سـەرنـوێـشـتـی جـەلال تـاڵـەبـانـیـی: شـرۆڤــە
پڕۆفیسۆر
کرمانج گوندیی
ئەو ڕاپۆرتەی تیمی پزیشکانی تایبەت هەر زوو لەڕێگەی خانەوادەی تالەبانیی و سەرۆکایەتیی ینك وەلانرا و بە جێگەی هەندێ، ناوە ناوە داستنهایێکی چێکریی لەلایەن هێرۆی خێزانی تالەبانیی و کەسانی دیکە سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی جەلال بۆ ڕای گشتیی دەگۆتران. هەتا ئێستا چەند جارێك گۆترایە کە "دۆخی تەندرووستیی تالەبانیی زۆرباشە و هەتا چەند هەفتەیێکی تر دەگەڕێتەوە کوردستانێ." بەگوێرەی ئەو گۆتەیە، دەبایە جەلال تالەبانیی زۆر لەمەوپێش لە وڵات با و دەستی بەکارەکانی خۆی کردباوە.
لە تەنیشت ئەو گۆتانەش بەین بەینێك وێنەهایێکی تاڵەبانییان بڵاو دەکردەوە کە ئێکەکیان زۆر سەرنج ڕاکێش بوو. لە وێنەکە جەلال ڕۆپی ڕاحەتیی لەبەرە و لەگەڵ کاك ستران عەبدوڵا لەسەر مێزێک دانیشتوون. لەبەردەم تالەبانیی تەبلەکی سیگار هەیە کە دەنێویدا سیگارێکی کووبی دەکەوێتە بەرچاو. مرۆڤ کە ئەو وێنە دەبینێ، پرسیاری ئەوەی لەلا درووست دەبێ، ئایا بۆ کەسێک کە لەتەمەنی ٧٩-٨٠ ساڵیی جەڵتەی مێشك لێی دابێ چۆن ئەوها زوو دەکەوێتەوە سەر پێیان لەوەختێك هیچ نیشانەکی جەڵتەکەی پێوە دیار نەبێ و سیگاری کووبییش بکێشێ؟ پرسیارێکێ دیکە ئەوەیە، چۆن لەکاتێك کە سەرۆکی کوردستانێ چووە ئەلمانێ و ویستی چاوی بە جەلال بکەوێ کەچی ڕێگەی پێنەدرا لەبەر ئەوەی دۆخی تاڵەبانیی بۆ دیدار گونجاو نەبوو، بەڵام کاك ستران توانی جەلال ببینێ و لەگەڵیشی دابنیشێ (ئایا گرنگیی دیداری کامەیان زێترە، دیداری هەڤوەڵاتییەکی ئاسایی لە سلێمانی یان دیداری سەرۆکی کوردستانێ؟) هەڵبەت دەرکەوت کە وێنەکەی جەلال تاڵەبانیی لەگەڵ ستران عەبدوڵا وێنەکی کەون بوو، و پێشتر لە کوردستانێ گیرابوو نەك لە ئەڵمانێ. وێنەکانی دیکەش کە بڵاوکرانەوە زێتر لە وێنەی نەشتەریی فۆتۆشۆپیی دەچوون هەتا وێنەی هەقیقیی. چونکە، وێنەکان لەگەڵ گوفتار و ڕەفتاری خانەوادەی تالەبانیی و ینك یەکترییان نەدەگرت بەوەی کە بەردەوام هەقیقەتی باری تەندرووستیی جەلالیان لە میللەت دەشاردەوە. پاش سەفەری سەرۆکی کوردستانێ بۆ ئەڵمانێ، کەسانی دیکەش هەوڵی دیتنی جەڵال تاڵەبانییان دا، بەڵام هەر هەموو داخوازییەکان بۆ دیداری تاڵەبانیی لەلایەن خانەوادەی وی رەد کران.
لەوەش وێوەتر، کە مرۆڤ هێما بە گۆتەیێکی هێرۆی ژنی جەلال تاڵەبانیی دەکا کە گۆتبووی نایەوێ خەڵک لەو وەزعە جەلال بیبینن، بۆی دەدەکەوێ کە باری تەندرووستیی جەلال زۆر لەوە نالەبارتر بووە کە نیشان دراوە ــــ ئەگەر تەندرووستیی جەلال خراپتر نەبا، بۆچی هێرۆ خانم نەیدەهێڵا/ناهێڵێ کەس بچێتە دیتنی جەلال تالەبانیی. ئەوچەل لێرەکانێ، میللەت لەبۆی هەیە بڵێ، لەوەختێك تەندرووستیی جەلال ئەوها بێ، ئیدی ئەو هەموو گوفتار و ڕەفتارە وێنەچووانە چین کە بۆ میللەت دەیانڵێن/دەیانکەن بەوەی کە "معجیزە" لە تەندرووستیی تالەبانیی درووست بووە و زوو دەگەڕێتەوە وڵات. ئەگەر ئەو گۆتانە ڕاست بان دەبا "چەند مانگێک پێش ئێستا لەماوەی چەند هەفتەیێك" ئەو زاتە گەڕاباوە کوردستانێ. بەڵام، وێدەچێ رووی ڕاستیی داستانەکە جۆرێکی تر بووبێ بۆیێ هێرۆ نەیویستووە کەس مێردەکەی لەو دۆخە ببینێ.
خانەوادەی جەلال و ینك هەر داستانێک چێ دەکەن با بکەن، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کەسێك لەتەمەنی ٧٩ ساڵیی جەڵتەی مێشك لێی بدا مەحاڵە جارێکی دیکە بەگەڕێتەوە ژیان. لێرەکانێ، ئەگەر جارەکی دیکە سەردانێکی ڕاپۆرتەکەی تیمی پزیشکانی تایبەتی تالەبانیی بکەین و ئەو ڕاپۆرتە لەگەڵ ڕەفتار و گۆتەکانی خانەوادەی جەلال و ینك هەڵسەنگێنین دەبینین کە زۆر لەیەکتری نێزیکن ـــــ لە تەنیشت ئەوانەش، نەمانەوەی هیچ ئێکەك لە ئەندامانی خانەوادەی تالەبانیی لە نەخۆشخانە لەلای وی ــــــ ئەوانە هەموو، هێما بەوە دەکەن کە جەلال تاڵەبانیی، سەرۆکی ئێراقی عارەبیی و سکرتێری گشتیی ینك ئۆغری داری ئاخرەتێی کردیە ـــــ ئەگەر ئۆغری داری ئاخرەتێشی نەکردبی، ئەوە، لە کۆمای داری ئاخرەتێیە و جارەکی دی ناگەڕێتەوە ناو دونیای فیزیکیی.
لێرەکانێ، خەڵکی کوردستانێ لەبۆی هەیە ئەو پرسیارە بکا ـــــ ئایا چ پێویست بوو ئەو هەموو ناڕاستگۆییە لەگەڵ میللەت بکرێ؟ ئایا بە جێگەی ئەو هەموو داستان درووستکردنە، بۆ خانەوادەی جەلاڵ و سەرۆکایەتیی ینك چێتر نەبوو بهاتبانایە و دۆخی تەندرووستی تالەبانییان بە خەڵکی کوردستانێ ڕا گەیاندبا و داوایان لێ کردبان کە دوعای خێری لە بۆ بکەن. بە میللەتیان گۆتبا، چ ئەوانەی لەگەڵ سیاسەتی وی بوون چ ئەوانەی دژی سیاسەتی وی بوون گەردنی ئازا بکەن و ئەو سەرهاتەش وەکی هەنگاوێك بۆ لەیەکتر نزیك بوونەوەی زێتر و هێزمەندتر کردنی ڕیزەکانی سیاسیی کوردستانێ بەکار بێنن. بۆ حیزبێك کە بۆ مامرەتی مردنیش ناڕاستگۆیی لەگەڵ میللەت دەکا، ئەدی کەینێ لەگەڵ میللەت ڕاستگۆ دەبێ ـــــ مەگەر مردنیش درۆی لەسەر و لەگەڵ دەکرێ؟
جەلال تالەبانیی، پتر لە نیو سەدە وەکی بیچمێکی دیار لەناو ڕەهەندی بزاڤی سیاسیی کوردستانێ و ئێراقێ کاری کرد. ئەو دەیان ساڵانەی کاری سیاسی وی بە چاك و خراپیان (بە ساڵانی جاشایەتیی و باشایەتیی) هەموویان بەشێکن لە دیرۆکی ئەو مرۆڤە و ئەو مرۆڤەش بەشیکە لە سیمای شێواو و ماندووی خەباتی خەڵکی خێرنەدیووی کوردستانی بندەستی ئێراقێ. هەڵبەت بە پێچەوانەی ئەو گۆتانە، مێژووی خەڵکی کوردستانێ جەلال وەها دەبینن کە هەبوو نەك بە شێوە و دەنگی داستانهایێکی نادرووست کە بۆی چێکراون. میللەتی کوردستانێ ئەو مرۆڤە بە ڕەنگی هەقیقیی خۆی دەبینن. میللەت جەلال وەکی سەرکردەکی شۆڕشگێر لەسەرەتاکانی شۆڕشی نیشتیمانیی ئەیلوولێ ١٩٦١ - ١٩٦٤ دەبینن. پاشان، ساڵانی جاشایەتیی و خیانەت لە نەتەوە و نیشتیمان ١٩٦٦ــ ١٩٧٠، ساڵانێك کە بوونە هۆی لاوازکردنی بزاڤی ئازادییخوازیی خەڵکی کوردستانێ و دووبەرەکیی نانەوە و ڕێژتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد و دابەشکردنی سایکۆلۆژیی سیاسیی خەڵکی کوردستانێ ــــ دابەشببوونێك کە هەتا ئێستاکانێش میللەت باجەکەی دەدا. ئەنجا، ئەو ساڵانەی دیکە، لە ساڵی ١٩٧٦ و دامەزراندنی ینك و جارەکی دی خەبات و (تێوەگلانی شەری خیانەتکارانەی براکوژیی) و هەتا چوونی بۆ بەغدایێ و بوونی وی بە سەرۆکی ئێراقی عارەبیی لە ساڵی ٢٠٠٥، تەواوی ئەو ساڵانەی ژیانی سیاسیی ئەو زاتە، هەمووی لە مێژووی بزاڤی ڕزگارییخوازیی نەتەوایەتیی نەتەوەی کوردستانێ بە ڕاستگۆیی تۆمارکراون
ئیدی ئێوە شاد و سەربڵند بن و ناوی پیرۆزی کوردستانێش هەر زیندی بمینێ