ڕۆژی پێنجشەم، ڕێکەوتی
٣١/١/٢٠١٣، ڕۆژنامەی ئاوێنە لە دیمانەیێکی خۆی لەگەڵ جێگری پێشووی سەرکۆماری ئێراقێ،
تاریق هاشمی، لایەنێکی نێوەرۆکی دیمانەکەی خۆی لەگەڵ هاشمی بڵاو کردەوە. لەوێ، هاشمی
باسی لەوە کردووە کە لەپاش هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥، جەلال تالەبانیی پێوەندی پێوە کردیە
و داوای لێکردووە کە واز لە کاندید کردنی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بێنێ، چونکە ئەو
دەیەوێ ببێتە سەرکۆماری ئێراقێ. هاشمی دەڵێ، مام جەلال پێمی گووت کە دەیەوێ ببێتە
سەرۆکی ئێراقێ بۆ "ئەوەی ناوی بچێتە ناو مێژوو."
پاش داخوازییەکەی جەلال تالەبانیی، هاشمی کاندید بوونی خۆی ڕاگرت
و ڕێگەی بۆ تالەبانیی خۆش کرد ـــ ئیدی ئەوە بوو کە پاشان تالەبانیی بووە سەرۆکی ئێراقی
داگیرکەرــ بە جۆرێك کە لەوەتای ئێراقی عارەبیی دامەزرایە هەتا ئێستاش سەرۆکێکی وەها
باشی وەکی جەلال تالەبانیی "کورد" ی بەخۆ نەدیتیە.
تالەبانیی بووە سەرۆکی ئێراقێ و دڵسۆزانە کەوتە هەوڵ دان بۆ پاراستنی
پێکهاتەی ئێراقی عارەبیی. ئەو کارانەی کە زۆر پێی ناسرایە ناوبژییکردن لە نێوان لایەنەکانی
دژ بەکتری عارەبیی بوونە کە یەکییەتیی نێوانیان بپارێزێ ـــ لە کاتێک کە نێوان خۆشیی
عارەبان هەمیشە مەترسیی لەسەر ئاییندەی کوردستانی بندەستی ئێراقێ هەبووە. لەوەش وێوەتر،
بانگڕاهێشتنی وی بوو کە ئێراق نەک هەر وڵاتێکی ئیسلامییە، بەڵکوو وڵاتێکی عارەبییشە.
لەوەش وێوەتر، کەوتە سووکایەتیی کردن بە کەڕامەتیی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ بەوەی
کە سەربەخۆیی کوردستانێ "خەونی شاعیرانە،" و "ئەوانەی داوای سەربەخۆیی
دەکەن بێئەقڵن." لەوەش وێوەتر، لە ماوەی دوو تێرمی سەرۆکایەتیی خۆی، تالەبانیی
خۆی بە پارێزەری دەستوور ناساندیە کە وەکی چاودێری دەستوور ئەرکی سەرەکیی وی ئەوە بووە
کە وەها کار بکا کە دەستوور مەودای خۆی وەرگرێ ـــ دەستوور مەودای خۆی وەرگرێ! باشە
لە نێو ئەو دەستوورە برگەیێک هەیە بە نێوی برگەی ١٤٠. ئەو برگەیەش وەکی بەشێک لە کۆی
گەورەتری مەودا وەرگرتنی ئەو دەستوورە گەرەک بوو ڕەهەندی جێبەجێکردن وەرگرێ و ئەو ناوچانەی
کە داگیرکراون/دابڕاون بگێڕدرێنەوە ناو باخەڵی کوردستانی دایک و دیموگرافیای شێواوی
نیشتمان ئاسایی بکرێتەوە ـــ لێ، بە هیچ جۆرێک هیچ باسێکی جیدیی لەو چەشنە لە
"فەخامەتی سەرکۆمار" نەبیسترا ئەوە نەبێ کە بەو دواییە پڕۆژەیێکی بۆ هەموار
کردنەوەی سنوورەکانی ئیداریی هەناردە پارلەمانی ئێراقێ ـــ هەناردەیێک بەبێ ئەوەی هیچ
بەدوداچوونێکی بۆ بکرێ ـــ هەناردەیێک زۆر بە درەنگیی ـــ ئەوەندە درەنگ کە عارەبان
لە بەغدایێ جێ پێی خۆیان دیتبۆوە و داوای کەمکردنەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستانێی و گۆڕینی دەستووریشیان دەکرد!
هەتا لە بەغدایێ بوو، تالەبانیی وەکی ئامێری ناوبژییکردنی نێوان عارەبان بوو ـــ هەموو هەوڵیکی دەدا کە نەهێڵێ گرژیی بکەوێتە نێوان پێکهاتەکانی عارەبان. هەرکە وجوودی وی لە بەغدایێ نەما، زۆری نەبرد ناکۆکیی لە نێوان عارەبان بە دژواریی سەریهەڵ دا ـــ ناکۆکیی نێوان وانیش خێردارە (ئینشاللە) بۆ ئاییندەی نەتەوەی خێرنەدیووی کوردستانێ ـــ بۆیە، ئاییندەی کوردستانێ لە پاش نەمانی جەلال تالەبانیی لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئێراقێ بەرەو باشتر دەچێ، جونکە کەسێک لەوێ نامێنێ کە بەردەوام دژی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانێ بئاخفی و سووکایەتیی بە کەڕامەتیی قامەتی شەهیدان بکا ـــ ئەو شەهیدانەی کە ژیانیان بەخشی لە پێناوی ڕۆژی ئازادیی کوردستانێ ـــ ئەو شەهیدانەی بە خوێنی خۆیان پۆستی سەرۆکی ئێراقێیان بۆ ئەو حەزرەتە دابین کرد.
وەکی مرۆڤ، قەت لە سرووشتی من نیە کە ئارەزووی ئازار بۆ پێشوولەیێک بکەم
ـــ لەبەر هەندێ قەت ئارەزووی ناخۆشنوودی بۆ جەلال تالەبانیی ناکەم. ئارەزوو دەکەم
بەسەلامەتیی بگەڕێتەوە ناو خانەوادەی خۆی (هەرچەندە ئەو مرۆڤە ئەگەر بە زیندیتیش بگەڕێتەوە
لە بواری سیاسیی ئەو مرۆڤە مردیە، چونکە مەحاڵە بتانی وەکی پێشان توانای جەستەیی و
ئەقڵیی هەبێ). بەڵام، وەکی کوردستانییەک دەڵێم ـــ جەلال تالەبانیی لە سەرەتاکانی خەباتی
شۆرشگیڕیی خۆی، ساڵانی ١٩٦٦- ١٩٧٠ ی درووست کرد و بۆ ماوەی چار ساڵ لەو نێوانە کورد
خوێنی کوردی ڕێژت. هەر لەوێڕا سایکۆلۆژییەتیی سیاسی کوردستانێ بەجۆرێک دابەشکرا کە
هەتا ئێستاش میللەت باجەکەی دەدا! ئێستاش کەسەرە کە قۆناخەکانی ژیانی سیاسیی خۆی وەها
کۆتایی پێبێنێ کە ویستوویەتی ببێتە سەرۆکی ئێراقێ بۆ ئەوەی ناوی بچێتە ناو مێژوو ـــ
ئەویش مێژووی ئێراقی عارەبی داگیرکەر ـــ لەبەر هەندێ، لێرە هەرئەوەندە دەڵێـم، یاخوا
جەلال تالەبانیی ئەو مێژووەت لێ پیرۆز بێ ـــ پیرۆزەیی ئەو مێژووە هەر لەبۆ فەخامەتی
تۆ باشە. ئامین!
No comments:
Post a Comment