیل" دەکرێ. جۆری ژیانی بەرپرسەکان پێویستی بە گۆتن نیە کە چەند شاهانە دەژین کەچی لەبەرامبەرژیانی شاهانەی وان، هەژاریی/فەقر هێشتا بۆ قشرێکی کۆمەڵگەی کوردستانێ داد و فیغان دەکا.

لە ڕۆژی ١٩ی نۆڤێمبەری ڕابردیی، داستانێکی زۆر دڵتەزێن لە کاناڵێکی تیلەڤیزیۆنی کوردستانێ لەنێو سکۆپی هەواڵی ڕۆژانەی ئەو تیلەڤیزیۆنە نیشان درا. لەداستانەکە، تیلەڤیزیۆنەکە، ژنێکی نیشان دا کە بەگۆتەی ژنەکە، وێ کچی "شەهیدی سەنگەر" بوو. ئەو کچە شەهیدە لەسەر "گووفەك" کاری دەکرد بۆ ئەوەی بژێوی خۆی دابین بکا. ئەو کچە شەهیدە لە دەسەڵاتی کوردستانێ دەپاڕاوە، و دەیگۆت "یارمەتییم" بدەن، باوکم شەهیدی سەنگەر بوو!

گریمان، ئەو خانمە، نە كچە شەهید بوو نە ڕۆژێکیش سەری لەناو ژیانی پڕ مشەختی میللەت هێشاوە ـــــ خۆ هەڤوەڵاتییەکی کوردستانێیە. کوردستانێك کە سامانی ساڵانەی، دەتانی بە زێدەیی ژیانێکی ئاسوودە و پڕ کەڕامەت بۆ ئەو میللەتە دابین بکا. لێرە، میللەت دەتانی ئەو پرسیارانە لە سەرۆکایەتیی پارتی و یەکیەتیی بکا، بۆچی دەبێ هەڤوەڵاتییان لەنێو ئەو خەزێنە زۆرەی کوردستانێ لەسەر زبڵخانە، یان هەر شوێنێکی وەها مەینەتبار ئیش بکەن؟ بۆچی دەبێ لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو دەرامەدەی نیشتیمان، هەڤوەڵاتییانێك لە فەقڕ بژین؟ بۆچی دەبێ هەژارانی کوردستانێ وەها سووکایەتیی بە کەڕامەتییان بکرێ؟ بۆچی دەبێ خەزێنەی نەتەوایەتیی لەلایەن دوو حیزبی دەسەڵاتدار بۆ بەرژەوەندی خۆیان سوودی لێوەر بگیرێ و بەشێکی میللەتیش لە نەداریی و ژیانێکی ناتەندرووست بژین؟

لەناو (بەنێو) سیستەمی تەندرووستیی کوردستانێ، بازرگانیی بە ژیانی هەڤوەڵاتییانی بێنەوا دەکرێ. چونکە، بۆ هەر دیدارێکی پزیشکی پارەیێکی زۆریان لێدەستێندرێ، و لەبەرامبەر ئەو پارە کەلانە، کۆمەڵێك دەرمانی نەپێویست و هەندێك جار ئێکسپایەریشیان پێدەدرێ. نەخۆشان لەکاتی دیداری پزیشك بە کۆمەڵ دەبرێنە ژۆری دکتۆر ــــ لەکاتێك ئەمە پێچەوانەی ئەخلاقی پرۆفێشنی پزیشکییە، چونکە ڕیکۆردی نەخۆشی هەر کەسێك، گەرەکە لەلایەن پزیشك پارێزراو بێ، و جیا لە پزیشك هیچ کەسێكی تر ئەو زانیارییانەی گوێ لێنەبێ. لەکاتێك کە نەخۆش لەلای پزیشك باس لە نەخۆشییەکەی خۆی دەکا نابێ جودا لە پزیشك هیچ کەسێکی دیکە لەوێ لە ژۆری نۆڕینگە بێ. سەرباری ئەوەی نەخۆشانی کوردستانێ ئەوها لەلایەن پزیشکانی ویژدان مردوو بەو جۆرە سووکایەتییان پێدەکرێ، کەسانێکی زۆر کە تەنێ پسوولەی برینپێچیان هەیە، یان دەورۆکەکی ڕاهێنانی تەندرووستیی و دەرزی لێدانیان دیوە، بەبەرچاوی دەسەڵاتی کوردستانێ ڕۆڵێ پزیشك دەبینن. پشکنینی پزیشکی بۆ نەخۆشان ئەنجام دەدەن ــــ نیشان و هۆکاری نەخۆشیی خەڵك دەستنیشان دەکەن و ڕاچێتەی دەوایان بۆ دەنووسن. 

ئەمە لە وەختێك کە ئەو جۆرە  ڕەفتارانە  لەناو پێکهاتەی تەندرووستیی  بۆتە هۆی ئەوەی کە دەیان هەڤوەڵاتییان، لەبن حوکمڕانیی ئەو بەرپرسانە، بە دەرمانی ئێكسپایەر چاوانیان کوێر ببن ــــ بە لێدانی شرینقەی هەڵە بمرێندرێن، عیلاجی هەڵەیان پێبدرێ، یان بەڵاهایێکی دیکە بەسەریان بهێندرێ ــــ کەچی کاردانەوەی کاربەدەستانی دەوڵەتی کەی ئاڕ گی هەرگیز لەو ئاستە خەمخۆرییە نەبووە کە میللەت هەستی پێ بکا. چونکە، ئێستاکانێش دەرمانهایێکی ئێکسپایەر دە‌هێنرێنە کوردستانێ. هەتا ئێستاش، ئەوەی لە کوردستانێ لەبۆ ژیانی هەڤوەڵاتییان ئەدا دەکرێ بە هیچ جۆرێك کواڵەتی کۆنترۆڵی پێوە دیار نیە. لەبەرامبەر هەندێش ــــ لەبەرامبەر ئەوەی کە بەسەر نەخۆشانی کوردستانێ دەهێنرێ ــــ بە بەر چاوی ئەو هەژارانە، بەرپرسانی پارتی و یەکیەتیی، ئەندامانی خانەوادەکانی وان، و کەسانی لەوانیش نێزیك بۆ نەخۆشییەکی سادە ڕوو لە وڵاتانی دەرێ دەکەن و چێترین چارە/تیمار وەردەگرن.

جارێکیان، لە دیدارێکی کورت، هەڤوەلاتییەك داوا لە وەزیری ئەوکاتی پێکهاتەی تەندرووستی دەکا ڕێگە نەدەن چیدی کەسانی برینپێچ ڕۆڵی پزیشك ببینن و تیمار بدەنە خەڵكی هەژار. جەنابی وەزیر کە پزیشكیش بوو، و ترەینیگی حەکیمییشی دیتبوو، گۆتبووی، "ئاخر ئەوە بۆ ئەو خەڵکە هەژارە باشە. چونکە، خەڵكی فەقیر پارەی هەندێیان نیە بچنە لای دکتۆر، ئەوە هەرزانە ــــ ئیشی وان پێك دێنێ." ئەوە گۆتەی وەزیرێکی دکتۆر بوو. ئیدی حاڵی ئەو خەلكە هەژارە چۆن بەرەو دۆخێکی باشتر دەچێ. ئەنجا، لێرە ئەو پرسیارە دێتە پێش، ئایا زاتی موبارەکی ئەو وەزیرە دکتۆرە ڕێگەی دەدا کە (نەك هەر خۆی)، بەڵکو خزمێکی نەخۆشی وی، یان دۆستێکی نەخۆشی وی بۆ چارەی نەخۆشیی بە جێگەی ئەوەی بچێتە لای پزیشك، بچێتە لای برینپێچ؟ ئایا ئەو بەرپرسانە بۆ هەندێ ڕۆڵی بەرپرسێتیی وەردەگرن کە ئەوها سووکایەتیی بە خەڵك بکەن؟ لەوەختێك کە خۆیان ئامادە نین وەکی میللەت بژین، بۆچی لەبەرامبەر پێشنیازهایێکی سوودمەند وەها ڕەفتار دەکەن کە ئەوان بیریان لە هەموو شتێك کردۆتەوە! لەوە دەچێ، کاربەدەستانی کەی ئاڕ گی هەموو شتێك بزانن، ئەگەر هەموو شتێکیش نەزانن، وەها نیشان دەدەن کە وەرامیان لەبۆ هەموو شتێك هەیە ــــ هەر ئەوەشە عـەیبی گەورەی وان کە وەها  "کێم"  ڕەفتار دەکەن.

هەتا ئێستاش، ئەوە ڕەویشی دەوڵەتدارێتیی پارتی و یەکیەتییە ــــ نە سیستەمی تەندرووستی لە کوردستانێ هەیە، نە سیستەمی پەروەردە. لەهەر وڵاتێکیش ئەگەر ئەو دوو سیستەمە بە جۆرێکی کواڵەتیی و تەندرووست لە خزمەتی هەڤوەڵاتییان نەخرێنە کار،  کۆمەڵگەیێکی ناتەندرووست و شێواو درووست دەبێ ــــ هەر بۆیێش، لە کوردستانێ هێماکانی ناتەندرووستیی لە تەواوی سیماکانی کۆمەڵگە دەبینرێن. بەها کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لە کێم بوون دان. پێوەندییەکانی کۆمەلایەتیی بۆ ئاستێکی لاواز دابەزیون. ئەو سووکایەتییەی لەژێر حوکمی دەسەڵاتی کوردیی بە ژنانی کوردستانێ دەکرێ، هەرگیز لەسەدەمی پێش دەسەڵاتی وان پێشینەی نەبووە.

ئەو کۆمەڵگە شێواوە، ڕۆژێك، کۆمەڵگەی میللەتێکی جوامێر بوو. هەمان ئەو میللەتە سەربڵندەی ساڵانی شۆڕش و بەخۆدان، لەدوای ڕاپەڕین، لەناو تەوقی کرێتی حیزب ــــ حیزبانێی یەکیەتیی و پارتی بۆتە میللەتێکی بێمەسرەف. میللەتێك کە هەڵپەداریی و پوولەکیی بوون، لەناویان بۆتە دیاردەی ڕۆژانە. ئەو میللەتە هەمان میللەت بوو کە لەپاش ڕاپەڕین، ئەو کاتەی کە کوردستان لەژێر ئابلۆقەی ڕژێمی ئێراقێ بوو، کچان و کوڕانی ئەو میللەتە لە سیستەمەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی لە کاری مامۆستایان، کارمەندان، ئەندازیاران، پزیشکان...و...، بێمووچە و خۆبەخشانە خزمەتییان کرد ــــ ئەو میللەتە کە ئەوها بوو، داخوا بۆچی لە ژێر دەسەڵاتی کوردیی ئەوهای بەسەر هات. ئایا کێ خەتابارە لەوەی کە ئەو میللەتە جوامێرەی دوێنی، ئەو خەڵکە بێمەسرەفەی ئەوڕۆی لێ درووست بووە؟

شکستی یەکیەتیی نیشتیمانیی و گۆڕینی نەخشەی سیاسیی کوردستانێ
لەو لایەی، دابەزینی ینك بە لیستی جودا بۆ ئەوەی پێگەی هەقیقی خۆی لەناو جەماوەر بزانێ، وێدەچێ، کارێکی باش بووبێ. لە لایێکی دیکە، پێش ئەوەی ریفۆڕمێکی ڕیشەیی لە سیاسەتی پراکتیکی خۆی بکا بۆئەوەی ناڕەزایی ئەندامان و لایەنگرانی خۆی کێم بکا، دابەزین بە لیستی جودا هەڵەیێکی خۆکوژیی سیاسیی بوو. چونکە، ساڵانێك بوو کە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە گلەییان لە سیاسەت و جۆری ڕێڤەبردنی حیزبەکەیان دەکرد.

هەندێك لە هۆکارەکانی نوشست هێنانی پێگەی جەماوەریی یەکیەتیی، لە تەنیشت بوونی جەلال تاڵەبانیی بەسەرۆکی ئێراقێ، جودابوونەوەی  نۆشێروان و باڵی ڕیفۆڕمخوازی وی، و نەبوونی ئێك دەنگیی لەناو سەرکردایەتیی ینك ـــ دەکرێ گۆتەکانی جەلال تالەبانیینش، کێم یان زۆر، کارێگەرێتییان لەسەر ئەو مەودایە هەبووبێ بەوەی کە لە چەند شوێن و بۆنەیێکی جودا، تاڵەبانیی گۆتبووی، "پەشیمانم کە لە مەلا مستەفا جودا بوومەوە." ئەوەش نە تەنێ لەبەر مانای گۆتەکە، بەڵکوو لەبەر ئەو سایکۆلۆژییەتەی کە لە پشتی ئەو گۆتە بوو. بۆ جەلال تاڵەبانیی، دوای ساڵانێکی زۆر دوژمانیەتیی کردن لەگەڵ مەلا مستەفا، و بە هەدەر دانی دەیان هەزار ژیان لە هەرتك لا، و تێکدانی شیرازەی یەکیەتیی نەتەوایەتیی ــــ پاشان چەند جارێك بڵێ "پەشیمانم" لەوەی ئەوکارەم کردووە ـــ ئەمە، ئەوە دەگەیەنێ کە سایکۆلۆژییەتەکی ئەوها لاواز دەتوانێ  سستیێك لە ڕووحیەی ڕێبەرایەتیی ئەو مرۆڤە درووست بکا کە لە ناخی خۆی هەمیشە هەست بە خەتایێك بکا بە جۆرێك کە ببێتە هۆی ئەوەی، زوو یان درەنگ، لەبەرامبەر ئەو لایەنەی سەری لەبەرامبەر قیت کردیتەوە، چۆکشلیێکی پێوە دیار بێ. لە تەنیشت ئەمانەش، وێدەچێ ئەو گۆتە، کێم یان زۆر،  کارێگەرتییەکی نێگەتیڤیشی لەسەر هەزاران پێشمەرگە/ئەندامان، و لایەنگرانی ینك هەبووبێ. ئەو هۆکارانە، هەموویان فۆڕمولەی شکەستی ینکیان درووست کرد ــــ دۆخی گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستانێ و ئێراقێش یارمەتییدەر بوو بۆ ئەدا کردنی تەرحی فۆڕمولەکە  کە  ئەنجامەکەی ئەو بارە  دژوارەی لێ درووست بوو کە ینکی تێکەوت ــــ تێکەوتنێك کە بووە هۆی گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسیی کوردستانێ.

نەخشەی سیاسیی کوردستانێ لە پاش هەڵبژاردنی  پارلەمانیی کوردستانێ لەساڵی ٢٠٠٩ ڕا دەستی پێکرد کە بزووتنەوەی گۆڕان ٢٥ کورسی لە پارلەمانێ بەدەست هێنا. بەڵام، ئەوکات لەبەر کارێگەرێتی لیستی کوردستانێ کە لیستی یەکیەتیی و پارتی بوو، و زۆرینەیێکی سەقامگیریان لە پارلەمانێ هەبوو، وەهای کرد کە پارتی و یەکیەتیی دەوڵەت دامەزرێنن. لێ، ئەوان نەیانتوانی بەو شێوەی  کە حکومەتیان پێکهێنا ــــ بە هەمان شێوە لە پارلەمانێ کار بکەن و هەست بە  کارێگەرێتیی ئۆپۆزیسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان نەکەن. چونکە، بزووتنەوەی گۆڕان، گۆڕانێکی بەرچاوی لە ڕەویشی کاری پارلەمانیی لەبەرامبەر کاری حکومەتی پارتی و یەکیەتیی درووست کرد.

لێ بە لێ، لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی کوردستانێ لە مانگی سێپتێمبەری ڕابردی کە پارتی و یەکیەتیی بە لیستی جودا دابەزین ــــ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە  پێگەی هەقیقی هەر ئێك لە پارتی و یەکیەتیی لەناو کۆمەڵگەی کوردستانێ نیشان دا ــــ دەرکەوت کە پێگەی جەماوەریی ینك نووشستیێکی زۆری هێنا بوو بە جۆرێك کە لە ـــ ئێك لە دوو هێزەکانی دەسەڵاتدارــــ ینك بووە هێزی سێیەم لە مەودای قەوارە و پێگەی میللیی.

هەڵبەت، هۆکاری سەرەکیی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی کوردستانێ شکەستی ینك بوو ــ هەتاــ سەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان. چونکە، بەهەڵسەنگاندنی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩، بزووتنەوەی گۆڕان کورسیێکی کێمتر هێنا بوو. وەلێ، هاتنە خوارێی یەکیەتیی لە حکومەتی ٥٠ ـــ ٥٠ (ڕۆژێك لە ڕۆژان)  بۆ ڕێژەی لەسەدا ١٨، نەخشەی سیاسیی گۆڕەپانی کوردستانێی بە جۆرێکی چاوەڕوان نەکراو گۆڕی، و ئەو شکەستە، بزووتنەوەی گۆڕانی لەناو قەوارەی سیاسیی کوردستانێ کردە  دووەم هێزی سیاسیی لەدوای پارتی.  

ڕەنگە پێویستی بە وەبیرهێنانەوە هەبێ ــــ سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆخۆیان کەسانێك لەو فەرهەنگە بوون کە میللەت بێزاریی لێدەکرد، بەڵام کە نۆشیروان مستەفا و بالی ڕیفۆڕمخوازی وی، لە ینك جودا بوونەوە، وسەربەخۆیی خۆیان لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند. ئەنجا، لەگەڵ جوودا بوونەوەیان ستراتیژییەکی نوێیان خستە کار ــــ ستراتیژیێك کە لەمەڕ ئاییندەی خەلكی کوردستانێ دەئاخفت کە دارای زهنیەتیی کۆمەڵگەیێکی یەکسان و دیموکراتیك بێ کە تێیدا یاسا سەرەوەرێتیی هەبێ. کۆمەڵگەیێك کە تێیدا هەڤوەڵاتییانی کوردستانێ لەبەرامبەر یاسا یەکسان بن بە جۆرێك کە هەر تاکێکی کوردستانێ لەناو ئەو کۆمەڵگەیە کەڕامەتی لەناو کەسێتیی وی/وێ پارێزراو بێ. ئەو دیدەی نوێیەی سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان وەهای کرد ئەو خەڵکەی کە ساڵانێك بوو ناڕازیی بوون، و بەدوای ئاڵتەرنەتیڤێك دەگەڕان، خۆیان لەناو قەوارەی بزووتنەوەی گۆڕان ببیننەوە، و لەپێناو ئەو دیدە نوێیە لەبەرامبەر حکومەتی پارتی و یەکیەتیی بکەونە چالاکیی کردن.

هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی گۆڕان  پتر خەتای سیاسەتی لاملی پارتی و یەکیەتیی بوو. ئێکەك لە هەڵەکانی گەورەی ئەو دوو حیزبە ئەو بوو کە نەیانتوانی وەکی پێویست وەها ئەو بەرەبابەی کە لە پاش ڕاپەڕین، لە ئاسوودەیی کوردستانێ گەورە ببوون،  بەلای خۆیان ڕابکێشن. ئەو بەرەبابە، چونکە کارێگەرێتیی شۆڕش و ژیانی سەختی شاخی بەسەر نەبوو ـــــ جۆری بیرکردنەوەی وان بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ بەرەبابی پێش خویان، جودا بوو. ئەوان، چاوەڕووانی شتهایێکی زۆریان لە حکومەتەکەی خۆیان دەکرد کە ئەمەش بۆیان مەیسەر نەبوو، ڕەفتاریان لەگەڵ سەرۆکایەتیی حیزبەکان و حکومەت کەوتە حاڵەتێك کە ئەو بەرەبابە مەیلساردیێکی لەبەرامبەر دەسەڵات پێوە دیار بێ. ئەو بەرەبابە،  لەناو ئەو ئاسوودەییەی کە تێیدا گەورە ببوون، وەهای لەوان کردبوو کە پتر هزری ئاییندەیان هەبێ. ئەو بەرەبابە خوازیاری زێتری هەلی کار و خۆشگوزەرانیی بوون. لێ مخابن، سەرۆکایەتیی حیزبەکان بە جێگەی ئەوەی هەول بدەن زێتر لەوبەرەبابە  تێبگەن و ژیانیان ئاسان و پتر هەستی کوردستانێتیی لەلایان درووست بکەن. بە جێگەی هەندێ، ئەو حیزبانە کەوتنە فەزلفرۆشتن بەسەر میللەت و پێداهەڵگۆتنی رابردووی خۆیان ـــ ئەو ڕەفتارەی وان وەهای کرد کە ئەو بەرەبابە لە خۆیان دوور بکەن.

وەختێك سەرۆکی پارتی دەیگۆت "پارتی هەقی لەسەر میللەت هەیە." ئەمە دەکرێ وەها لێکبدرێتەوە کە "مافی ڕەخنە گرتن" لەبەرامبەر پارتی بە خۆتان مەدەن. سکرتێری ینك پێش ئەوەی لە شانۆی سیاسەت بزر بێ، لەبەرامبەر ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لە حیزبەکەی وی دەگرت، دەیگۆت، ڕەخنەکانی وان "سەگوەڕییە." ئەو زهنیەتەی سەرۆکایەتیی پارتی و یەکیەتیی ناڕەزاییەکی زۆری لەناو قشرێکی بەرچاو لەناو کۆمەڵگەی کوردستانێ، بەتایبەتیی ئەو بەرەبابە جحێڵە، درووست کرد، بەجۆرێك کە ینك و پدك ئەو خەڵکەیان ناچار کرد کە بەدوای شتێکی دیکە بگەڕێن. ئیدی، وەك هێمای پێکرا، تا نۆشیروان دەست بەکار بوو، ئەو خەڵکە ناڕازییە پشتگیرییان لێکرد و لەبەرامبەر پارتی و یەکیەتیی سەریان قیت کرد. 

حیزب ــــ حیزبانێی ینك و پدك لەژێر سێبەری "پەیمانی ستراتیژیی" نێوانیان
هاوپەیمانیی نێوان پارتی و یەکیەتیی کۆتایی هێنا بە دۆخی گرژی سیاسیی کوردستانێ و مەترسیی جەنگی نێوخۆییشی هەرەتە کرد. بەرژەوەندییەکانی نێوانیان، بەتایبەتی لە هێلی سامانی کوردستانێ، ئەو دوو حیزبەی زێتر لە ئێکدی نێزیك کرد. چەتری هاوپەیمانیی بواری بۆ ئەو دوو حیزبە ڕێکخست کە درێژە بەسیاسەتی دوو پێڕگەیی خۆیان بدەن. هەر حیزبە و بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێ و کارەکانی پێڕگەیی زۆنەکەی خۆی، خۆی ڕێڤەی ببا.

چەتری هاوپەیمانێتیی، ئەگەرچی ئەو حیزبانەی ئێکجار زۆر دەوڵەمەند کرد، و پێکەوە بوونە دەسەڵاتی ڕەهای کوردستانێ، بەڵام، ئەو هاوپەیمانێتییە بە شێوەیێکی سەرەکیی، تەنێ لە ئاستی سەرووی سەرکردایەتیی حیزبەکان ڕاوەستا، و هەرگیز نەگەیشتە داوێنی حیزبەکان و ئەندامانی ئاستی نێوەند و خوارتری نەگرتەوە. لەبەرهەندێ، ئەو هاوپەیمانێتییە هیچ کاتێك کۆتایی بە فەرهەنگی حیزب ــ حیزبانێ نەهێنا.

 ئەو حیزب ــ حیزبانێیە، بە ڕۆشنیی سیمای دوو دەسەڵاتی پێوە دیار بوو، لە زۆنی سلێمانی، دەسەڵاتی یەکیەتیی و لە زۆنی هەولێرێ و دهۆکێ دەسەڵاتی پارتی. بە جۆرێك کە هەتا ئێستاش ئەو دابەش بوونەوە لە ژێر چەتری "هاوپەیمانێتیی" درێژەی هەیە ــــ نە پارتی لە سڵیمانی و نە یەکیەتیی لە دهۆكێ و هەولێرێ ــــ وەکی پێویست وەها دەسەڵاتی هەیە. هەڵبەت، ئەو سیاسەتە نێگەتیڤە هەر لەو دوو زۆنە نەوێستا، بەڵکوو پارتی و یەکیەتیی ئەو حیزب ـــ حێزبانێیەیان ڕاڤەگواست بۆ ئەو ناوچانەی کوردستانێ کە هێشتا بە داگیرکراویی لە بندەستی حکومەتی داگیرکەری ئێراقی پاش سەددام بە داگیرکراویی ماونەتەوە بەتایبەت کەرکووك کە نە دەبوو لەو شارە داگیرکراوە ئەو کارەیان کردبا.

پارتی و یەکیەتیی ئەگەرچی لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆلی خۆیان حیزبایەتییان کرد، لێ،  لە کەرکووکێ و ناوچەکانی دیکەی دابڕێنراو، نەدەبا ئەو خەتا مێژووییەیان کردبا. پدك و ینك چاك دەیانزانی/دەزانن کە حیزب ــــ حیزبانێ بە زیانی گەلی کوردستانێ و لە بەرژوەندی ئێراقی داگیرکەر تەواو دەبێ. لەبەرهەندێ، گەرەك بوو لەگەڵ رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، تواناکانی ینك و پدك ڕێکخرابان و پێکەوە کۆششەکانی خۆیان لە ڕەهەندی خزمەتگوزاریی پێکهاتەکانی ئەو شارە و گێڕانەوەی شارەکە بۆناو ئامێزی کوردستانی ئاژدادیی ڕەکارخستبا. وەلێ، مخابن ڕەفتارەکانی ئەو دوو حیزبە  لە کەرکووك تەنێ بە سوودی ئێراقی داگیرکەر، و بە زیان و هەدەردانی دەنگی کوردان تەواو بووە.

لەدوای لادانی، عەبدولڕەحمان مستەفا، ستانداری پێشین و دانانی دکتۆر نەجمەدین کەریم بە ستانداری نۆێی کەرکووکێ، وێدەچوو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانێ لەوێڕا بوو کە حیزب ــــ حیزبانێ لە کەرکووکێ کۆتایی پێهێندرێ، بە تایبەتیی کە دکتۆر نەجمەدین ــــ  بە پێچەوانەی ستانداری پێش خۆی، کە زێتر وەکی مانێجەرێك کاری دەکرد ــــ  ڕێبەرایەتییەکی زۆر لێوەشاوەی لە خۆی نیشان دا بە جۆرێك کە ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی دکتۆر نەجمەدین لەناو خەڵکی کەرکووکێ و سیمای ئەو شارە ڕەنگی داوەتەوە. گەرەك بوو کە "دەنگ و ڕەنگی" سیاسیی کوردستانێ لەژێر ئەو ڕێبەرایەتییە نوێیەی کەرکووکێ لەبەرامبەر ڕژێمی داگیرکەری ئێراقێ ڕێکخرابا. لێ، وێدەچێ حیزب ـــ حیزبانێ گرفتی لەبۆ دکتۆر نەجمەندینیش درووست کردبێ. ئەو گلە و گازندەی ئەو دواییە لەدژی دکتۆر نەجمەدین و هی دکتۆر نەجمەدین لەدژی لایەنی دیکە، جارەکی دیکە ڕۆڵی نێگەتیڤی حیزب ــــ حیزبانێی کوردیی لەسەر ئاییندەی ئەو شارە وەبیر خەڵکی کوردستانێ هێناوە. ئەو ناکۆکییە، نەدەبا ڕێگەی پێدرابا کە بگاتە ئەو ئاستەی لە میدیا دەنگ بداتەوە. گەرەك بوو سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی بانگهێشتی دکتۆر نەجمەدین و لایەنی دیکەی کردبا، و کۆتایی بەو دۆخە کە تەنێ لەبەرژەوندی نەیارانی کوردستانێ تەواو دەبێ، هێنابا. بەڵام مخابن، حیزب ــــ حیزبانێ هەتا ئێستاکانێش لەو شارە و ناوچەکانی دیکەی دابرێندراو بەردوامیی هەیە. ئەوەش جارەکی تر ئەو هەقیقەتە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو جۆرە رەفتارانە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکایەتیی حیزبەکانی کوردستانێ (خوازراو یان نەخوازراو) حیزبایەتییان کردیتە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی نیشتیمانییشیان کردۆتە ئامراز.
                                  
ئەو جۆرە ڕەفتارانەی ئەو حیزبانە جێگەی ڕەخنەی میللەتن، چونکە ئەوەی ئەو حیزبانە ئەنجامی دەدەن، ڕەفتارهایێکی دەسەڵاتدارانی سەردەمەکانی ڕابردیی وەبیر خەڵکی کوردستانێ دێننەوە کە هەڵهایێکی مێژووییان لەدەست داو میللەتیان لەبندەستی داگیرکەران هێشتەوە. لەبەر هەندێ، حیزبەکانی کوردستانێ، لەسەرووی هەموویان پدك و ینك لەو نێوانە  بەرپرسن لەوەی هەر بەڵایێک بەسەر گەلی کوردستانێ لەو بەشەی وڵات بێ. ئەوانە ئەگەر موتالایێکی جیدی سیاسەت و ڕەفتارەکانی خۆیان نەکەن و کوردستان نەخەنە سەر بەرژەوەندییەکانی حیزبیی ــــ لەوانەیە سیاسەتی نانیشتیمانپەروەرانەی وان ببێتە هۆی ئەوەی کە کەرکووك، و ناوچەکانی دیکەی کوردستانێ هەر لە سەعـدیە هەتا شەنگالێ بە دوو دەستیی لەسەر مێزی سیاسەتی ڕژێمی داگیرکەریی ئێڕاقێی دابنێن ــــ بەهەندێش تەنێ دەکەونە بەر ڕەخنەی مێژووی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ. 

سیاسەتی کەی ئاڕ گی/ پارتی و حیزبەکانی دیکە و شێواندنی کۆمەڵگەی کوردستانێ
کوردستانی بندەستی ئێراقێ بەو گۆڕانکارییانەی لەپاش هەرەسی شۆڕشی نیشتیمانی ئەیلوولێ لە زەوینەی سیاسیی تێیدا روویان دا، کۆمەڵێك حیزب و ڕێکخراوی ڕاویاریی هاتنە بوون (ئەگەر چی هەندێکیان تەمەنی خەباتیان کورت بوو، دوایی ماوەیێك سیمای حیزبیان نەما و مەحوو بوون). لێ، دوو حیزبەکەی سەرەکیی، ینك و پدك، هێزمەندانە مانەوە، و لە دوای ڕاپەڕین، بوونە دەوڵەتمەندانی وڵات.

وەك پێشتر باسی لێوە کرا، حیزب ـــ حیزبانێ هەر زوو ڕێگەی لە سەرۆکایەتیی حیزبەکان گرت کە سوود لەو هەلە مێژووییە وەرگرن و لەبۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیێکی سیڤیل، خزمەتگوزاریی میللەت بکەن. نە هەر ئەوەش، بەڵکو ئەو حیزبانە بۆکۆنتڕۆڵ کردنی خەڵك، بژێویی میللەتیشیان خستە بندەستی خۆیان. لەسەر میمبەری "دیموکراسیی" ــــ حیزبەکان بە "تەسکیە" کاریان بە هەڤوەڵاتییان دەدا/دەدەن.

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە، ئەو حیزبانە لە کوردستانێ، کۆمەڵگەیێکی شێواویان درووست کرد ــــ شێواو لە بواری کۆمەڵایەتیی، شێواو لە بواری سیاسیی، و نەڕێك لە بواری ئابووریی. چونکە، ئەو حیزبانە پێوەری حیزبایەتییان بۆ هەموو ئەو بوارانە بەکار هێنا کە وێدەچێ دژوارترین خەتا بووبێ کە حیزبانی دەسەڵاتدار لەبەرامبەر میللەتی خۆیان ئەنجامیان دابێ. خەتایێکی دژوارە، لەبەر ئەوەی، لەو سەردەمەی ئێستا کە میللەتی کوردستانێی تێدا دەژی، نەك هەر سەردەمی "حیزبانیەتیی" بەسەر چووە، بەڵکو سەردەمی "کوردایەتیش" ئۆغـری کردیە. سەردەمی ئەوڕۆ، لە قۆناغـی ئێستای کوردستانێ، سەردەمی تەسکەرەی "هەڤوەڵاتیی" درووستکردنە. تەسکەرەیێك کە بۆ هەموو هەڤوەلاتییان، "کورد و غەیرە کورد؛ موسڵمان و غەیرە موسلمان" ئێك جۆر بێ. تەسکەرەیێك کە هەڵگری وێنەی "لیاقەتی کار و دڵسۆزیی هەڤوەڵاتییان بێ بۆ نیشتیمان." لێ مخابن، مێژووی کاری دوو حیزبی دەسەڵاتدار، لەسەر ئاستی ئەو سێ شارە لەو پارچەی کوردستانێ، نیشان دەدا کە هەتا ئێستاش ئەو حیزبانە تەنێ و تەنێ لەناو چارچێوەی زهنیەتیی حیزبایەتیی کاردەکەن.

لەسەر ئاستی پارچەکانی دیکەی کوردستانێش، بەتایبەتیی لەو مانگانەی دوایێ ، سیاسەتی ــــ كەی ئاڕ گی ـــــ لە ئاستی بەرپرسێتیی نیشتیمانپەروەرێتیی نەبووە. ئەو سیاسەتە خراپەی کەی ئاڕ گی،  پتر لەپاش گۆڕانکارییەکانی ناو سووریا وەدەرکەوت ــــ  ئەمەش، پاش ئەوەی گەلی کوردستانێ لەو پارچە، بە سوود وەرگرتن، لەو هەلە مێژووییە، پێکهاتەکانی سیاسیی ـــ ئەسکەریی خۆیان ڕێکخست و بێئەوەی کات بە هەدەر بدەن، بە ڕێبەرایەتیی پەیەدە/یەپەگە، بەشێکی زۆری خاکی دیرۆکیی کوردستانێیان ڕزگار کرد، و جارەکی دیکە تەسکەرەی کوردستانێتییان بۆ ئەو بەشەی کوردستانێ زیندیی کردەوە.

سەرەتای قەوارە گرتنی پێکهاتەی سیاسیی لە کوردستانی بندەستی سووریایێ، کەی ئاڕ گی، بە سەرۆکایەتیی و دەستپێشخەری مەسعوود بارزانیی سیمایێکی جوانی لەخۆی نیشان دا بەوەی کە بانگهێشتنی پارتەکانی سیاسیی ئەو پارچەی وڵاتی کرد بەو ئومێدەی کە هەمواریێك لە نێوانیان درووست بکا. وەلێ، پاش ئەوەی کە هەولەکەی کەی ئاڕگی  سەری نەگرت، سەرۆکایەتیی پارتی بێ هەڵوێست نەوێستا، و کەوتە گوشار خستنە سەر ئەو پارچەی کوردستانێ.

بیانووی پدك ئەوە بوو کە پەیەدە بە ئێکلایی کۆنترۆلی  ئەو بەشەی وڵات دەکا. پارتی پشتگیریی خۆی بۆ پێكهاتەیێکی بنکە فراوان ڕاگەیاند کە تێیدا جێگەی عـەبدولحەکیم بەشار و حیزبەکەی وی، و چەند حیزبێکی دیکەی هاوشێوەی حیزبەکەی بەشار لەخۆ بگرێ. وەك مەسعوود بارزانیی لە میانەی سەفەری خۆی لە ئامەدێ هێمای پێکرد، وی ئامادەیی خۆی نیشان دابوو کە لە کاتی پێویست هێزیش بۆ یارمەتییدانی ئەو پارچە بنێرێ. بەڵام، سالح موسلیم گۆتبووی کە ئەوان لەبواری قەوارەی هێزی جەنگیی، بە زێدەیی هێزیان هەیە، و پێویستیان بە هێزی پێشمەرگەی کەی ئاڕگی نیە.

عەبدولحەکیم بەشار، سەرۆکی الپارتی، کە پدك پشتیوانی لێدەکا، و دەیەوی لە کوردستانی بندەستی سووریایێ بیکاتە خاوەن پێگە، دوو ساڵێك لەمەو پێش، لەگەڵ دووــ سێ لە هاوبیرانی خۆی، لە واشینگتۆن دی سی، بەشدارییان لە کۆنفڕانسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەی ئێن سی) کرد. ئەو زاتە لەو کەسانەیە لە سەر میمبەر/مایکڕۆفۆن بەدەنگی بلند دەئاخفێ. لەوێ، لەمەڕ سیاسەتی ستراتیژیی حیزبەکەی پرسیاری لێکرا، داخوا داخوازیی نەتەوایەتی وان چیە بۆ گەلی کورد لەو بەشەی کوردستانێ؟ وەرامی ئەو "ڕێبەرە" ئەوە بوو، "ئێمە هەتا ئێستا نازانین داوای چی بکەین، نازانین داوای ئۆتۆنۆمیی یان فێدڕالیزم بکەین." لێرەکانێ، ئێکەك لەبۆی هەیە بەو زاتە بڵێ، دەککە داوەشێی لەگەڵ خۆت و ڕێبەرایەتیی کردنت! وەرە ئەتو، خۆت بەسەکردە بزانی، بەڵام نەزانی سیاسەتی ستراتیژییت چیە. ئەنجا، لە بەرامبەر بێدیدی ئەو زەلامە ودۆستەکانی وی، پەیەدەی خاوەن دید و ستراتیژ، لەسەرووی وێش، کەسێکی خاوەن کاریزمای وەک ساڵح موسلیم نەیانهێلا ئەو هەلە لەدەست بچێ، زوو وەکی هەقیقەتێکی بەرچاو وجوودی گەلی کوردستانێیان فەرز کرد.

پارتی بۆ پشتیگیریی کەسانی وەکی عـەبدولحەکیم بەشار خۆی تووشی سیاسەتەکی دژ بە ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی کرد کە تێیدا شکەستی خوارد. نەشدەکرا پارتی لەو سیاسەتەی سەرکەوت با، چونکە سیاسەتێك بوو دژی "یەکیەتیی نەتەوایەتیی" بوو ـــ سیاسەتێك بوو کە لەلایەن میللەت لەهەر چار پارچە "مەحکووم" کرا. پارتی پشتگیریی لە عـەبدولحەکیمێك کرد کە نەك هەر بەرنامەکی ڕۆشن و کارای نەبوو، بەڵکو بەنا بە ڕاپۆرتی ویکیلیکس، ئەو زەلامە پێوەندی بەردەوامیشی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد هەبووە.

پارتی، لە کانالەکانی میدیای خۆی، ‌هێرشێکی زۆر دژواریی دەکردە سەر پەیەدە و ساڵح موسلیم ــــ تەنانەت ئەو بزاڤە نەتەوایەتییەی ئەو پارچەی کوردستانێی، سەر بە ڕژێمی ئەسەد وسەرۆکی  ئەو بزاڤەی، بە "جاش" دەقەبڵاند. ئەمە لە کاتێك سەرۆکایەتیی پارتی، لە ساڵح موسلیم چێتر دەیزانی کە میللەت لەو پارچەی وڵات  تووشی دوو بەرەی "شەیتانیی" بووە. بەرەیەکیان هی ئەسەد و ئەویدیکەیان هی نوسڕە و گرووپەکانی دیکەی سەر بە القائدەن. لەبەرهەندێ، سیاسەتەکی حەکیمانەیە کە مروونەت لەگەڵ ئەو بەرە بەکار بهێندرێ کە کێمتر "ئیبلیس" سیفەتە. ڕاستە، ڕژێمی شۆڤێنیزم  و فاشیزمی ئەسەد، هیچ بەهایێکی ئەخلاقیی و مرۆڤایەتیی لەلا نیە، لێ، ‌هێشتا لەبەرامبەر مەلعوونەکانی بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامیی لە ئێراقێ و شامێ، دەکرێ حسێبێکی دیکەی لەبۆ بکرێ.

پارتی، بە جێگەی ئەو جۆرە  دژایەتیی کردنە، گەرەك بوو دیراسەی دۆخەکەی ئەو پارچەی کردبا، و حەکیمانە و بەردەوام دەستی یارمەتیی بۆیان درێژ کردبا، و بە ئەزموونی ساڵانی خەباتی خۆی، لە پڕۆسێسی ڕێنوێنیی کردنیان ڕۆڵی مێژوویی خۆی دیتبا. بە هەندێ، پارتی دیرۆکێکی شکۆمەندی لەسەر ئاستی کوردستانا مەزن بۆخۆ چێ دکرد. جا، کە پارتی ئەوەی نەکرد، خەڵك پرسیار دەکەن، چۆن ڕەوایە، هێرشیکی ئەوها ناڕەوا بکرێتە سەر ساڵح موسلیم  کە دوو مانگێك بەر لە ئێستا، شەرڤانی کوڕی وی، لە بەرەی جەنگ لە چاشنی گەریللایێکی سادە، نە لە چاشنی "بەرپرس" لە پێناو ئازادیی کوردستانێ شەهید کرا. ئەمە، لە کاتێك کە منداڵانی بەرپرسانی کوردستانی بندەستی ئێراقێ (هەر هەموویان) کە لە دایك دەبن بە "کەوچکی زێر" شیریان پێدەدرێ.

لێ، لە هەر حاڵەتێك، گریمان ئەو سیاسەتەی پەیەدە لە ئاستی پێویست، و گۆتەکانی ساڵح موسلیمیش کە دواتر گۆتران لە جێگەی خۆیان نەبوون،  ئایا پێویست بوو پارتی سیاسەتێکی وەها بەکار بێنێ کە ڕێگە بە ساڵح موسلیم نەدا لە کاتێکی ئەوها ناسك سەفەری ئەمریکا بکا بۆ ئەوەی لە کۆنفڕانسی "ڕۆڵی کوردان لە ڕۆژەڵاتی نوێ" کە لەلایەن پارتی ئاشتیی و دیموکراسیی (بەدەپە) ڕێڤەدەچوو، بەشداریی کردبا. دوای کۆنفڕانسیش بیتانیا چاوی بە بەرپرسانی ئەمریکیی کەوتبا و لە نێزیك لە مشەختی ئەو میللەتە بەدبەختە، ئەوانی ئاگەدار کردبا. پارتی ئەو کارەی نەکرد و درێژەی بە سیاسەتەکەی خۆی دا ــــ سیاسەتێك کە لە زەوینەکانی سیاسیی و ئابووریی خەریك بوو تەنگی بە میللەتی ئێمە لەو پارچەی وڵات هەڵدەچنی.

وەلێ کاتێك کچان و کوڕانی ئەو میللەتە دلێرەی مە  پێگەی سنووریی تەلکۆچەریان ئازاد کرد، نە تەنێ تەوقی ئابلۆقەی سیاسیی و ئابوورییان شکاند، بەڵکو دەریچەی ئەو پارچەیان بەڕووی دونیای دەرێش کردەوە. بەو گۆڕانکارییە، ساڵح موسلیم، ئەگەرچی سەفەری ئەمریکایێی لە کیس چوو، بەڵام توانی خۆی بگەینیتە ئورۆپایێ، و لەوێوە بە سکایپ لە کۆنفڕانسی بەدەپە، و پاشانیش بە نوێنەرایەتیی میللەت لە ژنێڤ ٢، بەشداریی بکا.

ئەو جۆرە ڕەفتارانە، وێدەچێ لە دونیای سیاسەتی حیزبایەتیی کارهایێکی ئاسایی بێ، بەڵام، بۆ حیزبهایێكی نیشتیمانیی  کە سەر بە ئێك نەتەوە بن، و هەمان سیاسەتی ستراتیژیی ئێكدیان هەبێ کە ئازادیی میللەتاکەیانە ــــ ئەوە، کوفرە. کوفرە چونکە، ئەو جۆرە سیاسەتانە دەبنە بێهێز کردنی ئێکدی. بێهێزیی هەر ئێکەکیشیان، بێهێزیی ئەویدیکەیانە. بێهێزیی وانیش بێهێزیی میللەتی کوردستانێیە، بێهێزیی میللەتیش، هێزمەندیی داگیرکەرانی کوردستانێیە. لەبەرهەندێ، ئەو ڕەفتارە هەرگیز لە سەرۆکی پارتی نەدەوەشاوە کە کارێکی ئەوهایی لەگەڵ پارچەکی دیکەی کوردستانێ بکا.

لە مەسعوود بارزانیی نەدەوەشاوە کە ئەو کارە بکا. چونکە، مەسعوود بارزانیی داستانێکی سەرنج ڕاکێشی هەیە. ئەو داستانەش لەگەڵ زایینی وی دەست پێدەکا. مەسعوود بارزانیی لەساڵی ١٩٤٦ لە دایك بووە ــــ لەو ساڵە، بەهەشتیی ژانڕال بارزانیی باب، زێدی خۆی کە بارزان بوو، جێهێشتبوو، و لە پارچەکی دیکە ــــ لە دیوی بندەستی ئێرانێ ــــ پارێزگاریی لە کۆماری ساوای کوردستانێ  دەکرد. ئەورۆ چۆن دەبێ، کوڕی وی ـــــ لە کاتێك سەرۆکی هەمان حیزب بێ، بۆ هەر مەبەستێك بێ، سنوور لەسەر پارچەکی دیکەی کوردستانێ دابخا؟!

ئەو سیاسەتەی سەرۆکایەتیی پارتی لەبەرامبەر کوردستانی بندەستی سووریایێ ئەنجامی دا، سیاسەتێك بوو (خوازراو یان نەخوازراو)  کتومت خۆی لەگەڵ سیاسەتی دوژمناکارانە و داگیرکەرانەی تورکیایێ لێکدەداوە. کە تورکیا دەیویست دیوار لە بەشێکی سنووریی بۆ گوشار خستنە سەر شۆڕشی میللەتی مە لەو پارچە درووست بکا، پارتیش هاوکات، لەلایەکەی دیکە سنووری لەسەر هەمان پارچە داخست ــــ لێرەکانێ پرسیارهایێکی ئاوهایی دێنە وجوود، ئایا پارتی دەیزانی کە چ سیاسەتەکی هەڵە و خەتایێکی مێژوویی دەکا؟ ئایا پارتی بیری لەوە کردبۆوە کە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەند لە بەرژوەندی تورکیای داگیرکەر، و چەند بە زیانی شۆڕشی نیشتیمانی میللەتی مە تەواو دەبێ؟ داخوا، پارتی چۆن دەتوانێ لە مێژووی نەتەوایەتیی داکۆکیی لەو جۆرە سیاسەتانەی خۆی بکا؟

بە ڕزگار کردنی تەلکۆچەر لەلایەن ‌هێزەکانی پەیەدە، پارتی شکەستێکی گەورەی نەسیبی خۆی کرد. ‌هەڵبەت، ئەو جۆرە سیاسەتانە، زوو یان درەنگ، دەبێ شکەستیان پێبدرێ. لەبەرهەندێ پارتی یان هەر حیزبێکی دیکەی کوردیی لەهەر پارچەیێکی کوردستانێ نابێ کارێکی ئاوهایی بکا کە هەندی "سەری دەرزی" لەلایەن میللەت وەها لێکبدرێتەوە کە هاوجۆری سیاسەتی داگیرکەران بێ.  

سەرۆکایەتیی پارتی بەو کارەی کردی، ڕووحی کوردانە و نیشتیمانپەروەرێتیی کوردانی هەر چار پارچەی کوردستانێی ئازار دا ــــ سیاسەتێك بوو کە هیچ حیزبێکی نیشتیمانیی لە هیچ ئێکەك لە بەشەکانی دیکەی کوردستانێ پشتگیریی لێنەکرد. ینك کە هاوپەیمانیی ستراتیژیی پدك بوو، هەر زوو نەڕازیی بوونی خۆیان لەبەرمبەر ئەو سیاسەتەی پارتی ڕاگەیاند. لە چەند هەفتەی ڕابردی، ئەندامانی سەرکردایەتی ینك، لەوانە دکتۆر نەجمەدین کەریم، و دواتریش مەلا بەختیار دەنگیان بەرزتر کرد، و پشتگیریی ینکیان بۆ خەباتی گەلی کوردستانێ (گەلی خۆیان) ڕاگەیاند. لێ گەرەکە ئەو هەڵوێستەی یەکیەتیی لە گوفتاری سەر میمبەریی بگوازرێتەوە بۆ ڕەفتار و بکرێتە بەشێك لە ستراتیژیەتیی ینك و کاری پێبکرێ. بزووتنەوەی گۆڕان بەهەمان شێوە، دژی ئەو سیاسەتەی پارتی و پشتگیریی شۆرشی نەتەواویەتیی لەو پارچە دەکا. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتیش، حیزبەکانی کوردستانێ بەو سیاسەتەی پارتی دڵتەنگن. لەبەر ئەو هۆیانە، گەرەکە پارتی ڕێگە چارەیێك وەدۆزێ و خۆی لەو حاڵەتە ناهەموارە دەرێنێ، و دۆخی سیاسیی لەگەڵ ئەو پارچە هەموار کاتەوە بۆئەوەی کۆنگرەی نەتەوایەتییش چیدی دوا نەخرێ ودابمەزرێ.

ئەو سیاسەتەی پارتی سیاسەتەکی هەڵەیە و بە زەرەری وان تەواو دەبێ. پارتی کە ساڵانێکە سەرۆکایەتیی پاڕچەکی کوردستانێ دەکا، وەلێ هەتا ئیستاش سەرۆکایەتیی بەسەر ‌حکومەتێکی دابەشکراو دەکا. هەتا ئێستاش، پارتی نەیتوانیوە وەکی پێویست وەها ئەو پارچە ڕێك بخا. هەتا ئەلئانەکانێش، هێمای دوو پێڕگەیی لەوناو ئەو پارچەی وڵات هەر ماوە. ئەوە لەلایێك، لەلایێکی دیکە، پارتی تەنێ لە سەدا ٣٨ ی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانێی لەگەڵە. لە حاڵەتێکی ئەوهایی، ئەو مافە ڕەوایە چیە کە پارتی بەخۆی داوە کە سیاسەتێکی ئاوهایی لەبەرامبەر میللەتی خۆی لە بەشێکی دیکەی کوردستانێ بەکار بهێنێ!

ئەنجام
سەردێرەکان و نێوەرۆکی فەهەنگی سیاسیی ـــ کۆمەڵایەتیی، تێکڕا هێما بە شێواویی کۆمەڵگەی کوردستانێ دەکەن. هۆیەکەشی تەنێ و تەنێ سیاسەتی دوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانێیە کە هەر ئێك بە نۆرەی خۆی و لە زۆنی خۆی، مۆرکی حیزبی لە هەموو پێکهاتەکانی نەدەوڵەتیی داوە ــــ یەکیەتییەکانی قوتابییان/خوێندکاران، ژنان/ئافرەتان، مامۆستایان، پزیشکان، ئەندازیاران، پارێزەران...و...هیدی، هەموویان کراینە موڵکی حیزب. بەو کارەش، گەورەترین کۆسپیان لەهەمبەر گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی عـەقڵی کۆمەڵگەی کوردستانێ درووست کردیە، چونکە هەر کەسێك کە دەبێتە دەمڕاستی ڕێکخراوەکە، گەرەکە سەر بە حیزبانی دەسەڵاتدار بێ ـــ بە هەندێش، پاراستنی بەرژوەندیی و نفووزی حیزبەکەی دەبێتە ئارمانج، و بەرژەوندیی و پێشڤە بردنی ڕێکخراوەکە و بە کارهێنانی ئەو ڕێکخراوە لە ڕەهەندی بەرژەوەندی سۆسایەتیی دەبێتە ئامراز. ئەو جۆرە سیاسەتەش لەلایەن هەر حیزبێك، و لەهەر وڵاتێك ڕەچاو بکرێ دەبیتە هۆی بەکارهێنانی دەسەڵات و دارایی ئەو حیزبە بۆ بەرفرەکردنی قەوارەی حیزبەکەی ـــ هەتا ـــ پێگەی جەماەریی. لەو ئەنجامەش، ئەو جۆرە حیزبانە، بەردەوام ئاستی پشتگیریی کردنیان لەلایەن میللەت دادەبەزێ.

 ئەو ناتەباییە سیاسییەی حیزبەکان لەو پارچەی مەملەکەت بۆتە هۆی ئەوەی پێگەی کوردساتانێ لەسەر ئاستی ئێراقیی، هەرێمیی، و نێونەتەوەیی لاواز ببێ. بە جۆرێك ڕژێمی ئێراقی داگیرکەر بە بەهانەی نائارامیی ناوچەکانی هێشتا داگیرکراوی کوردستانێ، بەبێ ئەوەی هێچ حسێبێك بۆ دەوڵەتی کەی ئاڕ گی بکا، هێدی هێدی خەریکی دووبارە عەسکەرگەرایی ئەو ناوچانەی کوردستانێیە. وێدەچێ، ئەو بێسەروبەرییەی سیاسەتی کوردی هۆکاری کێم نیشاندانی هەیبەتی دۆزی نەتەوەیی بێ. ئەگەر وەهاش رێڤەبچێ، لەوانەیە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاییانەی ئیحتیمالیی کە لە ناوچە بەڕیوەن، ئەوندەی هەشە، هەڕەشەی نەمانیان بکەویتە سەرێ.  

سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی و تەواوی حیزبەکانی دیکەی ئەو بەشە، بە تایبەتیی پارتی، یەکیەتیی، و بزووتنەوەی گۆڕان، گەرەکە لە ڕەهەندی سیاسەتی ستراتیژیی نەتەوایەتیی دەنگەکانیان ئێکخەن، و ئەو لێکنێزیك بوونەوە ئیحتیمالییەی ئەمریکا و ئێران ــــ ئێران و تورکیا لە لایێك، و ئێراق و تورکیا لە لایێکی دیکە دیراسە بکەن. چونکە ئەوانە هەموویان ئاماژە بە هەڵدانی چەتری مەترسیی لەسەر ئەو پارچەی کوردستانێ دەکەن، بە جۆرێك ئەگەر نەتانن لەبەینیشی ببەن، گرفتی لەبۆ درووست بکەن.

لەبەر هەندێ، گرینگە کە دەسەڵاتدارانی کەی ئاڕ گی و پارتی سیاسەتێکی گونجاوتر لەسەر ئاستی کوردستانا مەزن لەگەڵ پارچەکانی دیکە بەکار بهێنێ. چونکە، ئەو سیاسەتەی ئێستاکانێ تەنێ بە زەرەری نەتەوەی کوردستانێ تەواو دەبێ. بۆ پارتیش وەك بەشێك لەو نەتەوەیە، لەوانەیە زیانەکە گەورەتر بێ. ئەو سیاسەتەی ئێستای کەی ئاڕگی هیچ هێمایێکی تەندرووست و ڕۆشن بە ئاییندەی کوردستانێ ناکا. لەبەر هەندێ، گەرەکە دۆخی سیاسیی لەگەڵ پارچەکانی دیکە هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کە ماوەیێکە بەبێ هیچ هۆکارێكی زانراو دوادەخرێ، ئەنجام بدرێ کە تێیدا نەتەوەی کوردستانێ ببێتە خاوەن ئێك گوتار و ستراتیژی سیاسیی.

 لە تەنیشت هەندێش، گرینگە هەوڵ بدرێ کە پتر بایەخ بە ژیانی هەڤوەڵاتییان بدرێ کە گوزرەانی ژیانیان کواڵەتی تێبکەوێ. گەرەکە سامانی کوردستانێ لەبۆ هەڤوەلاتییان بە جۆرێکی عادڵانە خەرج بکرێ بۆ ئەوەی فەقر و بێنەوایی لەناو میللەت  نەمێنن. پێویستە دەسەڵاتی کەی ئاڕگی بە جیدی هەوڵ بدا کە رووبەڕووی گەندەڵی ئیداریی و بازاریی ببێتەوە. دەنا، ئەگەر وەکی پێشان، چارەکان تەنێ گوفتار بن، و نەکرێنە ڕەفتار، ئەو میللەتە، زوو یان درەنگ، بە تەنگ دێ. چونکە، لە هەر وڵاتێك لە بەرامبەر ئەو جۆرە ڕەفتارانەی ناعادڵی دەسەڵات کە  ببێتە هۆی شیواندنی سیماکانی کۆمەڵگە و نەهێشتنی عـەدالەتی کۆمەڵایەتیی، میللەت بۆ ماوەیێك، کێم یان زۆر، خەفەتەکە لەناو هەناوی خۆی ڤەدشێری. هەناوی میللەت وەکی سرووشتی زەوی ــــ وەکوو هەناوی زەوی گەورەیە.  ئازارەکان هەڵدەگرێ تا بێزاریی ئۆقرەی لێدەبڕێ ــــ ئەنجا، لە ناکاوێك لە چاشنی "بوڕکان" دەتەقێت و لە ئەنجام، ئەوەی دەکەوێتە سەر ڕێی، وێران و ئاسەوارێکی دیکە لە جێگەی تەقینەوەکە درووست دەکا. لەبەرهەندێ، بۆ ئەوەی کار نەگاتە ئەو ئاستە نەخوازراوە  گەرەکە  دەسەڵاتی کوردستانێ خەمخۆرانە هەوڵی درووستکردنی کۆمەڵگەیێكی سیڤیل بدەن کە لەسەر بونیادی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەلایەتیی دامەزرابێ. با، حورمەتێك بۆ ڕابردووی خۆیان دابنێن و مێژووی ساڵانی خەباتی سەخت و شکۆمەندی خۆیان لەبەرامبەر ئەستوور کردنی "ژمارەی بانکەکانیان" هەرزان نەفرۆشن. با، بڕۆکەك زێتر لە هزری کەڕامەتی خۆیان و سەروەرێتیی ئەو میللەتە جوامێرە بن ــــ دەنا،  ئەگەر وەکی هەتا ئێستا سیاسەتیان کردیە، وەها درێژە بەو سیاسەتە نامەردوومییەی خۆیان بدەن وێدەچێ  پێگەی  جەماوەرییان بۆ خوار لەسەدا ١٨ و لەسەدا ٣٨  دادەبەزێ.
.                                                                                                                                                                                             
کرمانجی سەعـید مەسیفیی، پڕۆفیسۆرە لە بەشی ڕێبەرایەتیی پەروەردە لە زانستگەی تێنێسی ستەیت.                                                    

Monday, November 18, 2013


سەفەری سەرۆکی کوردستانی بندەستی ئێراقێ بۆ شاری ئامەدی کوردستانی بندەستی تورکیایێ

کـرمـانـجـی سـەعـیـد مـەسـیـفـیـی


 سەفەری سەرۆك مەسعوود بارزانیی لەبۆ شاری کەوناری ئامەدێ لە ١٦ ی نۆڤێمبەری ٢٠١٣، کە لەگەڵ سەفەری پێشترێی وی لە ٣٠ ی سێپتێمبەری ٢٠١٢، کە لە کۆنگرەی ئاك پارتی بەشداریی کرد، هەڵدەسەنگێندرێ، جیاوازییەکی زۆری پێوە دیار بوو. ئەوجار، لە سەر سەکۆی هۆلی کۆنگرەی ئاك پارتی، مەسعوود بارزانیی، نە جلی کوردیی لەبەر بوو، نە هیچ شتێکیشی گۆت کە شایانی شکۆی وی بێ وەکی سەرۆکی بەشێکی کورستانێ، و نە خێریشی لەبۆ میللەتی مە لە باکووری کوردستانێ هەبوو. هەرچی گۆتی لە خێری ئەردۆگانێ و حیزبەکەی وی بوو.

ئەوجارە، لەشاری ئامەدێ، مەسعوود بارزانیی زێتر وەکی ڕێبەرێكی کوردان ڕەفتاری کرد. پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆسێسی ئاشتی نێوان کورد و تورك نیشان دا. وەکی خەمخۆرێك بۆ ڕێگرتن لە ڕێژتنی خوێنی کورد ــــ تورك قسەی کرد کە نابێ خوێنی کورد بەدەستی تورك و خوێنی تورك بەدەستی کورد بڕژێندرێ. داوای لە تورکان و کوردان کرد کە پشتگیریی لە پرۆسێسی ئاشتیی بکەن. ئەو گۆتانە، پەیامێکن کە گەرەکە هاوشێوەی ڕێبەرانی کوردان لە باکووری کوردستانێ کە بەردەوام وەبیر تورکان دێننەوە، میللەتی تورك لە ڕێبەرانی کوردان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانێ گوێیان لێبێ. ئەو جۆرە سیاسەتەی کوردیی سوودی دەبێ بۆکێمکردنی ئاستی ئەو کودۆفۆبیایە کە لە زهنیەتی قشرێکی گەورەی میللەتی تورك هەیە.
 
بەڵام، کە مەسعوود بارزانیی، لە گوتارەکەی خۆی، سوپاسی ئۆردەگانی کرد کە ئەو "درەفەتەی ڕێکخست کە وی لەو ڕۆژە دیرۆکییە لە دیاربەکری دەلال و خۆشەویست قسە بکا...کە...کە...کە ١٥ ـــ ٢٠ ساڵ بەر لەئێستا مەحاڵ بوو کە وی بیتانیبایە ئەوها لە دیاربەکر بەجۆرە بئاخفێ." ئەو گۆتانە درووست، لێ، ئەو گۆتانە ڕووەکی دیکەشیان هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی ئەو دەرفەتەی درووست کرد کە دۆزی کوردان لە تورکیا بگاتە ئەو ئاستە کە سەرۆکی بەشێکی دیکەی کوردستانێ لە ئامەد وەها بئاخفێ، ئەوە ئەردۆگان و حیزبەکەی وی نەبوون، بەڵکوو خەباتی سەخت و خوێنی دەیان هەزاران شەهیدانی میللەتی دلێری مە بوو لە باکووری کوردستانێ کە پەکەکە لە ژێر سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئۆجەلان ڕێبەرایەتیی کرد. پڕۆسێسی ئاشتیش لەسەر دەستی ئەردۆگانێ دەستی پێنەکرد، بەڵکو پێشتر لەسەر دەستی بەهەشتیی ئۆزالی سەرکۆماری تورکیایێ دەستی پێکرد کە هەر لەبەر ئەو ‌هەڵوێستەی وی بوو کە ژانڕالەکانی تورکیا ئۆزالیان ژار خواردی کرد. بۆیێ دەکرێ بگوترێ کە ئۆزال ئێکەم شەهیدی پلە باڵای دەوڵەتی تورکیایێیە کە بووە قوربانی سیاسەتی ئاشتی نێوان تورکان و کوردان.
 
لەو مەراسیمە، ئەگەرچی بۆ ئێکەمجار بە ڕاشکاویی لەزاری ئەردۆگانێ، پەیڤی "کوردستان" بیسترا، وەلێ گۆتەکەی وی لەئاستی چارەسەری دۆزی پێچیدەی خەڵکی کوردستانێ نەبوو. ئەردۆگان بە هیچ جۆرێك باسی لەو پڕۆسێسە نەکرد کە لە نێوان دەوڵەتی وی، ئیمڕاڵیێ، و قەندیلێ بە "سستیی" ڕێڤە دەچێ. گۆتەکانی وی زێتر پرسیاری درووست کرد هەتا ئەوەی وەرامهایێکی ئامادە کردبێ. لەمەڕ دۆزی کوردان لە باکوور، ئەوەی لەلای وی بە ڕۆشنیی ڕاگەیاندرا، ئەوە بوو کە قسەی لە قەدەغە کردنی "زمانی دایك" کرد ــــ ئەردۆگان، ئەو کارەی خستە قالبی ڕەفتارێك کە "مرۆڤانە" نەبێ. ئەوەش، دەکرێ وەها تاریفی لەبۆ بکرێ کە ئەردۆگان لە دیدەکی مرۆڤایەتیی تەماشای دۆزی میللەتی کوردستانێ بکا، هەتا ئەوەی کە دۆزی نەتەوەیێکی کەونار و خاوەن فەرهەنگ و مێژوو کە وڵاتەکەی دابەش و داگیرکراو بێ کە تورکیای وی ئێکەکە لەو داگیرکەرانە، و کە سەرۆکایەتیی بەشێکی تری ئەو ولاتە داگیر کراوە لەلایەن مەسعوود بارزانیی میوان ڕێڤە بچێ.
 
ئەردۆگان، وەکی ڕێزدانان، ناوی بەهەشتییان، پێشەوا قازی محەمەد و ژانڕال بارزانیی هێنا، بەڵام ناوی ئێکەك لە ڕێبەرانی کوردانی باکووری کوردستانێی نەهێنا کە بەغەدری داگیرکارانەی وڵاتەکەی وی لە دار درا بوون. بە قەدرزانیی، ئەردۆگان قسەی لەسەر دۆستایەتیی "هەرێمی کوردستانێ" کرد، بەڵام بەجێگەی مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستانێ لە باکوور، وی باسی لە هەڤوەڵاتیی "دەرەجە ئێك" کرد کە هەڤوەڵاتییان لە تورکیا، هەموویان دەرەجە ئێکن. وێدەچێ، ئەوەش نێوەڕۆکی زهنیەتیی وی و نەخشە ڕێگەی وی بێ بۆ چارەسەری دۆزی خەڵکی کوردستانێ.
 
لەڕەهەندێکی دیکە، ئەردۆگان گوتی، "خەڵکانێك هەن کە دژی ئاشتیین، دژی گەشە کردن و پێشڤەچوونی تورکیایێن...و..." لێرەکانێ ئێکەك گەرەکە پرسیار بکا، ئایا کێن ئەو کەسانەی دژی ئاشتیین؟ ئەوانەن کە بۆ نیشاندانی نیازپاکیی خۆیان و میللەتەکەیان هێزەکانی چەکداریی خۆیان لە تورکیا بردە دەرێ، یان ئەوانەن کە لە شوێنەکانی چۆلکراو قەرەقۆلیان درووست دەکرد؟ ئەوانەن کە بانگی برایەتیی و هەڤژینیی لەنێوان کوردان و تورکان و غەیرە ڕادێڵن، یان ئەوانەن کە مۆڵەت لەلایەن پارلەمانەکەیان نوێ دەکەنەوە بۆ درێژە دان بە کامپینی عەسکەتاریی وسیاسەتی داگیرکاریی؟ ئەوانەن کە لە زیندانێ لەبۆ ئاشتیی و پێشڤەبردنی سیڤیلیزەسیۆنەکانی ڕۆژەڵات پەیام دەهەنێرنە دەرێ، یان ئەوانەن بۆ لەناوبردنی سیڤیلیزەسیۆنی میللەتێکی کەونارتر لە تورك، بەنداوی ئاو لەسەر شوێنەوارەکانیان درووست دەکەن؟ دوژمنانی ئاشتیی کێن؟ ئەگەر مەبەستی ئەردۆگانێ حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایێ بێ ــــ ئەوە، ئەوان لە حکومەت نین و لە پارلەمانی تورکیایێش کێمینەن؛ وێشدەچێ کێمتر کارێگەرێتییان لەسەر پرۆسێسی ئاشتیی هەبێ. ئەردۆگان، بەهەمان شێوە کە جوان دەئاخفێ ــــ گەرەکە جوانیش ڕەفتار بکا. وی، لەوەختێك مەسعوود بارزانیی داوەتی تورکیایێ دەکا، لە ئێکەك لە گۆتەکانی لەبارەی ڕێبەر ئۆجەلان، گۆتی، "ئەگەر ئەوکاتەی عەبدوڵا ئۆجەلان گیرا سەروەزیر بام، ئۆجەلانم ئیعدام دەکرد." ئەوە سیاسەتی "بانێك و دوو هەوای" ئەردۆگانێیە کە بەردەوام بەکاری هێناوە ــــ لێ بە لێ، هەرگیز میللەتی کوردستانێی بەو سیاسەتە سەقەتە پێ لە خشتە نابردرێ.
 
ئەردۆگان، کە دەڵی، کوردانم خۆش دەوێ و زەمانی نکۆڵیی کردن لە وجوودی میللەتی کورد بەسەر چووە، با زات بکا، خۆشەویستیی خۆی بۆ پتر لە بیست و پێنج ملیۆن کورد لە تورکیا بسەلمێنێ و هۆویەتی نەتەوایەتییان کە تورکیا لێی زەفت کردوون بۆیان بگێڕێتەوە. دەڵی کوردانم خۆش دەوێ کەچی داگیرکەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەمان میللەت لە کوردستانی بندەستی سووریایێ دەکا بەوەی کە یارمەتی چەتەهایێک لە ژێر ناوی ئایین دەدا و لە دژی وان بەکاریان دەهێنێ و ئابلۆقەی خستۆتە سەریان، تەنێ لەبەر ئەوەی کوردانی ئەو پارچە داوای هۆویەتی نەتەوایەتیی خۆیان دەکەن. ئەگەر ئۆردەگان وەها حسێب دەکا کە بەو سیاسەتە ناماقوولەی خۆی دەتانی میللەت بخاپێنێ، زوو یان درەنگ تێدەگا کە میللەتی کوردستانێ زۆر لەوە هۆشیارترن کە ئەو بتانی بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی خۆی زەفەریان پێ ببا. ئەردۆگان، ئەگەر ڕاست دەکا، کوردانی خۆش دەوێ، بۆچی هەمان سیاسەتی کە لەگەڵ کەی ئاڕ گی بەکار دێنێ ــــ بەهەمان سیاسەت لەگەڵ پارچەکەی بندەستی خۆی و پارچەکانی دیکە ڕەفتار ناکا.

لایەنێکی دیکەی ئەو مەراسیمە کە دەکرێ هەڵوێستەی لەسەر بکرێ، شوێن و کاتی بۆنەکەیە ـــــ بۆ تەنێ چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، و بۆچی شاری ئامەد بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێردرا بوو؟ وێدەچێ، مەرامی ئەردۆگانێ پتر کامپینی هەڵبژاردن بۆ حیزبەکەی خۆی لەبەرامبەر پێگەی بەدەپە بێ، هەتا چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ دۆزی ڕەوای میللەتی کوردستانێ ــــ چونکە، چارەسەری جیدیی دۆزی خەڵکی کوردستانێ لە پارلەمانی تورکیایێ لە ئەنکارایێ دەکرێ نەک لە ئامەدێ! لێرەکانێ، ئەو پرسیارگەلەش دەێنە پێش، ئایا ئەردۆگان سوودی لە کەسێتیی مەسعوود بارزانیی وەرگرتووە، و بۆ بەرژوەندیی و کامپینی هەڵبژاردنی حیزبەکەی خۆی ئەوی داوەتی ئامەدێ کرد بوو؟ ئایا ئەگەر ئەوە مەرامی ئەردۆگانێ بووبێ، تا چ ئەندازەیێك مەسعوود بارزانیی یارمەتیی مەرامنامەی ئەردۆگانێی داوە؟ دەکرێ وەرامەکانی ئەو پرسیارانە لە دوای تەواو بوونی پڕۆسێسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەدەر کەون کە داخوا پێگەی ئاك پارتی لە باکووری کوردستانێ لەبەرامبەر پێگەی بەدەپە چی بەسەر دێ، و سیاسەتی ئەردۆگانێ لەمەڕ وەدۆزینی چارەکی جیدیی بۆ دۆزی گەلی کوردستانێ دەگاتە کوێ. لەهەر حاڵەتێك، میللەتی کوردستانێ، لە باکوور، باشوور، ڕۆژەڵات، و ڕۆژاوا ئارەزوومەندە کە سەرۆك مەسعوود سوودی لێوەرنەگیرابێ و بۆ مەرامنامەی سەرکەوتنی حیزبەکەی ئەردۆگانێ لە هەڵبژاردنەکانی ئاییندە بەکار نەهاتبێ.

Thursday, October 3, 2013


یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان: هۆکارەکانی قەیرانی ڕێبەرایەتیی و شکستی سیاسیی

کـرمانـجـی سـەعــیـد مەسـیـفـیـی

بەرایی
لە وەختێك ئەو هەڵبژاردنەی کوردستانێ سیمایەکی جوانی لە میللەتی مە نیشان دا ــــ  بە جۆرێکی جوانتر لە هەڵبژاردنی وڵاتەکانی دەوروبەر. وە لێ وێدەچێ، بۆ هەندێ لایەنی سیاسیی، لەسەرووی هەموویان یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانێ (ینك) ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێچەوانەی پێشبینییەکانی وان بوون. ئەوەش، لەوانەیە لەبەر ئەوەبێ کە کاڵکەڵۆسیی سیاسەت پێوەرێکی تایبەت بەخۆی هەیە ـــــ  فۆرمۆلەکەی هەمیشە ئەو ئەنجامە نادا کە فۆرمۆلەچی دەیەوێ بەدەستی بێنێ. لێ، لە حالەتێکی ئاوهایی، ئەگەر فۆرمۆلەچیەکە واقیعبین بێ، پێداچوونەوەیێکی ورد بە کاڵکەڵۆسەکەی دەکا بۆ ئەوەی تێبگا هەڵەکە لە کوێیە هەتا دەستیشانی ناڕێکیی فۆڕمۆلەکەی بکا و لەوێوە بڕیار بدا چ جۆرە فۆڕمۆڵەکی دیکە بەکار بهێندرێ بۆئەوەی ئەنجامەکی تائەندازەیێك ماقوول و پێشبینیکراو وەدەست بێنێ.

 لەبەرهەندێ، یارییەکانی سیاسەت هەمیشە براوە نین، بەڵام کە سیاسەتمەندانی واقیعبین نسکۆیێك دێنن هەوڵ نادەن خەتای نسکۆکە بخەنە ئەستۆی خەڵکانی تر ــــ بەڵکو شکستەکە قەبوول دەکەن، بێدرەنگ دەینرخێنن، هۆکاری شکستەکە پەیا دەکەن، چارەی بۆ ڤەدبینن، دەیکەنە ئازموون و لێی فێردەبن. وەلێ، سەرکردایەتیی ینك لەبەرامبەر شکستەکەیان لە هەڵبژاردنی ئەوجارەی پارلەمانیی کوردستانێ وەکی وەستا خراپەکە ڕەفتاری کرد ـــــ وەستای خراپ خەتای "کارخراپییەکەی" خۆی دەکاتە هۆکاری "نەباشیی" ئامێرەکانی. ینك کتومت وەها ڕەفتاریان کرد ـــــ خەتای شکستەکەی ئەمجارەیان خستە سەر هاوپەیمانێتی خۆیان لەگەڵ پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پدك). لێ، شکستی یەکیەتیی دیوێکی دیکەشی هەبوو. ینك شکستی هێنا، هۆکارەکانی شکستەکەشی دەکرێ لەو فاکتەرانەی خوارێ هێمایان لەبۆ بکرێ:  

 بوونی جەلال تەڵەبانیی بە سەرۆکی ئێراقێ
ینك دەمێکە لە ڕێچکەیێکی لاواز ڕێ پەی دەکا. لەساڵی ٢٠٠٥ ێڕا، پاش ئەوەی جەلال تالەبانیی بووە سەرۆکی تەشریفاتیی ئێراقێ، ینك دووچاری گرفتێکی دژواریی ڕێبەرایەتیی بۆوە. جەلال، لە بەغدایێ پتر خەریکی کاری سەرۆکایەتیی ئێراقێ بوو. هەڵبەت کە جەلال چووە بەغدایێ ــــ خەڵکی کوردستانێ جەلالی لەسەر تکیتی خوێناویی هەزاران شەهیدی سەربڵندی ڕێگەی ڕزگاریی نیشتیمان هەناردە بەغدایێ ــــ جەلال راسپاردەی میللەتەکەی خۆی پێ بوو کە لەوێ کار بۆ پێشڤەبردنی دۆزی ڕەوای کوردستانێ بکا. سەرەتای کاری وی لە بەغدایێ، خەڵکی کوردستانێ هەمان چاوەڕووانیی لێدەکرد ــــ بە جۆریك کە خەباتی شاخ لە فۆرمێکی دیکە لە بەغدایێ درێژە پێبدا. لێ، زۆری نەبرد وەک خۆی گۆتی "لە کوردێکی ئێراقێ بووە ئێراقییەکی کورد."

 جەلال تاڵەبانیی لە بەغداێ بووە ئێراقییەکی کورد و سەرقالی کاری سەرۆکایەتیی ئێراقێکی شکاو بۆوە ــــ ئەوەش جەلالی لە کوردستانێ دوور کرد، ئەو دوور کردنەوەش بووە هۆی ئەوەی کێمتر کارێگەرێتیی لەسەر کاری پێڕگەیی ینك بمێنێێ. ئەمە بۆشاییەکی لەناو قەوارەی سەرکردایەتیی ینك درووست کرد؛ بە تایبەتیی کە جەلال هەرگیز هەولی نەدا بوو بۆئەوەی سەرکردایەتییەکی وەها پێبگەینی کە لە کاتی نەبوونی وی ڕیبەرایەتیی ینك بکا ــــ بە جێگەی هەندێ، بۆ ڕازیکردنی هەندێك ئەندامانی سەرکردایەتیی، تاڵەبانیی ڕێگەی دابوو کە لەناو سەرکردایەتیی ینك چەند قوتبێک درووست ببن کە ئەو قوتبانە تائەندازەیێك مەیلی خوێندنەوەی خەتی ئێکدیان نەبوو. ئەمە وەهای کرد کە سستیێك بکەوێتە ناو مەکانیزمی ڕێڤەبردنی ینك.

 لەوەش وێوەتر، جەلالی سەرکۆمار لە بەغدایێ، بە جێگەی هێزمەندکردنی دەنگی دۆزی کورد ـــــ بەنا بەوەی کە بە گوێی خەلکی کوردستانێ دەگەیشت ــــ پێچەوانەکەی هەڵبژارد و بەین بەینێك بە گۆتەهایێکی وێنەچوو، کەێم یان زۆر، سووکایەتیی بە خەڵکی کوردستانێ دەکرد بەوەی کە "سەربەخۆیی کوردستان خەونی شاعیرانە" و "کەسانی ئاقڵ داوای سەربەخۆیی کوردستان ناکەن،" و گەلێك گۆتەی وێنەچووی دیکە کە کارێگەرێتییەکی نێگەتیڤیان لەسەر سایکۆلۆژییەتیی خەلکی کوردستانێ هەبوو. ئەو رەفتارانەی جەلال ئەوەندە نانیشتیمانپەروەرانە بوون کەتەنانەت ئەندامەکانی ویژدانمەندی حیزبەکەی خۆشی خۆیان لێ دوور دەکرد. ئەو ڕەفتارانەی جەلال نە تەنێ پێچەوانەی ساڵانی خەباتی وی بوون لە شاخ، بەڵکو سووکایەتییش بوون بە خوێنی هەزاران شەهیدانی کوردستانێ ـــــ کە شەهیدانی ینکیشی دەگرتەوە. ئەو ڕەفتارانەی وی بەپێچەوانەی ‌هەڵگرتنی درووشمی "مافی چارەنووس"  بۆ خەڵکی کوردستانێ بوون.

 لەوەختێك ڕەفتارەکانی جەلال هەڵدەسەنگێندرێن بەتایبەت لەکاتێك کە لە نۆڤێمبەری ٢٠٠٥ بۆ ماوەی مانگێك بووە سەرۆکی دەوریی ئێڕاقێ (ئەوکات هەر مانگێك کەسایەتییەکی ڕێبەری سیاسیی کوردستانێ/ئێراقێ بۆ ماوەی مانگێك دەبووە سەرۆکی بێتەکلیفی ئێراقێ) جەلال تاڵەبانیی، پێش ئەوەی بە ‌هەڵبژاردن ببێتە سەرۆك ــــ لە مانگی سەرۆکایەتیی خۆی لە نۆڤێمبەرێ، لەسەر مەیلی پۆل برێمەر کە لەپاش لابردنی جەی گاڕنەر لەلایەن پرێزدنت بووش کرابووە فەرمانداری ئێراقێ (چونکە گارنەر حەقبێژ بوو و دەیگوت کە کەرکووك شارێکی کوردستانییە، جۆرج بووش وی لەسەر کار لا برد). برێمەر بەو نیازە ببووە حاکمی ئێراقێ کە سیستەمی ساوای فیدڕالیزم لە ئێراقێ هەڵوەشێنێتەوە و جارەکی دیکە دەسەڵات لە بەغـدایێ کۆبکاتەوە. کە برێمەر ئەو مەرامنامەی ئەمریکایێی لەگەڵ جەلال باس کرد و داوای یارمەتیی لێکرد، جەلال بێدرەنگ، سەرپێیانە ئەو داخوازییەی برێمەری ئیمزا کرد کە بەجێگەی سیستەمی فێدڕالیزم سیستەمی ستانیی (پارێزگە/محافظە) لە ئێراقێ درووست بکرێ و ستانەکان بۆ خۆیان کارەکانی ستانیی خۆیان ڕێڤەببەن. ئیمزای جەلال بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمەی فێدڕالیزم بۆ پۆڵ برێمەر سەرکەوتنێکی گەورە بوو، نەك لەبەر ئەوەی کە جەلال سەرۆکی ئێراقێ بوو، بەلکو لەبەر ئەوە بوو کە جەلال سکتێری گشتیی یەکییەتیی نیشتیمانیی کوردستانێش بوو، یەکیەتییش ئێك لە دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستانێ بوو. لەبەر هەندێ، ئیمزای جەلال، لە ڕاستییدا دوو ئیمزای کەسێکی هێزمەند بوو لەناو قەوارەی سیاسەتی کوردستانێ/ئێراقێ. لەبەرئەو فاکتەرە، بە مەزەندەی برێمەر لەوەختێك پشتگیریی جەلالی هەبێ گوشارەکە لەسەر مەسعوود بارزانیی زێتر دەبێ، و بۆ بارزانیی ئاستەم دەبێ بتانی سەرپێچیی لێبکا ــــ بەتایبەت کە ئەو مەرامنامە بەرنامەیێکی ئەمریکایی بێ.

 بڕێمەر وەکی فەرمانداری ئێراقێ چووە کوردستانێ و لەوێ لەگەڵ مەسعوود بارزانیی کۆبۆوە و مەرامنامەی ئێراقێ ــــ ئەمریکایێ کە دارای ئیمزای جەلال تاڵەبانیی، سەرۆکی ئێراقێ کە سکرتێری ینکیش بوو لەسەر بوو، بە بارزانیی نیشان دا، و پێیڕاگەیاند کە ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی نێوەندیی ئێراقێ گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە کە سیستەمی ستانها بۆ ئێراقێ چێترە لە سیستەمی فێدڕاڵیزم، چونکە خەڵکی هەر ستانێك بواری ئەوەیان دەبێ کە خۆیان ستاندار و کارمەندانی دیکە هەڵبژێرن و لەوێوە کارەکانی خۆیان بەخۆیان ڕێڤەببەن. برێمەر بە بارزانیی گۆت کە ئێوە هەمووتان ئێراقیین، و ئێمەش دەمانەوێ "ئێراقی نوێ" لەسەر بونیادێکێ نوێ دادەمەزرێنینەوە کە ئێوە هەمووتان هەڤوەڵاتییانی ئێراقێ بن. بەڵام، مەسعوود بارزانیی، تێکڕای بیرۆکەی سیستەمی ستانیی ڕەدکردەوە، و بەڕاشکاویی بە برێمەری گۆت کە ئەو مەرامنامەیە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانێ نیە، لەبەر هەندێ وی ئیمزای ئەو مەرامنامەیە ناکا. وی گۆتە برێمەری، میللەتی مە دەیان ساڵە بۆ ئەو ڕۆژە خەباتی سەخت و خوێناویی کردیە، و لەو ڕێگە هەزاران شەهیدی داوە، ئێستا ئەتۆ دەتەوێ هەروا بە سووك و هاسانیی لە دەستی میللەتی کوردستانێی دەرێنی ــــ مەحالە من ئەو مەرامنامەیە ئیمزا بکەم. هەرچەند گوشاری برێمەر بۆ سەر بارزانیی زێتر بوو، وەرامی "ئیمزای ناکەم" لەلایەن باررزانیی چڕتر بۆوە. لەئەنجام، پۆڵ بڕیمەر سەرشکستانە گەڕاوە بەغـدایێ. ئیدی ئەوجارەش، لەسایەی چۆك ئەستووریی مەسعوود بارزانیی، خەڵکی کوردستانێ لەبەرامبەر پیلانی دوژمنکارانەی برێمەر سەرکەوتن و کوردستانۆکەکەش هۆویەتی مێژوویی پارێزرا.

 میللەتی کوردستانێ، جەلال تاڵەبانیی هەنارادە بەغداێی کە خەبات بۆ گێڕانەوەی ئەو خاکانەی کوردستانێ بکا کە ‌هێشتا لەلایەن ڕژێمی ئێراقی پاش سەددامێ (بەهەمان سیاسەتی سەددام) داگیر کرابوون/کراون. بە جێگەی هەندێ جەلال بۆ برێمەر ئیمزای کرد کە سیستەمی فیدڕالیزم هەڵوەشێندرێتەوە و جارێکی تر دەسەڵات لە بەغدایێ کۆبکرێتەوە ـــــ بەهەندێش خەڵکی کوردستانێ جارەکی دیکە بێسەنوێشت وچاو لەدەستی بەغدایێ دەماوە.        

جەلال تالەبانیی و شاردنەوەی ڕابردووی خۆی
پاش ئەوەی برایم ـــ جەلاڵ و گرووپەکەیان لە ئەنجامی ناکۆکییان لەگەڵ سەرکردایەتیی ژانڕاڵ بارزانیی لەساڵی ١٩٦٤ لە بزاڤی ئازادییخوازیی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ جودا بوونەوە؛ خۆیان هاوێشتە باوەشی ڕژێمی ئێراقی داگیرکەر، و لە ساڵی ١٩٦٦ هەتا ساڵی ١٩٧٠، بۆ ماوەی چار ساڵ لە خزمەت ڕژێمی داگیرکەر خزمەتگوزارییان کرد. ئەوانە، مەکتەبی خیانەت و جاشایەتییان دامەزراند و بوونە چەتەکانی ڕژێمی ئێراقی عارەبیی داگیرکەر، و لەدژی خەباتی ڕزگارییخوازیی میللەتی خۆیان ــــ لەبەرامبەر ئەو کەسانەی کە بۆخۆیان بردبوونیانە شاخ ــــ شان بە شانی لەشکری داگیرکەر کەوتنە جەنگی ئەو میللەتە چەوساوە وخێرنەدیوە.

 ئەو خیانەتەی جەلالوان نەك هەر هێزەکانی سیاسیی و پێشمەرگەیی کوردستانێی دابەش کرد، بەڵکو بووە هۆی لاوازکردنی دەنگی شۆڕشی ڕزگاریی کوردستانێ و مایەی دڵخۆشیی داگیرکەران. ئەو کارەی وان فەرهەنگی خیانەت و جاشایەتیی لەناو میللەت درووست کرد، بەجۆرێك کە بووە هۆی دابەش بوونی سایکۆلۆژییەتیی سیاسیی خەلكی کوردستانێ کە هەتا ئێستاش میللەت باجەکەی دەدا. ئەو خیانەتەی وان بووە هۆی بەهەدەر دانی خوێنی هەزاران مرۆڤی کوردستانێ و نانەوەی دوژمنانەتیی خوێناویی لەنێوان خەڵکی کوردستانێ.

 هۆی ئەوەی کە هەتا ئێستاکانێش میللەت باجەکەی دەدا ئەوەیە، پاش ئەوەی کە پەیمانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، لەنێوان گەلی کوردستانێ و ڕژێمی ئێراقی داگیرکەر ئیمزا کرا، ژانڕال مستەفا بارزانیی بڕیاری دا کە ئەو گرووپە ببەخشێت و میللەتیش مۆڵەتی پێیان دا کە بگەڕێنەوە ژێر سێبەری شۆرشی ئەیلوولێ و لە ناوچەکانی ئازادکراو (کە خۆیان لەسەرەتای شۆڕش دەستییان لە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە هەبوو) ژیانێکی ئاسوودەیان لەباوەشی نیشتیمان هەبێ بەبێ ئەوەی لەبەرامبەر میللەت بە ئێك پەیڤ داوای لێبووردن بکەن.

 ئەنجا، کە لە ساڵی ١٩٧٥، شۆڕشی نیشتیمانیی ئەیلوولێ هەرەسی هێنا کە گەورەترین کارەساتیی نەتەوەیی بوو لەوان سەردەمان. ساڵێك دوای ئەو کارەساتە  کە شۆڕش دەستی پێکردەوە، سەرانی ئەو گرووپە زەوینەیان بۆ ڕەخسا کە پێکهاتەی خۆیان هەبێ. ئەوانە، یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دامەزراند. ئەوچەل، بە جێگەی ڕوو لەئاییندە کردن و تەبایی، جەلال کەوتە دژایەتیی و توانج لێدان و تاوانبار کردنی پدك بەوەی سەر بە ئیپریالزمی ئەمریکایێنە و سەرەتاکانی مارکسیزم ـــ لینینیزمیان شێواندیە. لایەنێکی کوردستانێ کە هیچ کاتێک خۆی بە مارکسیزم ــ لینینیزم خەریك نەکردبێ (تەنانەت ئەو کاتەی کە لەلایەن جەلال هێرشیان دەکرا سەر، لەگەل حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕاقێ لە ئێك بەرە بوون) بەوە تاوانبار بکرێن کە سیماکانی ئایدیۆلۆژیەکیان شێواندووە کە هەرگیز مەیلی بەکارهێنانی ئەو ئایدیۆلۆژەیان نەبووە. لەجیاتی مروونەت هەبوون و هەوڵ دان بۆ پێکەوە کار کردن، کینەی جەلال لەوان سەردەردەمان "ئاگرخۆشکەرەی" شەری خیانەتکارانەی براکوژیی و بەهەدەر دانی خوێنی زۆرێك لە پێشمەرگەکانی ئازاو جوامێری حیزبەکەی خۆشی بوو کە لە شەری ینك لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستانێ زایە کران.

 لەدوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی دەوڵەتی ٥٠/٥٠ ی یەکیەتیی و پارتی، دوای ماوەیێك جارەکی دیکە میللەتیان تووشی شەڕی خیانەتکارانەی براکوژیی کردەوە. لە ئەنجامی ئەو جەنگە، جارەکی دیکە هەزاران منداڵانی بێگوناهی کوردستانێ لە خۆشەویستیی بابانیان بێبەشکران. هەزاران لە ژنانی کوردستانێ بێوە کران، و جەرگی هەزاران دایکانی کورد بە ئاگری جەنگی خیانەتکارانەی سەرکردەکانی حیزبەکان سووتێنران ـــــ ئەو حیزبانەی  کە لەکنەخۆ دامەزرابوون بۆ پاراستنی کەڕامەتی ئەو ژنە پێشمەگە و دایکە پێشمەرگانە.

 ئینجا، دوای ئاشتییەکی روواڵەتیی لە نێوان پارتی و یەکیەتیی، و بوونی تالەبانیی بە سەرکۆماری ئێراقێ ـــــ دیسان ئەوەی حسێبی لەبۆ نەکرا فەرهەنگی تەبایی و پێکەوە کارکردنی جیددی بوو. ئەوجارە، جەلال لەڕێگەی کەسانی وەکی قانعی فەرد هەولی دا نەك هەر ڕابردووی خۆی بشارێتەوە، بەڵکو کەسێتیی ژانڕاڵ بارزانیش لەکەدار بکا. لە تەنیشت هەندێش، سەرۆك تالەبانیی دەوری دوو میلیۆن دولاریشی بە میدیای "العربیة" دا (هەڵبەت لەپارەی خەڵکی هەژاری ئێراقێ). ماوەیێکی پێچوو بەرهەمی ئەو پارە کەلانەی کە بە کانالی العربیة ی دابوو وەدەرکەوت. لەو لینکەی خوارێ، ئەو ڤیدیۆیە تەماشا بکە، پاشان درێژە بەخوێندنەوە بدە.
                                                                                                  


وەک دەبینی چۆن لەوکورتە ڤیدیۆیەش، جەلال داستانێك دەخاتە بەرچاو کە خۆی داستانەکەی نووسیوە و ڕۆڵی یەکەمی پاڵەوانێتیی داستانەکەشی داوەتە خۆی. دەڵێ لەسالی ١٩٧٤ لە بارزانیی جودا بویتەوە ــــ ئەویش لەپاش نەمانی دیموکراسیی و ڕێبەرایەتیی بهەڤڕا کە جەلال لە ناو پارتی خوازیاریان بووە (بە مانای گۆتەکەی وی بارزانیی ڕێگر بووە لە هەمبەر دیموکراسیی و سەرکردایەتیی بهەڤڕا).

 بە تێڕامانینێکی سەر پێیی، مرۆڤ تێدەگا کە داستانەکەی ئەو ڤیدیۆیە ئاوێتەی ناڕاستگۆییەکی زۆرە. چونکە، جەلال لەساڵی ١٩٧٤ لە بارزانیی جودا نەبۆوە، بەلکو لە ساڵی ١٩٦٤، ئەو زاتە لەگەڵ برایم ئەحمەدی خەزووری کەوتنە دژایەتیی کردنی سەرۆکایەتیی بارزانیی. دژایەتییەکشیان لەسەر سەرکردایەتیی بهەڤڕا و دیموکراسیی نەبوو. چونکە ئەوان لەسەرکردایەتیی پدك (لە بیرۆی سیاسیی و لێژنەی ناوەندیی خاوەن بڕیار بوون). دژایەتیی وان لەگەڵ ژانڕاڵ بارزانیی لەسەر ئەوە بوو کە دەیانویست لە هەیبەتی سەرۆکانەی بارزانیی کێم بکەن و ئەوان بۆخۆیان هەمەکارە بن. بەنا بەگۆتەیێکی دکتۆر مەحموود عوسمان، مەلا مستەفا دەیگۆت ئەگەر من سەرۆکی پارتیم، با بێن پێکەوە کارەکان بکەین. بەڵام، جەلال و دۆستەکانی وی ئەوەیان قەبووڵ نەبوو. لێرەکانێ، دەردەکەوێ کە ئەو کەسەی پێشێلکاریی بنەماگەکانی دیموکراسیی لەناو پدك کردبوو ژانڕال بارزانیی نەبوو، بەڵکو جەلال ــــ برایم و یارانی وان بوون. چونکە، لەوەختێك بارزانیی سەرۆکی هەلبژێردراوی پارتی بوو، ئەوان دەیانویست بەبێ کۆنگرە و وسووڵی دیموکراسیی بارزانیی لەسەرۆکایەتیی لابدەن. بە قەولی خودێ ژێڕازی، برایم ئە‌حمەد "بە بەیانێك مەلا مستەفام کردۆتە سەرۆك و بە بەیانێکیش لای ئەبەم." ئەوە فەرهەنگی دیموکراسیی و ڕێبەرایەتیی بهەڤڕای جەلال بوو کە ١٨٠ پلە پێچەوانەی ئەو داستانەیە کە بە العربیة ی گوتبوو.      

 کاتێکیش لە ساڵی ١٩٦٤، جەلال و گرووپەکەی لە بارزانیی جودا بوونەوە، ینکیان دانەمەزراند (وەك لە ڤیدیۆکە نیشان دەدا)، بەڵکو فێرگەی خیانەت و جاشایەتییان دامەزراند. جاشایەتییەك کە بۆ ماوەی چار ساڵ (کە نێزیکەی دوو ساڵێك لەو چار ساڵە  ١٩٦٨-١٩٧٠، لە خزمەت خودی سەددام حوسێن بوون). ئەو فێرگەی جاشایەتیی وان، خەلکانێکی ساویلکەی وەها لێکرد کە دژی بزاڤی ئازادیی نەتەوە و نیشتیمانی خۆیان هاوکاریی ڕژێمی داگیرکەر بکەن. ئەو فێرگەی وان، وەها شیرازەی ئێکیەتیی نەتەوایەتیی تێك دا کە هەتا ئێستاکانێش ئاسەوارە دژوار و کرێتەکەی لەناو زهنیەتی سیاسیی ــــ سایکۆلۆژیی خەڵکی کوردستانێ ماوە.

 بۆ جەلال، بە جێگەی ئەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە درووست بکا، یان پەنا بباتە بەر کەسانێکی بێکەلکی وەکی قانیعی فەرد، با زاتی ئەوەی تێدابا کە داوای لێبووردنی لە میللەت کردبا، و دڵسۆزانەتر لە خزمەت میللەتی جوامێری کوردستانێ کاری کردبا، هەتا چیدی ئەو میللەتە بەو جۆرە سووکایەتیی پێنەکرابا. بۆ کەسێک کە ئەوە رەفتاری بێ و بیەوێ بەو جۆرە ڕابردووی خۆی بشاریتەوە چۆن دەتانی ڕێبەرێکی ڕاستگۆ بێ. چۆن دەتوانێ سەرکردایەتییەکی کارا و تەبا و ئێکگرتیی درووست بکا؟

 شاردنەوەی باری تەندرووستیی جەلال تاڵەبانیی
لە مانگی دیسێمبەری ٢٠١٢، کە لە تەمەنی ٧٩ ساڵیی، جەلال تاڵەبانیی تووشی جەڵتەی مێشک بوو، زوو بۆ چارەی پزیشکیی ڕەوانەی ئەڵمانێ کرا. دوای پشکنینی پزیشکیی ـــــ تیمی دکتۆرەکانی وی ڕاپۆرتی خۆیان لەمەڕ دۆخی تەندرووستیی نەخۆشەکەیان بۆ ڕای گشتیی بڵاو کردەوە. لە ڕاپۆرتەکەیان، ڕایانگەیاند بوو کە سەرۆکی ئێراقێ "مێشکی مردووە، بەڵام ئەوان توانیویانە کە بەهۆی ئامێری پاراستنی ژیان لاشەی وی بپارێزن."

 دوای بڵاو بوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، گەرەك بوو کە خانەوادەی تالەبانیی و سەرکردایەتیی ینك ڕاستییەکەیان بە خەڵکی کوردستانێ گۆتبا کە باری تەندرووستیی جەلال چلۆنە. بەڵام، بە جێگەی هەندێ، ڕاستیی چلۆنایەتیی تەندرووستیی جەلالیان لە خەڵک ڤەشارد، و ناوە ناوە داستنهایێکی چێکریی لەلایەن هێرۆی خێزانی تالەبانیی و کەسانی دیکە سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی جەلال بۆ ڕای گشتیی دەگۆتران کە "باری تەندرووستیی تالەبانیی زۆرباشە و هەتا چەند هەفتەیێکی تر دەگەڕێتەوە کوردستانێ." ئەمە لە وەختێك کە هێرۆ و سەرکردایەتیی ینك چێتر دەیانزانی کە کەسێك لەتەمەنی ٧٩ ساڵیی جەڵتەی مێشك لێی بدا، جارێکی تر ژن و منداڵی خۆشی ناناسێتەوە هەتا بگاتە ئەوەی لەبارەی کارەکانی ینك و هەڵبژاردنەکانی پارلەمان لە مانگی ئەیلوولێ "پرسی پێ بکرێ و ڕای وەربگیرێ." بۆ کەسێك کە مێشکی مردبێ و جەستەی بە ئامێر پارێزرابێ، مەحاڵە جارێکی دیکە بەگەڕێتەوە ژیان. لەبەر هەندێ لیاقەتمەندانەتر دەبوو ئەگەر لەگەڵ میللەت ڕاستگۆ بان ـــــ بە ڕاستگۆیی وان، لەوانە بوو سۆزی میللەت بۆ جەلال و خانەوادەی وی و ینكیش لە ئاستەکی زێتر با وەك لەوەی کە لە ئەنجامی ناڕاستگۆیی خۆیان سووکایەتییان بەخۆیان و ینكیش کرد. پاشان، ئێکەك بۆی هەیە لە هێرۆ و سەرکردایەتیی ینك بپرسێ، ئیوە کە بە رۆژی رۆناك  درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن و دەتانەوێ خەڵكی کوردستانێ لەمەڕ باری تەندرووستی جەلال لە تاریکیی بهێڵنەوە، چۆن چاوەڕیی ئەوە لە هەمان خەڵک دەکەن کە لەسەر سندووقەکانی دەنگ دان پشتگیرییتان لێ بکەن؟

کۆسرەت ڕەسوول و دکتۆر بەرهەم ساڵح
کۆسرەت ڕەسوول وەکی کادیر و پێشمەرگەکی لێوەشاوە ی شۆڕشی نیشتیمانیی ئەیلوولێ و پاشانیش پێشمەرگە و سەرکردەکی ئازا و دلێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانێ، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە ناو قەوارەی گەورەی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانێ هەبوو. وی لە ماوەی ساڵانی پێشمەرگایەتیی توانی وەکی چەهرەیێکی باوەڕ پێکراوی ڕێبەرایەتیی لە ناو پێشمەرگەکانی ینك و جەماوەر جێگەی خۆی بگرێ و پێگەکی فراوان لەناو جەماوەر درووست بکا. لەسەردەمی خەباتی شاخ، کۆسرەت لەگەڵ پێشمەرگەکانی ینك لە گەلێك شەڕی خوێناویی لەگەل ڕژێمی داگیرکەر داستنهایێكی قارەمانانەی تۆمار کرد. کۆسرەت نەك هەر ئەندامێکی لێوەشاوەی سەرکردایەتیی سیاسیی بوو، بەلکو فەرماندەیكی مەیدانیش بوو. ڕۆلێ سیاسیی و پێشمەرگەیی وی بۆ ینك ئیعتیبارێکی گەورە بوو. لە پاش ڕاپەڕینیش، کۆسرەت ڕەسوول پارێزەری پێگەییکی بەرفرەی جەماوەری بوو بۆ ینك بە تاییبەت لە هەولێرێ.

 لێ، لەو ساڵانەی دوایی کارێگەرێتیی برینەکەی وی کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتیی لە شاخ ڕووی دابوو، نەخۆشیەکەی لێ دژوارتر کردیە، و وەکی پێویستە ناتوانێ قسە بکا ـــــ ناتانی پێوەندەکانی کۆمەڵایەتیی خۆی لە ئاستی پێویست بپارێزی. بە جۆرێك مانەوەی وی لە پۆستی ڕێبەرایەتیی ینك ئەو کارێگەرێتییەی جارانی نەمایە و بگرە دەکرێ زیانیشی هەبێ. چونکە، قۆناغی ئێستای کوردستانێ پێویستی بە جۆرە کەسانێك هەیە کە خۆیان بەردەوام نوێ بکەنەوە و هەول بدەن لە مەودای هزریی سیاسیی ـــــ سایکۆلۆژیی ڕۆژاوایێ تێگەیشتنێکی فراوانیان هەبێ. لەبەرهەندێ، بۆ مانەوەی وی لە دڵانی خەڵکی کوردستانێ، شیاوترە کە کەنارەگیریی بکا و ڕیگە بۆ کەسانی شارەزاتر بدا ـــــ بە مەرجێك ئەو کەسانە خۆیان بۆ قۆناغی پڕ لە تەحەددیاتیی ئێستا و ئاییندەی کوردستانێ ئامادە بکەن.

  ئەو کارە گەرەکە بکرێ، ئەویش نە تەنێ لەلای کۆسرەت ڕەسوول، بەلکو لەلایەن چەهرەهایێکی دیکەی سیاسی، جا ئەو چەهرانە لەناو ینك، یان لە نێو حیزبەکانی دیکە بن. چونکە، هەندێك جار گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناو هەر حزبێك پێویستییەکی مێژووییە ئەگەر ئەو حیزبە لەخەمی پاراستنی پێگەی جەماوەریی خۆی بێ. لە لایەکی دیکە وێدەچێ، ئەو بەرەبابەی کە ژیانی سەردەمی شاخ و بندەستیی نەدیووە ــــ  چاوی لە داهاتی نوێ بێ، و بۆ پێشکەوتن  و ئاییندەکی  گەشاوەتر بە تاڵووکەتر بێ لەو ڕەوتەی کە ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە هەڵیانبژاردیە. ئەو بەرەبابە چاوی لەئاییندەیە و هەر حیزبیکی خاوەن پێگەو دەسەڵاتیش گەرەکە ئەو هەقیقەتە بزانێ، و هەول بدا کە بۆ ئەو بەرەبابە ڕێخۆشکەری ئاییندە و هەموارکردنی ژیانێکی ئاسوودە بێ.

بەڵام، پێچەوانەی کۆسرەت ڕەسوول کە قارەمانێکی دستانهایێکی ڕەزمئارایی بزاڤی ئازادییخوازیی کوردستانێ بوو ـــــ دکتۆر بەرهەم ئێك رۆژیش سەری لە ژانی ژیانی پێشمەرگایەتیی نەهێشا بوو. بەهەڵسەنگاندن لەگەڵ کۆسرەت، دکتۆر بەرهەم هاتبووە سەر سوفرەی حازر. بەڵام، دکتۆر بەرهەم دارای خوێندنی بەرز و شەهادەی دکتۆرا و کابرایێکی قسە زانیش بوو. ئەو وەختەی لە ئینگلستانێ بوو لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی کوردستانێ لە ساڵی ١٩٩١، پێش ئەوەی بچێتە ئەمریکایێ و لەوێ نوێنەرایەتیی ینك بکا ــــــ ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە بۆ ڕاگەیاندن وشرۆڤەی دۆخی کوردسانێ و پێشڕۆییەکانی پێشمەگان و شکستەکانی ڕژێمی ئێراقی داگیرکەر لە کوردستانێ. لەوانەیە لەبەر هەندێش بووبێ کە جەلال تاڵەبانیی، دکتۆر بەرهەمی بردە پێش و لە دووهەم کۆنگرەی ینك کردیە ئەندامی بیرۆی سیاسیی. پاش جودا بوونەوەی نۆشێروان و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتیی ینك، جەلال تالەبانیی پلەی دکتۆر بەرهەمی بەرز کردەوە بۆ جێگری دووەمی ینك لەپاش کۆسرەت وەکی جێگری ئێکەم.

لە دوایی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانێ هەتا ڕووخاندنی ڕژێمی سەددامێ لە ٢٠٠٣، و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لە ئێراقی پاش سەددامێ، دکتۆر بەرهەم ساڵح لە تەنیشت کاری حیزبیی  بۆ ماوەیێك پۆستی سەروەزیرانی پێڕگەی سلێمانی (سەردەمی دوو پێڕگەیی) وەرگرت. لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی ئێراقێ، وی وەکی جێگری سەروەزیرانی ئێراقێ، لەسالێ ٢٠٠٥ دەستی بەکار کرد. وەك چەهرەهایێکی بژارەی کوردستانێ کە بۆ پۆستەکانی بەغـدایێ بژار کرابوون، دکتۆر بەرهەمیش ڕاسپێردرا کە بچێتە بەغـدایێ و پێکەوە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی کوردان لەوێ کار بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی میللەت بکەن، و هەوڵ بۆ وەدەست هێنانەوەی ئەو مافانەی کە هێشتا زەفت کرا بوون/کراون بدەن بەو ئومێدەی ئەو مافانە بۆ گەلی کوردستانێ دابین بکرێنەوە.  

 وەلێ، لە کاتێك کە لە مارسی ٢٠٠٦، کۆنگرێسی ئەمریکایێ  جەمیز بیکەر و لیی هامیڵتۆنی ڕاسپارد کە دۆخی سیاسیی ئێراقێ بنرخێنن ـــــ کاتێك لە دیسێمبەری هەمان ساڵ، بەیکەر و هامیڵتۆن ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی خۆیان بە ناوی ڕاپۆرتی بەیکەر ــ هامیڵتۆن بڵاو کردەوە، ڕاپۆرتەکەی وان پێشنیازی کرد بوو کە جارێکی دیکە دەسەڵات لە بەغـدایێ لە دەستی دەوڵەتێکی نێوەندیی کۆبکرێتەوە. ڕاپۆرتەکە کۆتایی بە سیستەمی فێدڕالیزم دەهێنا. جارێکی دیکە خەڵکی کوردستانێی وەکی کەمینە دەهاوێشتەوە بندەستی عارەبی زۆرینە. ئەو ڕاپۆرتە هەڕەشەیێکی ڕاستەوخۆ و دژوار بوو بەسەر تەواوی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانێ، چونکە خوازیاری دووبارە درووستکردنەوەی سیما و هەیبەتی عارەبان بوو بەسەر خەڵکی کوردستانێ. ئەو کات، دکتۆر بەرهەم سالح کە لەسەر تکیتی خوێناویی هەزاران شەهیدانی کوردستانێ چووبووە بەغـدایێ، ئێکەم کەس بوو لەسەر ئاستی هەموو ئێراقێ لە بۆ میدیای بیانیی بئاخفی و پشتگیریی خۆی بۆ ڕاپۆرتی بەیکەر ــــ هامیڵتۆن نیشان بدا بەوەی کەڕاپۆرتی بەیکەر ــــ هامیڵتۆن لە بەرژەوەندی ئێراقێیە و بۆ خەلکی ئێراقێ باش و سوودمەندە. ئەوە ڕەفتاری کەسێتییەکی سیاسیی کورد بوو کە بەسەر ڕووباری خوێنی شەهیدانی کوردستانێ پەڕیبۆوە و چوو بووە بەغـدایێ کە لەوێ مافەکانی ئەو میللەتە بندەستە بپارێزێ. ئەو جۆرە کەسایەتییانە لەناو سەرکردایەتیی ینك هەرگیز نابنە هۆکاری بەرفرە کردنی پێگەی ئەو حیزبە، بەڵکو وێدەچێ پێچەوانەکەی درووست تربێ.         

 رۆڵی هێرۆ لەناو ینك لە دوای بزر بوونی جەلال تاڵەبانیی
لەپاش قەوارە گرتنی بزووتنەوەی گۆڕان و کارێگەرێتیی وان لەناوچەکانی زۆنی کەسك،  هێرۆی خێزانی جەلال تاڵەبانیی کرایە ئەندامی بیرۆی سیاسیی، و دواییش کرا بە بەرپرسی مەلبەندی ینك لە سلێمانی. دانانی هێرۆ لە پۆستی بەرپرسێتیی مەڵبەند، هەوڵ دانێك بوو بۆ ئەوەی پێگەی ینك لە بەرامبەر گەشەکردنی گۆڕان لە سلێمانی بپارێزرێ. لەو سەروبەندانە، جەلال جەڵتەی مێشك لێی دا و نەك هەر لەبەر چاوان بزر بوو، بەڵکو بە دەستووری هێرۆ هەقیقەتی باری تەندرووستی ویش لە خەڵکی کوردستانێ و تەنانەت ئەندامانی ینکیش شاردراوە.

 کە جەلال بەو جۆرە لەبەر چاوان ون بوو، گەرەك بوو ینك ڕاستیی باری سکرتێرەکەی خۆیان بە خەڵکی کوردستانێ ڕاگەیاندبا، و داوای پشتگیریی و هاوسۆزییان لە خەڵک کردبا ــــ بەهەندێ لەوانە بوو، کێم یان زۆر، عاتیفەی جەماوەریان بەلای خۆیان بکێشابا. وەلێ، سەرسەختی ‌هێرۆ لەمەڕ شاردنەوەی دۆخی تاڵەبانیی و درووستکردنی داستانهایێکی ناڕاست و درۆ کردن لەگەڵ میللەت بەوەی کە تەندرووستی جەلال بەرەو باشیی دەچێ ــــ ئەمە لە کاتێك کە ئەو ژنە نەیدەهێشت هیچ کەسێک چاوی بە جەلال بکەوێ، خەلكی کوردستانێی گەیاندە ئەو باوەڕە کە سەرکردایەتیی ینك ناڕاستگۆییان لەگەڵ دەکەن. ئەمە لەلایێ، لە لایكی دیکە، ئەو ڕەفتارەی هێرو سووکایەتیی کردن بوو بەتەواوی ئەندامانی سەرکردایەتیی ینك بەوەی کە ڕاستەو خۆ ڕێگەی لێگرتن کە سەرۆکایەتییەکی بهەڤڕا درووست بکەن و لە غیابی جەلال ڕێبەرایەتیی ینك بکەن ـــــ بەوەی کە ئەو ڕەفتارەی ئەو ژنە بۆ ئەندامانی سەرکردایەتیی ینك ئەو مانایەی هەبوو کە هیچ یەکێك لە ئێوە لیاقەتی ئیدارەکردنی ینکتان نیە، لەبەرهەندێ گەرەکە کە ینك لەژێر سێبەری ناوی تاڵەبانیی ڕێڤەبچێ. ئەو ڕەفتارەی ئەو ژنە وەهای کرد کە بێبەندیی و سستییەك بکەوێتە ناو پەیکەری سەرکردایەتیی ینك کە هاوکات بوو لەگەڵ زۆربوونی قوتبهاییکێ خاوەن میمبەر کە هەندێكیان نابەرپرسانە، بە گوفتار و ڕەفتاری خۆیان خەلكانێکیان دڵسارد و دوور کرد.

 پاشان، ئەو ژنە دوعای خراپی لەو کەسانە دەکرد کە باسی جەلالی مێردی وێیان دەکرد، و داواشی لە خەڵك دەکرد کە بڵێن "ئامین." ئەوە زهنیەتیی ئەندامێکی بیرۆی سیاسیی یەکیەتییە کە بڕیار لە چارەنووسی ئەو میللەتە جوامێر و عاشق بە ئازادییەی کوردستانێ  دەدا. دواتر هێرۆ خانم، لە ئەنجامی شکستە سیاسییەکەی ینك ڕایگەیاند کە دەست لە کاری بەرپسێتی مەڵبەند دەکێشێ و تەنێ خەریکی کاری ینك لە بیرۆی سیاسیی دەبێ. لێرەکانێ، ئێکەك گەرەکە وەبیر ئەو خانمە بینیتەوە ــــ کەسانێك کە ئەتۆیان بۆ بەرپرسێتیی مەڵبەند قەبووڵ نەبێ، بۆچی وەها دەهزری کە ئەتۆیان بۆ بەرپرسێتییەکی باڵاتر قەبووڵ بێ. وێدەچی بوونی هێرۆ خانم لە سەروچاوەی ڕیبەرایتیی ینك پتر زیانی بۆ ینك هەبێ هەتا سوود، چونکە لەوەناچی کە ئەو خانمە ئەو کەسێتییەی هەبێ کە بتانی یارمەتییدەر بێ بۆ دەرهێنانی ینك لەو دژوارییە سیاسییەی تێیکەوتووە.

 فایلدارەکانی ناو یەکیەتیی
لەسەردەمی خەباتی شاخ لە نەتیجەی ئەو جەنگە سەخت و خوێناوییەی کە لە نێوان گەلی کوردستانێ و ڕژێمی ئێراقی داگیرکەر هەبوو، دۆخی سیاسیی ـــــ کۆمەڵایەتیی میللەت بە ڕەهەندێکی زۆر دژوار گوزەری دەکرد. بە گوێرەی ئەو ژمارەی کە جارجارە ڕژێم قسەی لێدەکرد دەوروبەری چار سەد هەزار کەس بەرەی جاشان، سیخوڕان، و کوردکوژانی ڕژێمیان پێك هێنا بوو.

 لە پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانێ، سەرکردایەتیی ئەوکاتی بەرەی کوردستانێ بڕیارێکی سەخت، بەڵام حەکیمانەی دا کە ئەو فایلدارانە ببوورن. ئەوەیان عاقڵانە بوو، چونکە ئاستەم بوو لەوکاتە کارێك کرابا کە چار سەد هەزار کەس لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ و سەقامگیریی کوردستانێش بپارێزرێ. وەلێ، کە ئەو بۆرە کوردانە بە گەورەیی گەلی کوردستانێ بەخشران، نەدەبوو کەسانێك لەوان کاریان لەناو هیچ حیزبێکی کوردستانێ یان دەوڵەتی ــــ کەی ئاڕ گی ــــ پێدرابا. ئەو کارەی ئەو حیزبانە، لەسەرووی هەمووان، پارتی و یەکیەتیی خەتایێکی مەزن بوو بەرامبەر ڕووحیەی ئازادیی خەڵکی کوردستانێ، لەوەش وێوەتر بێڕێزیی بوو بەرامبەر خوێنی شەهیدان و خانەوادەکانی وان کرا.

 مخابن، لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حیزبەکان، ژمارەیێکی بەرچاو لەو فایلدارانە کاری بەرپرسێتییان پێدراو جارێکی دی لەسەر میللەت بوونەوە "مــن." ئەو سیاسەتە بەرەواژەی حیزبەکان کاتێك بوو کە بەردەوام ئەو کەسانەی کە لەژێر ستەمی ڕژێـمی داگیرکەر شەهامەتمەندانە بەرگریان لە کەڕامەتی خۆیان و دۆزی ڕەوای میللەتەکەیان کرد بوو، دوور دەخرانەوە. هەبوونی ئەو فایلدارانە لەناو پێکهاتەکانی حیزبیی و حکومەت کێمهێنانێکی ڕاستەوخۆ بوو کە بە خەباتی هەزاران پێشمەرگەی کوردستانێ دەکرا. ئەو کارانە ( چ ینك کردبێتی یان پارتی یان هەر حیزبێکی دیکە) سووکایەتی کردن بووە/سووکایەتیی کردنە بە قامەتی بڵندی خەباتی خۆیان و شەهیدەکانی میللەتی شەهامەتمەندی کوردستانێ.

 هەندێك لەو فایلدارانە، بەتایبەتیی لەناو ینك بۆ پۆستی سەرکردایەتیی و بیرۆی سیاسییی هەلبژێردران ـــــ چەهرەی هەرە بەرچاو لەناو فایلدارانی ینك، سەعدی ئەحمەد پیرەیە. ئەو زاتە فایلدارە، لە کاتێك بۆ بیرۆی سیاسیی ینك هەڵبژێردرا کە هەزاران ئەندامانی ینك هەبوون کە لەو فایلدارە لێوەشاوەتر و خاوەن خەباتێکی پاکژیش بوون. لێ، ئەو لێوەشاوانە بەسەریان بازدرا و بگرە دڵساردیش کران. سەعدی ئەحمەد پیرە، لە وەختێك کە فایلەکەی لەهەگبەی ڕابردووی دابوو، لەکۆڕ و بۆنەکان داستانی کوردایەتیی بۆ خەڵكی کوردستانێ باس دەکرد. لە حاڵەتێکی ئاوهایی، ئێکەك گەرەکە بەو حیزبانە بڵێ، ئەوە سووکایەتییە بۆ هەر حیزبێک کە ڕێگە بە کاسانی فایلدار بدا کە بێن و داستانی کوردایەتیی بۆ کەسانێك باس بکەن کە لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکەر بە مەردانەییەکی کوردستانییانە، باڵابەرزانە گەردەنی کوردانەیان بەرز ڕاگرتبوو.

 خەڵکانێکی زۆر لە کوردستانێ لەبەر ئەو فایلدارانە لەو حیزبانە دوو کەوتوونەتەوە و دەنگیان پێ نادەن. لەگەڵ هەندێش، سەعدی ئە‌حمەد پیرە مۆڵەت دەداتە خۆی، لە نەتیجەی هەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولێ، تانە لەکەسانی دڵسۆز و ڕابردوو پاکژ بدا (دیارە ڕووی فایلداران زۆر قایمە) بەوەی کە فڵان کەس چی کردیە ئەو هەموو دەنگانەی هێناوە. لەو هەڵبژاردنەی مانگی ئەیلوولێ، ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕان، عەلی حەمە ساڵح، کە دەنگهایێکی زۆری لەلایەن میللەت پێدرا بوو، کەوتە بەر هێرشی بێکەلك و حەسوودانەی مام سەعدی کە وەك ئاوێنە نیوز باسی لێوە کرد، سەعدی گۆتبووی، "عەلی حەمە ساڵح دەنگی بەچی هێناوە، ئایا پێشمەرگەی دێرین بووە، کەمئەندامی سەنگەر بووە...و....؟"

 خێر، عەلی لەوبەرەبابەیە کە لە ژیان و خەباتی شاخ بەشدار نەبوون. بە قەولی سەعدی پێشمەرگەی دێرینیش نەبوو کە لەسەنگەر بووبێ، بەڵام ئەوەی کە سەعدی و ئەمسالی وی گەرەکە بزانن ئەوەیە کە عەلی وەکی سەعدی و ئەمسال سەعدی فایلدار نەبوو. عەلی خیانەتیی لە نەتەوەو نیشتیمانی خۆی نەکردوە بۆیێ میللەت ئێکەکی وەکی وی لەبەرامبەر سەعدی هەڵبژارد. لە هەموشی گرینگتر ئەوەیە، بە حوکمی ئەوەی کە کوردستان بە قۆناغێکی جودا لە قۆناغی خەباتی شاخ لە ناوچە پێگەی گرتیە، بۆ خزمەتگوزاریی قۆناغی ئێستای کوردستانێ هیچ پێویست نیە کە خزمەگوزارانی نیشتیمان خاوەنی سەرجەلەی خەباتی شاخ بن. ئێستاکانێ میللەت کەسانی دڵسۆز و شارەزای دەوێ. میللەت بێزارە لەوەی کەسانی وەکی سەعدی پیرە و حیزبەکانی وان فەزڵفرۆشی بەسەریان بکەن کە داخوا لە ڕابردی چیان کردیە. چیان کردیە ــ چیان نەکردیە، ئەوە لە لاپەڕەکانی "ڕابردوو" حسێبیان لەبۆ دەکرێ. میللەت دەیەوێ لەبارەی ئاییندە قسەی لەبۆ بکرێ و ڕیگەی نیشان بدرێ ــــ کە لە ئاییندە چی لەبۆ دەکرێ ــــ کە ژیانی هەڤوەڵاتییان بۆ ئاییندەیێکی گەشاوەتر بگوازرێتەوە. لەبەر هەندێ، کاتی ئەوە هاتیە، کە ینك و پدك و حیزبەکانی دیکەش چاوێك بە وجوودی ئەو فایلدارانە بخشێننەوە و هەوڵ بدەن کە ڕێزەکانی خۆیان لەو فایلدارانە پاکژ بکەنەوە. گەرەکە لێرە پێوە، ئەو حیزبانە زێتر حسێب بۆ هێزمەندتر کردنی پێگەی میللی خۆیان بکەن ــــــ دەبێ حیزبەکان ئەوە وەبیر خۆیان بهێننەوە کە پێگەی کوردستانێ گەیشتۆتە قۆناغێك و پێگەی وانیش لەنێو ئەو کوردستانە گەیشتیتە ئاستێك کە چیدی پێویستییان بەو بۆرە پیاوانە نەمایە. گەرەکە لە کاتێك کە خەڵکانی پاکژ، دڵسۆز، و شارەزاش ناخەنە ناو پرۆسێسی خزمەتگوزاریی نەتەوە و نیشتیمان ــــــ دەبێ ئەو بیچمە کرێتانە لەبەرچاوی میللەت لاببەن. ئەوە خزمەتێکی گەورەیە کە ئەو حیزبانە بە ئاییندەی خۆیان و میللەتی کوردستانێ دەکەن.   

 جودا بوونەوەی نۆشێروان و ژمارەیێك لە ئەندامانی سەرکردایەتیی ینك
لەگەڵ تەواوی ئەو فاکتەرانەی لە سەرێ باسیان لێوە کرا کە، کێـم یان زۆر، ڕۆڵیان لە لاوازکردنی پێگەی جەماوەریی ینك هەبووە، دەکرێ جودا بوونەوەی نۆشێروان و هەندێك لە ئەندامانی سەرکردایەتیی ینك کە دوایی لە چاشنی بزووتنەوەی گۆڕان بە پێگەیێکی جەماوەریی بەرچاو گەڕانەوە ناو میللەت، بە فاکتەری سەرەکیی لە بەرامبەر هەژاندنی ینك دابنرێ.

سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان توانی چالاکانە سوود لە تووڕەیی خەڵک وەرگرێ ـــــ لە لایێك، پێگەی جەماوەریی یەکیەتیی بچووك و لاواز کرد ـــــ لەلایێكی دیکە تووڕەیی خەڵك لە دۆخەکە یارمەتیی سەرکردایەتیی گۆڕانی دا کە بەهەمان تووڕەیی ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە. ئەو دۆخە یارمەتیی نۆشێروان مستەفای دا  کە تابلۆی ڕابردووی خوێناوی خۆی و ناهەموارییەكانی خەباتی سەردەمی شاخ لەناو یەکیەتیی جێبهێڵێ، و وەکی ڕیفۆرمخواز و کەسێکی دیموکرات و دژ بە گەندەلیی لە ناو میللەت بکەوێتە بانگڕاهێشتن و سەرکەوتووانە نەخشەی سیاسیی کوردستانێ بگۆڕێ و کارێکی وەهاش بکا دەسەڵاتی حوکمڕانیی لە کوردستانێ هەڵوێستە لەسەر سیاسەتەکانی خۆی بکا.

لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی کوردستانێ لە مانگی ڕابردی، نۆشێروان مستەفا، توانی کارێگەرانە میدیای گۆڕان پتر لە بەرامبەر ینك و خودی جەلال تاڵەبانیی بە جۆرێکی زۆر دژوار بەکار بێنێ. لە پڕۆسێسی ئەو هەڵبژاردنە، نۆشێروان گۆتەهایێکی نێوان خۆی و تاڵەبانیی، هی سەردەمی شاخی بڵاو کردەوە کە بۆ خودی جەلال و ینك شەرمساریی بوون. بە تایبەتیی گۆتەی جەلال لە پاش کارەساتی لێدانی هەلەبجە بە چەکەکانی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی ئێراقی داگیرکەر کە بە گۆتەی نەوشێروان، جەلال گوتبووی، وای لەبۆ چەند هەڵەبجەیێکی دیکە. گوشار و کامپینی بەردەوامی گۆڕان، و نەبوونی دیدێکی کارا بۆ ئاییندە لەلایەن سەرکردایەتیی ینك، یەکیەتیی بەو ڕۆژە گەیاند.

ئەنجام
لەفەرهەنگی ڕێبەرایەتیی و کاری ڕێکخراوەیی سیاسیی، نسکۆی سیاسیی لە ژیانی هەر حیزبێك  شتێکی چاوەڕوانکراوە. گرینگ لەو نسکۆیە ئەوەیە کە مرۆڤ ورە بەرنەدا. لە نسکۆکە فێر ببێ، و بە پلانی کاراتر بگەڕێتەوە و درێژە بە خەباتی خۆی بدا. بۆ کەسانێکیش کە لە ئاستی ڕێبەرایەتیی دان گەرەکە کە شکستێك دێتە پێشیان هۆکارەکانی شکستەکە نەخەنە ئەستۆی کەسانی دیکە هەتتا ئەگەر کەسانی دیکە، کێم یان زۆر، هۆکاری گرفتەکە بووبن. مرۆڤانی ڕێبەر، بەنا بە ئەخلاقی ڕێبەرایەتیی، گەرەکە هۆکارەکانی شکستەکە بخەنە ئەستۆی خۆیان و لەوێوە بڕیار بدەن داخوا لە ئەنجامی کارێگەرێتیی نسکۆکە ئەوان دەتوانن لە پۆستەکانیان بمێننەوە یان بۆ حیزبەکەیان چێترە ئەو کەسانە لە پۆستی ڕێبەرایەتیی دوور کەونەوە. 

 خەتایە بۆ سەرکردایەتیی ینك شکستەکەی خۆیان تەنێ بە فاکتەری هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پدك گرێ بدەن. وەك لەسەرێ باسیان لێوە کرا هۆکارەکان زۆرترن لەوەی ئەندامانی سەرکردایەتیی ینك دانی پێدادەنێن. سەرکردایەتیی ینك ئەگەر لە کوردستانێ ئەرکەکانی خۆیان بەچاکی لە خزمەت گەلی کوردستانێ ئەدا کردبا، و لەبەغدایێش  سکرتێرەکەیان سوکایەتیی بە کەڕامەتی میللەت و ئیمزای هەڵوەشانەوەی سیستەمی فێدڕالیزمی نەکردبا، و جێگری سکرتێرەکەشیان لەسەر ئاستی هەموو ئێراقێ، ئێکەم چەپڵەلێدەری پشتگیریی کردنی پرۆژەی بەیکەر ـــ هامیڵتۆن نەبا، بە جێگەی هەندێ، چۆك ئەستوورانە لە بەغدایێ کارهایێکیان کردبا کە لە کوردستانێ میللەتەکەی وان هەستیان بە غروری نەتەوایەتیی خۆیان کردبا کە دەنگی دلێرانەی سیاسەتمەندانێکی کوردستانێ لە بەغادیێ داکۆکییان لێدەکا ـــــ ئەگەر سەرکردایەتیی ینك لە کوردستانێ و لەبەغدایێ هیممەتبەرزانە لە خزمەت هەڤوەڵاتییان بان ــــ قەت هاوپەیمانێتیی وان لەگەڵ پدك نەدەبووە هۆکاری ئەو شکستەی مانگی ئەیلوولێ کە وەها هەناوی یەکیەتیی بهەژێنێ.   

 ئەو گۆڕانکارییەی لە پاش هەڵبژاردنی ئەوجارە هاتە بوون، لە پلەی ئێکەم نەتیجەی هوشیاریی میللەتی کوردستانێ دەردەخا کە چیدی گەلی کوردستانێ گوێبیسیی درووشمهایێکی زەق و ڕەنگین ناکەن کە قسە لە داستانهایێکی ڕابردوو دەکەن. ئەو میللەتەی مە وەك هەر میللەتێک لەو جیهانە حەزی لە ژیان لە ئاییندەیێکی گەشاوە و سەرکەوتە. لەبەرهەندێ، ئەو حیزبانەی کوردستانێ، بە درشت و هووردیان، گەرەکە کێمتر حیزبایەتی بکەن و زێتر خەریكی ئاوەدانکردنەوەی مەملەکەت و خۆشگوزەرانکردنی ژیانی میللەت بن. بە جۆرێك کە لە وەختێك حیزبایەتییش دەکەن، ئەو کاتە بێ کە حیزبەکەیان وەکی ئامێر بۆ پتر پێشڤەبردن و گەشاندنەوەی کوردستانێ و کوردستانییان بەکار بهێنن. گەرەکە هەوڵ بدەن کە هێندە موداخەلە لە ژیانی تایبەتیی خەڵکی ئاسایی نەکەن ــــ هێندە گرژیی لەبەرامبەر ژورنالیستان نیشان نەدەن. دەبێ بەردەوام فەرهەنگی تەحەموول لەبەرامبەر و لەگەڵ ئێكدی بەکار بێنن. گەرەکە زێتر هەول بدەن کە حیزبایەتیی نەکەنە پێوەری خزمەتکردنی هەڤوەڵاتییان. لێرە ڕا، پێویستە بە جیددی هەوڵ بدرێ کە کوردستان بکرێتە وڵاتێکی ئیستیتیوشنالیی و لێوەشاوەیی هەڤوەڵاتییان بۆ کاری خزمەتگوزاریی وڵات لەنەزەر بگیرێ. ئەو حیزبانە دەبێ بەخۆدابچنەوە بە جۆرێك نەك هەر لەشکستی "خۆ" فێرببن، بەڵکو لە شکستی ئێکدیش فێر بن. چونکە، ئەگەر شکستی ئەوجارە بۆ یەکیەتیی بوو، لەوانەیە شکست لە ئاییندە داوێنیگیری ئەوانی تریش ببێ. لەبەر هەندێ، گرینگە کە ئەو حیزبانە، پتر خەریکی ئەنجامدانی ئەو بەرنامانە بن کە زێتر ئاسوودەیی دەخەنە ناو ژیانی خەڵك. بۆ حیزبێك کە لە ڕەهەندێکی ئاوهای هوشیارانەی نیشتیمانیی کار دەکا، وێدەچێ کێمتر نسکۆ بێتە پێشی ــــ ئەوەش، وێدەچێ کە سەرکەوتنێکی مەزن بێ بۆ خودی حیزبەکە و ئەو میللەتەی کە ئەو حیزبە خەباتی لە پێناو دەکا.    

 کـرمانـجـی سـەعـیـد مـەسـیـفـیـی، پـرۆفـیـسـۆرە  لە بـەشـی ڕێـبـەرایـەتـیـی پـەروەردە  لە زانـسـتـگـەی ویــلایـەتـی تـێـنـێـسـی ـــ ئەمریکا.