Friday, March 1, 2013

پرێزدنت بەڕاک ئۆباما
سەرای سپیی
١٦٠٠ شەقامی پێنسیڵڤانیا  نۆرث وێست
واشینگتۆن دی سی ٢٠٥٠٠
٢٢ فێبریوری ٢٠١٣
شکۆمەند پرێزدنت ئۆباما:
 
سوپاس بۆ پشتگیریی ئەم دواییەت بۆ پلانی ئاشتیی لە نێوان وڵاتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). گوتاری هاندەرانەی جەنابت لە پارلەمانی تورکیی لە ٦ ئەپڕێلی ٢٠٠٩، بووە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستانی تورک دایەڵۆگ لەگەل ڕێبەرانی "کوردانی ئێراق" بەرقەرار بکەن کە سەرئەنجام تێگەیشتنێکی چێتری لە نێوان هەرتک لا درووست کرد، و کەشێکی هاوکاریی وەهای ساز کرد کە کۆتایی هێنا بە گۆتەهایێکی توند و ڕووبەڕوو بوونەوەی تورکیی ــ کوردیی. ئەو پێوەندییە نوێیەی تورکیی ــ کوردیی سەلماندی کە کاری نێوکۆیی سوودی لەبۆ هەمووان هەیە، بەتایبەت بۆ تورکان ــــ  چونکە، پاش ئەوەی گۆڕان لە ڕەفتاری تورکان دیترا، کوردستان ــ ئێراق بووە بازاڕێکی سوودمەند بۆ تورکان. ئەو پێوەندییە بووە هۆی ئەوەش کە لە ئاستی ئەو کوردۆ ــ فۆبیایە کێم بکرێتەوە کە لەناو زهینیەتی سیاسی تورکان جێگیر ببوو. ئەمە تورکانی توانا کرد تێبگەن کە پێوەندیی لەگەڵ کوردان سوودی بۆ وڵاتی تورکیی دەبێ.
جەنابی پرێزدنت، پشتگیریی تۆ بۆ پڕۆسێسی دایەڵۆگی تورکیی ـــ کوردیی دەکرێ ئەنجامێکی هاوشێوەی بۆ ئاییندەی تورکان و کوردان لە تورکیایێ هەبێ. بەڵام ئەمە لە ‌حاڵەتێک دەکرێ کە تورکیا سیاسەتێکی پڕاکتیکیی بۆ چارە وەدۆزین بۆ دۆزی کوردان درووست بکا. هەتا ئێستاکانێ، کاربەدەستانی تورک نەیانتوانیە کە ڕێگەی هاتنە دەرێ لە سایکڵی ترس وەدۆزن ـــ سایکڵێک کە نەیهێڵاوە تورکیا بتوانی ڕێگەیێکی ڕاست بەرەو ئاییندەیێکی ڕۆناکتر پەی بکا.
دەوڵەتی رەجەب تەیب ئۆردوگان، ئەگەرچی لەوەتای کۆماری تورکیا دامەزرایە لە حکومەتەکانی پێش خۆی پڕاکتیکاڵتر بووە ـــ لێ، بە دیدەکی پڕاگماتیکتر لە دەرگیریی تورکیی ـــ کوردیی نێزیک نەبۆتەوە. گۆتەکانی دەنگداری ئۆردوگانێ کە دەبێ پەکەکە چەک دابنێ پێش ئەوەی تورکیا هەنگاوێکی ماقوول بهاوێ بۆ ئەوەی نییەتی باشی تورکان نیشان بدا ـــ لە سەخڵەتیی کوردانی کێم نەکردیتەوە. جەنابی سەرۆك، لێرەکانێ، کەسێک لەبۆی هەیە بپرسێ، ئایا تورکان بە ڕاستیی دەیانەوێ چارەیێک بۆ دۆزی کوردان وەدۆزن یان دەیانەوێ چەک بە پەکەکە دابنێن؟ کاربەدەستانی تورک گەرەکە بڕەک زێتر سەداقەت بەکاربێنن بۆ ئەوەی چارەیێکی ئاشتییانە بۆ پرسی کوردان وەدۆزن و چیدی "ئەسپ نەخەنە پێش عەرەبانە." (ئەو مەقوولە لە زمانی ئینگلیزیی زۆر مانادارە بۆ گەیاندی مەبەستی ئەوەی کە کار بەرەواژیی ئەنجام نەدرێ). پەکەکە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتەی تورکیایێیە کە نکۆڵی لە وجوودی کوردان دەکا ـــ سیاسەتێک کە سەرچاوە لە دەستووری تورکیایێ وەردەگرێ ــــ دەستوورێک کە هەتا ئەوڕۆکانێش ئەوە بە بیری جیهانێ دینیتەوە کە تەواوی ئەوانەی لە تورکیایێ دەژین تورکن نەک "هەڤوەلاتییانی تورکیایێ." تورکیا گەرەکە بزانی، هەرچەند زووتر دۆزی کوردان چارە بکرێ، پەکەکە زووتر چەک دادەنێ و دەبێتە حیزبێکی سیاسی ــــ ئەوەش گەرەکە بگوترێ کە پەکەکە بۆخۆی بەرنامەیێکی پەکەکەیی نیە ــــ پەکەکە هەمیشە خەباتی کردووە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کوردان ــــ مافهایێک کە لەوەتای کۆماری تورکیایێ لە ساڵی ١٩٢٤ درووست بووە، کەتمان و نکۆڵییان لێکراوە.
لەنێو گوتاری خۆت لە پارلەمانی تورکیایێ لە ساڵی ٢٠٠٩، جەنابت قەدردانی خۆت بۆ زۆرێک لە سەرکەوتنەکانی تورکان لەو ساڵانەی دوایی نیشان دا، و گوتت "ئەو سەرکەوتنانە قانوونهایێکیان درووست کردیە کە دەبێ ئەنجام بدرێن، و ئەو داینامیزمەش دەبێ بپارێزرێ."  جێگەی داخە کە دەبینین نێزیکەی چار ساڵ پاش گوتارەکەی جەنابت هیچ یەکێک لەو یاسایانەی جەنابت هێمات پێکرد ئەنجام نەدراوە. تەنها کارێک کە کاربەدەستانی تورک کردوویانە بەکارهێنانی مانۆری سیاسی بووە بەبێ ئەوەی یەک برگە لە دەستووری تورکیایێ بگۆڕن کە هەتا ئێستاش نکۆڵی لە وجوودی کوردیی دەکا. جێگەی سەرنجە، لە لاێیک حکوومەتی تورکیا دایەڵۆگی کردۆتەوە و لەگەڵ ئۆجەلان کە سەرۆکی پەکەکەیە کەوتۆتە نێو دانوساندن، و لە لایێکی دیکە ئۆردوگان بەردەوام زمانێکی ناسازگار و هەڕەشەیی لە دژی پەکەکە بەکار دێنێ. لێرە، یەکێک دکاری بپرسی بۆچی ئۆردوگان دانوساندن لەگەڵ "سەر" دەکا لە وەختێک بەو جۆرە هێرش دەکاتە سەر "جەستە."  
  درووست ئێک رۆژ پاش ئەوەی تیمی دانوساندنی وی دیداری لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام داــــ ئۆردوگان ڕایگەیاند کە وی هەر کارێک دەکا بۆ بێچەک کردنی پەکەکە ــــ کە ئەمە خۆ دزینەوە لەو هەقیقەتەیە کە بێچەک کردنی پەکەکە بەشێکە لە ئەنجام دانی کۆی بەرنامەکانی دانوساندن. پاش ئەمە، کوشتاری پاریسێ ڕووی دا کە تێیدا سێ خانمی دیپلۆماتی کورد کوژران و ڕێچکەی کوشتارەکەش چووە سەر عومەر گونەی کە وەک ڕاگەیێندرا ئەو کابرایە ئەندامێکی سازمانی نەتەوایەتیی سیخوڕی تورکیا (میت) بووە. دواتر، لە پرێس کۆنفڕانسێک ئۆردوگان گوتی کە گەرێنتی سەلامەتیی هەر گەریلایێکی پەکەکە دابین دەکا کە بەسەلامەتیی لە تورکیا بچێتە دەرێ بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەکیی بێتە پێش. ئەو ناڕێکی و نابەرامبەرییە لە ڕەفتاری ئۆردوگانێ یارمەتیی ئەوە نادا کە کوردان دڵنیا بکا لەوەی کە وی دڵسۆزانە دەیەوێ چارەکی جیدی سیاسی وەدۆزێ و کۆتایی بە خوێنڕێژتن لە تورکیایێ بهێنێ. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ڕا، پەکەکە لەژێرڕێبەرایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان، چەند جارێک بە یەکلایی جەنگی ڕاوەستاندیە بۆ ئەوەی شانس بداتە چارەی ئاشتییانە کە تێیدا کۆتایی بە خوێنڕێژیی بهێنرێ. دەسەڵاتدارانی تورک هەمیشە گۆتیتیان کە "ئێمە دانوساندن لەگەڵ تیرۆریستان ناکەین."
تورکیا و هەڤپەیمانەکانی، ئەمریکاش لەگەڵیان بەو جوانخانمان و جوامێرانەی قەندیلێ و شوێنی تر دەڵێن "تیرۆریست" ــــ ژنان و پیاوانێک کە وازیان لە هەموو شتێک لە ژیانی خۆیان هێناوە و دژوارترین جۆری ژیانیان هەلبژاردیە تەنێ بۆ ئەوەی خزمەتی میللەتە چەوساوەکەی خۆیان بکەن. ئەگەر بەڕاستیی ئەو دلێرژن و دلێرپیاوانە "تیرۆریست" بن ــــ ئیدی دەکرێ بە ملیۆنان کوردانی ئاشقبەئازادیی دیکە لە هەموو پارچەکانی کوردستانێ و لە دەرێی کوردستانێ بگۆرتێ "تیرۆریست." جەنابی سەرۆک تۆ دەزانی، میللەتێکی چەوساوە کە نکٶڵی لە بوونی کرایە ناتانی ببێتە "تێرۆریست." کوردان خەباتییان کردووە تەنێ بۆ ئەوەی بتوانن وەکی تورکان و میللەتانی ئازاد لە ئاشتیی بژین. جا، ئەگەر ئەو تۆمەتانە ڕاست بن، ئەمە ئەو مانایەش دەگەینێ کە پاشای ئینگلستانێ دەیتوانی تەواوی نیشتەجێکانی ئەمریکایێ ــــ ئەوانەی کە لە پێش ساڵی ١٧٧٦ (ساڵی سەربەخۆیی ئەمریکایێ) بۆ ئازادیی دەجەنگان بە "تێرۆریست" تۆمەتبار بکا. لە ڕابردوو، ئەمریکا بە پیلانگێڕی لەگەڵ ڕژێمهایێکی چەوسێنەر خەباتگێڕانی ئازادیی، لە وانە نێڵسن ماندێڵای بە "تێرۆریست" تۆمەتبار کردووە. تۆمەتبار کردنی کچان و کوڕانی میللەتی کورد کە بۆ دەیان ساڵە دەجەنگن بۆ ئەوەی کەڕامەتی نەتەوایەتیی خۆیان بپارێزن لەگەڵ بەهاکانی ئەمریکایێ ڕێک ناکەوێ و گەرەکە ئەو تۆماتبەرکردنە ڕابوەستێندرێ ــــ چونکە کارێکی ژاراوییە و کارێگەرێتییەکی کوشندەی لەبۆ میللەتی بێگوناهی کوردستانێ هەیە. ئێمە لەوە تێدەگەین کە ئەمریکا هەندێک بەرژەوەندی نێوکۆیی گرینگی لەگەڵ تورکیا هەیە، ئێمە ڕێزمان لەبۆ هەندێ هەیە ــــ بەڵام، ئەمە نابێ لەسەر حسێبی کوردانی چەوساوە بێ.
جەنابی پرێزدنت، پشتگیری ئاشکرای تۆ بۆ تورکیا بۆ ئەوەی ڕووبەرووی پەکەکە ببێ یارمەتی تورکانی داوە کە دژوارانە لەمەڕ مافەکانی کوردان ڕەفتار بکەن. تورکان مامرەتی پەکەکەیان وەکی بەهانەیێک بەکار هێناوە بۆ ئەوەی درێژە بە سیاسەتی چەوسێنەرانەی خۆیان بدەن. وەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، پەکەکە بەرنامەی ڕێکخراوەیی خۆی نیە ــــ پەکەکە ڕێبەرایەتیی بزاڤێکی نەتەوەیی دەکا و پشتگیرییەکی زۆریشی لەلایەن میللەتی کوردستانێ لێدەکرێ. ئەوە پەکەکە بوو کە تەرمی مردووی میللەتی کوردی لە گۆڕێ دەرهێنا، گیان و ژیانی کردە بەرێ، و جارەکی تر خستیەوە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانێ. پەکەکە بۆ پێناسەکردنی هۆیەتیی چەوساوەترین میللەتی جیهانێ خەباتی کردووە. تکایە مەهێڵە تورکیا ئەو پشتگیرییەی ئەمریکایێ لە دژی کوردان بەکار بێنێ ــــ کوردان کە تەنێ بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی ڕەوای خۆیان خەباتیان  کردووە ـــــ مافهایێک کە بەنا بە لایەحەی ڕاگەیاندی سەربەخۆیی ئەمریکایێ بریتین لە "ژیان، ئازادیی، و هەوڵ دان بۆ وەدەستهێنانی شادکامیی."
جەنابی سەرۆک، کوردان دوژمنانی تورکان، فارسان، و عارەبان نین. کوردان دوژمنانی وڵاتانی رۆژاوایێ نین ــــ ئەوان دوژمنانی ویلایەتەکانی یەکگرتوویی ئەمریکایێش نین. تەنها شتێک کە کوردان خەباتیان لەبۆ کرد بێ، وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خۆیان بووە. لەگەڵ هەندێش، لە ئەنجامی سیاسەتی ڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژاوایێ، کوردان دوچاری ئازارێک بوونە کە تەوەقوع ناکرێ ــــ پاش ئەوەی کە هێزەکانی ڕۆژاوایێ بەو جۆرە کوردان و خاکی وانیان دابەشکرد. لە نەتیجە، کوردانیان لە دۆخێک بەجێهێشت کە ببنە ئارمانجی سیاسەتهایێکی تواندنەوە و چەوساندنەوە کە لەلایەن حکوومەتەکانی ناسیۆنلیست و بیرتەسکی تورکیا، سووریا، ئێران، و ئێراق ئەنجام دراون ــــ ئەو وڵاتانە، پێکەوە و بە یارمەتی دۆستانی سوپێرهێزی خۆیان توانیویانە کە نەتەوەی کوردستانێ لەژێر سیاسەتی نکۆڵی لێکردن و چەوساندنەوە بهێڵنەوە.     
١٥ی فێبریوەری ٢٠١٣، چاردەمین ساڵوەگەڕی دەستگیرکردنی ئۆجەلان بوو. ڕۆڵی گرینگی ئەمریکا و ئیسڕایل بووە هۆی دەستگیر و ڕادەستکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیایێ. بەڵام، ئەو پیلانە نەیتوانی ڕووحیەی ئۆجەلان تێکبشکێنێ، نەیتانی پەکەکە بێهێز بکا ــــ و بە حەتمیش نەیتوانی کوردان ملکەچ بکاو پێشیان لێبگرێ لەوەی کە نەڕژێنە سەر شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانێ ــ تورکیا بۆئەوەی داخوازیی مافەکانی خودا پێداوی خۆیان بکەن. لەماوەی چاردە ساڵی ڕابردوو، ئۆجەلان لەناوەوەی ژۆری گرتیخانە لە دوورگەی ئیمڕالی ڕێبەرایەتیی بزاڤی کوردانی کردووە هەروەکی کە ڕێزدار نێڵسن ماندێلا لە ژۆری گرتیخانە کردی لە دورگەی ڕۆبن لە ئەفریکای باشوور. ئۆجەلان ئەو ڕێبەرەیە کە ڕۆڵی ژنانی کوردیی بەجیدیی ناسیوە و هەوڵی پێشڤەبردنی ستاتوسی وانی لە هەر سیمایێکی موحتەمەل داوە. ئۆجەلان خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی ژنانی کوردی جودا نەکرد لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەیی. تۆمەتبار کردنی ڕێبەرێکی ئەوها خاوەن دید بە "تێرۆریست" تەنێ زیان بە پڕۆسێسی ئاشتی لە تورکیا دەگەینێ، و ئەوەش وەبیری میللەتی کوردستانێ دێنێتەوە کە ئەمریکا دڵسۆزانە یارمەتییان نادا کە ئاییندەیێکی چێتر وەبینن. لەبەرهەندێ، ئێمە باوەڕدارین کاتی ئەوە هاتیە کە ئەمریکا وەکوو سوپێرهێزێکی ڕێبەر ڕۆڵی خۆی ئەدا بکا بۆ ئەوەی پڕۆسێسی ئاشتی تورکیی ـــ کوردیی پێشڤە ببا بەوەی کە گوشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی دۆزی کوردان بە پێوەرێکی جودا لە پێشان بنرخێنێ و نەخشەڕیگەیێکی پڕاکتیکاڵ بەکار بهێنێ بۆ ئەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ کوردان درووست بکا. جەنابی سەرۆک، تکایە پەکەکە لەسەر لیستی ڕێکخراوەکانی "تێرۆریستیی" لاببە و یارمەتیدار بە بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان لە گرتیخانەی تورکیی، و کۆتایی بە ژیانی مشەختباری کوردان بهێنە. دوعا دەکەین کە بەردەوام سەرکەوت بی.
دڵسۆزانە،
کرمانج گوندیی
پرۆفیسۆر     
 

سێکیولاریزمی تورکیی لە بەرامبەر دیموکراسیی کێم دێنێ

کرمانج گوندیی
بەرایی
لە سادەترین فۆرم، سێکیولاریزم دەکرێ وەکی ئایدیۆلۆژیێک تاریفی لەبۆ بکرێ کە ئایین لە دەوڵەت جودا دەکا. سێکیولاریزم ئەو مافە بۆ خەڵک دابین دەکا کە لە ئاست فەرمان و قوتابخانەی ئایینیی ئازاد بن. سێکیولاریزم دژی ئایین نیە، بەڵام لە بەرامبەر ئایین سەربەخۆیی هەیە. سێکیولاریزم بە شێوەکی گشتی بەمانای دیموکراسیی نیە ـــ لێ، دەکرێ هەنگاوێک بێ بەرەو مۆدێرنیزە، و دامەزراندنی ئینستیتیوتهایێکی دیموکراتیک کە تێیاندا عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و یەکسانیی بە جۆرێکی خویا لە نێوەرۆکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی، سیاسەت، و ئابووریی ئەدا بکرێ و هەڤوەڵاتییان لێی بەهرەمەندبن.
 
سێکیولاریزمی تورکیی کە لەگەڵ دامەزراندی کۆماری تورکیا لەساڵی ١٩٢٤ درووست بوو، توانی ئایین لە سیستەمی دەوڵەتدارێتیی دوور بکا ـــ بەڵام، بە جێگەی ئەوەی لە ڕەهەندی دامەزراندنی کۆمەڵگەییکی یەکسان هەنگاوهەڵێنێ کە تێیدا عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بەرقەرار بکرێ ــــ لەژێر کارێگەرێتیی شۆڤێنیزمی تورکیی و زهنیەتیی عەسکەرتاریی نەک هەر لەو ڕەهەندە نێزیک نەبۆوە، بەڵکوو ڕێچکەی لاسایی کردنەوەکی وێنەچووی لە فەرهەنگی ئۆروپایێ پێشگرت؛ و لە بنپەردەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوایێ توانی فەرهەنگی ڕەگەزپەرستانە تورکیی بەرفرە بکا، و لە نێو ئەو فەرهەنگەش نکۆڵی لە ئێکەک لە کەونارترین نەتەوەی جیهانێ بکا.  
 
فەرهەنگی سێکیولاریزم
لەساڵێ ١٨٤٦، بۆ یەکەمجار نووسەری نێومەندی ئینگلستانیی ، جۆرج جەیکەب هۆلیئۆک تێرمی سێکیولاریزمی وەکی چەمکی "هزری ئازاد" بەکار هێنا بۆ ئەوەی وەکی بنەماگە خزمەتی "چارچێوەی بیریی کۆمەڵایەتیی" بکا. پاشان، لە بەحسەکەی خۆی "ئەخلاقی سێکیولار" کە لە ساڵی ١٨٩٦ چاپ و بڵاوی کردەوە، هۆڵیئۆک بەو جۆرە تاریفی سێکیولاریزم دەکا:
 
"سێکیولاریزم کۆدی ئەرک و بەرپرسێتییە کە پێوەندی بەم ژیان و جیهانە هەیە و لە مرۆڤ دەست پێدەکا و لە مرۆڤیش تەواو دەبێ، و پتر بۆ ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بە ‌‌ثیۆلۆگی و ئایینمەندیی نیە، وئایین ناکامڵ دەبینن. سێکیولاریزم لەسەر سێ بنەماگە دامەزراوە: ١) لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەتێریال ئەم ژیانی گۆزەویە پێشڤە ببرێ، ٢) زانست حیکمەتێکی بەردەستە بۆ [خزمەتکردنی] مرۆڤ، و ٣) کارێکی چاکە لەهەر وەختێک کە بکرێ چاکە ئەنجام بدرێ ــــ بەڵام، چاکە لە نەزەر بگیرێ یان ن گیرێ ــــ چاکەی ژیانی ئێستا چاکە، ئەوەش کارێکی چاکە کە [بەردەوام] هەول بدرێ بۆ ئەوەی کاری چاک بدرێ."
 
ئەدگارەکانی سەرەتایی سێکیولاریزم لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراون کە بنەماگەی "چاکەکاریی" کە تێیدا مرۆڤانی ئاسایی ئەو مافەیان بۆ دابنین کراوە کە بە جۆرێکی یەکسان بواری پێشکەوتیان هەبێ. بەڵام، لە زۆر لە ڕژێمانی سێکیولار ـــ تورکیاش لەگەل ـــ سێکیولاریزم لەسەر حسێبی بنەماگەکانی بنچینەیی دیموکراتیک درێژە بە مانەوەی دراوە. تورکیا، وەکوو وڵاتێکی ئیسلامیی کە لە ساڵی ١٩٢٤ ڕا لە لایەن سێکیولاری ڕادیکاڵ کە ئینستیتیوتی ئەسکەریی لەسەرووی دەوڵەتی تورکیایێ بوو، و بە هەموو جۆرێک (خوێن رێژتنیش لەگەڵ) دژایەتیی پێکهاتەکانی ئایینیی و ئازادیی تاکانی ئایینمەندی کردیە. ئەمە بۆ خۆی لادان لە بنەماگەی سێکیولاریزم و کەمهێنان بووە لە فەرهەنگی دیموکراسیی.
 
سێکیولاریزمی تورکیی
لە وەختێک کە پارلەمانی تورکیا یاسای قەدەغە کردنی سەرپۆشی ژنانی ڕاکرد بۆ ئەوەی ئازادیی بە ژنانی تورکیایێ بدرێ لە کاتێک ئەگەر ژانانێک ئارەزوویان بێ بتانن ئەو مافە خودا پێداوەی خۆیان بەکار بێنن ــــ تا پارلەمان ئەو کارەی کرد، ئینستیتیوتی ئەسکەری و سێکیولاریستەکانی ڕادیکاڵ زۆر بە توندی کەوتنە هێرش کردن بەوەی کە ئەوانە دەیانەوێ سێکیولاریزمی تورکیایێ لاواز بکەن. دانەوەی ماف بە هەڤوەڵاتییان بۆ ئەوەی ئازادیی خویان بەکار بێنن لادان لە سێکیولاریزم نیە بەڵکو ڕەویش و ڕەهەندی بەرفرە کردنی پلوورالیزم و فەرهەنگی دیموکراسییە. ئەوە ڕاستە لە وەختێک شەریعەت بکرێتە بەشێک لە دەستووری وڵات سێکیولاریزم لاواز دەبێ، بەڵام بە هەمان شیوە دەکرێ مەترسییدار بێ لە کاتێک بە توندی مەفەکانی هەڤوەڵاتییان ڕەد بکرێ کە نەتانن ئازادانە ئەدای باوەڕەکانی فەرهەنگیی و ئایینیی خۆیان بکەن ـــ لەو ‌حاڵەتە زهنییەتی ڕادیکاڵ، "سێکیولاریزم" دەگوازێتەوە بۆ "سێکیلاریزمی ڕادیکاڵ"  کە فەرهەنگی "کەمتەحەمولیی و ڕەدکردنەوە" درووست دەکا (دیکتاتۆرەکان بە گشتی زادەی ئەو زهنییەتە سەقەتەن). هەر ئەو زهنیەتە سەقەتەش کە وەکوو تاعوون لەساڵی ١٩٢٤ڕا، سەراپای ناسیۆنالیزمی تورکی تەوق داوە ـــــ تورکیای لەناو سایکلی ترس، بێباوەڕیی، و جەهلی تورکیزم حەپس کردیە.
 
 
هەر ئەو فەرهەنگە سیاسی ــــ یاساییەی تورکایێ بۆخۆی وەبیرهێنانەوەیێکە بۆ جیهانێ کە ببینن سیستەمی "سیاسی ـــ عەدلی تورکیی" چەند ناعادڵە و نادیموکراتیکە و چەند کێم دەهێنێ لە بەرامبەر "عەدالەتی هەقیقیی." هەر لەبەر هەندێش سیستەمی سیاسی ــــ عەدلی تورکیی خالیی لە توانای ئەخلاقییە.
 
 ئەو کوردۆفۆبیایەی کە فەرهەنگی سیاسی ـــ کۆمەڵایەتیی تورکیی درووستی کردووە ــ بەهانەییك بووە کە سێکیولاری  ناسیۆنالیزمی تورکیی هەمیشە بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی ڕەوایی بدا بە پڕۆسەی چەوساندن و نکۆڵی کردن لە بوونی نەتەوەی کەوناری کورستانێ.
 
سێکیولاری ناسیۆنەلیزمی تورکیی هەمیشە دیموکراسیی لیبڕاڵیی کە بانگێشەی پلوورالیزم و یەکسانی دەکا، مەحکووم و ڕەد کردیتەوە ــــ کە ئەوەش بۆخۆی لادانە لە تەواوی بنەمەگەکانی دیموکراتیک و لاوازکردنی ئۆرگانەکانی فەرهەنگی سێکیولاریزمی مەردووم سالاریی . ئەو جۆرە ڕەفتار و زهنییەتە بۆتە پێشگر لەهەمبەر گەشەکردنی تورکیایێ و ڕێگریشە لە هەمبەر وەرگرتنی تورکیایێ کە ببێتە ئەندامێکی یەکییەتیی ئۆڕوپایێ.
 
 بۆ ئەوەی تورکیا بتانی ئارمانجەکانی خۆی بەدەست بهێبێ، گەرەکە فەرهەنگی سێکیولاریزمی لیبرال بپارێزێ و پێشڤەی ببا تا بتوانی بنەماگەکانی فەرهەنگی دیموکراسی لە بوارەکانی عەدالەتیی کۆمەڵایەتیی، سیاسی، و ئابووریی بخاتە حاڵەتی جێبەجێ کردن ــــ کە ئەمەش لە ناساندن و ڕێزلێنان لە فەرهەنگ و تەسکەرەی سیاسیی – کەلتووریی گەلی کورد لە باکووری کوردستانێ ڕەنگ دەدا کە ئەو تەسکەرە و فەرهەنگە لە نێو چارچێوەی قانوونیی بناسرێن و لە دەستووری تورکیایێ هەموار و یەکسان تۆماربکرێن. تەنێ ئەوکاتە  سێکیلاریزمی دیموکراتیکی تورکیایێ  دەتانی لە ڕەهەندی تەکامولی کۆمەڵگەیێکی سیڤیل و خاوەن عەدالەتی کۆمەڵایەتیی ڕێ پەی بکا.  
 
دیموکراسی لە جۆری فەلسەفەی سیاسیی لەسەر بنەماگەکانی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی میدیا، ئازادیی ئایین، ڕەهەندی  یاسایی، ڕیزڵینان لە مافەکانی تاک ، کۆ، و ناسنامەی فەرهەنگ ــــ نەتەوەیی، و کۆنتڕۆڵی سیڤیڵیی بەسەر ئینستیتیوتی عەسکەریی دامەزرایە. دیموکراسی لەسەر بنەمای پلوورالیزم ــــ حوکمی زۆرینە و ڕێزدانان بۆ مافەکانی کەمینە درووست بووە. هەر لەبەر هەندێ بۆ تورکیا ئەگەر بیەوێ بۆناو کۆمەڵگەیێکی سیڤیڵ گەشە بکا ــــ گەرەکە ڕێز بۆبنەماگەکانی مافەکانی مرۆڤ دابنێ و سیماکانی ئازادیی سیڤیلیی بپارێزێ و پێشیان ببا، و تەواوی مەفەکانی گەلی کوردستانێ لەدەستوور وەک میللەتێکی جودا لە میللەتی تورک جێگیریان بکا.  
 
بۆ ئەوەی ڕەهەندی ئاییندەیێکی ڕۆناک لە پێش بگرێ، سێکیولار یزم و سێکیولاری تورکیایێ گەرەکە خۆیان لەو "تورکایەتییە ڕووتە" دوور بکەن، و ئەو هەقیقەتە لە نەزەر بگرن کە تورکیا تێیدا دەژی ــــ کە تورکیا لە دوو نەتەوەی سەرەکیی کورد و تورک شەکڵی گرتووە ـــ ئەوانەی لە تورکیایێ دەژین هەموویان تورک نین و ناشبن بە تورک ـــــ سەردەمی ئەو زهنیەتە سەقەتە کە ئەوانەی لە تورکیا دەژین هەموویان تورکن بەسەر چووە. سەردەمی ئەوڕۆ، بەهەمان شێوە کە ماف بە تورکان دەدا کە پارێزگاریی لە مافەکانی نەتەوایەتیی خۆیان بکەن، بە هەمان شێوەش ماف بە کوردان دەدا کە داوای مافەکانی نەتەوایەتیی خۆیان بکەن. ئەگەر سەردەم سەردەمی پێشڤەبردنی ناسیۆنالیزمە ــــ ئەو پێشڤەبردنە بۆ نەتەوەی کوردستانێش هەمان ڕەوایێتیی یاسایی ــ سیاسیی هەیە.  
 
دیـماهـیک
 سێکیولاریزم وەکی فەلسەفەیێکی مرۆینیی گەرەکە پلورالیزمیی و مەردووم سالاریی بێ بۆ ئەوەی کەشی لەیەکتری تێگەیشتنی ڕێزمەندانە لەنێوان  دین و دەوڵەت بەرقەرار بکرێ هەتا هەر ئێک لەوان دوور لەیەکتر کاری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ـــ یاسایی خۆیان بکەن ـــ بەجٶرێک لە ئەدای ئەرکەکانیان بۆ پێشڤەبردنی کۆمەڵگە، تەندرووستمەندانە لەتەنیشت یەکدی ڕەهەندی خۆیان پەی بکەن. تێکەل کردنی ئایندارێتیی بە کاری دەوڵەتدارێتیی ئەنجامێکی دژواریی بۆ کۆمەڵگە دەبێ. هەرئایدیایێک چ سێکیولاریزم بێ یان ثیۆکراسیی گەرەگە بە کردە لە ڕەهەندی خرمەتکردن و پێشڤەبردنی مرۆڤایەتیی دەست پێبکا و لە تەکامولی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی تەواو ببێ ـــ دەنا شکست دێنێ
 
 
بۆ سێکیولاریزمی تورکیی کە بەروواڵەت دەیەوێ لە لاسایی کردنەوەی ئۆروپایێ دەربچێ و ببێتە ئەندامێک لە یەکییەتیی ئەو کێشوەرە، گەرەکە هەوڵ بدا کە واز لە بەکارهێنانی سیاسەتی خاپاندن بهێنێ و بۆ "خاتری ئاییندەی خۆی" پێویستە فەرهەنگی لێکتر تێگەیشتن و تەحەموول کردن پێشڤە ببا. تورکیا ناتوانێ بەردەوام لەناو فەرهەنگی "تورکایەتیی" قسە لە یەکسانیی بکا ــــ لە بەرامبەریش چاوەڕێی ئەوە بکا کە خەڵکی کوردستانێ "دەست لە چۆکان" دابنیشن. میللەتی کوردستانێ لە سیاسەتەکانی ناماقووڵی تورکیایێ هوشیارترە. بۆ تورکیا گرینگە کە بە دوای چارەکی جیدیی بگەرێ کە تێیدا ئاشتیەکی هەمیشەیی دابمەزرێ. تورکیا چیدی نکارت لە پشت پەردەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئۆڕوپایێ درێژە بە سیاسەتی چەواشەکارانەی خۆی بدا. لەلایەک دارای ڕەگەزپەرسترین دەستووری وڵات بێ کە لە ژێر سێبەری ئەو دەستوورە میللەتی کوردی باستانیی حاشا لێ بکا ـــ لەلایەکیتر بە زهنیەتێکی کاریکاتۆریی قسە لە دیموکراسیی و نەخشەڕێگەی چارە وەدۆزین بکا.    
 
ژێـدەرەکان
Agnosticism. (2008). About.com.  Agnosticism/Atheism, Secularism 101: Religion, Society, and Politics.
Holyoake, George J. (1896). Secular Ethics. Publication English Secularism.
Miller, Lisa (2008). In Defense of Secularism. http://www.newsweek.com/id/112719.
USINFO.STATE.GOV (Website, 2008). What Is Democracy? http://usinfo.gov/products/pubs/whatsde.