Wednesday, November 18, 2015






ڕزگار کردنی شەنگالێ: بەهای خوێنی پێشمەرگە، گەریلا، و پیرۆزەیی کەڕامەتی نەتەوایەتیی
(کراوە بۆ سەرۆكایەتیی پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ ـــ پدك)


کرمانج گوندیی
بەرایی
لە مانگی ژولای ٢٠١٤، کەمێك پێشی هێرشەکەی داعش بۆ سەر کوردستانێ، سەرۆکی پارتی، وەکی پرێزدنتی کوردستانێ، لەبەرچاوی میللەت، بەجۆری زمانی ئاگەدار کردنەوەی حکوومەتەکەی مالیکی، لە هێلێکی ئاوهایی، گۆتی "ئەگەر بەغدا لەو ڕەفتارەی خۆی لەگەڵ هەرێم بەدەوام بێ، شتێك دەکەم کە تەوەقوعی نەکەن. نامەوێ بڵێم چی دەکەم، بەڵام دەتوانم شتێك بکەم کە ئەوان تەوەقعی نەکەن."

ماوەیێك دوای ئەو گۆتە، لە ناکاوێك هێزەکانی داعش لە سووریایێ پەڕینەوە و موسلیان داگیر کرد. لەوێ، بەرەو شارەکانی دیکەی ئێراقێ، لەوانە تەکریت، شۆڕ بوونەوە. سوپای ئێڕاقێ کە ئەرکی پاراستنی موسڵێیان لە ئەستۆ بوو، ترسنۆکانە لە ڕووی هێزەکانی داعش هەڵاتن. داعش بەو کارەی نەخشەی سەر ئەرزی واقیعی ئێڕاقێی گۆڕی، و بووە پێکهاتەکی نوێ لەنێوان سنوورەکانی کوردستانێ، ئێڕاقێ و سووریایێ. دوای ئەو گۆڕانکارییە، سەرۆکی پارتی، ئێکەم چەهرەی سیاسی بوو، لە ناوچە، لەسەر تیلەڤیزیۆن گۆتی، "ئێستا ئێمە جیرانێکی نوێمان هەیە کە دەولەتی ئیسلامییە." وەلێ، چەند ڕۆژێك دوای ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکی پارتی، داعش هێرشی کردە سەرکوردستانێ و شەنگالێی داگیر کرد. ئەو هێزەی پارتی کە لەبۆ پاراستنی شەنگالێ دانرابوو، لیوایێكی هێزی پێشمەرگە بوو. ئەو لیوایە نەك هەر بەرهەڵستی هێرشەکەی داعشی نەکرد، بەڵکو کە شەنگالێشی جێهێشت، هەولی نەدا ژنگەل و زارۆکگەلی ئێزیدییان لەگەڵ خۆیان ببنە دەرێ. لە نەتیجە، داعش بە چاشنی سەدەی حەفت کە عارەب هاتن و کوردستانیان داگیر کرد، شەنگالیان داگیر کرد و هەتکی کەڕامەتی کوردستانێیان کرد.

داگیر کردنی شەنگالێ لە لایەن هێزگەلی تاریکی داعـشێ
لە ڕۆژی ٣ی ئۆگێستی ٢٠١٤ کە شەنگال (مەڕقەدی فەرهەنگ و ئاینی کەوناری کوردان) لە لایەن هێزەکانی تاریکی داعش داگیر کرا ـــ ئەو کات، پـدك تەنها هێزی دەسەڵاتداری کوردیی، لە شەنگالێ بوو. داستانی تەسلیم کردنی شەنگالێ و کارەساتی ژینوساید و سەربردەی تڕاژیدیای هەتکی خانمانی ئێزیدییش، زۆری لەسەر گۆترا کە چۆن داعشییەکان، ڕۆژانە، تەجاوزی شەڕافەتیی میللەتی کوردستانێیان دەکرد.

لێ بە لێ، هەر لەگەڵ ڕوودانی ئەو کارەساتە، بە گۆتەی شەنگالیان (و خودی قاسم شەشۆ، بەرپرسێکی پدك لە شەنگالێ)، گەریلاکانی یەپەگە، تەنیا هێز بوون کە داکۆکیان لە شەنگالێ کرد. ئەو هێزە سەدان ئێزیدیی ڕزگار و لە مەرگی حەتمیی دوور کرەوە. پاشان، هێزەکانی هەپەگە و هێزگەلێکی رۆژەڵاتی کوردستانێش لەبەرامبەر داعش، لە شەنگالێ و ناوچەکانی دیکەی کوردستانێ سەنگەریان گرت، و تێکڕای ئەو هێزانەی کوردستانێ دەیان شەهیدیان لە پێناو پاراستنی شەنگالێ و کەرکووکێ و ناوچەکانی تر دا.

داعش بەو سەرکەوتنە مەزنەی بەدەستی هێنا بوو لەبەرامبەر سوپای ئێڕاقێ لە موسڵێ، و ‌هێزەکانی پێشمەرگە لە شەنگالێ، هەڕەشەی داگیرکردنی هەولێرێشی کرد. لێ، کە هەڕەشەی داگیر کردنی هەولێرێ کرا ــــ سەرۆکی پارتی، بێدرەنگ پێوەندی بە جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکایێ کرد، و پێی ڕاگەیاند کە دۆخەکە  زۆر مەترسییدارە ـــ ئەگەر ئەمریکا بە هانەیان نەچێ، مەترسی هەیە کە هەولێریش لەلایەن داعش داگیر بکرێ. لەپاش ئەو پێوەندییە، ئەمریکا بڕیاری دا بەهانای کوردان بچێ.

ئەنجا، لە ٥ ی ئۆگێستێ، کۆپتەرێکی عەسکەریی ئێراقێ، و لە ٧ی ئۆگێستێ هێزی هەوایی ئەمریکایێ، ئاو و خواردنیان بۆ خەڵکەکەی سەر چیا بەرداوە. لە ٧ی ئۆگێستێ، پرێزدنت ئۆباما لەگەڵ ڕاوێژیارانی ئاساییشی نیشتیمانیی کۆبۆوە. لە ٨ی ئۆگێستێ ‌هێزی هەوایی ئەمریکایێ بۆ ڕێگریی کردنی لە زێدە بوونی قەتلوعامی ئێزیدییەکان کە ژمارەیان زێتر لە ٤٠٠٠ کەس بوو، ولەسەر چیای شەنگالێ لەلایەن داعشییەکان گەمارۆ درابوون، هێرشیان کردە سەر پێگە و کاروانگەلی داعشییەکان، و لە زەویش هێزەکانی یەپەگە توانیان ئێزیدییەکانی سەر چیا بپارێزن. لە ١٠ی ئۆگێستێ، ئینگلستانیش هەمان هاریکاریی مرۆیی گەیاندە سەرچیای شەنگالێ. فەڕەنساش، بەڵێنی دا کە یارمەتیی بگەینیتە سەر چیای شەنگالێ. لە ١٢ی ئۆگێستێ، کۆپتەرێکی عەسکەریی ئێراقێ کە ژانڕاڵ مەجید عەبدولسەلام ئاشورهەڵیدەفراند، لە ئانی گەیاندنی هاریکاریی بە ئێزیدییەکانی سەر چیای شەنگالێ، سقووتی کرد، و ژانڕاڵ مەجیدی پایڵەت شەهید بوو. لە ١٣ ی ئۆگێستێ، تەیارەگەلێکی هەڤپەیمانان، شازدە جار فڕینە سەر چیای شەنگالێ. تەیارەکانی ئەمریکایێ لە جۆرەکانی سی ــ ١٧ئێس، و سی ــ ١٣٠ ئێچ ئێس، و هی ئۆستڕالیی لە جۆری سی ـــ ١٣٠ جەی، و هی ئینگلستانێ لە جۆری سی ـــ ١٣٠ جەی، خواردن، ئاو، و شمەکی خەو...و...گەیاندە سەر چیای شەنگالێ.

دوای دوور کردنەوەی مەترسی لە دەوروبەری چیای شەنگالێ و ڕاگرتنی قەتلوعامی ئێزدییان، دەست کرا بە ڕاوەگواستنی ئێزیدییەکانی سەرچیا بۆ ناوچەکانی دیکە کوردستانێ لەناو سنووری کەی ئاڕ گی. سەدانی دیکەش لە ئێزییدیەکان هەر زوو لەلایەن گەریلاکانی یەپەگە گەیاندرابوونە دیوی بندەستی سووریایێ و لەوێ ئۆردیگەیان لەبۆ درووست کرا بوو. سەدان هێندەی تریش ڕوویان کرد بووە باکووری کوردستانێ و هەتا ئێستاکانێش لەوێندەرێنە.

ئەوانەی کە لە دەست داعشییەکان ڕزگار کرا بوون، لەناو سەخت ترین ئازاری سایکۆلۆژیی دەژیان ـــ بەوەی ئێك خانەوادەی ئێزیدیی نەبوو کە ئەندامێك/ئەندامگەلێك، خزم/خزمگەلێکی نەکەوتبێتە دەست داعش، بەتایبەتیی کچانی بێگوناهی ئێزیدییان کە لە باژێڕەکانی موسلێ و شوێنەکانی دیکەی بندەستی داعش لە چاشنی "کۆیلەی سێکس" دەفرۆشران و ژەمارەیێك لەو کچانە لەلایەن جانەوەرەکانی پاشماوەی سەدەی حەفتی عارەبان، تەجاوزی بەکۆمەڵیان پێکرا (کۆمەڵێ داعش لە ئێك کات پێکەوە تەجاوزیان پێ دەکردن). ئەو ئیهانەتە سەختە کە بەجۆرێکی ئاوهایی لە دژی میللەتی کوردستانێ ئەنجام درا، ئێکەم دەستدرێژیی بوو بۆ سەر شەرافەتی گەلی کوردستانێ لە دوای ئەوەی ئاڵا ڕەش هەڵگرە مێشك ڕەشەکانی سەدەی حەفت کە کوردستانیان داگیر کرد، و ژنگەل و کچگەلی کوردیان برد و لە بازەڕەکانی پیسی خۆیان، وەکو کاڵا بۆ هەوەسڕانی حەیوانسیفەتەکانیان، مامڵەیان پێ دەکردن. داعش ئەو مێژووە ڕەشەی لە سەدەی بیست و ئێك، جارەکی دیکە نووسیەوە.

ئەو دۆخە دژوار و پڕ سوکایەتیی کردن بە کەڕامەتی نەتەوە و نیشتیمانێ، هەتا ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٣ی نۆڤێمبەری ٢٠١٥، درێژەی هەبوو.  یەنی نێزیکەی ساڵێك و سێ مانگ دوای داگیرکردنی شەنگالێ ـــ ئەو چەل، بە پشتیوانیی هێزی هەوایی و پلانی ستراتیژیی ئەمریکایێ، بەشداریی کردنی هێزگەلێکی زۆری پێشمەرگە کە ژمارەیان ٧٥٠٠ کەس دەبوو، هێزیكی ١٥٠٠ گەریلایی هەپەگە و یەپەگە، و خەلكی بەرخۆدای شەنگالێ، هێرش کرایە سەر شەنگالێ و ئەو شارە ئاژدادییە کوردستانییە ڕزگار کرا.

پڕۆسەی ڕزگار کردنی شەنگالێ
پڕۆسەی ڕزگار کردنی شەنگالێ، ئۆپەڕاسیۆنەکی کورتخایەن بوو. وێدەچێ، کە پلانەکە موکمتر و کارێگەتر بوو لەوەی کە هێزەکانی داعش لە ناو شەنگالێ بتانن بەرگریی بکەن ـــ شەنگال ڕزگار کرا. بە ڕزگار کردنی شەنگالێ هەڵێکی دیرۆکیی درووست بوو کە وەکی خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ بانگڕاهێشتنی "ئێکیەتیی نیشتیمانیی" بەکار بهێنرێ، و بەرەی بەرخۆدانی نەتەوایەتیی هێزمەند بکرێ. ڵی مخابن، ئەو سەکەوتنە (کە لەپاش شکستەکی شەرماوەر وەدەست هاتبوو)، ئەو جارەش، تێکەڵ بە مەرامنامەی حیزبایەتیی کرا.

هەر لەگەڵ پاکسازیی کردنی شەنگالێ لە چەتەکانی داعش، سەرۆکی پارتی لەسەر چیای شەنگالێ بۆ میدیای جیهانێ (وعارەبیش لەگەڵ) قسەی کرد. لەو پرێس کۆنفڕانسە ــــ لکی میدیای کوردیی، تەنێ کاناڵەکانی سەر بە پارتی بوون. لەوێ، سەرۆکی پارتی سوپاسی ئەمریکایێ و هەڤپەیمانانی کرد بۆ پشتیوانی کارێگەرانەی وان بۆ ڕزگار کردنی شەنگالێ. هەروەها سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگەشی کرد. دواتر، لە وەڵامی پرسیارێك لەمەڕ بەشداری کردنی هێزەکانی دیکەی کوردستانێ لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شەنگالێ، سەرۆکی پدك، گۆتی "پێشمەرگەی شەنگال ڕزگار کر، وە چ هێزێ دی چ دەور نەبیە..."

ئەو پرێس کۆنفرانسە، هەڵێکی لەبار بوو کە سەرۆکی پارتی بەکاری بهێنابا، و وەکی سەرۆکی میللەتی کوردستانێ ڕەفتاری کردبا ــــ بەوەی کە سوپاسی هەر کەسێکی کردبا  کە لە هەر ڕووێك (لە شارەکانی کوردستانێ، یان لە هەر شوێنێكی دیکە) یارمەتی ئێزیدییەکانی دابوو. سەرۆکی پارتی کە دوعای خێری بۆ گیانی پێشمەرگەکانی شەهید وەبووی ئۆپەڕاسیۆنی ئازاد کردنی شەنگالێ خوێند، شانازمەند دەبوو ئەگەر دوعای خێری بۆ شەهیدانی هەپەگە و یەپەگە و خەڵکی خۆبەخشی شەنگالێش خوێندبا (بۆ ئەو بیانیانەی کوردیان نەدەناسی، وەلێ دوعایان بۆ شەنگالێ خوێند، دوعای خوێندبا). بەهەندێ کەسێتی وی، وەکی سەرۆکی مەملەکەت زێتر دەچووە سەرێ. لێ مخابن، وەك چەند هەلێکی دیکە لە ڕابردی لەبۆ وی هاتبوونە پێش کە وەکی سەرۆکی نەتەوە ڕەفتار بکا، ئەوجارەش، وەکی سەرۆکی پارتی ڕەفتاری کرد (لەو هەلانە، دەکرێ ئاماژە بەو بکرێ ــــ لە دوای ئەوەی سەرۆکی پدك بووە سەرۆکی کوردستانێ، سەرۆکەکانی ئەمریکایێ و وڵاتانی دیکەی ئۆڕوپایێ لە کاتێك کە ئەویان داوەتی وڵاتەکانی خۆیان دەکرد ــــ وەکی سەرۆکی مەملەکەتێك، بە فەرمیی پێشوازیان لێ دەکرد، و پێیان دەگوت "جەنابی سەرۆك." ئەوە تایتلە لە فەرهەنگی دیپلۆماسیی کوردیی شتێکی نوێ بوو (و بە جۆرێکیش چاوەڕوان نەکراو بوو) کە سیاسەتی جیهانێ وەهای لێ بێ، سەرۆکی پارتی، کە تا پێش ڕاپەڕین، ئەگەر داوای دیتنی بەرپرسێکی ئەمریکایێ یان ئۆڕوپایێی کردبا (ئەگەر لەلایەن وڵاتەکە قەبوول کرابا) ئەوکات، کارمەندێکی پلە ٢ یان پلە ٣ ی سەفارەت/وەزارەتی دەرێی ئەو وڵاتە، لە کافەتریایێك یان لە جێگەیێکی لەوجۆرە، دیداریان لەگەڵ دەکرد. ئەو گۆڕانکارییە بۆ گەلی کوردستانێ و بۆ سەرۆکی پارتی، وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە زەوینەی دیپلۆماسیی کوردیی ــــ سەرکەوتنێکی گەلەك مەزن بوو. بە تایبەتیی بە بەرچاوی داگیرکەرانی کوردستانێ، لەوانە تورکیای دوژمنکار وداگیرکەر کە تا (ئەو کات، بە خودی سەرۆکی پارتی دەگۆت 'سەرۆك هۆز').

لەگەڵ ئەو دەستکەوتە مەزنە لە بواری دیپلۆماسیی لە وڵاتانی ڕۆژاوایێ، سەرۆکی پدك، لەناو کوردستانێ، ئەگەرچی لە پارلەمانێ، سوێندی یاد کرد کە وەکی پرێزدنتی مەملەکەت سیاسەت بکا، لێ هەمیشە وەکی سەرۆکی حیزب ڕەفتاری کردیە. تەنانەت لە ١٣مین کۆنفڕانسی حیزبەکەی خۆی (بێ ئەوەی پێویستی بە گۆتەیەکی ئاوهایی هەبووبێ) فەرمووی، "ئێمە وەك عەشیرەت ١٠٠٠ پیاوین." لێرەکانێ، ئێکەك لەبۆی هەیە پرسیار بکا، داخوا ئەو مرۆڤە، سەرۆکی پارتی، سەرۆك هۆز، یان سەرۆکی نەتەوەیێکێ مەزلووم، بەشکراو، و بەشخوراوە؟

ئەوە کەسەرێکی گەورەیە، لە وەختێك کە  وڵاتانی زلهێزی جیهانێ وەکی سەرۆکی میللەتێك بەخێرهاتنی دەکەن، وەلێ جەنابی ئەو پێشمەرگە خاوەن خەباتە درێژە، خۆی وەکی سەرۆکی عەشیرەت و سەرۆك حیزب نیشان دەدا. ئەوە کێمهێنانە بۆ کەسێك کە دەیەوێ ببێتە سەرۆکێکی نەتەوایەتیی. ئەوە کێمهێنانە بۆ کەسێك کە لەبەرامبەر قەدرانی سەرۆکانی ڕۆژاوایێ، خۆی بخاتە ئاستی گۆتەکانی کابرایێکی وەکی ڕەجەب تەیب (وەك ئاماژەی پێکرا)، بۆ ئەوەی لە هەیبەتی گەلی کوردستانێ کێم بکا، ڕەجەب بەو مرۆڤەی دەگۆت، "سەرۆك عەشیرەت."

بەهەرحاڵ، لەبەرامبەر نکۆڵی کردن لە ڕۆڵی هێزەکانی دیکەی بەشەکانی تری کوردستانێ، ڕاگەیاندنەکانی جیهانێ کە لە نێزیك هەواڵی ڕووداوەکانیان دەگواستەوە، لەوانە، یوڕۆنیوز (لکی عارەبیی)، ڕۆژنامەکانی گاردیەن و ئیندیپێندنتی ئینگلستانێ، بی بی سی، سی ئێن ئێن، واشینگتۆن پۆست، نیویۆڕك تایمز، و ڕۆیتەرز ــــ لەگەڵ جەخت کردن لە هێزگەلی قەبەی پێشمەرگە، بە وێنە یان ڤیدیۆ، وجوودی هێزەکانی هەپەگە و یەپەگەشیان پشتڕاست دەکرد، و گوفتاریان لە ڕۆڵی وان لە ئۆپەراسیونی ڕزگاریی شەنگالێ دەکرد. لە تەنیشت ئەوانەش، کانالی ڕووداوی سەر بە پارتی بۆ ماوەی زێتر لە ١٥ خولەك، لەناو شەنگالێ لە دیمانەیێکی خۆی کە لەگەڵ عەگید، فەرماندەیێکی ‌هێزەکانی هەپەگە ئەنجامی دابوو، بەشداری کردنی گەریلاکانی هەپەگەی تەسبیت کرد.

دیــمــاهــیــك
گریمان ئەوانەی میدیای جیهانێ ڕاپۆرتیان کرد، هیچیان درووست نەبوون. هێزەکانی هەپەگە و یەپەگەش بەشدار نەبوون، و تەنێ هێزگەلی پێشمەرگە شەنگالێی ئازاد کرد. ئەوساش، سەرۆکی پارتی گەورەیی خۆی دەگەیاند، ئەگەر بە پەیڤێكیش سوپاسی هێیزەکانی دیکەی کوردستانێ و دوعای خێری بۆ شەهیدەکانی وانیش خوێند با. چونکە، هەر لە ڕۆژی داگیرکردنی شەنگالێ لەلایەن داعش، ئەو لایەنانەی کوردستانێ داکۆکییان لە شەنگالێ، و پارێزگارییان لە کەڕامەتی گەلی کوردستانێ کردیە. ئەگەر سەرۆکی پارتی نیازپاکیێکی ئاوهایی لەخۆی نیشان دابا، بە هەندێ، ئەوەندە بەرز دەبۆوە کە میللەتی کوردستانێ لەهەر چار بەشی نیشتیمانێ لەئاستی هەمان "جەنابی سەرۆك" ئەویان دیتبا. لەوەش وێوەتر، ئەگەر لەو ڕەهەندە ئیدارەی سەرکەوتنەکەی شەنگالێی کردبا، سەرۆکی پارتی، لەبۆ هێور کردنەوەی ئەو دۆخە دژوارەی کوردستانێ زەوینەسازیی دەکرد ـــ کارێك کە ئەوڕۆ یان سبەی دەبێ بیکا. چونکە، پاراستنی ئەو سەرکەتنە پێویستی بە هیمەتبڵندیی و بەشداریی گەل و لایەنەکانی دیکەی سیاسیی کوردستانێ هەیە. شەنگال شارەوانییەکی کوردستانێیە و نەتەوەی کوردستانێ لەبەشی بندەستی ئێراقێ و بەشەکانی دیکەش، لەبەرامبەر شەنگالێ، ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتیمانییان لە گەردەنە. لەبەرهەندێ، گەرەك بوو کە سەرۆکی پارتی وەکی سەرۆکی کوردستانێ ڕەفتاری کردبا.

ئەگەر دەیەوێ وەکی سەرۆکی هەرێم ڕێزی لێ بگیرێ، ناکرێ چیدی ئەو سەرۆکە وەکی سەرۆکی پارتی گوفتار بڵێ و ڕەفتار بکا. سەرۆکایەتییش تەنێ ئەوە نیە کە سەرۆکی پارتی لە تیلەڤیزیۆن دەرکەوێ، و پێشوازی لە فلان سەرۆك، ئەمیر، یان وەزیر بکا. سەرۆکی کوردستانێ دەبێ لە قەسری سەرۆکایەتیی بێتە دەرێ و بە دەردی میللەت ڕابگا. گەندەڵی کێم بکا. دەستور بخاتە ڕێفڕاندۆم کە میللەت بڕیاری لەسەر بدا. وڵاتێکی قانوونیی و جڤاکەکی سیڤیل درووست بکا. کوردستان، ئەوڕۆ پێویستی بەو جۆرە سەرۆکە هەیە ــــ نەك سەرۆکێك کە لە ڕابردی بژی و ڕابردووی خۆی بە فەزلفرۆشیی بەچاوی میللەت دابدا ــــ وەك پێشتر، سەرۆکی پارتی، لە تیلەڤیزیۆن گۆتی، "پارتی حەقی لەسەر میللەت هەیە." لێرەکانی، ڕەوایە پرسیار بکرێ، ئەو نەتەوەی هەر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرێتیی میدیا کە پتر لە ٢٨٥٠ ساڵ مێژووی هەیە، و لە بەرامبەر ئەو ستەمگەل و بندەستییەش، لەخۆبوردووانە، تەسکەرە و کەڕامەتی خۆی پاراستییە، پارتی بەتەمەنی ٦٩ ساڵیی، دەکرێ چ حەقێکی بەسەر میللەت هەبێ، جگەل لەوەی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی، لەسەر حسێبی ئەو میللەتە، هەموو بوونە بلیۆنێر یان ملیۆنێر؟!

ئەوڕۆ، لە ئەنجامی ئەو کارگەلە تێرۆریستییەی داعش لە پاریسێ کە لە ١٣ی نۆڤێمبەرێ کردیە سەر خەڵکی سیڤیل ـــ ئەو کارەساتە، کالکەڵۆسی سیاسەتی فەڕەنسا، و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایێی لە بەرامبەر داعش گۆڕی. وێدەچی، ئەوجارە وڵاتانی ڕۆژاوایێ بە جۆرێکی جیدیی تر بەرەنگاری داعش ببنەوە. چونکە، حساباتی ئەمریکایێ و وڵاتانی تری ڕۆژاوایێ لەمەڕ داعش درووست دەرنەهات بەوەی کە بتانن ئەو داعشییانە لە ناوچەکانی ڕۆژەڵات کۆبکەن و هەر لەوێش بیانپارێزن. لەو ئێك ـــ دوو هەفتەی ڕابردی، بە تەقاندنەوەی تەیارەکی نەفەرهەڵگری رووسیایێ و کوشتنی زێتر لە ٢٢٤ سەرنشین، تەقاندنەوەی مزگەفتەکی شیعان لە لونبانێ و کوشتنی  ٤٣ کەسی دوعاخوێن، و کوشتارەکەی پاریسێش کە ١٢٩ کوژراو، و ٣٥٢ برینداری لێکەوتەوە کە هەر هەموویان لەلایەن داعش خاوەنداریی کران. ئەوانە هەموو، وەهایان کرد کە ئەمریکا و ولاتانی تری ئۆڕوپایێ، جارێکی دیکە بە جیدی سیاسەتی خۆیان لەبارەی داعش موتالا بکەنەوە، و بڕیارێکی موکمتر بۆ شکستی داعش بدەن. چونکە، ئەو داعشە، ئەوە نیە کە خۆیان لە ئەردەنێ ڕایان هێنان. ئەو داعشە کێویی بووە، و لە دەستیان دەرچووە، و ئێستاکانێ ڕووی هەڕەشەکانی خۆی لەوان کردیە.

لەبەرهەندێ، ئەو گۆڕانکارییە لە سیاسەتی ڕۆژائاویێ لە بەرامبەر داعش، دەکرێ بۆ ئایندەی کوردستانێ سوودی لێ وەربگیردرێ ـــ ئەویش بەجۆرێکی ئاوهایی کە ڕێبەرانە (لە چاشنی ڕێبەرێکی نیشتیمانیی) کارگەلی پێویست بۆ ئێکیەتیی نەتەوایەتیی ئەنجام بدرێ. ئەو کارگەلە دەبێ ئەنجام بدرێن. چونکە دۆخەکە وەها دەخوازێ. چونکە، لەو دۆخەی کە ئێستاکانی کوردستان تێیدا قەراری گرتیە، نەك هەر سەردەمی حیزبایەتیی تەسك بەسەر چووە، بەڵکو سەردەمی کوردایەتییش تێپەڕیە. ئەوڕۆ سەردەمی درووست کردنی تەسکەرەی کوردستانێیە ــــ تەسکەرەیێك کە گەرەك بوو هەر لەدوای ڕاپەڕین بەرنامە لەبۆ درووست کردنی داڕێژ رابا ــــ بە جۆرێك کە تەواوی هەڤوەلاتییان (کورد و غەیرە کورد، موسڵمان و غەیرە موسڵمان)، هەموویان لەو مەملەکەتە لەبەرامبەر یاسا ئێکسان بن.  


دکتۆر کرمانج گوندیی، پڕۆفیسۆرە لە بەشی ڕێبەرایەتیی پەروەردە لە زانستگەی تێنێسی ستیەیت لە ناشڤیل، تێنێسی، ئەمریکا.
  

Sunday, November 1, 2015




سـێـکـیـولاریـزم و ئـایــن

کرمانج گوندیی

بـەرایـی
تێرمی سێکیولاریزم (عـەلـمـانـیـیـەت)، بۆ ئێکەمجار، وەکی فەلسەفەیێکی مرۆیی، لە لایەن جۆرج جەیکەب هۆڵیئۆك، لە سالی ١٨٤٦، بەکار هێنرا. مەبەست لەو فەلسەفە، وەدۆزێنی ڕهەندێکی عەقلانیی بوو کە تێیدا هەر ئادیۆلۆژییەکی ئاسمانیی یان زەوینیی، لە کاتێك جیاوازیی تێڕامانیین و پڕاکتیز لە دیتنگەکانیان هەبێ، بتانن پەڕەلێلیی، کارەکانی خۆیان بکەن بەبێ ئەوەی هیچ ئێکەکیان ئەوی دیکە سەخڵەت بکا.

سێکیولاریزم، باوەڕ هەبوونە بە بنەماگەکانی دیموکراسیی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پشڤەبردن و خەمڵاندنی زیندەگی لەو ژیانەی ئێستاکانێ. ئەو فەلسەفە، هێزدار کردنی چەمك و مەکانیزمی فیکرییە، و دایەڵۆگ بە جێگەی خشوونەت، پانایی پێکەوە ژیان، گوزەری گشتیی، تەبایی، و خۆشەویستیی مرۆڤایەتیی ــــ لەبەرامبەر ڕێچکەی باریکی لە یەکتریی دابڕان، خۆپەرستیی، و دژایەتیی کردنی ئێکدی، هەڵدەبژێرێ. 

سێکیولاریزم، وەکی سیستەمی سیاسیی، هەموو ڕەهەندەکانی، لە مەودای مرۆڤایەتیی و پشێڤەبردنی ژیان تەواو نابی. چونکە، هەر سیستەمێکی سیاسیی سێکیولاریزمیی لە ڕێڕۆی دیموکرسیی هەنگاوەکانی ڕێك ناخا. سیستەمی سێکیولاریزم، بە هەمان شێوەی جێپەنجەی لەسەر سیتەمگەلێکی دیموکراتیك و مەردوومسالار هەیە، بە هەمان جۆریش، پەنجەمۆری لەسەر سیستەمگەلێکی تۆتالەتێریی و چەوسێنەر (وەکی سیستەمی نازیزمی هێتلەریی، ڕژێمەکانی چەوسێنەری کۆمۆنیستیی، سیستەمی فاشیزمی بەعسیی، پۆلپۆتی کەمۆبدیایێ..و...و...) هەیە.  لەبەرهەندێ، سیستەمی سێکیولاریزم بە تەنێ بەس نیە، ئەگەر ئەو سیستەمە سیاسیە ئاوێتەی بنەماگەکانی بەهاکانی ئەخلاقیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئێکسانیی مرۆڤان نەبێ.

سـێـکـیـولاریـزم لـە دیـتـنـگـەی فـەلـسـەفـیـی
سێکیۆلاریزم بنەماگەی ئینستیوتەکانی دەوڵەت و ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیی ئەو ئینستیتیوتیانەی حکومەتیی دەکەن لە پڕینسیپەکانی ئینستیتیوتەکانی ئاینیی و بیچمەکانی ئاینییە جودا دەکا. ئێکەك لە تایبەتمەندێتییەکانی سێکیولاریزم ئەوەیە کە جەخت لەسەر پاراستنی ئازادییەکانی مرۆڤان لە بەرامبەر یاساکان و تێکستەکانی ئاینیی دەکا. بەهەمان شێوەش، هانی ئەو سیاسەتەش دەدا کە حكومەتیش گەرەکە هەول نەدا مەرامنامە و پڕاکتیسەکانی خۆی بەسەر میللەت بسەپێنێ، بە تایبەتیی لەو شوێنانەی کە پێوەندییان بە باوەڕگەلی ئاینیی هەیە. بە گۆتەکی دیکە، نە ئایینمەندان لەبۆیان هەیە باوەڕگەلی ئاینیی خۆیان، نە سیاسەتمەندان لەبۆیان هەیە باوەڕی تایبەت بەخۆیان بەسەر لایەکەی تر بسەپێنن. تایبەتمەندێتییەکی تری سێکیولاریزم ئەوەیە کە تێڕامانین لەمەڕ کاروچالاکیی، و بڕیارەکانی سیاسیی، نابێ کارێگەرێتیی باوەڕی پڕاکتیسی ئاینییان بکەوێتە سەر.    

سێکیولاریزم، مینا ئەو مەکتەبە فەلسەفییەی کە چێتر و جوانتر کردنی مرۆڤایەتیی مەرامنامەی سەرەکییتی، تەواوی سیماکانی ژیانی مرۆڤ و پاراستن و پێشڤەبردنی بەهاکانی مرۆڤایەتیی لەنەزەر دەگرێ ـــ بۆئەوەی مرۆڤگەل لە فەرهەنگگەلێکی جیاواز و شوێنگەلی جودای دنێ، بتانن سوود لە خەسڵەتی پۆزەتیڤی ئێکدی وەرگرن و جوانیی لایەنەکانی فەرهەنگی ئێکدی ببین، و پێکەوە مەودای "مرۆڤایەتیی نێوکۆیی" بەرفرەتر بکەن.

سێکیولاریزم دژی ئاین نیە. لە سادەترین فۆرمی خۆی، سێکیولاریزم دەکرێ وەها تاریفی لەبۆ بکرێ کە سیستەمێکی سیاسیی ـــ قانوونییە. ئەو سیستەمە، دین لە دەوڵەت جودا دەکا بە جۆرێك کە هەر ئێکەك لەو لایەنانە رێز بۆ لایەنی بەرامبەر دادەنێ. هەر لایەنێك، ئێكەکیان کاری کۆمەڵایەتیی، ئەوی دیکەیان کاری سیاسیی ـــ پێڕگەیی (ئیداریی) دەکا. سێکیولاریزم، ئازادیی ئەوە بۆ خەڵك دەستەبەر دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵ نەکەونە ژێر گوشاری سەپاندن و تێکستەکانی فێرکردنی دین، ئەگەر ئەو خەڵکە مەیلی بە ئەنجامدانی ئەو کارە نەبێ. یەنی بەبێ مەیلی وان، ناکرێ هیچ مەرامنامەکی فیکریی بەسەریان بسەپێندرێ. بەهەمان شێوە، ئاییندارییش ئازاد دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵ بە مەیلی خۆیان، وەك بەشێك لە ژیانی تایبەتیی هەر تاکێك ــــ چۆنی بوێ، ئەوها پێڕەوی هەر ئایینێك بکا. وەك هێمای پێکرا، سێکیولاریزم دژی ئاین نیە، بەڵام لە بەرامبەر ئاین سەربەخۆیە. لە بەینی سێکیولاریزم و ئاینیزم دیوار نیە، بەڵکو نێوان هەیە. نێوانەکەش مەودایێکی تەندرووستە کە تێیدا هەر ئێکەکیان زەوینە بەوی دیکە دەدا کارەکانی خۆی ئازادانە ئەنجام بدا.

سێکیولاریزم، ئەگەرچی دەکرێ وەك هەنگاوێك بەرەوە مۆدێڕنێتیی و دامەزراندنی ئینستیتیوتگەلێکی دیموکراتیك بەکار بهێنرێ کە تێیدا عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، و ئابووریی لە ژیانی خەڵك ڕەنگ بداتەوە. لێ بە لێ، سێکیۆلاریزم وەکی پێویست، مانای ئەوە نیە کە هەر سیسیتەمێکی سێکیولار دیموکراتیك بێ!

لەوەش وێوەتر، لە ڕەهەندی جڤاکناسیی (سۆسیالۆگیی)، هەر لە دەمی ماکس وێبەر کە سەرقالی گرفتەکانی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگەکانی سێکیولاریزم بوو، لە دیتنگەی مێژوویی و فەلسەفیی، دیراسەی سێکیولاریزاسیۆن لە شێوەی پرۆسێسی سۆسیالۆگیی، یان مێژوویی ئەنجام درایە. لەو نێوانە، جڤاکگەلێك، بە جێگەی کار و چالاکیی بزاڤگەلێکی کۆمەڵایەتیی کە لە ڕەهەندی کۆمەلایەتیی، بە جۆرێکی بەردەوام، پڕۆسێسی سێکیولاریی پەی کردووە،  ئەو پڕۆسێسە بە سێکیولاریزاسیۆن ناسرایە.  

ئـەخـلاقـی سـێـکـیـولاریـی
لە ساڵی ١٨٤٦، بۆ جاری ئێکەم، وەك لە بەرایی هێمای پێکرا، نووسەری نێوداری ئینگلستانێ، جۆرج جەیکەب هۆڵیئۆك، تێرمی "سێکیولاریزم" وەکی ئایدیای "هزری ئازاد" باس کرد ــــ هزرێك کە بۆ پاراستنی "چارچێوەی مەعریفیی و نەزمی کۆمەڵایەتیی" بەکار بهێنرێ. دواتر، لە ئارتیکڵەکەی خۆی، "ئەخلاقیی سێکیولار"، کە لە ساڵی ١٨٩٦، بڵاوی کردەوە، هۆڵیئۆك بەو جۆرە تاریفی سێکیولاریزمی کرد:

سێکیولاریزم سیمای ئەو کارانەیە کە پێوەندییان تەنێ بە ژیانی ئێستاکانێ (هی ئەو دونیایە) هەیە کە لەسەر بونیادی پاراستنی مرۆڤایەتیەکی تەواو عەیار دامەزراوە، و پشتیوانیی لەو لایەنە هزریە دەکا کە چەمکی ثیولۆژیی بە ئایدیایێكی وەها دەبینێ، وەك ئەوەی، لەمەڕ ژیان و کارەکانی دونیایی نەتەواو، بێ قەوارە، و بێ دیدی ئاییندە بێ. سێکیولاریزم، سێ بنەمای سەرەکیی هەیە...

١) لە ڕێگەی کەرستەکانی ماتریالیی، ئەم ژیانەی ئێستا پێشڤە ببرێ،

٢) زانست وەکی حیکمەت و دیتنگەی پێشبینیی کردن بۆ ئاییندە و ڕووداوەکان، لەبەر دەستی مرۆڤانە کە سوودەی لێ وەرگرن،

٣) ئەو هزرە چاك و بەجێیە کە تەنێ چاکە بکا. باشیی ژیانی ئێستا (ئەو دونیایە) باش و پێویستە، و هەمیشە چاك ئەوەیە کە چاکەی لێوە بەرهەم بهێنرێ، و کارگەلی چاك بکرێن.

سێکیولاریزم، ناڵێ کە ڕۆناکیی و ڕێنوێنیی لەناو جێگە و تێکستی دیکە نیە، بەڵام دەڵێ کە ڕۆشنیی و ڕێنوێنیی لە سێکیولاریزمی هەقیقیی/مەردوومسالار زێتر لە ژیان و ڕەهەندی مرۆڤایەتیی دەکەوێتە بەرچاو ـــــ سێکیولاریزمێك کە حاڵەتگەل و تخووبگەلی خۆی ئازاد و سەربەخۆ، لەبەرامبەر ئاینگەرایی، دەپارێزێ. جا لەبەرئەوەی سێکیولاریزم تێکەڵی ئاین نیە، سێکیولاریزم دەتوانێ لە خزمەتی پێشڤەبردنی ئاین سوودی لێوەر بگیرێ، بەوەی کە ڕێگە نادا بێڕێزیی بەرامبەر بە هیچ ئاینێك بکرێ. هەر ئاینمەندێك لەبۆی هەیە ئایندارێتیی خۆی بکا ـــ تا ئەو شوێنەی کە باوەڕی خۆی نەسەپێنێتە سەر خەڵکی دیکە ــــ ئەو مرۆڤە ئازادە چۆن و چ ئایینێك پێڕەو دەکا. وەلێ، ئەگەر ئەو تخووبەی بەزاند، و ئایدیا و ئاینی خۆی بەسەر غەیرە ئایینمەندانی دیکە سەپاند، لەو حاڵەتە، پێشێلیی مافەکانی خەڵکی دیکە دەکا کە لەوێڕا گەرەکە هەڵوێستەی لەسەر بکرێ.

بێری کۆسمین، لە ئینستیتیوتی دیراسەکردنی سێکیولاریزم لەناو جڤاك و فەرهەنگ، سێکیولاریزمی مۆدێڕن دەکاتە دوو بەش: سێکیولاریزمی توند و سێکیولاریزمی نەرم. سێکیولاریزمی توند، وەها ڕەچاوی ئاین دەکا کە مەرامنامەی ئاینیی لە زهنیەتێکی بێبنەما و بە ئایدیاگەلێك (کە وێدەچێ لەگەڵ هەندێ لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتیی نەگونجێ) درووست دەکا ــــ لە حاڵەتێك، لە دیتنگەی سێکیولاریزمی نەرم، چونکە، وەدەستهێنانی هەقیقەتی ڕەها مومکین نیە ــــ هەقیقەتێك کە هەموو باوەڕی پێ بێنن، لەو ئانە، وەها ڕەچاوی واقیعەکە دەکا کە گەرەکە تەحەمولکردن ببێتە بنچینەی بەحس و دایەلۆگی زانستیی و ئاینیی بەبێ ئەوەی بەهاکانی هیچ باوەڕێك لەهی ئێکەك لەو لایەنانە بێنرخ بکرێ، یان بسڕێتەوە.   

وڵاتی سێکیولاریزم
 لە فەرهەنگی سیاسیی، سێکیولاریزم بزاڤێکی عەقلانییە کە دەوڵەت لە ئاین جودا دەکا. بە مانایێکی تر، تخووبەکانیان لە پێوەند لەگەڵ مافەکانی تاکەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، دەست نیشان دەکا. وێجا، لەو ڕەهەندە بایەخ بە ڕەکارخستنی یاساکانی سیڤیلیی و نەهێشتنی جیاوازیی لە نێو جڤاکی مرۆڤایەتیی دەدا. پێشڤەبردنەکانی کۆمەڵگە لە بنەماگەکانی تێکستەکانی ئاینیی جودا دەکا، و ئێکسانیی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەپارێزێ. هەروەها، بە زێدە کردنی دیموکراسیی، لە ژینگەی مرۆڤان بۆ پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤایەتیی، لە پێوەندی ئاینیی کەمینە لەبەرامبەر زۆرینە، زەوینەسازیی دەکا بۆ ئەوەی مافەکانی هیچ پێکهاتەیێك نەشێوێندرێ.

جیاوازیی ئاین لە دەوڵەت، ستراتیژێکی حەکیمانە و محتەمەلە کە دەکرێ لەلایەن دەوڵەتگەلی سێکیولاریزم بەکار بهێنرێ. تەواوی حکومەتەکان، لە دیموکراتیك ڕا بگرە تا دەگاتە دیکتاتۆریی ــــ هەردوکیان، گرفتی پێوەندی نێوان ئاین و دەوڵەتیان هەیە. هەر لەو ڕوانگە، ئەگەرچی هەر دوو بەشی سێکیولاریزم نایانهەوێ ئاین تێکەڵ بە کارگەلی دەوڵەتداریی بێ، وێدەچێ هەر حکومەتێکی سێکیولاریزم، بۆ مامڵە کردن لەگەل ئاین، یاسای تایبەت بەخۆی هەبێ کە ڕەنگە مەکانیزمەکە لەناو چارچێوەی هەر سیستەمێك (دیموکراتیك یان دیکتاتۆریی) لەگەڵ پێکهاتەی ئاینی جیاوازیی هەبێ. لە ڕەهەندی سێکیولاریزمی دیموکراتیك، لەڕێز دانان بۆ ئازادیی ئاینیی لەناو فەرهەنگی جڤاکیی دەست پێ دەکا ــــ تا دەگاتە سێکیولاریزمی توند کە تێیدا سەرکووتکردنی پێکهاتەکانی ئاینیی ئەنجام دەدرێ. وەلێ، سرووشتی کۆمەڵگەی سێکیولاریزمی دیموکراتیك، بە شێوەیێکی گشتیی دەکرێ ئەو تایبەتمەندێتییانەی تێدا ببینرێ:

١) کۆمەڵگە تەنێ پشتگیریی لە "ئێك" باوەڕ ناکا و هیچ باوەڕێکیش (ئاینیی یان سیاسیی) بەسەر "گشت" ناسەپێنێ.

٢) کۆمەڵگە فەرهەنگێکی تەحەمول کردنی هێزمەندی تێدا هەیە، و هەمیشە مەودا بۆ دەربڕین و بڕیاردانی خەلك فراوانتر دەکا کە خەلك لەمەڕ ژیانی خۆیان، دوور لە کارێگەرێتی سیاسەت و بڕیاری حکوومەت، ڕێکخەر و بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن.

٣) کۆمەڵگە ئێک ڕەنگ ــــ ئێك نەتەوە نیە، بەڵکو جڤاکەکی پلورالیستیی مرۆڤایەتییە

٤) لەوەختێك لە نێو هەر کۆمەڵگەیێك گەرەکە هەندێ ئارمانجی نێوکۆیی، و چارچێوەکی یاسایی گشتیی هەبێ، و پێکڕا لەسەر ئەو ئارمانجانە کۆك بن، وەلێ، ئەوە، نابێتە هۆی کێمکردنی ئازادییەکان و مافەکانی تاكەکانی کۆمەڵ. 

٥) گرفتەکان لە نێو کۆمەڵگەی سێکیولاریزم لە ڕەهەندی لەچاوگرتنی ڕاستییەکان، چارەیان بۆ وەدەدۆزرێ. لەو کۆمەڵگە سێکیولارییە، شتیك بەناوی "چەتری باوەڕی گشتی درووست ناکرێ،" بەڵکو یارمەتی هەڤوەلاتییان دەدرێ کە خۆیان ئارمانجەکانی خۆیان بەدست بێنن.

٦) بۆ هەمیشە هیچ بیچمگەلێکی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگە نامێنێتەوە، و ڕێگە بە هیچ ئایدیایێکیش (ئاینیی یان غەیرە ئاینیی) نادرێ کە پێچەوانەی خواستی میللەت بەسەر هەڤوەلاتییان بسەپێندرێ.

٧) ڕێزێکی زۆر (هی کۆمەڵایەتیی) بۆ تاکەکان و گرووپگەلی گچکە، لەناو کۆمەڵگە دادەنرێ.

٨) قانوونگەلیك بۆ دابینکردنی ئێکسانیی هەڤوەلاتییان دادەنرێن و کاریان پێ دەکرێ.

٩) هەر تاکیكی کۆمەڵ گەرەکە یارمەتی بدرێ بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی بناسێ بەکاریان بێنێ.

١٠) کار کردن بۆ لە بەین بردنی ئەو کۆسپانەی کە بوونەتە هۆکار بۆ درووستکردنی کلاسگەلی کۆمەڵایەتیی ـــ ئابووریی، و چینگەلێکی جیاواز کە دەبنە هۆکاری تێکدانی ئێکیەتیی جڤاکیی.

نـابـەرامـبـەریـیـەکـانی نـێـوان سـێـکـیـولاریـزم و ئـایــن
ئەونەتەباییەی لە نێوان ئاینمەندان و سێکیولاریستان دەبینرێ، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو جیاوازیی ڕیشەییەی کە لە دیتنگەی ئەو دوو مەکتەبە فیکرییە دەخوێندرێتەوە. ئێکەکیان سەودا لەگەڵ دونیای فیزیکیی دەکا، و ئەیدیکە مامڵە لەگەڵ عالەمی مێتافیزیکیی (مێتا یەنی سەرووی...) دەکا. وەلێ، هۆکاری دژوارتر ئەوەیە، لە کاتێك لە شوێنێك، نەتێگەیشتن لە نێوان دوو، یان زێتر لایەن لەمەڕ ئایدیایێك/بابەتێکی عەقلانیی درووست دەبێ، وێدەچێ کە  هۆکارگەلێك بۆ ئەو نەتەباییە هەبن ــــ لەوانە، نەبوونی زانیاریی/زانستیی پێویست لەبارەی بابەتەکە؛ نەبوونی فەرهەنگی تەحەمول کردن و پەسند نەکردنی هیچ ڕایەك کە لە دەرەوەی دیتنگەی ئەویدیکە بێ؛ نەبوونی پەروەردەیێکی تەندرووست و خۆسەپاندنی لایەنێك بەسەر لایەنەکانی دیکە بەوەی کە وەها نیشان دەدا چارەی تەواوی گرفتەکان لەلای ئەو لایەنە بێ.

ئەنجامەکانی دیراساتی ئاینیی وەها نیشان دەدەن کە دیموکراسییەکانی مۆدێڕن، بەشێوەیێکی گشتیی بە سێکیولاریزم ڕەچاو دەکرێن. ئەمەش، لە باوەڕە سەرچاوە دەگرێ کە تێیدا ئازادییەکان بە هەستی بەرپرسێتیی، لە چارچێوەی خزمەتگوزاریی مرۆڤایەتیی بپارێزن. لەهەمان کاتیش، بیچمەکانی دەسەڵاتی ئاینیی نەتوانن قودرەتی خۆیان لەبەرامبەر بڕیارەکانی سیاسیی بەکار بهێنن (وەك ئەوەی خومێنی لە ساڵی ١٩٧٩، لە دژی شای ئێرانێ کردی و دیکتاتۆریی فیرقەیی ئاینیی بەسەر گەلانی ئێرانێ سەپاند). سەرەتا کاربەدستانی ڕژێمی سێکیولاریزمی شای ئیعدام کرد، و دواتر کەوتە گیانی سێکیولاریستەکانی ئێرانێ و تەواوی بەهاکانی مرۆڤایەتیی ــــ کۆمەڵایەتیی لە دیتنگەی تەسکی مەزهەبی شیعەگەرا قەبلاند. بەو گۆڕانکارییە، ڕەهەندی پێشکەوتنەکانی جڤاکیی ـــ سیاسیی ئێرانێ، لەدەرێی سیاسەتی حکومەتیی فیرقەیی خومێنیی، کەوتنە بەر گومان و ڕەد کردنەوە.

خومێنی، بەو زهنیەتە تاریکەی کە بەسەر گەلانی ئێرانێی سەپاند، تەواوی ئازادییەکان و کەڕامەتی تاکەکانی ئێرانێی شێواند. هەر ئازادەیێکی ئەو مەملەکەتە کە دیدێكی غەیرە دیدی "باوەڕی شیعەگەرایی خۆمێنیزمی" هەبوو، بە "مفسد فی الارض" حوکم دران، و بەهەندێ زیانێکی گەورەی لە عەقلی ئازاد و فەرهەنگی پێکڤە ژیانی لەناو کۆمەڵگەی ئێرانێ دا.

لە بەرامبەر ئەو تارکیگیرییەی خۆمێنی، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەسەر ئێرانێی داهێنا، لە هیندوستانێ، ماهاراجا ڕانجیت سینغ، لە ئیمپڕاتۆریی سیخ، لە نیوەی ئێکەمی سەدەی نۆزدە، سەرکەوتانە قانوونی سێکیولاریی، لە پونجاب دامەزراند. ئەو قانوونە سیکیولاریزمە، ڕێگەی دا کە پێڕەوانی ڕەیسگەل و ئاینگەلی جودا ڕێزیان لێ بگیرێ و بەبێ جیاوازیی تەشریف ببەنە دەرباری وی. ماهاراجا نوێنەرانی سیخ، موسلمان، و هیندوسی هەبوو کە پێکەوە سەرپەرشتی کارگەلی دەرباریان دەکرد. ماهاراج، بەهەمان نیازپاکیی، بە جۆرێكی بەرفرە یارمەتی پەروەردەی کۆمەڵایەتیی، ئاینیی، هونەریی زمانگەل و ئاینگەلی جیاوازی دەدا بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ کەسانی خاوەن زمان و ئاینی جودا بکرێ. جا،  لەکاتێك لە وڵاتانی ڕۆژاوایێ و هیندوستانێ، باوەڕی تایبەت و بڕیاری ئاینیی لە دەرێی ڕەهەندی بڕیارەکانی سیاسیی قەرار دەگرن ــــ لە وڵاتگەلی ئیسلامیی، باوەڕەکانی ئاینیی، هەمیشە بەشێك بوونە لە ڕەهەندی بڕیارەکانی یاسایی و جڤاکیی.

وەك لەو ڕەهەندە مێژووییە دەردەکەوێ، پێشڤەچوونەکانی مرۆڤایەتیی و فەرهەنگی پێکڤە ژیان، لە ڕوانگەی ئاینگەلی جودا، هەڵچوون و داچوونێکی زۆری بەخۆوە دیتیە. لێ بە لێ، ئەوەی لە هیندوستانێ لە سەدەی نۆزدە ئەنجام درا، بووە هۆکاری ئەوەی کە هیندوستان لە جیهانی مۆدێرن بە گەورەترین دیموکراسیی جیهانێ بناسرێ و ئەوەی لە کۆتایی سەدەی بیستیش لە ئێرانێ ڕووی دا (کە هەتا ئێساتاکانێش بەردەوامە)، بووە هۆکاری ئەوەی کە ئێران، وەکی وڵاتێكی نەواقیع بین و سەرکوتکەر، لەسەدەی بیست و ئێك مەزەندەی لەبۆ بکرێ.

نەریتی تێکەڵکردنی ئاین و ئایدیولۆژیی تایبەت بە ژیانی خەڵك، بە شێوەیێكی بەرچاو لەناو جڤاکگەلێکی نەپێشکەفتی، لەناو فەرهەنگی حیزبگەلێکی موئەسەساتیی بە ڕۆشنیی دیارە. حیزبگەلی موئەسەساتیی، ئەو حیزبگەلەن کە نەخشەی ڕەهەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، سیماکانی دیموکراسیی، کۆمەڵایەتیی، و ئابووریی کۆنتڕۆڵ دەکەن، و هەموو شتێك بە پێوەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستنیشان دەکەن. ڕادیکالی ئایینیش، بەهەمان شێوە بۆ کۆنتڕۆل کردنی عەقلی مرۆڤ، بەردەوام کاری کردوە. هەمیشە خۆی بە خودێی فەرمانەکانی خودا لە رووی زەوی زانیوە ــــ بە جۆرێك هیچ ئایدیایێکی فەلسەفیی، یان کۆنسێپتێکی مرۆڤایەتیی لەدەرەوەی تێکستەکانی ئاینیی قەبوول نەکردووە. لەبەرهەندێ، هەر ئێکەك لەو پێکهاتانە کە ئاوهایی رەفتاری کردبێ، هەمیشە هۆکاری شێواندنی ئاسوودەیی ژیانی خەڵك بوونە. بە جۆرێك لە ژێر حوکمی سێکیولاریزمی توند، یان ڕادیکاڵی ئایینیی، خەڵك هەمیشە هەستی بە ئازاری ڕووحیی و بێبەش بوون لە مافەکانیان و فەقری ژیان کردووە.

دیـمـاهـیـك
بۆ ژیانێکی ئاسوودە و کەڕامەتمەند، دەکرێ فەلسەفەی سێکولاریزمی دیموکراتیك بکرێتە بنەمای دامەزراندنی پێگەکانی کۆمەڵگەیێکی تەندرووست کە تێیدا مافەکانی تاك و کۆ بە جۆرێکی ئێکسان بپارێزرێ. سیستەمێکی قانوونیی ـــ سیاسیی مەردوومسالار تێیدا بەرقەرار بکرێ کە لە چارچێوەی ئەو سیستەمە، هەر مرۆڤێکی ئەو جڤاکە ژیانێکێ بەختیاری هەبێ. بۆ ئەوەی جۆرە کۆمەڵگەیێکی هوشیار دابمەزرێ، پێویستە لەهەر کۆمەڵگەیێکی فرە ئاین/مەزەب، فرە قەوم، فەرهەنگی ئەو "فرە" بایەخی زێتری پێ بدرێ بۆ ئەوەی لە جوانیی ئاوێتە کردنی ئەو "فرە" فەرهەنگی مرۆڤایەتیی و نیشتیمانیی پێ دەڵەمەندتر بکرێ.

ژیان لە هەر جڤاکێك، پێویستی بە هۆشیاری مەعریفیی و دیدێکی واقیعبینانە هەیە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵ بە ئاسوودەیی تێڕامانینی خۆیان، بە ڕیز دانان بۆ جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵ بەیان بکەن. لە سەرووی ئەو جیاوازییانەش، جیاوزییەکانی ئایدیلۆژیی سیاسیی، یان ئاینیی/مەزەبییە کە دەکرێ لەژێر ڕۆشنایی فەرهەنگی سێکیولاریزمی دیموکراتیك تەواوی ئازادییەکانی تاكەکان لەناو کۆمەڵگە پێشڤە ببرێن. چونکە، بۆ هەر تاکێك کە ئاخافتن لە جیاوزایی ئاینیی یان فەلسەفەی هزریی دەکا گەرەکە ئەو هوشیارەییەی هەبێ کە ئەو جیاوازییە وەکی مەکانیزمی دەوڵەمەندکردنی هەگبەی فیکریی مرۆڤ، دەکرێ سوودی لێ وەربگیردرێ.

مێژووی مرۆڤایەتیی، بەردەوامێتیی خۆی وەها هێناوە، لەو شوێنانەی بەهاکانی کۆمەڵایەتیی ــــ سیاسیی ــــ مرۆڤایەتیی ڕێزیان لێ گیراوە (وەکی کۆمەڵگەی سێکیولاریزمی دیموکراتیك)، ئەو جڤاکانە، ئاسوودەیی و پێشکەوتنی فەرهەنگی مرۆڤایەتیی وپاراستنی کەڕامەتی مرۆڤانی تێدا زێتر پارێزراوە، و پێشکەفتیتر بووە. لەو جێگانەش، فەرهەنگی تەحەمول کردنی جیاوازییەکان، تێیان لاواز بووە (وەکی کۆمەڵگەی سیکیولاریزمی دیکتاتۆریی، یان حوکمدارێتیی ئاینیی)، لەو شوێنگەلە، بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتیی کراون/دەکرێنە سەدەقەی ئایدیولۆژیی حاکم، و تاك و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە هەست بە سووکایەتیی کردن بە کەڕامەتیان، مافەکانیان، و بوونیان وەکی مرۆڤگەل، دەکەن. 

لەبەرهەندێ، گەرەکە ئەو مێژووەی کە دارای داستانگەلێکی خوێناوییە لەمەر ئەو کارەساتانەی بەهۆی ڕادیکاڵی یاینیی، یان توندڕۆیی سیاسیی بەسەر مرۆڤایەتیی هاتوون، سوودیان لێ وەربگیردرێ بۆئەوەی چیدی مرۆڤان بە بەهانەی ئایدیاگەلی سیاسیی، یان ئاینیی نەچەوسێندرێنەوە.
                                                                         
دکتۆر کرمانج گوندیی، پڕۆفیسۆرە لە دیپارتمەنتی ڕێبەرایەتیی پەروەردە لە زانستگەی تێنێسی ستەیت.

-------------

ژێــدەرەکــان

Jones, Seth G. (2014). A Persistent Threat: The Evolution of al Qa’ida and Other Salafi Jihadists (PDF). Rand Corporation. p. 2. Retrieved 28 May 2015.

Moghadam, Assaf (2008). The Globalization of Martyrdom: Al Qaeda, Salafi Jihad, and the Diffusion of ... JHU Press. pp. 37–8. Retrieved 28 May 2015.

 Kramer, Martin. (2003). Coming to Terms: Fundamentalists or Islamists?. Middle East Quarterly X (2): 65–77. "French academics have put the term into academic circulation as 'jihadist-Salafism.' The qualifier of Salafism—an historical reference to the precursor of these movements—will inevitably be stripped away in popular usage."

El-Baghdadi, Iyad. (2013). Salafis, Jihadis, Takfiris: Demystifying Militant Islamism in Syria. 15 January 2013. Retrieved 10 March 2013.

Indonesia: Why Salafism and Terrorism Mostly Don't Mix. International Crisis Group. Retrieved 7 February 2015.

THE GLOBAL SALAFI JIHAD. The National Commission on Terrorist Attacks Upon the United States. July 9, 2003. Retrieved 1 June 2015.

Sageman, Marc (2013). "The Stagnation of Research on Terrorism". The Chronicle of Higher Education. "al Qaeda is no longer seen as an existential threat to the West ... the hysteria over a global conspiracy against the West has faded." April 30, 2013

 Six Points of Tabligh, the chapter on "Desired Manners of Eating and Drinking" includes 26 norms on the etiquette of eating and drinking. From: Globalized Islam: the Search for a New Ummah, by Olivier Roy, Columbia University Press, 2004.

The Princeton Encyclopedia of Islamic Political Thought, p 484