Wednesday, April 16, 2014


خەندەقی بێشەرمیی یان پردی شەرەف

کـرمانـجـی سەعـیـد مـەسـیـفـیـی

وێدەچێ لە ئەنجامی نەبەرپرسێتیی بەنێو دەوڵەتی کەی ئاڕ گی کە تەنێ پدك تێیدا بڕیادرەرە، سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی و هزری ئێکیەتیی نیشتیمانیی زێتر تووشی مەترسیی مانەوە لەژێر چەپۆکی داگیرکەران ببێتەوە. نەتەوەی کوردستانێ، لە هەر چار پارچەی وڵات، لەو باوەڕە دابوو کە پێگەی کەی ئاڕ گی لە ناوچە "پردی شەرەفی نیشتیمانیی" لەنێوان پارچەکانی کوردستانێ درووست بکا، کەسێتی شێواوی کوردیی جارێکی دیکە درووست کاتەوە، و جارێکی تر ئیعتیباری نەتەوایەتیی و شکۆی مێژووی میدیا زندی بکاتەوە.

لێ مخابن، لە کاتێك سەرۆکایەتیی پدك بەسەر کۆمەڵگەیێکی دابەش (لە نەتیجەی حیزب ــ حیزبانێ)  حوکم دەکا ــــ کۆمەڵگەیێك کە فەرهەنگی سیاسەتەکی سەقەت و نەنیشتیمانپەروەرانە ئیدارەی دەکا، کۆمەڵگەیێك کە پدك تێیدا تەنێ لە %٣٨ دەنگەکانی هێناوە ــــ ڕێژەیێك کە هەرگیز ڕێگە بە هیچ حیزبێك نادا کە وەها ڕەفتار بکا وەکی ئەوەی کە "حوکمی میللەتی پێدرا بێ." پدك کتومت وەها ڕەفتاری کرد کە حوکمی میللەتی پێدراوە. پدك ڕایگەیاند کە بۆ "خەندەق لێدان" مۆڵەت لەکەس وەرناگرێ ـــ ئەمە وەها شڕۆڤە دەکردێ کە پدك وەها تێدەگا کە کوردستان لەسەر وان تاپۆ کرابێ و هیچ کەسێك  مافی ئەوەی نەبێ لەبەرامبەر ئەو رەفتارە شەرماوەرە، لەبەرامبەر ئەو خەندەقی بێشەرمییە دەنگی لێوە بێ.

سەرۆکایەتیی پدك دەڵێ، "کوردستانی سەربەخۆ بەڕێوەیە و سنوورەکانیشی تەنێ کوردستانی ئێراق دەگرێتەوە." سەرۆکی کوردستانێ ڕاست دەکا کە کوردستانێکی سەربەخۆ بەڕێوەیە، بەڵام دەستنیشانکردنی سنوورەکانی ئەو کوردستانە لە دەسەڵاتی وی نیە ـــ نەك هەر ئەوە، ئەو هێزانەی کە سنوورەکانی کوردستانی ئاییندە دەستنیشان دەکەن، پرس بە سەرۆکایەتیی پدك ناکەن. با، بەو خەندەقۆکانە سادەلوویی نەکەن کە گوایە دەتانن ئەو پارچەی کوردستانێ لە کوردستانی گەورە داببڕن. بۆ ئەو سنوورەی کە سەرۆکایەتیی پدك لە زهنیەتی خۆی داینایە، پدك جەنگی میللەت لەهەر چار پارچەی کوردستانێ دەکا.

بۆ ماوەیێکی زۆر، خەڵکانێك سەبوورانە چاوەڕێ بوون کە سەرۆکایەتیی پدك موتالای سیاسەتەکانی خۆی لەسەر ئاستیی کوردستانیی و هەرێمیی بکاتەوە و بەرنامەکانی خۆی لەڕەهەندی پاراستنی کەڕامەتیی نیشتیمانیی ڕەکار بخا، لێ ئەوەی ئەو خەڵکە، ئەو میللەتە سەبوورە لە سەرۆکایەتیی پدکی دیت، کۆنترۆڵ کردنی سامانی نەتەوایەتیی بوو، هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکووکی کوردستانیی بوو تا کارەکەی گەیاندە ئەوەی کە بەخەندەق لێدان سنووری داگیرکاریی داگیرکەران تەسبیت بکا. ئەنجا، ئێستا پدك وەها ڕاگەیاندن بۆ خەندەقەکەی بێشەرمیی دەکا کە "خەندەق بۆ پاراستنی سەر و ماڵی/سامانی هاوڵاتییانە." لێرەکانێ گەرەکە بگوترێ، سامانی هەڤوەڵاتییان، داهاتەکانی نەفت، گاز، گۆمرگی برایم خەلیل و پۆستەکانی دیکەی سنوورین. سامانی هەڤوەلاتییان سەرمایەی دەستکەوتەکانی فڕینگەکان، ناوچەکانی گەشتییاریی کوردستانێ و سەرچاوەکانی دیکەی بەرهەمهێنانن کە هەر هەمویان لەلایەن وان "حەیف و مەیل" دەکرێ. ئێکەك گەرەکە بڵێ، ئەگەر ئێوە ئەوەندە لەخەمی سەر وسامانی هەڤوەڵاتییانن، بۆچی بەشێکی میللەت دەبێ لە نەداریی و بەدبەختیی بژیێ؟ ئەو سامانە، ئەو ماڵە هی ئەو میللەتەیە، بۆچی هەقیان دەخۆن؟

لە کۆتایی، بۆ ئەو حیزبەی کە سامانی میللەت کۆنتڕۆل دەکا، بۆ ئەو حیزبەی پشتگیریی میللەت و پێگەی هەقیقیی خۆی لەناو میللەت بەهەند وەرناگرێ و بە جێگەی هەندێ پێوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دڕندەترین داگیرکەری کوردستانێ ـــ تورکیا ـــ هەبێ، ئەو حیزبە داهێنەری سەرەتای قۆناخەکانی کۆتایی خۆیتی.

میللەتی کوردستانێ، ئێوە خودا بە شاهێد بگرن، پدك خەندەق بۆ پاراستنی سەر و سامانی هەڤوەڵاتییان لێدەدا...

Thursday, April 3, 2014

نامەیێك بۆ پرێزدنت بەڕاك ئۆباما لەمەڕ کانتۆنەکانی کوردستانێ ــ سووریا و ڕۆڵی نێگەتیڤی تورکیی لە دژی کوردان


بەڕاك ئۆباما، پرێزدنت
ویلایەتەکانی یەکگرتووی ئەمریکایێ
سەرای سپی
شەقامی پێنسیلڤانیا نۆر‌‌ث وێست
واشینگتۆن، دی سی ٢٠٥٠٠
 
٢٥ ی ئازاری ٢٠١٤

 ڕێزدار پرێزدنت ئۆباما،

لە ئەنجامی پلانی کۆلۆنیالیی لە پاش ئێکەم جەنگی جیهانگیر، میللەتی کوردستانێ، دوای ئەوەی کە خاکیان بە جۆرێکی فیزیکیی دابەش کرا، لەنێو سێ فەرهەنگی بیانیی، عارەبیی، فارسیی، و تورکیی بوونە کەمینە. فەرهەنگ و تەسکەرەی کوردیی کەتنە ژێر پرۆگرامێکی سیستەماتیکیی مەحوو کردنەوە.
ئەو چەوساندنەوە سیستەماتیکییەی کوردان لە ڕێگەی چەند بەندگەلێکی پەیمانی سایکس ــ پیکۆت ئەنجام درا ـــ پەیمانێك کە بووە هۆی درووستکردنی هەندێك لە ڕەگەزپەرسترین "وڵات نەتەوە" لە ڕۆژەڵاتی ناڤین. وڵات نەتەوەکانی تورکیا، ئێراق، ئێران، و سووریا لەسەر حسێبی تەسکەرەی میللەتگەلێکی دیکە دامەزرێندران، لەوانە میللەتی کورد کە بوومی ڕەسەنی خاکی ئاژدادیی خۆیان بوون. ئەو پیلانە کۆلۆنیالییە وەهای کرد کە میللەتانی ڕۆژەڵاتی ناڤین لە نەهەمواریی و دەرگیریی بژین. بەجۆرێك وێدەچێ، نەسەقامگیریی ئێستای ڕۆژەڵاتی ناڤین ئەنجامی هەمان دابەشکردنی نەعادڵانەی کۆلۆنیالیی بێ، بەو جۆرەی کە هەرێمی ڕۆژەڵاتی دابەشکرد ـــ بووە هۆی ئەوەی کە ئەو هەرێمە ئێستاکانێ، خۆی لەناو ئازار و ڕەنجی دژوارتین گۆڕانکاریی نەسەقامگیریی لە مێژووی درێژی پڕ لەکارەساتی خۆی ببینیتەوە. 
   
جەنابی پرێزدنت، گۆڕانکاریی بۆ کوردان لە ساڵی ١٩٩١، لەگەڵ هێرشی ئەمریکایێ بۆ سەر ئێراقێ، و دامەزراندنی "هەرێمی نەفڕین" دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٩٩٢، کوردەکان بە هاریکاریی ئەمریکا، ئینگلستان، و فەڕەنسا توانیان ئیدارەی خۆیان لە بەشێك لە کوردستانێ ــ ئێراق دابمەزرێنن. دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، وەکی پێکهاتەیێکی خۆموختاری تازەکار، بە دڵنیایی، کێماسیی خۆی هەیە. وەلێ، کەی ئاڕ گی هەمیشە دۆستێکی جێمتمانە بووە بۆ ئەمریکایێ و بەرژەوەندییەکانی وێ لە ڕۆژەڵاتی ناڤین. ئەوجاش، لەگەڵ هەبوونی هاوکاریی بەردەوامی کەی ئاڕ گی، هەتا ئێستاش کوردان پشتیگیریی هەقیقیی ئەمریکایێیان پێنەگەیشتووە.
لەسەر ئاستی هەرێمییش، تورکیا پێوندییەکی گرفتسازی لەگەڵ کوردان هەیە. ئەگەرچی، تورکیا سوودی لە سەودای تیرە و نەدیاریی خۆی لە بازرگانی نەفت لەگەڵ کەی ئاڕ گی وەرگرتیە، و لە وەختێك بەهرە لە نەفتی کوردیی وەردەگرێ، دەوڵەتی تورکیا ڕەفتاری سیاسیی خۆی لەمەڕ مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کوردان لە کوردستانێ ـــ ئێراق نەگۆڕییە، و هێشتا درێژە بە پشتگیریی کردنی گرووپگەلێکی دژ بە کەی ئاڕ گی دەدا. هەروەها، تورکیا ڕێگرە لە هەمبەر گەلی کورد لە کوردستانێ ـــ سووریا کە خۆشیی لەو دۆخە وەرگرن کە ڕەنگدانەوەی تەسکەرەی کوردانەی وان بێ.

لەوەش وێوەتر، تورکیا ڕەدی ئەوە دەکا کە مافەکانی هەڤەوڵاتییانی کوردستانێ لە تورکیایێ لە چوارچیوەی دەستوورێ بناسێ. تەنیا کارێکی دەستووریی کە تورکیا ئەنجامی دابێ، ئەو بوو کە لە سێپتێمبەری ٢٠١٣، دەوڵەتی تورکیا یاسای ٨٥ ساڵەی قەدەغە کردنی لەسەر سێ پیت لە زمانی کوردیی ق، خ، وو، لابرد. بەڵام، ئەوەی کە تورکیا گەرەکە ئەنجامی بدا، قەبوول کردنی کوردانە وەکی ئێکەك لە دوو نەژادیی سەرەکیی (تورك و کورد) لە تورکیایێ. کوردان خاوەنی تەسکەرەی نەتەوایەتیی، زمان، و فەرهەنگی خۆیانن، و دەبێ لە چارچێوەی دەستورێ بناسرێن.
جەنابی پرێرزدنت، کاتێك کە سێ ساڵێك لەمەوپێش نەسەقامگیریی گەیشتە سووریایێ، کوردەکانی ئەو بەشەی کوردستانێ، لە نەژادێکی بێ تەسکەرە و مافی هەڤوەلاتیی بوون، خۆیان بۆ سێ کانتۆنی خۆموختار لە کوردستانێ ــ سووریا، ڕاڤەگواست. ئەو سێ کانتۆنە، غەیرە کوردەکانی وەکی عارەب و ئاشووریش لە ئاستی پشکدرانی ئێکسان لەنێو ئەو پێکهاتە نوێیە لەخۆ دەگرێ. ڕێبەرایەتیی بهەڤڕای ئەو بەشەی کوردستانێ مودێلێکیان بۆڕۆژەڵاتی ناڤین لە ئاییندە درووست کردیە ـــ مۆدێڵێك کە نەژادگەلێکی جیاواز دەتوانن پێکەوە لە ئاسوودیی تێیدا بژین بەبێ ئەوەی لایەنێك بە زۆرینە و ئەویدیکە بە کەمینە بناسرێندرێ. لەگەڵ هەندێش، تورکیا زۆر بە دژواریی دژایەتیی ئەو گۆڕانکارییەی کوردستانێ ــ سووریا دەکا.
جودا لەوەی کە مەرامی تورکیایێ چیە، جەنابی سەرۆك، ئەوەی کە گەلی کورد لە کوردستانێ ـــ سووریا درووستیان کردیە، ڕەنگدانەوی دیدی وان بۆ ئەو جۆرە ژیانەیە کە دەیانەوێ لەگەڵ ئەوانەی لەوێ ژیانمەندن ـــ کورد و غەیرە کورد ـــ لەسەر بنەچەی ئێکسانیی پێکڤە بژین. ئەوەش، ئەمە دەگەینێ کە کوردەکان نایانەوێ وڵات نەتەوەیێکی کوردیی درووست بکەن کە تەنێ کورد تێیدا ئاغای وڵات بێ. لەبەرهەندێ، گەرەکە ئەمریکا پشتیوانی ئەو مۆدێلە باشە بکا بۆ ئەوەی پێشینەیێك بۆدیموکراسیی و ئێکسانیی لە ڕۆژەڵاتی ناڤین لە ئاییندە درووست بکا.
لەوەش زێتر، ئەگەرچی تورکیا کاناڵی دایەلۆگی (نەك دانوساندن) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کردیتەوە، و بەڕواڵت دەیەوێ چارەکی ئاشتییانە بۆ پرسگەلی کوردیی لە کوردستانێ ــ تورکیا وەدۆزێ، لێ، دانوساندنی دەوڵەتی تورکیی، زۆر دەقیقتر، وێدەچی پتر پیلانێکی جامبازانە بێ، چونکە هەتا ئێستا تورکیا هیچ هەنگاوێکی پڕاکتیکی قانوونی نەهاوێشتووە کە وەرامگۆی بژارەی ئاشتیخوازانەی عەبدوڵا ئۆجەلان بێ، بەرەو پێش هەنگاو بنێ، و چارەیێکی دەستووری وەدۆزێ کە تێیدا برایەتیی تورکیی ـــ کوردیی مومکین بکا.
جەنابی پرێزدنت، پاراستنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە گرتیخانە و پەکەکە لەسەر لیستی تێرۆریستیی تەنێ زیان بە پرۆسێسی ئاشتیی  کوردیی ـــ تورکیی دەگەینێ. لەبەرهەندێ، لێت خوازیارین، وەکی براوەیێکی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیی و سەرۆکی ئەمریکایێ، گووشار بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان کە دیدێکی نوێی پێشکەش کردووە بۆ ڕۆژەلاتی ناڤین بۆ ئەوەی نەژادەکانی جودا پێکەوە لە ئاشتیی بژین، درووست بکەی. جەنابی سەرۆك، درێژەدان بە پشتگیرییکردنی وڵاتێك کە دارای دەستوورێکی وەها بەرتەنگە کە تەنێ مافەکانی تورکان دەناسێ، دژی بەهانی ئەمریکایێە. لە ڕابردی، جەنابت نفووزێکی پۆزەتیڤت لەسەر پێوەندی نێوان تورکیایێ ـــ کوردستانێ ـ ئێراق هەبووە. لەبەرهەندێ، لێت دەخوازین تورکیا گووشار بدەی کە هەڵوێستێکی پراکتیکی وەهای لەگەڵ کانتۆنەکانی کوردستانێ ـــ سووریا و گەلی کوردستانێ ـــ تورکیا هەبێ. 

دوعای سەرکەوتنت لەبۆ دەکەین. 

دڵسۆزانە،
کرمانج گوندیی
پرۆفیسۆر
زانستگەی تێنێسی ستەیت