Wednesday, August 27, 2014


تـورکـیـانـاسـیـی یـان کـوردسـتـانـنـاسـیـی!

کـرمـانـج گـونـدیـی

لەناو دەڤەری دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، لە ئەنجامی حیزب ــ حیزبانێ و نەتەبایی حیزبەکان، بەتایبەت پدك و ینك، ئێکەك لەو دیاردانەی کرێت کە دێتە بەرچاو، زۆرینە وبۆرینەیی "پرێسگەلێکی حیزبیی" لەژێر ناوگەلێکی جیاواز کار بۆ سیما جوان کردنی حیزبەکانی "پاڵپشت" دەکەن. کاری ئەو پرێسگەلە دوور لە ئەخلاقیی ژوڕنالیزمی، و ڕەچاو کردنی سەرچاوەی هەواڵی باوەڕمەند، وەکی ماکینەی پڕۆپاگەندە، بەشێکی سەرەکیی کارەکانیان، هێرش کردنە سەر ئەو کەسانە و لایەنانەیە کە لەخەتی حیزبیی وان ناهزرن.  

لەسەرپشکی ئەوەش، بە پارەی میللەت، حیزبەکانی دەسەڵاتدار بۆ "شەکرە قسە" کردن لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان، گۆڤارگەلێکیان ڕەکار خستیە بۆ خزمەتکردنی پرسگەلێکی نەکوردستانیی بۆئەوەی میللەتی کوردستانێ چێتر ئەو لایەنە بناسن. ئێکەک لەو گۆڤارانە، گۆڤاری تورکیاناسییە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی پدك سازوبەرگ دەکرێ. کاری ئەو گۆڤارە، نیشان دانی سیماکانی جوانی تورکیای داگیرکەرە ـــ کە ئەو گۆڤارە بە جۆرێکی کارا کارەکەی خۆی ئەدا کردیە. لە بەرامبەر ئەوەش، کوردستانناسیی وجودی نیە مەگەر ئەوە نەبێ کە ئەکادیمیێکی کوردیی دامەزرایە بۆ ئەوەی سیماکانی شێواوی فەرهەنگی کوردەواریی هەموار کاتەوە. وەلێ، ئەگەر نموونەی "مشتێك لە خەروارێك" بۆ ئەو ئەکادیمییە بهێنینەوە، دەبینین کە ئەو پێکهاتە، لە ئاست ناوەکەی خۆشی کێمی هێناوە. بۆ وێنە، هەر کەسێك جارێك لە هەولێرێ تەماشای تابلۆکانی سەر شەقامەکانی شاری کردبێ، دەزانی کە ئەو ئەکادیمیە وەکی پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە کە تانیبێتی ڕەهەندێکی گشتیی بۆ ڕێنووسی تابلۆکانی ڕێنوێنیی، دابنێ کە وێناچی کارێکی هێندە دژوار بێ.

لەلایەکی دیکە، گچەکەترین هەنگاو لە لایەن حیزبەکانی حوکمدار هەڵنەهێنراوە بۆ زیندی کردنەوەی لایەنەکانی شێواوی مێژوو و فەرهەنگی نەتەوایەتیی ـــ بەو مانایە کە کوردستانناسیی بە جۆرێکی ئەکادیمیی/زانستیی هەرگیز لە دەڤەری کەی ئاڕ گی بایەخی پێ نەدرایە. پێچەوانەی ئەوەش، هەموو توانایێك خراوەتە کار بۆ هێزمەند کردنی پەروەردەی "حیزبناسیی." خویاشە کە پەروەردەی حیزبناسیی، هەمیشە ڕێگر بووە لەبەرامبەرگەشە کردنی هەست و زانستی کوردستانناسیی.

جا لە کاتێك کە کارگەلێکی ئاوهایی دەکرێ، و لە بەرامبەر ئەو کارانەش کێمترین بایەخ بە پاراستنی کەڕامەتیی نەتەوە و نیشتیمان نەدرێ، میللەت ناتوانێ وەکی پێویستە وەها هوشیاریی نەتەوایەتیی هەبێ. لەبەرهەندێ، گەرەك بوو بەجێگەی تورکیاناسیی، یان لانی کێم، لە تەنیشت تورکیاناسیی، کوردستانناسییش بە کوالێتیێکی ئەکادیمیی/زانستیی کاری لەسەر کرابا؛ و هەڵ درابا کە سایکۆلۆژیی شێواویی خەڵکی کوردستانێ لە ڕەهەندی فەرهەنگێکی تەندرووستی نیشتیمانیی زیندیی کراباوە. بەجۆرێك، وەکو دەستپێك، لە چارچیوەی ئەو زهنیەتە کاری کردبا کە نەتەوەی کورد کەمینەی وڵاتەکانی داگیرکەر نیە ــــ کە نەتەوەی کورد، کوردی ئێڕاقێ، کوردی ئێرانێ، کوردی سووریایێ، و کوردی تورکیایێ نین. ئەو نەتەوەیە، نەتەوەی کوردانی کوردستانێن و خاوەنی مێژووی شکۆمەند و خاك و نەریتی خۆیانن، و دابەش و داگیر کراون. لێ مخابن، نەك هەر ئەو کارە نەکرا، بەڵكو درێژە بە فەرهەنگی سەقەتی "ئێمە و ئەوان" درا.  

لە نەتیجەی ئەو فەرهەنگە کرێتەی "ئێمە و ئەوان،" کە ئێمە کوردانی ئێراقێینە و ئەوان کوردانی "مەزرایێن" سایکۆلۆژیی سیاسیی حیزبەکان هەمیشە بە نەساغیی مایتەوە. ئەو شتانەی لەو ڕۆژانەی ئەم دواییە ڕوویان دا جارەکی دیکە ئەوەی وەبیر میللەت هێناوە کە ئەو حیزبانەی دەسەڵات، جارێکی تر لە ئاست ئەدا کردنی ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی کێمیان هێناوە. لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردی،  هێزەکانی پێشمەرگەی پارتەکانی کوردستانی بندەستی ئێرانێ لە بەرەکانی جەنگ لە دژی داعشییەکان کێشرانەوە، و ڕیگەیان پێ نەدرا کە ئەرکی پاراستنی کەڕامەتی میللەت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەری شەرەف ئەدا بکەن. ئەویش، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئێرانی داگیرکەری ڕەزای لەسەر نەبووە. ئەو بڕیارە، نەنیشتیمانپەروەرییە وەهای کرد کە ویژدانی نیشتیمانپەروەرانەی کوردستانێ جارێکی دیکە لەبەرامبەر بەشێکی دیکەی وڵات هەست بە ئازار و شەرمساریی بکا. لە لەلایەکی تر، هەڤوەڵاتییەکی کوردستانی بندەستی ئێرانێ کە لە دەڤەری کەی ئار گی دەژی، چوو بوو بۆ ئەوەی خوێنی خۆی بداتە ئەو پێشمەرگانەی کە لە بەرەی جەنگ دەجەنگن ــــ ئەویش پێی گۆترا بوو کە خوێنی لێوەر ناگرن، چونکە "جنسیەی ئێراقی" نیە.

وێدەچێ، ئەگەر عارەبێکی جنسیە هەڵگری ئێراقی داگیرکەر ئەو کارەی کردبا، خوێنیان لێوەرگرتبا، وەلێ لە کوردێکی کوردستانی خوێن وەرنەگیرایە ــــ کوردێك کە "جنسیەی مێژوویی وی هەمیشە کوردستانیی بووە." کوردێك کە ویستیتی خوێنی خۆی ببەخشێتە براکانی خۆی لە سەنگەری پاراستنی کەڕامەتی نیشتیمان کەچی خوێنی لێوەر نەگیراوە.

لێرەکانێ، ئێکەك لە بۆی هەیە پرسیار بکا، ئایا لەپاش ٢٣ ساڵ حوکمڕانیی پدك و ینك ـــ ئەوە ئەم زهنیەتە سەقەت و نەکوردستانیەیە کە لەبن حوکمی ئەو دوو حیزبە لەناو کوردانی دەڤەری کەی ئاڕ گی درووست بووە؟ ئایا ئەوە فەرهەنگی "کوردستان یان نەمان" ی ینك و پدكە کە بەو جۆرە هەستی وەلاتپارێزیی لەناو هەڤوەڵاتییان، لەو ئاستە نزم و نەخۆشە درووست کردووە؟

لە کۆتایی گەرەکە بگوترێ کە چۆن نەتەوەی کوردستانێ لەهەر چار پارچەی وڵاتێ بە درێژایی چەند سەدە خەباتیان لە دژی دابەشکردنی کوردستانێ لەبەرامبەر داگیرکەران کردیە، بەهەمان شێوەش ڕێگە نادەن ئەگەر حیزبگەلێك بیانەوێ درێژە بە دابەشکردنی زهنیەت و سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی کوردستانێ بدەن. چونکە، سایکۆلۆژیەتیی نەتەوایەتیی کوردستانێ ئێك سایکۆلۆژییە و نابێ ڕێگە بدرێ بەش بەش بکرێ.

ناوی شکۆمەندی کوردستانێ هەر زندی بمینێ!

Wednesday, August 6, 2014

 
 
کارەساتی شەنگالێ و حیزب ــ حیزبانێی حیزبەکانی کوردستانێ
 
کرمانجی سەعـیـد مەسیـفـیی


 لەوەتای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگالی ئاژدادیی دەستی پێکردیە کە تێیدا ئەو کارەساتە بەسەر هەڤوەڵاتییانی ئێزیدیی هات ــــ حیزبەکانی کوردستانێ، بە جێگەی خۆڕێکخستن لە ئێك سەنگەری ستراتیژیی بەرەی فیکریی/سی...اسیی/عەسکەریی، دەستیان دایتە کاری نەشرین کردنی ئێکدیکە. هەرجارە، ڕاستەوخۆ نەڕاستەوخۆ، بە جۆرێك ئێکدی خەتابار دەکەن. بەهەندێش، سەریان لە میللەت شێواندیە. ئێکەك لە رەفتارە هەر نزمەکانیشیان ئەوەیە کە وێنەگەلێکی کەون کە لەبۆ مەرامێکی دیکە گیراون ـــ بۆ مەبستی خۆیان، بۆ چەواشەکاریی میللەت بەکاریان دینن. بە ڕاستیی شەرمە، لە وەختێكی وەها ناسكیش، ئەوانە هێشتا دەست لەو کارە کرێتانە هەڵناگرن!

کارەساتی شەنگالێ، ئەو هەقیقەتەی نیشان داین کە لەئەنجامی نەبەرپرسێتیی سەرکردایەتیی کوردستانێ و ئەو حیزب ـــ حیزبێنە شوومەی کە دەیکەن، کەڕامەتی نەتەوایەتییمان زۆر بە دژواریی لە لایەن چەتەگەلێکی داعشیی سووکایەتیی پێکرا ــــ سووکایەتیێك کە تێیدا نێزیکەی ٥٠٠ لە خاتوونانی ئێزیدیی، خاتوونانی کورد، ڕفێندراون، و هەزارانیشیان لێ ئاوارە کراینە. لە ئانێکی ئاوهایی، چۆن دەکرێ ئەو حیزبانە لە ئاست بەرپرسێتیی ئەخلاقی نیشتیمانیی ئەوها کێم بێنن.

لەوەختێك حیزبەکان، بەتەمان خەتای ئەو کارەساتەش (وەکی کارەساتەکانی پێشان) بخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی ئیقلیمیی و هی دیکە، گەرەکە پرسیاریان لێ بکرێ، بۆچی نابێ بۆ جارێکیش پەنجەی خەتا بۆخۆیان ڕابکێشن؟ لە کاتێك دەگوترێ فڵانە وڵاتی ناوچە و فیساڵە هێز بۆ دژایەتیی گەلی کوردستانێ وەها دەکەن، ئایا ناکرێ بۆ جارێکیش لەگەل میللەت ڕاستگۆ بن و بڵێن، خەتای خۆشیانی تێدایە؟! ئایا لە کاتێك کوردستانیانی دەرێی وڵات گێبیسی ئەو بن کە کەی ئاڕ گی پلانی هەیە مووسل لە دەستی داعشیان دەرێنێ، داعشیەکان لەسەر سنووری کوردستانێ ئەو هەواڵەیان پێ نەگەیشتیە؟ ئایا کە سەرۆکی کەی ئاڕ گی لە کامپی خارز ئاوارەکانی مووسڵ دڵنیا دەکاتەوە کە مووسڵ ڕزگار دەکەن و لەوێ، لە ئایندەکی نێزیك، چاوی پێیان دەکەوێ، داعشییەکان کەڕوکۆرەن؟ ئەو ڕەفتارانە نابینن و ئەو گوفتارانە نابیسن! ئایا لەوەختی سەردانێکی خۆی بۆ بەرەی جەنگ، سەرۆکی کەی ئاڕ گی، بە بەرچاوی میدیای کوردستانێ و جیهانێ، گۆتی، چەکگەلێکی گران و پێشکەفتی لە ڕێن و زوو دەگەنە دەست پێشمەرگان ــــ لە حاڵەتێکی ئەوهایی، جەنابی سەرۆك چاوەڕێی ئەوە دەکا کە داعشییەکان دەست لە چۆکان دابنیشن و هیچ کاردانەوەیێك لەخۆیان نیشان نەدەن؟

کارەساتی شەنگالێ، ئەو ڕاستییەی وەبیر گەلی کوردستانێ هێناوە کە سەرۆکایەتییەکەیان چەندە بێ بەرنامە و بێ ستراتیژە! هەر لەبەر ئەو بێ بەرنامەییەش، بۆ میللەت هەیە کە لە سەرۆکایەتیی بپرسێ، ئایا ئەو زانیارییانەی کە پێوەندن بە نهێنی ستراتیژیی نیشتیمانیی، بۆچی دەبێ ئاوها سەرپێیانە قسەیان لێوە بکرێ و دوژمنان لێیان ئاگەدار بکرێن؟

گەلی کوردستانێ لە بیرتی کە سەرۆکی کەی ئاڕ گی بە بەرچاوی وان و جیهانێ، گۆتی، شەش مانگ پێش هێرشەکانی داعش مالیکمان ئاگەدار کرد کە مەترسیێکی ئەوها بەڕێوەیە. ئەو کارێکی باش بوو کە کردوویەتی، و میللەتیش ئافەرینی پێ دەڵێ. وەلێ، لە حاڵەتێکی ئاوهایی، ئەو پرسیارە دێتە بوون، ئایا لە وەختێك دەوڵەتی ئێراقێت لەو هەڕەشەیە ئاگەدار کردەوە کە ئامادەکاریی خۆیان بکەن، بۆچی خۆت لەناو دەوڵەتەکەی خۆت ئامادەکاریت نەکرد؟ بۆچی کە ئێزیدییەکان داوای چەکیان لێ کردبووی، هێزەکی تایبەتت لە ئێزیدییەکان درووست نەکرد کە بتانن لە "رۆژی مەبادا" پارێزگاری لە خۆیان و لە خاکی کوردستانێ بکەن؟ ئایا بۆچی هەتا ئێستا هیچ کەسێك لەسەر ئەو خیانەتە لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرایە؟ چۆن دەکرێ هیچ کەسێك هۆکاری ئەو خیانەتە نەبێ؟ ئایا هەتا کەینێ بەرژەوندییەکانی نەتەوە و نیشتیمان دەکەن قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حیزب ـــ حیزبانێ؟