Friday, March 1, 2013

پرێزدنت بەڕاک ئۆباما
سەرای سپیی
١٦٠٠ شەقامی پێنسیڵڤانیا  نۆرث وێست
واشینگتۆن دی سی ٢٠٥٠٠
٢٢ فێبریوری ٢٠١٣
شکۆمەند پرێزدنت ئۆباما:
 
سوپاس بۆ پشتگیریی ئەم دواییەت بۆ پلانی ئاشتیی لە نێوان وڵاتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). گوتاری هاندەرانەی جەنابت لە پارلەمانی تورکیی لە ٦ ئەپڕێلی ٢٠٠٩، بووە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستانی تورک دایەڵۆگ لەگەل ڕێبەرانی "کوردانی ئێراق" بەرقەرار بکەن کە سەرئەنجام تێگەیشتنێکی چێتری لە نێوان هەرتک لا درووست کرد، و کەشێکی هاوکاریی وەهای ساز کرد کە کۆتایی هێنا بە گۆتەهایێکی توند و ڕووبەڕوو بوونەوەی تورکیی ــ کوردیی. ئەو پێوەندییە نوێیەی تورکیی ــ کوردیی سەلماندی کە کاری نێوکۆیی سوودی لەبۆ هەمووان هەیە، بەتایبەت بۆ تورکان ــــ  چونکە، پاش ئەوەی گۆڕان لە ڕەفتاری تورکان دیترا، کوردستان ــ ئێراق بووە بازاڕێکی سوودمەند بۆ تورکان. ئەو پێوەندییە بووە هۆی ئەوەش کە لە ئاستی ئەو کوردۆ ــ فۆبیایە کێم بکرێتەوە کە لەناو زهینیەتی سیاسی تورکان جێگیر ببوو. ئەمە تورکانی توانا کرد تێبگەن کە پێوەندیی لەگەڵ کوردان سوودی بۆ وڵاتی تورکیی دەبێ.
جەنابی پرێزدنت، پشتگیریی تۆ بۆ پڕۆسێسی دایەڵۆگی تورکیی ـــ کوردیی دەکرێ ئەنجامێکی هاوشێوەی بۆ ئاییندەی تورکان و کوردان لە تورکیایێ هەبێ. بەڵام ئەمە لە ‌حاڵەتێک دەکرێ کە تورکیا سیاسەتێکی پڕاکتیکیی بۆ چارە وەدۆزین بۆ دۆزی کوردان درووست بکا. هەتا ئێستاکانێ، کاربەدەستانی تورک نەیانتوانیە کە ڕێگەی هاتنە دەرێ لە سایکڵی ترس وەدۆزن ـــ سایکڵێک کە نەیهێڵاوە تورکیا بتوانی ڕێگەیێکی ڕاست بەرەو ئاییندەیێکی ڕۆناکتر پەی بکا.
دەوڵەتی رەجەب تەیب ئۆردوگان، ئەگەرچی لەوەتای کۆماری تورکیا دامەزرایە لە حکومەتەکانی پێش خۆی پڕاکتیکاڵتر بووە ـــ لێ، بە دیدەکی پڕاگماتیکتر لە دەرگیریی تورکیی ـــ کوردیی نێزیک نەبۆتەوە. گۆتەکانی دەنگداری ئۆردوگانێ کە دەبێ پەکەکە چەک دابنێ پێش ئەوەی تورکیا هەنگاوێکی ماقوول بهاوێ بۆ ئەوەی نییەتی باشی تورکان نیشان بدا ـــ لە سەخڵەتیی کوردانی کێم نەکردیتەوە. جەنابی سەرۆك، لێرەکانێ، کەسێک لەبۆی هەیە بپرسێ، ئایا تورکان بە ڕاستیی دەیانەوێ چارەیێک بۆ دۆزی کوردان وەدۆزن یان دەیانەوێ چەک بە پەکەکە دابنێن؟ کاربەدەستانی تورک گەرەکە بڕەک زێتر سەداقەت بەکاربێنن بۆ ئەوەی چارەیێکی ئاشتییانە بۆ پرسی کوردان وەدۆزن و چیدی "ئەسپ نەخەنە پێش عەرەبانە." (ئەو مەقوولە لە زمانی ئینگلیزیی زۆر مانادارە بۆ گەیاندی مەبەستی ئەوەی کە کار بەرەواژیی ئەنجام نەدرێ). پەکەکە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتەی تورکیایێیە کە نکۆڵی لە وجوودی کوردان دەکا ـــ سیاسەتێک کە سەرچاوە لە دەستووری تورکیایێ وەردەگرێ ــــ دەستوورێک کە هەتا ئەوڕۆکانێش ئەوە بە بیری جیهانێ دینیتەوە کە تەواوی ئەوانەی لە تورکیایێ دەژین تورکن نەک "هەڤوەلاتییانی تورکیایێ." تورکیا گەرەکە بزانی، هەرچەند زووتر دۆزی کوردان چارە بکرێ، پەکەکە زووتر چەک دادەنێ و دەبێتە حیزبێکی سیاسی ــــ ئەوەش گەرەکە بگوترێ کە پەکەکە بۆخۆی بەرنامەیێکی پەکەکەیی نیە ــــ پەکەکە هەمیشە خەباتی کردووە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کوردان ــــ مافهایێک کە لەوەتای کۆماری تورکیایێ لە ساڵی ١٩٢٤ درووست بووە، کەتمان و نکۆڵییان لێکراوە.
لەنێو گوتاری خۆت لە پارلەمانی تورکیایێ لە ساڵی ٢٠٠٩، جەنابت قەدردانی خۆت بۆ زۆرێک لە سەرکەوتنەکانی تورکان لەو ساڵانەی دوایی نیشان دا، و گوتت "ئەو سەرکەوتنانە قانوونهایێکیان درووست کردیە کە دەبێ ئەنجام بدرێن، و ئەو داینامیزمەش دەبێ بپارێزرێ."  جێگەی داخە کە دەبینین نێزیکەی چار ساڵ پاش گوتارەکەی جەنابت هیچ یەکێک لەو یاسایانەی جەنابت هێمات پێکرد ئەنجام نەدراوە. تەنها کارێک کە کاربەدەستانی تورک کردوویانە بەکارهێنانی مانۆری سیاسی بووە بەبێ ئەوەی یەک برگە لە دەستووری تورکیایێ بگۆڕن کە هەتا ئێستاش نکۆڵی لە وجوودی کوردیی دەکا. جێگەی سەرنجە، لە لاێیک حکوومەتی تورکیا دایەڵۆگی کردۆتەوە و لەگەڵ ئۆجەلان کە سەرۆکی پەکەکەیە کەوتۆتە نێو دانوساندن، و لە لایێکی دیکە ئۆردوگان بەردەوام زمانێکی ناسازگار و هەڕەشەیی لە دژی پەکەکە بەکار دێنێ. لێرە، یەکێک دکاری بپرسی بۆچی ئۆردوگان دانوساندن لەگەڵ "سەر" دەکا لە وەختێک بەو جۆرە هێرش دەکاتە سەر "جەستە."  
  درووست ئێک رۆژ پاش ئەوەی تیمی دانوساندنی وی دیداری لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام داــــ ئۆردوگان ڕایگەیاند کە وی هەر کارێک دەکا بۆ بێچەک کردنی پەکەکە ــــ کە ئەمە خۆ دزینەوە لەو هەقیقەتەیە کە بێچەک کردنی پەکەکە بەشێکە لە ئەنجام دانی کۆی بەرنامەکانی دانوساندن. پاش ئەمە، کوشتاری پاریسێ ڕووی دا کە تێیدا سێ خانمی دیپلۆماتی کورد کوژران و ڕێچکەی کوشتارەکەش چووە سەر عومەر گونەی کە وەک ڕاگەیێندرا ئەو کابرایە ئەندامێکی سازمانی نەتەوایەتیی سیخوڕی تورکیا (میت) بووە. دواتر، لە پرێس کۆنفڕانسێک ئۆردوگان گوتی کە گەرێنتی سەلامەتیی هەر گەریلایێکی پەکەکە دابین دەکا کە بەسەلامەتیی لە تورکیا بچێتە دەرێ بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەکیی بێتە پێش. ئەو ناڕێکی و نابەرامبەرییە لە ڕەفتاری ئۆردوگانێ یارمەتیی ئەوە نادا کە کوردان دڵنیا بکا لەوەی کە وی دڵسۆزانە دەیەوێ چارەکی جیدی سیاسی وەدۆزێ و کۆتایی بە خوێنڕێژتن لە تورکیایێ بهێنێ. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ڕا، پەکەکە لەژێرڕێبەرایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان، چەند جارێک بە یەکلایی جەنگی ڕاوەستاندیە بۆ ئەوەی شانس بداتە چارەی ئاشتییانە کە تێیدا کۆتایی بە خوێنڕێژیی بهێنرێ. دەسەڵاتدارانی تورک هەمیشە گۆتیتیان کە "ئێمە دانوساندن لەگەڵ تیرۆریستان ناکەین."
تورکیا و هەڤپەیمانەکانی، ئەمریکاش لەگەڵیان بەو جوانخانمان و جوامێرانەی قەندیلێ و شوێنی تر دەڵێن "تیرۆریست" ــــ ژنان و پیاوانێک کە وازیان لە هەموو شتێک لە ژیانی خۆیان هێناوە و دژوارترین جۆری ژیانیان هەلبژاردیە تەنێ بۆ ئەوەی خزمەتی میللەتە چەوساوەکەی خۆیان بکەن. ئەگەر بەڕاستیی ئەو دلێرژن و دلێرپیاوانە "تیرۆریست" بن ــــ ئیدی دەکرێ بە ملیۆنان کوردانی ئاشقبەئازادیی دیکە لە هەموو پارچەکانی کوردستانێ و لە دەرێی کوردستانێ بگۆرتێ "تیرۆریست." جەنابی سەرۆک تۆ دەزانی، میللەتێکی چەوساوە کە نکٶڵی لە بوونی کرایە ناتانی ببێتە "تێرۆریست." کوردان خەباتییان کردووە تەنێ بۆ ئەوەی بتوانن وەکی تورکان و میللەتانی ئازاد لە ئاشتیی بژین. جا، ئەگەر ئەو تۆمەتانە ڕاست بن، ئەمە ئەو مانایەش دەگەینێ کە پاشای ئینگلستانێ دەیتوانی تەواوی نیشتەجێکانی ئەمریکایێ ــــ ئەوانەی کە لە پێش ساڵی ١٧٧٦ (ساڵی سەربەخۆیی ئەمریکایێ) بۆ ئازادیی دەجەنگان بە "تێرۆریست" تۆمەتبار بکا. لە ڕابردوو، ئەمریکا بە پیلانگێڕی لەگەڵ ڕژێمهایێکی چەوسێنەر خەباتگێڕانی ئازادیی، لە وانە نێڵسن ماندێڵای بە "تێرۆریست" تۆمەتبار کردووە. تۆمەتبار کردنی کچان و کوڕانی میللەتی کورد کە بۆ دەیان ساڵە دەجەنگن بۆ ئەوەی کەڕامەتی نەتەوایەتیی خۆیان بپارێزن لەگەڵ بەهاکانی ئەمریکایێ ڕێک ناکەوێ و گەرەکە ئەو تۆماتبەرکردنە ڕابوەستێندرێ ــــ چونکە کارێکی ژاراوییە و کارێگەرێتییەکی کوشندەی لەبۆ میللەتی بێگوناهی کوردستانێ هەیە. ئێمە لەوە تێدەگەین کە ئەمریکا هەندێک بەرژەوەندی نێوکۆیی گرینگی لەگەڵ تورکیا هەیە، ئێمە ڕێزمان لەبۆ هەندێ هەیە ــــ بەڵام، ئەمە نابێ لەسەر حسێبی کوردانی چەوساوە بێ.
جەنابی پرێزدنت، پشتگیری ئاشکرای تۆ بۆ تورکیا بۆ ئەوەی ڕووبەرووی پەکەکە ببێ یارمەتی تورکانی داوە کە دژوارانە لەمەڕ مافەکانی کوردان ڕەفتار بکەن. تورکان مامرەتی پەکەکەیان وەکی بەهانەیێک بەکار هێناوە بۆ ئەوەی درێژە بە سیاسەتی چەوسێنەرانەی خۆیان بدەن. وەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، پەکەکە بەرنامەی ڕێکخراوەیی خۆی نیە ــــ پەکەکە ڕێبەرایەتیی بزاڤێکی نەتەوەیی دەکا و پشتگیرییەکی زۆریشی لەلایەن میللەتی کوردستانێ لێدەکرێ. ئەوە پەکەکە بوو کە تەرمی مردووی میللەتی کوردی لە گۆڕێ دەرهێنا، گیان و ژیانی کردە بەرێ، و جارەکی تر خستیەوە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانێ. پەکەکە بۆ پێناسەکردنی هۆیەتیی چەوساوەترین میللەتی جیهانێ خەباتی کردووە. تکایە مەهێڵە تورکیا ئەو پشتگیرییەی ئەمریکایێ لە دژی کوردان بەکار بێنێ ــــ کوردان کە تەنێ بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی ڕەوای خۆیان خەباتیان  کردووە ـــــ مافهایێک کە بەنا بە لایەحەی ڕاگەیاندی سەربەخۆیی ئەمریکایێ بریتین لە "ژیان، ئازادیی، و هەوڵ دان بۆ وەدەستهێنانی شادکامیی."
جەنابی سەرۆک، کوردان دوژمنانی تورکان، فارسان، و عارەبان نین. کوردان دوژمنانی وڵاتانی رۆژاوایێ نین ــــ ئەوان دوژمنانی ویلایەتەکانی یەکگرتوویی ئەمریکایێش نین. تەنها شتێک کە کوردان خەباتیان لەبۆ کرد بێ، وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خۆیان بووە. لەگەڵ هەندێش، لە ئەنجامی سیاسەتی ڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژاوایێ، کوردان دوچاری ئازارێک بوونە کە تەوەقوع ناکرێ ــــ پاش ئەوەی کە هێزەکانی ڕۆژاوایێ بەو جۆرە کوردان و خاکی وانیان دابەشکرد. لە نەتیجە، کوردانیان لە دۆخێک بەجێهێشت کە ببنە ئارمانجی سیاسەتهایێکی تواندنەوە و چەوساندنەوە کە لەلایەن حکوومەتەکانی ناسیۆنلیست و بیرتەسکی تورکیا، سووریا، ئێران، و ئێراق ئەنجام دراون ــــ ئەو وڵاتانە، پێکەوە و بە یارمەتی دۆستانی سوپێرهێزی خۆیان توانیویانە کە نەتەوەی کوردستانێ لەژێر سیاسەتی نکۆڵی لێکردن و چەوساندنەوە بهێڵنەوە.     
١٥ی فێبریوەری ٢٠١٣، چاردەمین ساڵوەگەڕی دەستگیرکردنی ئۆجەلان بوو. ڕۆڵی گرینگی ئەمریکا و ئیسڕایل بووە هۆی دەستگیر و ڕادەستکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیایێ. بەڵام، ئەو پیلانە نەیتوانی ڕووحیەی ئۆجەلان تێکبشکێنێ، نەیتانی پەکەکە بێهێز بکا ــــ و بە حەتمیش نەیتوانی کوردان ملکەچ بکاو پێشیان لێبگرێ لەوەی کە نەڕژێنە سەر شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانێ ــ تورکیا بۆئەوەی داخوازیی مافەکانی خودا پێداوی خۆیان بکەن. لەماوەی چاردە ساڵی ڕابردوو، ئۆجەلان لەناوەوەی ژۆری گرتیخانە لە دوورگەی ئیمڕالی ڕێبەرایەتیی بزاڤی کوردانی کردووە هەروەکی کە ڕێزدار نێڵسن ماندێلا لە ژۆری گرتیخانە کردی لە دورگەی ڕۆبن لە ئەفریکای باشوور. ئۆجەلان ئەو ڕێبەرەیە کە ڕۆڵی ژنانی کوردیی بەجیدیی ناسیوە و هەوڵی پێشڤەبردنی ستاتوسی وانی لە هەر سیمایێکی موحتەمەل داوە. ئۆجەلان خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی ژنانی کوردی جودا نەکرد لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەیی. تۆمەتبار کردنی ڕێبەرێکی ئەوها خاوەن دید بە "تێرۆریست" تەنێ زیان بە پڕۆسێسی ئاشتی لە تورکیا دەگەینێ، و ئەوەش وەبیری میللەتی کوردستانێ دێنێتەوە کە ئەمریکا دڵسۆزانە یارمەتییان نادا کە ئاییندەیێکی چێتر وەبینن. لەبەرهەندێ، ئێمە باوەڕدارین کاتی ئەوە هاتیە کە ئەمریکا وەکوو سوپێرهێزێکی ڕێبەر ڕۆڵی خۆی ئەدا بکا بۆ ئەوەی پڕۆسێسی ئاشتی تورکیی ـــ کوردیی پێشڤە ببا بەوەی کە گوشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی دۆزی کوردان بە پێوەرێکی جودا لە پێشان بنرخێنێ و نەخشەڕیگەیێکی پڕاکتیکاڵ بەکار بهێنێ بۆ ئەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ کوردان درووست بکا. جەنابی سەرۆک، تکایە پەکەکە لەسەر لیستی ڕێکخراوەکانی "تێرۆریستیی" لاببە و یارمەتیدار بە بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان لە گرتیخانەی تورکیی، و کۆتایی بە ژیانی مشەختباری کوردان بهێنە. دوعا دەکەین کە بەردەوام سەرکەوت بی.
دڵسۆزانە،
کرمانج گوندیی
پرۆفیسۆر     
 


7 comments:

  1. کاکە د. کرمانج
    دەستخۆشی لە بەڕێزتان دەکەم و هیوادارم نموونەتان زۆر بێت و هەوڵ و تێکۆشانتان بۆ دروست کردنی لۆبی کوردی - ئەمریکی زۆر بێت، خۆتان باش دەزاننن داگیرکەرانی کوردستان هەموو توانا مادیی و مرۆیی و میدیاکانیان بەکار هێناوە بۆ ناشرین کردنی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان ئە لە کاتێکدا کورد بستێک خاکی کەسی داگیر نەکردووە، ئەو ڕاستییانە پێویستە بگەن و با هەموو جیهانیش بزانێ کە گەلی کورد ئاشتی خوازن و بە ئاشتی پێشدەکەون و حەزیشیان لە گۆرانکاری لە دید و بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام نەوەک ئاشتی لەسەر حیسابی خاک و نیشتیمان بێت و نەتەوەکەمان بە پلە دوو حیساب بکرێت، دووبارە دەستەکانتان خۆش بێت و بمێنن بۆ کورد و کوردستان

    ReplyDelete
    Replies
    1. برای ڕێزدارم دکتۆر مەدحەت،
      زۆر سوپاس بۆ پەیامەکەت! نەبوونی لۆبیێکی هێزمەندی ئەمریکیی ـــ کوردیی بۆتە گرفتێکی گەورە لە هەمبەر خەباتێکی گشتیی کوردستانیی لە ڕۆژاوایێ. ئینشاللە بە هیمەتی جوامێرانی کوردستانێ لە ئاییندەکی نەچەندان دوور بهێتە دامەزراندن.
      کرمانج

      Delete
  2. وێرای دەست خۆشیم بۆ بەڕیزتان دەزانم ئیوەن هه لگری ئازارەکانی ئە م گەلە ستمە دیدەیە بەراستی ئیوەن درک بەژانەکانی گەل دەکەن سەرکە وت و هه میشە سەرفراز بێت

    ReplyDelete
    Replies
    1. سالار شیخ عبداللە

      Delete
    2. ڕێزدار کاکە سالار شێخ عەبدوڵا
      زۆر سوپاسی هەستی برایانە و جوامێرانەت دەکەم بۆ گۆتە جوانەکانت. بە هیوام شادکام و سەرکەوت بن.
      ڕێزمەندانە،
      كرمانج

      Delete
  3. برای بەڕێزم پڕۆفیسۆر گوندی
    دەستت خۆش بێت بۆ ئەم نامە پڕ مانایەت. بە خۆشحالییەوە پەیامەکەت ئیرادەی پۆڵایینی میللەتی کورد دەردبڕیت دوور لە هیچ پێچ و پەنایەک کە تا ئێستاش زۆر لە سەرانی کورد بەرامبەر دوژمنان و ووڵاتە زلهێزەکان بە شەرمەوە تەعبیر لە داخوازیەکانی میللەتە نەبەردەکەمان دەکەن .
    د. كامەران کیانی

    ReplyDelete
    Replies
    1. برای ڕێزدارم دکتۆر کامەران
      زۆر سوپاس بۆ پەیامی برایانە و هەستی جوامێرانەت. پێم وایە، ئێستا زێتر لە ڕابردوو میللەتی مە لە سەر تیمارکردنی سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتییمان کار دەکا کە ئەو میللەتە ئێک نەتەەوەیە و چارەنووسی هەموو پارچەکان پێکەوە گرێدراوە. ئینشاللە لە ئاییندە بە کۆششێکی نێوکۆیی لۆبیەکی بەهێز بۆ خزمەتکردنی نەتەوەی کوردستان دابمەزرێ. شادکام و سەرکەوت بی. کرمانج

      Delete