Wednesday, August 27, 2014


تـورکـیـانـاسـیـی یـان کـوردسـتـانـنـاسـیـی!

کـرمـانـج گـونـدیـی

لەناو دەڤەری دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، لە ئەنجامی حیزب ــ حیزبانێ و نەتەبایی حیزبەکان، بەتایبەت پدك و ینك، ئێکەك لەو دیاردانەی کرێت کە دێتە بەرچاو، زۆرینە وبۆرینەیی "پرێسگەلێکی حیزبیی" لەژێر ناوگەلێکی جیاواز کار بۆ سیما جوان کردنی حیزبەکانی "پاڵپشت" دەکەن. کاری ئەو پرێسگەلە دوور لە ئەخلاقیی ژوڕنالیزمی، و ڕەچاو کردنی سەرچاوەی هەواڵی باوەڕمەند، وەکی ماکینەی پڕۆپاگەندە، بەشێکی سەرەکیی کارەکانیان، هێرش کردنە سەر ئەو کەسانە و لایەنانەیە کە لەخەتی حیزبیی وان ناهزرن.  

لەسەرپشکی ئەوەش، بە پارەی میللەت، حیزبەکانی دەسەڵاتدار بۆ "شەکرە قسە" کردن لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان، گۆڤارگەلێکیان ڕەکار خستیە بۆ خزمەتکردنی پرسگەلێکی نەکوردستانیی بۆئەوەی میللەتی کوردستانێ چێتر ئەو لایەنە بناسن. ئێکەک لەو گۆڤارانە، گۆڤاری تورکیاناسییە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی پدك سازوبەرگ دەکرێ. کاری ئەو گۆڤارە، نیشان دانی سیماکانی جوانی تورکیای داگیرکەرە ـــ کە ئەو گۆڤارە بە جۆرێکی کارا کارەکەی خۆی ئەدا کردیە. لە بەرامبەر ئەوەش، کوردستانناسیی وجودی نیە مەگەر ئەوە نەبێ کە ئەکادیمیێکی کوردیی دامەزرایە بۆ ئەوەی سیماکانی شێواوی فەرهەنگی کوردەواریی هەموار کاتەوە. وەلێ، ئەگەر نموونەی "مشتێك لە خەروارێك" بۆ ئەو ئەکادیمییە بهێنینەوە، دەبینین کە ئەو پێکهاتە، لە ئاست ناوەکەی خۆشی کێمی هێناوە. بۆ وێنە، هەر کەسێك جارێك لە هەولێرێ تەماشای تابلۆکانی سەر شەقامەکانی شاری کردبێ، دەزانی کە ئەو ئەکادیمیە وەکی پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە کە تانیبێتی ڕەهەندێکی گشتیی بۆ ڕێنووسی تابلۆکانی ڕێنوێنیی، دابنێ کە وێناچی کارێکی هێندە دژوار بێ.

لەلایەکی دیکە، گچەکەترین هەنگاو لە لایەن حیزبەکانی حوکمدار هەڵنەهێنراوە بۆ زیندی کردنەوەی لایەنەکانی شێواوی مێژوو و فەرهەنگی نەتەوایەتیی ـــ بەو مانایە کە کوردستانناسیی بە جۆرێکی ئەکادیمیی/زانستیی هەرگیز لە دەڤەری کەی ئاڕ گی بایەخی پێ نەدرایە. پێچەوانەی ئەوەش، هەموو توانایێك خراوەتە کار بۆ هێزمەند کردنی پەروەردەی "حیزبناسیی." خویاشە کە پەروەردەی حیزبناسیی، هەمیشە ڕێگر بووە لەبەرامبەرگەشە کردنی هەست و زانستی کوردستانناسیی.

جا لە کاتێك کە کارگەلێکی ئاوهایی دەکرێ، و لە بەرامبەر ئەو کارانەش کێمترین بایەخ بە پاراستنی کەڕامەتیی نەتەوە و نیشتیمان نەدرێ، میللەت ناتوانێ وەکی پێویستە وەها هوشیاریی نەتەوایەتیی هەبێ. لەبەرهەندێ، گەرەك بوو بەجێگەی تورکیاناسیی، یان لانی کێم، لە تەنیشت تورکیاناسیی، کوردستانناسییش بە کوالێتیێکی ئەکادیمیی/زانستیی کاری لەسەر کرابا؛ و هەڵ درابا کە سایکۆلۆژیی شێواویی خەڵکی کوردستانێ لە ڕەهەندی فەرهەنگێکی تەندرووستی نیشتیمانیی زیندیی کراباوە. بەجۆرێك، وەکو دەستپێك، لە چارچیوەی ئەو زهنیەتە کاری کردبا کە نەتەوەی کورد کەمینەی وڵاتەکانی داگیرکەر نیە ــــ کە نەتەوەی کورد، کوردی ئێڕاقێ، کوردی ئێرانێ، کوردی سووریایێ، و کوردی تورکیایێ نین. ئەو نەتەوەیە، نەتەوەی کوردانی کوردستانێن و خاوەنی مێژووی شکۆمەند و خاك و نەریتی خۆیانن، و دابەش و داگیر کراون. لێ مخابن، نەك هەر ئەو کارە نەکرا، بەڵكو درێژە بە فەرهەنگی سەقەتی "ئێمە و ئەوان" درا.  

لە نەتیجەی ئەو فەرهەنگە کرێتەی "ئێمە و ئەوان،" کە ئێمە کوردانی ئێراقێینە و ئەوان کوردانی "مەزرایێن" سایکۆلۆژیی سیاسیی حیزبەکان هەمیشە بە نەساغیی مایتەوە. ئەو شتانەی لەو ڕۆژانەی ئەم دواییە ڕوویان دا جارەکی دیکە ئەوەی وەبیر میللەت هێناوە کە ئەو حیزبانەی دەسەڵات، جارێکی تر لە ئاست ئەدا کردنی ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی کێمیان هێناوە. لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردی،  هێزەکانی پێشمەرگەی پارتەکانی کوردستانی بندەستی ئێرانێ لە بەرەکانی جەنگ لە دژی داعشییەکان کێشرانەوە، و ڕیگەیان پێ نەدرا کە ئەرکی پاراستنی کەڕامەتی میللەت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەری شەرەف ئەدا بکەن. ئەویش، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئێرانی داگیرکەری ڕەزای لەسەر نەبووە. ئەو بڕیارە، نەنیشتیمانپەروەرییە وەهای کرد کە ویژدانی نیشتیمانپەروەرانەی کوردستانێ جارێکی دیکە لەبەرامبەر بەشێکی دیکەی وڵات هەست بە ئازار و شەرمساریی بکا. لە لەلایەکی تر، هەڤوەڵاتییەکی کوردستانی بندەستی ئێرانێ کە لە دەڤەری کەی ئار گی دەژی، چوو بوو بۆ ئەوەی خوێنی خۆی بداتە ئەو پێشمەرگانەی کە لە بەرەی جەنگ دەجەنگن ــــ ئەویش پێی گۆترا بوو کە خوێنی لێوەر ناگرن، چونکە "جنسیەی ئێراقی" نیە.

وێدەچێ، ئەگەر عارەبێکی جنسیە هەڵگری ئێراقی داگیرکەر ئەو کارەی کردبا، خوێنیان لێوەرگرتبا، وەلێ لە کوردێکی کوردستانی خوێن وەرنەگیرایە ــــ کوردێك کە "جنسیەی مێژوویی وی هەمیشە کوردستانیی بووە." کوردێك کە ویستیتی خوێنی خۆی ببەخشێتە براکانی خۆی لە سەنگەری پاراستنی کەڕامەتی نیشتیمان کەچی خوێنی لێوەر نەگیراوە.

لێرەکانێ، ئێکەك لە بۆی هەیە پرسیار بکا، ئایا لەپاش ٢٣ ساڵ حوکمڕانیی پدك و ینك ـــ ئەوە ئەم زهنیەتە سەقەت و نەکوردستانیەیە کە لەبن حوکمی ئەو دوو حیزبە لەناو کوردانی دەڤەری کەی ئاڕ گی درووست بووە؟ ئایا ئەوە فەرهەنگی "کوردستان یان نەمان" ی ینك و پدكە کە بەو جۆرە هەستی وەلاتپارێزیی لەناو هەڤوەڵاتییان، لەو ئاستە نزم و نەخۆشە درووست کردووە؟

لە کۆتایی گەرەکە بگوترێ کە چۆن نەتەوەی کوردستانێ لەهەر چار پارچەی وڵاتێ بە درێژایی چەند سەدە خەباتیان لە دژی دابەشکردنی کوردستانێ لەبەرامبەر داگیرکەران کردیە، بەهەمان شێوەش ڕێگە نادەن ئەگەر حیزبگەلێك بیانەوێ درێژە بە دابەشکردنی زهنیەت و سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی کوردستانێ بدەن. چونکە، سایکۆلۆژیەتیی نەتەوایەتیی کوردستانێ ئێك سایکۆلۆژییە و نابێ ڕێگە بدرێ بەش بەش بکرێ.

ناوی شکۆمەندی کوردستانێ هەر زندی بمینێ!

2 comments:

  1. دکتور کرمانج گوندی ئەمجارەش وەك جارانی تری بابەتێکی زۆر بە نرخی هینایە پێشەوە. جارەکەی تر داوای دەرهێنانی پارتەکانی کوردستانی باشوور بوو لە لیستی تیروریستی ئەمەریکا. ئەم جارە دوربینی کاردانەوەی گرژی لەگەل لایەنەکانی تری کوردستان. بە راستی ئەم رەخنانەی ئەبێ بکریتە پێش چاو بۆ ئەوەی پێش وەخت رێگا بگیری کاردانەوی خەراپی نەبێ. کاردانەوەی گرژی لەگەل پارچەکانی تری کوردستانی گەورە کاریگەری لەسەر کوردستانی باشوور (خوا نەخواستە) زۆر بە سەخت ئەبێ و کەسیش حەز لەوە ناکا ئەمە پەیدا ببێ. هیوادارم ئەم رەخنانە بکرینە پێش چاو بۆ تیمار کردنی هەر برینیک کە روی داوە لە بەر گرژیەکان. من ئەزانم سەرکردەی کەی ئار جی بتوانن حەکیمانە ئەم جۆرە شتانە لەمناو بەرن. دیسانەوە دەس خۆش دکتور گوندی.

    ReplyDelete
  2. مامۆستای من، دکتۆر فەرەیدون،
    زۆر سوپاست دەکەم بۆ تێڕامانینی جوامێرانەت ـــ زوو یان درەنگ، فەرهەنگی نیشتیمانیی و کوردستانناسیی دەبێ بخرێتە سەر زهنیەتیی حیزبناسیی.

    ReplyDelete