Monday, November 18, 2013


سەفەری سەرۆکی کوردستانی بندەستی ئێراقێ بۆ شاری ئامەدی کوردستانی بندەستی تورکیایێ

کـرمـانـجـی سـەعـیـد مـەسـیـفـیـی


 سەفەری سەرۆك مەسعوود بارزانیی لەبۆ شاری کەوناری ئامەدێ لە ١٦ ی نۆڤێمبەری ٢٠١٣، کە لەگەڵ سەفەری پێشترێی وی لە ٣٠ ی سێپتێمبەری ٢٠١٢، کە لە کۆنگرەی ئاك پارتی بەشداریی کرد، هەڵدەسەنگێندرێ، جیاوازییەکی زۆری پێوە دیار بوو. ئەوجار، لە سەر سەکۆی هۆلی کۆنگرەی ئاك پارتی، مەسعوود بارزانیی، نە جلی کوردیی لەبەر بوو، نە هیچ شتێکیشی گۆت کە شایانی شکۆی وی بێ وەکی سەرۆکی بەشێکی کورستانێ، و نە خێریشی لەبۆ میللەتی مە لە باکووری کوردستانێ هەبوو. هەرچی گۆتی لە خێری ئەردۆگانێ و حیزبەکەی وی بوو.

ئەوجارە، لەشاری ئامەدێ، مەسعوود بارزانیی زێتر وەکی ڕێبەرێكی کوردان ڕەفتاری کرد. پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆسێسی ئاشتی نێوان کورد و تورك نیشان دا. وەکی خەمخۆرێك بۆ ڕێگرتن لە ڕێژتنی خوێنی کورد ــــ تورك قسەی کرد کە نابێ خوێنی کورد بەدەستی تورك و خوێنی تورك بەدەستی کورد بڕژێندرێ. داوای لە تورکان و کوردان کرد کە پشتگیریی لە پرۆسێسی ئاشتیی بکەن. ئەو گۆتانە، پەیامێکن کە گەرەکە هاوشێوەی ڕێبەرانی کوردان لە باکووری کوردستانێ کە بەردەوام وەبیر تورکان دێننەوە، میللەتی تورك لە ڕێبەرانی کوردان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانێ گوێیان لێبێ. ئەو جۆرە سیاسەتەی کوردیی سوودی دەبێ بۆکێمکردنی ئاستی ئەو کودۆفۆبیایە کە لە زهنیەتی قشرێکی گەورەی میللەتی تورك هەیە.
 
بەڵام، کە مەسعوود بارزانیی، لە گوتارەکەی خۆی، سوپاسی ئۆردەگانی کرد کە ئەو "درەفەتەی ڕێکخست کە وی لەو ڕۆژە دیرۆکییە لە دیاربەکری دەلال و خۆشەویست قسە بکا...کە...کە...کە ١٥ ـــ ٢٠ ساڵ بەر لەئێستا مەحاڵ بوو کە وی بیتانیبایە ئەوها لە دیاربەکر بەجۆرە بئاخفێ." ئەو گۆتانە درووست، لێ، ئەو گۆتانە ڕووەکی دیکەشیان هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی ئەو دەرفەتەی درووست کرد کە دۆزی کوردان لە تورکیا بگاتە ئەو ئاستە کە سەرۆکی بەشێکی دیکەی کوردستانێ لە ئامەد وەها بئاخفێ، ئەوە ئەردۆگان و حیزبەکەی وی نەبوون، بەڵکوو خەباتی سەخت و خوێنی دەیان هەزاران شەهیدانی میللەتی دلێری مە بوو لە باکووری کوردستانێ کە پەکەکە لە ژێر سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئۆجەلان ڕێبەرایەتیی کرد. پڕۆسێسی ئاشتیش لەسەر دەستی ئەردۆگانێ دەستی پێنەکرد، بەڵکو پێشتر لەسەر دەستی بەهەشتیی ئۆزالی سەرکۆماری تورکیایێ دەستی پێکرد کە هەر لەبەر ئەو ‌هەڵوێستەی وی بوو کە ژانڕالەکانی تورکیا ئۆزالیان ژار خواردی کرد. بۆیێ دەکرێ بگوترێ کە ئۆزال ئێکەم شەهیدی پلە باڵای دەوڵەتی تورکیایێیە کە بووە قوربانی سیاسەتی ئاشتی نێوان تورکان و کوردان.
 
لەو مەراسیمە، ئەگەرچی بۆ ئێکەمجار بە ڕاشکاویی لەزاری ئەردۆگانێ، پەیڤی "کوردستان" بیسترا، وەلێ گۆتەکەی وی لەئاستی چارەسەری دۆزی پێچیدەی خەڵکی کوردستانێ نەبوو. ئەردۆگان بە هیچ جۆرێك باسی لەو پڕۆسێسە نەکرد کە لە نێوان دەوڵەتی وی، ئیمڕاڵیێ، و قەندیلێ بە "سستیی" ڕێڤە دەچێ. گۆتەکانی وی زێتر پرسیاری درووست کرد هەتا ئەوەی وەرامهایێکی ئامادە کردبێ. لەمەڕ دۆزی کوردان لە باکوور، ئەوەی لەلای وی بە ڕۆشنیی ڕاگەیاندرا، ئەوە بوو کە قسەی لە قەدەغە کردنی "زمانی دایك" کرد ــــ ئەردۆگان، ئەو کارەی خستە قالبی ڕەفتارێك کە "مرۆڤانە" نەبێ. ئەوەش، دەکرێ وەها تاریفی لەبۆ بکرێ کە ئەردۆگان لە دیدەکی مرۆڤایەتیی تەماشای دۆزی میللەتی کوردستانێ بکا، هەتا ئەوەی کە دۆزی نەتەوەیێکی کەونار و خاوەن فەرهەنگ و مێژوو کە وڵاتەکەی دابەش و داگیرکراو بێ کە تورکیای وی ئێکەکە لەو داگیرکەرانە، و کە سەرۆکایەتیی بەشێکی تری ئەو ولاتە داگیر کراوە لەلایەن مەسعوود بارزانیی میوان ڕێڤە بچێ.
 
ئەردۆگان، وەکی ڕێزدانان، ناوی بەهەشتییان، پێشەوا قازی محەمەد و ژانڕال بارزانیی هێنا، بەڵام ناوی ئێکەك لە ڕێبەرانی کوردانی باکووری کوردستانێی نەهێنا کە بەغەدری داگیرکارانەی وڵاتەکەی وی لە دار درا بوون. بە قەدرزانیی، ئەردۆگان قسەی لەسەر دۆستایەتیی "هەرێمی کوردستانێ" کرد، بەڵام بەجێگەی مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستانێ لە باکوور، وی باسی لە هەڤوەڵاتیی "دەرەجە ئێك" کرد کە هەڤوەڵاتییان لە تورکیا، هەموویان دەرەجە ئێکن. وێدەچێ، ئەوەش نێوەڕۆکی زهنیەتیی وی و نەخشە ڕێگەی وی بێ بۆ چارەسەری دۆزی خەڵکی کوردستانێ.
 
لەڕەهەندێکی دیکە، ئەردۆگان گوتی، "خەڵکانێك هەن کە دژی ئاشتیین، دژی گەشە کردن و پێشڤەچوونی تورکیایێن...و..." لێرەکانێ ئێکەك گەرەکە پرسیار بکا، ئایا کێن ئەو کەسانەی دژی ئاشتیین؟ ئەوانەن کە بۆ نیشاندانی نیازپاکیی خۆیان و میللەتەکەیان هێزەکانی چەکداریی خۆیان لە تورکیا بردە دەرێ، یان ئەوانەن کە لە شوێنەکانی چۆلکراو قەرەقۆلیان درووست دەکرد؟ ئەوانەن کە بانگی برایەتیی و هەڤژینیی لەنێوان کوردان و تورکان و غەیرە ڕادێڵن، یان ئەوانەن کە مۆڵەت لەلایەن پارلەمانەکەیان نوێ دەکەنەوە بۆ درێژە دان بە کامپینی عەسکەتاریی وسیاسەتی داگیرکاریی؟ ئەوانەن کە لە زیندانێ لەبۆ ئاشتیی و پێشڤەبردنی سیڤیلیزەسیۆنەکانی ڕۆژەڵات پەیام دەهەنێرنە دەرێ، یان ئەوانەن بۆ لەناوبردنی سیڤیلیزەسیۆنی میللەتێکی کەونارتر لە تورك، بەنداوی ئاو لەسەر شوێنەوارەکانیان درووست دەکەن؟ دوژمنانی ئاشتیی کێن؟ ئەگەر مەبەستی ئەردۆگانێ حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایێ بێ ــــ ئەوە، ئەوان لە حکومەت نین و لە پارلەمانی تورکیایێش کێمینەن؛ وێشدەچێ کێمتر کارێگەرێتییان لەسەر پرۆسێسی ئاشتیی هەبێ. ئەردۆگان، بەهەمان شێوە کە جوان دەئاخفێ ــــ گەرەکە جوانیش ڕەفتار بکا. وی، لەوەختێك مەسعوود بارزانیی داوەتی تورکیایێ دەکا، لە ئێکەك لە گۆتەکانی لەبارەی ڕێبەر ئۆجەلان، گۆتی، "ئەگەر ئەوکاتەی عەبدوڵا ئۆجەلان گیرا سەروەزیر بام، ئۆجەلانم ئیعدام دەکرد." ئەوە سیاسەتی "بانێك و دوو هەوای" ئەردۆگانێیە کە بەردەوام بەکاری هێناوە ــــ لێ بە لێ، هەرگیز میللەتی کوردستانێی بەو سیاسەتە سەقەتە پێ لە خشتە نابردرێ.
 
ئەردۆگان، کە دەڵی، کوردانم خۆش دەوێ و زەمانی نکۆڵیی کردن لە وجوودی میللەتی کورد بەسەر چووە، با زات بکا، خۆشەویستیی خۆی بۆ پتر لە بیست و پێنج ملیۆن کورد لە تورکیا بسەلمێنێ و هۆویەتی نەتەوایەتییان کە تورکیا لێی زەفت کردوون بۆیان بگێڕێتەوە. دەڵی کوردانم خۆش دەوێ کەچی داگیرکەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەمان میللەت لە کوردستانی بندەستی سووریایێ دەکا بەوەی کە یارمەتی چەتەهایێک لە ژێر ناوی ئایین دەدا و لە دژی وان بەکاریان دەهێنێ و ئابلۆقەی خستۆتە سەریان، تەنێ لەبەر ئەوەی کوردانی ئەو پارچە داوای هۆویەتی نەتەوایەتیی خۆیان دەکەن. ئەگەر ئۆردەگان وەها حسێب دەکا کە بەو سیاسەتە ناماقوولەی خۆی دەتانی میللەت بخاپێنێ، زوو یان درەنگ تێدەگا کە میللەتی کوردستانێ زۆر لەوە هۆشیارترن کە ئەو بتانی بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی خۆی زەفەریان پێ ببا. ئەردۆگان، ئەگەر ڕاست دەکا، کوردانی خۆش دەوێ، بۆچی هەمان سیاسەتی کە لەگەڵ کەی ئاڕ گی بەکار دێنێ ــــ بەهەمان سیاسەت لەگەڵ پارچەکەی بندەستی خۆی و پارچەکانی دیکە ڕەفتار ناکا.

لایەنێکی دیکەی ئەو مەراسیمە کە دەکرێ هەڵوێستەی لەسەر بکرێ، شوێن و کاتی بۆنەکەیە ـــــ بۆ تەنێ چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، و بۆچی شاری ئامەد بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێردرا بوو؟ وێدەچێ، مەرامی ئەردۆگانێ پتر کامپینی هەڵبژاردن بۆ حیزبەکەی خۆی لەبەرامبەر پێگەی بەدەپە بێ، هەتا چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ دۆزی ڕەوای میللەتی کوردستانێ ــــ چونکە، چارەسەری جیدیی دۆزی خەڵکی کوردستانێ لە پارلەمانی تورکیایێ لە ئەنکارایێ دەکرێ نەک لە ئامەدێ! لێرەکانێ، ئەو پرسیارگەلەش دەێنە پێش، ئایا ئەردۆگان سوودی لە کەسێتیی مەسعوود بارزانیی وەرگرتووە، و بۆ بەرژوەندیی و کامپینی هەڵبژاردنی حیزبەکەی خۆی ئەوی داوەتی ئامەدێ کرد بوو؟ ئایا ئەگەر ئەوە مەرامی ئەردۆگانێ بووبێ، تا چ ئەندازەیێك مەسعوود بارزانیی یارمەتیی مەرامنامەی ئەردۆگانێی داوە؟ دەکرێ وەرامەکانی ئەو پرسیارانە لە دوای تەواو بوونی پڕۆسێسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەدەر کەون کە داخوا پێگەی ئاك پارتی لە باکووری کوردستانێ لەبەرامبەر پێگەی بەدەپە چی بەسەر دێ، و سیاسەتی ئەردۆگانێ لەمەڕ وەدۆزینی چارەکی جیدیی بۆ دۆزی گەلی کوردستانێ دەگاتە کوێ. لەهەر حاڵەتێك، میللەتی کوردستانێ، لە باکوور، باشوور، ڕۆژەڵات، و ڕۆژاوا ئارەزوومەندە کە سەرۆك مەسعوود سوودی لێوەرنەگیرابێ و بۆ مەرامنامەی سەرکەوتنی حیزبەکەی ئەردۆگانێ لە هەڵبژاردنەکانی ئاییندە بەکار نەهاتبێ.