Saturday, June 1, 2013


لـەگـەڵ عـەبـدوڵا ئـۆجـەلان لـە ئـەسـیـنـایێ  ڕا هـەتـا نـایـڕۆبـی 
 
دیمانە لەگەڵ ئەفسەری پێشینی ئاساییشی یۆنانستانێ، ساڤاس کالێنتێردیس

 
دیمانەگەر: نوورەدین وەیسی

وەرگێر لە ئینگلیزیی: کرمانج گوندیی

 

ساڤاس کالێنتێردیس

 
ساڤاس کالێنتێردیس بلۆگەر، نووسەر، و ئەفسەری پێشینی ئاژانسی ئاساییشی یۆنانستانێیە. لەو دیمانە تایبەتە بۆ ئێکەمجار لە بارەی سەفەری خۆی دەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان پاش ئەوەی ئۆجەلان ناچار کرا کە سووریا جێبهێڵێ تا چوونیان بۆ یڕۆبی دەسگیریی و ڕادەستکردنی ئۆجەلان بە تورکان قسە دەکانا

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەو دیمانە لە ٧ ی مانگی مای ٢٠١٣، لەگەڵ ساڤاس کالێنتێردیس ئەنجام دراوە. ساڤاس ئەو کەسە بوو کە هاوسەفەری عەبدوڵا ئۆجەلان بوو کە ئۆجەلان لە ئەسینا بۆ مۆسکۆ بۆ ڕۆم، دیسان بۆ مۆسکۆ، دیسان بۆ ئەسینا، و لە دوایی بۆ نایڕۆبی پێتەختی کینیایێ کە لەوێ لە ئەنجامی پیلانێکی خیانەتکارانەی جیهانیی کە دەوڵەتی بیڵ کلینتن، سەرۆکی ئەمریکا ڕێڤەی دەبرد، دەسگیر و ڕادەستی تورکان کرا.

ئەو دیمانە ڕۆناکیی دەخاتە سەر هەندێک لایەنی نەزانراوی سیماکانی ئەو مەینەتەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان لەو ماوەیە تووشی ببوو. ئەوە ئاشکرا دەکا کە هەندێک لە وڵاتان، تێیاندا یۆنانستان، ئیتالیا، و ڕووسیا زۆر بە سەختی هەولیان دابوو کە جێگەکی ئەمین بە ئۆجولان بدەن یان بۆی وەدۆزن. ئەوەش دەخاتە ڕوو کە چلۆن بیڵ کڵینتن و دەوڵەتەکەی وی نامرۆڤانە گوشاریان خستبووە سەر ئەو وڵاتانە کە ئۆجەلان نەحەوینن. ئەو دیمانە، ئەوە نیشان دەدا کە حکوومەتی کڵینتن لایەنی سەرەکیی بوو لە دەسگیر کردن و ڕادەستکردنەوەی ئۆجەلان بە تورکان. هەڵبەت، ئەمە ڕۆڵی ئیسرائیلییەکان کێم ناکا بەوەی کە سازمانی سیخووڕی خۆیان بۆ وەدۆزینی ئۆجەلانێ خستە کار ــــ بەڵام، ئەگەر ئەمریکا ڕێڤەبەری ئەو کارەی نەکردبا، ئیسڕائیلییەکان خۆبەخشانە خۆیان تێکەڵی کارێکی وەها دژوار نەدەکرد، چونکە ئیسڕائیل ئەو تاوانا جیهانییەی نەبوو کە بتانی سەردارێتیی پیلانێکی ئاوهایی بکا، لێ، ڕێبەرایەتیی ئەمریکا ئاسانکاری بۆ ئیسڕائیلییەکان کرد کە ڕۆڵی وێنەچووی خۆیان ببینن

 جێیسەرسوڕمانە، پێش ئەوەی کڵینتن بڕیاری ڕێبەرایەتیی کردنی ئەو کارەی خۆی لەسەر ئاستی جیهانێ لە دژی کوردان بدا، کوردان کە چەوساوەترین میللەتن لەژێر دەستووری ڕەگەزپارستانەی تورکان ــــ دەستوورێک کە هەتا ئێستاکانێش نکۆڵی لە وجوودی کوردان لە تورکیا دەکا ــــ پێش ئەوەی ئەو کارە بکا، وی نامەیەیێکی کەسیی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان پێگەیشتبوو کە تێیدا داوای لێ کرد بوو کە ئەمریکا یارمەتییان بدا بۆ ئەوەی چارەیێک بۆ دۆزی کوردان لە تورکیایێ وەدۆزن. . کڵینتن نە تەنێ سووکایەتیی بە داخوازییەکەی ئۆجەلان کرد بەوەی کە پشتگویی خست، بەڵکوو تاوانێکی دژواریی لە دژی وی و میللەتی وی ئەنجام دا. کڵینتن ئەو تاوانەی لە دژی میللەتێک ئەنجام دا کە هەمیشە دۆستایەتیی ئەمریکایێی ویستووە.  

 دیمانەکە ئەو هەقیقەتەش ئاشکرا دەکا کە ئەو وڵاتانەی پێشتر هێمایان پێکرا، ئەگەرچی لەژێر گوشار ئەو کارەیان کرد کە دەوڵەتی کڵینتن ویستی، لێ باوەڕیان بە دۆزی عادیلانەی ئۆجەلان و بزاڤی ئازادیخوازانەی وی هەبوو. کاتێکیان کە کڵینتن بە تیلەفۆن پێوەندی بە سەروەزیرانی ئیتالیا، ماسیمۆ داڵێما دەکا و پێی دەڵێ کە مۆڵەت بە ئۆجەلان نەدا کە لە ئیتالیا بمێنێ چونکە وی "تیرۆریستە،" داڵێما جەدەل لەگەڵ کڵینتن دەکا و پیێ دەڵێ کە ئۆجەلان "تیرۆریست" نیە، بەڵکوو وی رێبەرایەتیی دۆزیکی عادیلانە بۆ میللەتی خۆی دەکا. یۆنانستان، ئیتالیا، ڕووسیا، و لەوانەیە وڵاتانێکی دیکەش لە ئۆروپایێ کە کەوتنە ژێر گوشاری ئەمریکایێ لەگەڵ ئەو کارەی حکوومەتی کڵینتن نەبوون، بەڵام کارەکەیان لە بن گوشاری ئەمریکا ئەنجام دا.

مێژوو سەلماندی کە ئەمریکاییەکان، ئیسڕائیلییەکان، تورکەکان، و ئەوانی تریش کە بەشدارییان لەو کارە بێئەخلاقاییە کرد چەند غەڵەت بوون. ئەوان وەها هزرین کە بە بزرکردنی ئۆجەلان لەبەر چاوان، زۆر ناخایەنێ کە پەکەکە لەباردەچی و مەحوو دەبێ؛ کوردەکانیش لە باکووری کوردستانێ توانای ئەوەیان نامێنێ کە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن. خۆشبەختانە، مەیلی پڕهێزی ئۆجەلان و میللەتی کوردستانێ بۆ ئازادیی و عەدالەت سەلماندی کە ئەوان هەڵە بوون. ڕووحیەی کوردیی لە دژی هەر پیلانێکی خیانەتکارانەی جیهانێ بەهێز و بەرز خۆی ڕاگرت. ئۆجەلان، ئەگەرچی لەنێو گرتیخانەی تورکانە، هێزمەند و کەڕامەتمەندانە، بە ڕووحییەکی پڕهێز لە پێناوی وەدەستهێنانی مافەکانی میللەتی خۆی درێژەی بە خەبات دا. خودا یار بێ، لە ئاییندەکی نێزیک وی قەدەم دەهاوێتە دەرێی گرتیخانەی دوورگە و وەکی قارەمانێکی نەتەوەیی پێشوازیی لێدەکرێ هەروەک چۆن لە فێبریوەری ١٩٩٠، نێڵسن ماندێڵا لە گرتیخان هاتە دەرێ و وەك ڕێبەری نەتەوەیی ئەفریکای باشوور پێشوازیی لێکرا.

 لێرە ڕا، دیمانکە بخوێنەوە و خٶشت بڕیار بدە!
 
کـرمـانـج گـونـدیـی

   ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پ: کەینێ بۆ جاری ئێکەم لەگەڵ پرسگرێکی کوردیی ئاشنا بووی؟

 و: بۆ جاری ئێکەم کە لە بارەی دیرۆکی کوردی فێر بووم ئەو کاتە بوو کە لە ئەکادیمی ئەسکەریی قوتابیی بووم. لەو کاتەی کە مشاور بووم لە کونسوڵی یۆنانێ لە ئەزمیرێ (١٩٩٢-١٩٩٧) زانیاری من لەمەڕ دۆزی کوردیی قوولتر بۆوە. لەوێڕا، بەتەواویی بەئاگا بووم لەبارەی ناعەدالەتیی و چەوساندەنەوەی کوردان لە تورکیایێ. لە ماوەی کارم لەوێ یارمەتیی زۆرێک لە کوردانم دا و ئاسانکارییم لەبۆ ئەوانە کرد کە دەیانویست ڤیزا وەدەست بهێنن بۆ ئەوەی تورکیا جێبهێڵن و لە چەوساندنەوە ڕزگارییان ببێ.

 پ: کەینێ بۆ جاری ئێکەم ئۆجەلانت دیت ؟

 و: من وی دیت پاش ئەوەی کە  وی  ناچار کرا سووریا جێبهێلێ و بێتە یۆنانستانێ. لە ١٠ ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨، دەوڵەتی یۆنانساتانێ داوای لەمن کرد کە هاوسەفەرێتیی ئۆجەلان بۆ ڕووسیایێ لە نێو تەیارە بکەم. دەوڵەتی سووریا چار ڕۆژی بە ئۆجەلان دا بوو کە وڵاتی وان جێبێڵێ. لەهەمانکات، ئۆجەلان پێوەندی بە ئەندام پارلەمانێکی یۆنانێ کرد بوو بۆ ئەوەی یارمەتیی بدا کە ڕێگەکی لەبۆ وەدۆزی کە لە یۆنانێ بمێنێ. ئۆجەلان، بە تەیارەکی سووریایێ کە لە شامێ لە بۆ ستۆکهۆڵمێ دەچوو گەیشتە ئەسینایێ.   

پ: ئەو ئەندام پارلەمانەی یۆنانساتانێ کێ بوو؟

 و: سەربازێکی کەونەکاری یۆنانساتانێ بە نێوی  کۆستاس بادۆڤاس کە دۆستێکی ئۆجەلان و پشتیوانێکی کوردان بوو. تەمەنی وی ئەلئانەکانێ نێزیکەی ٨٠ ساڵە.

پ: چەند کەس هاوسەفەری ئۆجەلانێ بوون لەسەفەری وی بۆ ئەسینایێ؟

 و: سێ کەس هاوسەفەرانی وی بوون، خانم ئەندامێکی پەکەکە بە نێوی ڕۆزەرین، و دوو ئەفسەری سیخوریی سووریایێ کە ئێکەکیان زۆر نێزیکی حافیز ئەسەد (سەرۆکی پێشینی سووریایێ و بابی بەشار ئەسەد) بوو. ئۆجەلان پێش گەیشتنتی بە ئەسینایێ پێوەندی بە بادۆڤاسی ئەندام پارلەمان کرد بوو، و بادۆڤاسیش بەبێ ئەوەی نێوی ئۆجەلان بهێنێ، وەزیری پێوە ندییداری ئاگەدار کرد بوو کە مرۆڤێکی گرینگ لە ڕێگەیە و بۆ یۆنانستانێ دێ، داوای لە وەزیر کرد بوو کە ئامادەکاریی بۆ میوانەکە لە فڕینگە بکا. پاش ئەوەی کە تەیارەی ئۆجەلان شامێی جێهێشت بوو، بادۆڤاس لە گەیشتنی حەتمیی ئەو "مرۆڤە گرینگە" بۆ ئەسینایێ وەزیری ئاگەدار کرد بوو.

 پ: ئۆجەلان چ جۆرە پاسپۆرتێکی پێ بوو؟

و: پاسپۆرتیکێ تورکیی پێ بوو بە نێوی "عەبدوڵا کورد." کاتێک کە وەزیر پرسیاری لە بادۆڤاس کرد بوو ناوی میوان چیە، وی بە وەزیری گوتبوو  عەبدوڵا کورد. ئەوکات وەزیر زانی بووی کە میوان لە وانەیە ئۆجەلان بێ. ئەنجا، وەزیر تیەلفۆنی بۆ سەرۆکی ئاساییشی یۆنانستانێ کرد بوو، و پێی گوتبوو کە لەماوەی نیوکاژمێر ئۆجەلان دەگاتە ئەسینایێ. دواتر، سەرۆکی ئاساییش پێوەندی بەمن کرد و پرسیاری کرد، "ئۆجەلان لە کوێیە؟"

 "وی لە هەمان جێگەیە کە هەمیشە لێی بووە،" من وەرامم داوە. دوایی سەرۆکی ئاساییش داوای لێم کرد کە بەبێ دەنگیی بۆ پەیا کردنی شوێنی ئۆجەلان بگەڕێم. من پێوەندییم بە هەندێک لە کوردانی دۆست لە ئۆڕوپا کرد، بەڵام هیچ کامیان زانیارییان لەمەڕ جێگەی ئۆجەلان نەبوو. دواتر، سەرۆکی ئاساییش داوای لێم کرد کە لەگەڵ وی بچمە فڕینگە، و لە ڕێگە پێمی گوت کە ئۆجەلان بەزوویی دەگاتە ئەسینایێ.

 پ: ئێوە چۆن پێشوازییتان لە ئۆجەلان کرد؟

و: لە ڕۆژی هەینیێ، ڕێکەوتی ١٠ ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨، ئێمە چووین بۆ فڕینگە. کاتێک کە ئێمە چووینە ناو فڕینگە، وێدەچوو کە ڕۆزەرین پێوەندی بە بادۆڤاس کە خەمخۆری ئۆجەلان بوو، کردبوو، بەڵام تیلەفۆنەکەی وی کوژێندرا بۆوە چونکە وی ئەوکات لەدیداری سەروەزیران بوو کە لە بارەی گەیشتنی ئۆجەلان ئاگەداریی بکا.

 پ: ئۆجەلان لە کوێ بوو؟

 و: وی لە گۆشەیێک لە پشووگەی مرۆڤانی گرینگ دانیشت بوو. ئێمە بەرەو ڕووی وی چووین و بەخێرهاتنمان لێکرد. سەرۆکی ئاساییش دوای پێمی گوت کە ڕێنوێنی ئۆجەلان بکەم بۆ ئێکەک لە ئۆفیسەکان لە فڕینگە. لەوێ، سەرۆکی ئاساییش و ئۆجەلان کەوتنە وتووێژ. ئۆجەلان بە تورکیی دەئاخفت و ئەزیش تەرجەمەم دەکرد.

 پ: حاڵەتی سایکۆلۆژیی و زەوقی ئۆجەلان چۆن بوو؟

 و: ئەگەرچی، وێدەچوو پەرێشان بێ، و لەژێر گوشارێکی سایکۆلۆژیی زۆر بوو، لێ، لەسەرخۆ و سەبوور بوو. سەرۆکی ئاساییش کەوتبووە ژێر کارێگەرێتیی شارەزایی ئۆجەلان لەبارەی دیپلۆماسیی. سەرۆکی ئاساییش بە ئۆجەلانی گوت کە دەوڵەتی یۆنانێ ئاگەداریی هاتنی وی بۆ یۆنانستانێ نەبووە، بەڵام ئۆجەلان پێی گوت کە پێش ئەوەی بۆ ئەسینایێ وەڕێ کەوێ، بادۆڤاسی لە نیازی خۆی ئاگەدار کردبۆوە. سەرۆکی ئاساییش بۆ ئۆجەلانی رۆناک کرد کە دەوڵەتی یۆنانستانێ ئاگەداری هاتنی وی نەبووە و پێی گوت کە یۆنانستان ناتوانێ وی بحەوێنێتەوە، چونکە وڵاتێکی جیرانی تورکیایە و هەردووکیشیان لە ناتۆ ئەندامن.

 سەرۆکی ئاساییش داوای لە ئۆجەلان کرد کە بە هەمان تەیارە بچێتە سوێدێ، و یۆنانستانیش یارمەتی دەدا کە لەوێ وەک پەنابەری سیاسیی وەربگیرێ. ئۆجەلان ڕەدی کرد کە بچێتە سوێدێ و گوتی کە باوەڕی بەوان نەبوو، چونکە لە ساڵی ١٩٨٦، سوێد پەکەکەی بە کوشتنی ئۆلۆف پاڵمەی سەروەزیران تاونبار کردبوو. لەبەر هەندێ، داوای کرد کە بۆ چەند ڕۆژێک لە یۆنانستانێ بمێنی هەتا جێگەکی ئەمین لە ئۆروپایێ چارە دەکەن. ئۆجەلان گۆتی کە ئەندامانی پەکەکە کار بۆ ئەو ئارمانجە دەکەن. لە وەرام بۆ داخوازییەکەی وی، سەرۆکی ئاساییش بە وی گوت کە مانەوەی وی لە یۆنانستانێ مەترسییدار دەبێ. ئاخافتنەکانمان بۆ ماوەی چار کاژمێر درێژەی کێشا. پاشان ئۆجەلان گۆتی کە "ئەز داوای پەنابەریی لێرە دەکەم." ئێمە پێمان گوت ئەمە مافی ویە کە داوای پەنابەری سیاسیی بکا، بەڵام ئەگەر پەنابەرییەکەی وەدەست هێنا، دەبێ وی ئەوە بزانێ کە لە وەختێک لە یۆنانستانێ بەنابەری سیاسیی بی، بۆ وی زۆر زەحمەت دەبێ کە درێژە بە شەڕی چەکداریی لە تورکیایێ بدا. ئێمە پشووێکمان وەرگرت و ڕۆزەرینیش پێوەندی بە بەرپرسی پەکەکە، ماهیر وەلات، لە ڕووسیا کرد، داوای لێکرد کە ببینی داخوا بواری ئەوە هەیە کە ئۆجەلان بچێتە ڕووسیا. دوای کەمێک وەلات بە فاکس داوەتنامەی لەبۆ ئۆجەلان هەنارد کە لەلایەن پارلەمانی ڕووسیا (دووما) واژۆ کرابوو. دواتر، ئێمە پێوەندییمان بە بالیۆزگەی ڕووسیا کرد کە ڤیزا بۆ ئۆجەلان ئامادە بکەن. ئەوانەی بالیۆزگە زۆر یارمەتییدەر بوون، هەر هەمان ڕۆژ ڤیزاکەیان ئامادە کرد. ئێمەش تەیارەکی تایبەتمان ئامادە کرد. ئۆجەلان داوای کرد کە بەرپرسێکی باڵای یۆنانستانێ هاوسەفەرێتیی وی بکا. ئاساییش بڕیاری دا کە من لەگەڵ ئۆجەلان بنێرێ.

 پ: هەستت بە چی دەکرد؟ خۆشحاڵ بووی یان سەخڵەت؟ یان وەهات دەزانی کە ئەمە ئەرکێکە پێت سپێردراوە؟

و: ئەز بە ناسینی ئۆجەلان خۆشحاڵ بووم و شادکامیش بووم کە هاوسەفەرێتیی وی بکەم، چونکە ئەمە بوارێکی باش بوو بۆ من کە لە نێزیکتر ئۆجەلان بناسم و دیدوبۆچوونی لەگەڵ وەگۆڕم. لە هەمان کاتیش ئەرکێک بوو کە پێم سپێردرا بوو، و گەرەک بوو ئانجامی بدەم.

 پ: کاردانەوەی ئۆجەلان چۆن بووکاتێک کە زانی تۆ هاوسەفەرێتیی وی دەکەی؟

 و: وی گۆتە من، "وێدەچێ کە دەوڵەتی یۆنانێ کاری بۆ تۆ پەیا کردبێ. لەوانەیە ئەتۆ زۆر بۆ وان گرینگ نەبی، چونکە لەوانەیە بکوژرێین." بەهەرحاڵ، لە مۆسکۆیێ نیشتین.

 پ: جەند کەس لەناو تەیاەر بوون؟

 و: ئۆجەلان، ڕۆزەرین، ئەفسەرانی سیخوڕی سووریایێ، و فڕۆکەوانی یۆنانیی. بە ڕێگەوە زۆر قسەم لەگەڵ ئۆجەلان کرد لەبارەی دۆزی کورد و خەباتی چەکداریی. کە گەیشتینە مۆسکۆیێ، ئەندام پارلەمانی ڕووسیایێ، ڤلادیمیر ژیرینۆڤسکی و سیاسەتمەدارێکی دیکە بە نێوی میترۆفانۆڤ بەگەرمیی پێشوازییان لە ئێمە کرد و تۆقەیان دەگەڵ ئۆجەلان کرد. ژیرینۆڤسکی شاڵیکی سۆر و بوکێتێک گوڵی پێشکەش بە ئۆجەلان کرد، ئۆجەلان بە جۆرێکی نیمچە ڕەسمیی پێشوازیی ڵێکرا. دواتر، بە هەمان تەیارە ئەز گەڕامەوە یۆنانستانێ.

پ: پاش ئەوەی گەڕایتەوە چیت کرد؟ پێوەندی خۆت لەگەڵ ئۆجەلان پاراست؟

 و: پاش ئەوەی بۆ ئەسینا گەڕامەوە، ئێمە لە نێزیک چاودێری دۆخەکەمان دەکرد. ڕۆژێک ڕۆزەرین تیلەفۆنی بۆم کرد و گوتی، "بابمان سەرمای بووە،" بەڵام من بە ڕۆزەرینم گوت کە پێوەندی بەمن نەکا، و گەرەکە بە ڕەسمی پێوەندی بە کاربەدەستانی یۆنانستانێ بکا. ئۆجەلان ٣٣ ڕۆژ لە ڕووسیا بوو. دواتر بیستمان کە بە ڕەزامەندی سەروەزیرانی ئیتالیا، ماسیمۆ دالێما، ئۆجەلان چۆتە ئیتالیایێ. ئۆجەلان هەفتەی ئێکەمی بەبێ گرفت لە ئیتالیا بردەسەر، و دەوڵەتی ئیتالیا هەوڵی دا کە پشتگیریی وڵاتانی دیکەی ئۆروپایێ بەتایبەت (ئەڵمان و فەڕەنسا) وەدەست بێنێ بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێ لە ئیتالیا بمێنێ. بەڵام، هیچکام لە وڵاتەکان پشتیگیریی ئیتالیایان نەکرد. تورکیاش لە وەرامی ئەو کارەی ئیتالیا ئابلۆقەی خستە سەر کالاکانی ئیتالیایێ . لە هەمان کات، شاندێکی باڵای ئەمریکایێ بۆ هاندانی ئیتالییەکان چووە ئیتالیا بۆ ئەوەی ئۆجەلان دەر بکەن و بۆ ئێکەک لە وڵاتانی ئەفریکا کە بە تاعوونی ناسەقمگیریی و بێ قانوونیی ناسراوە بنێردرێ بۆ ئەوەی لەوێندەرێ بە ئاسانی دەستیگیر بکرێ.
 
پ: بە ڕای تۆ هەناردنی ئۆجەلان بۆ ئەفریکایێ کاری ئەمریکایێ بوو؟

 و: بەڵێ، ئەمریکا لە پشت ئەو ئەو پیلانە بوو. پیلانەکە لە لایەن تورکیا دانەڕێژرا بوو، چونکە تورکیا ئاژانسەکی هێزداری سیخووڕی لە ئەفریکایێ نەبوو.

ئۆجەلان ئایدیای چوون بۆ ئەفریکای ڕەد کرد. هەندێک لە کوردان لە ئۆڕوپایێ پێاین باش بوو کە ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ مۆسکۆ. ئۆجەلان بۆ ٦٦ ڕۆژ لە ئیتالیایێ ماوە. پاشان دەوڵەتی ئیتالیا دەستیکرد بە گوشار خستنە سەر ئۆجەلان بۆ ئەوەی ئیتالیا جێبهێڵێ. بەڵام، کاتێک کە تەیارەکەی وی لە مۆسکۆ نیشت، ڕووسییەکان ئۆجەلانیان بۆ بنکەکی ئەسکەریی لە دوشانبی پێتەختی تاجیکستانێ برد.

لە هەمان ڕۆژان، وەزیری دەرێی ئەمریکایێ، مادڵین ئاڵبڕایت چووە رووسیا  بۆئەوەی وەزیری دەرێی ڕووسیا، یێڤگینی پریمەکۆڤ ببینێ بۆ ئەوەی ڕووسییەکان ئۆجەلان دەربکەن. بەڵام، ڕووسییەکان سوور بوون لەسەر ئەوەی کە ئەوان ئۆجەلانیان بۆ تاجیکستان بردووە ـــ ڕووسییەکان ئەوکارەیان کرد بوو بۆ ئەوەی بتانن بە ئەمریکیەکان بڵێن کە ئۆجەلان لە ڕووسیایێ نیە. دواتر، رووسییەکان ئۆجەلانیان بردە سەینت پێترێسبێرگ، لەوێ بە ئۆجەلانیان گوت کە تەیارەکە جێنەهێڵێ، چونکە وی لەلایەن مافیای ڕووسیا کراوەتە ئامانجی ڕفاندن یان کوشتن. هەر لەبەر هەندێش گەرەکە کە وی ڕووسیا جێبهێڵێ.

دەوڵەتی یۆنانێ پێشتر بە ئۆجەلانی گوتبوو کە لە هیچ حاڵەتێک نەگەڕێتەوە بۆ یۆنانستانێ، و بۆ هەر داخوازییەک کە وی هەیبێ گەرەکە پێوەندی بە جێگری سەرۆکی پارلەمانی یۆنانێ بکا. لێ، بە جێگەی هەندێ، ئۆجەلان پێوەندی بە هەندێک لە دۆستانی یۆنانیی خۆی کرد بوو، و بە شێوەکی نهێنی لە ٢٩ ی ژانیوەری ١٩٩٩ گەڕابۆوە یۆنانستانێ.

 پ: ئۆجەلان چۆن توانی بووی بۆ یۆنانستانێ بگەڕێتەوە؟

و: ئۆجەلان بە تەیارەکی تایبەت بە یارمەتیی ئێکەک لە دۆستەکانی یۆنانیی کە پشتیوانی وی بوو، توانی بووی بەبێ ئاگەداری دەوڵەتی یۆنانێ بۆ یۆنانستانێ بگەڕێتەوە.

 پ: چۆن دووبارە لە ئەسینایێ چاوت بە ئۆجەلان کەوتەوە؟

 و: کە ئۆجەلان گەیشتبۆوە ئەسینایێ، ویستبووی لە فڕینگە بچێتە پشووگەی مرۆڤانی گرینگ بۆ ئەوەی لە چاوی پۆلیس بەدوور بێ، بەڵام لەو بەینە پۆلیس دەیبینێ و دەیناسێتەوە، و ئاساییشی یۆنانێ ئاگەدار دەکاتەوە. من لە ماڵ بووم کە سەرۆکی ئاساییش تیلەفۆنی لەبۆم کرد و لە گەیشتنی ئۆجەلان ئاگەدارمی کرد.

 [بۆ ئەو مەبەستە] ئێمە بە خێرایی کۆبوونەوەکمان کرد بۆ ئەوەی باسی ئەوە بکەین کە چ لە ئۆجەلان بکەین. من گووتم، لەبەر ئەوەی ئۆجەلان بە ناڕەسمیی و بەبێ ئاگەداریی دەوڵەت گەڕایتەوە  ، با ئێمە وازی لێبهێنین و چاومان لە ڕاست وی بنووقێنین. ئەگەر ئەمریکییەکان یان تورکەکان بە گەڕانەوەی ویان زانی، ئێمە دەتانین پێیان بڵێین کە ئێمە ئاگامان لە گەڕانەوەی وی نەبووە. بەڵام، جێگری سەرۆکی ئاساییش پێشنیازەکەی منی ڕەد کرد، و بڕیاری گەڕانی بە دوای ئۆجەلان دا و لە ئێکەک لە ماڵەکان لە ئەسینایێ ئۆجەلانی دیتەوە. ئەنجا، جارەکی دیکە وتووێژ دەستی پێکردەوە بۆ ئەوەی چارەیێک بۆ ئەو گرفتە وەدۆزین.

پ: داخوازییەکانی ئۆجەلان چی بوون؟

 و: وی گۆت، "من جێیەکم نیە کە بچمێ، دەمەوێ لێرە بمێنەوە." بەڵام، ئێمە داخوازییەکەی ویمان ڕەد کرد و چەند شوێنێکی ترمان وەک ئاڵترنەتیڤ پێشنیاز کرد، وەکی لیبیا و لوبنانێ، جێگەیێک کە لەوێ بتوانێ بچێتە کوردستانێ.

 پ: چوون بۆ کودستانێ، ئەمە پێشینازی تۆ بوو یان هی ئۆجەلان؟

 و: ئێمە پێمان گووت کە دەتوانین بە قاچاغ  وی بگەینینە لیبیایێ، بەڵام، ئۆجەلان داوای کرد کە بچێتە لونبانێ کە لەوێڕا بتانی بگەڕێتەوە کوردستانێ. پاشان، ئەندامێکی پەکەکە لە ئۆروپایێ ئۆجەلانی ئاگەدار کرد لەمەڕ ئیحتیمالی چوون بۆ هۆڵەندا و داواکردنی مۆڵەتی پەنابەریی سیاسیی لە وێندەرێ. دوای ئەمە، وتووێژەکان کۆتاییان پێهێندرا و دەوڵەتی یۆنانێ تەیارەکی ئامادە کرد کە ئۆجەلان بگەینێتە هۆڵەندایێ. من لەو وتووێژانە بەشدار نەبووم لە کاتێک ئەو وتووێژانە لە شەو ئەنجام درا بوون.

 سبحەینەی ڕۆژی ئاییندە، ئاساییشی یۆنانێ داوای لەمن کرد کە بچمە ئەو خانووە ئەمینەی کە ئۆجەلانی لێ بوو. ئەمە جاری دووەم بوو کە وی ببینمەوە. دوای کاژمێرێک خانووەکەمان جێهێشت و بەرەو فڕینگە وەڕێکەوتین. لەوێندەرێ، بەمنیان گوت کە دەبێ هاوسەفەرێتیی ئۆجەلان بکەم بۆ مینسك پێتەختی بێڵەڕووسێ (ڕووسیای سپی). وەختێک بەرەو بێڵەڕووسێ وەڕێکەوتین، لەناو تەیارە بەمنیان گوت هەرکە گەیشتینە مینسك، لەوێ گەرەکە بە تەیارەکی دیکە، تەیارەییکێ بار‌هەڵگر (کارگۆ)، ئۆجەلان بچێ بۆ ڕۆتردام لە هۆڵەندا. بەهەرحاڵ، کە ئێمە گەیشتینە مینسك، ئەو تەیارەی کە دەبوو ئێمە بگەینیتە ڕۆتردام نەهات. ئێمە بۆ ٨ کاژمێر لەناو تەیارەکەی خۆمان چاوەڕێی تەیارەکەی ترمان کرد، بەڵام نەهات. زۆر سەرما بوو، پلەی سەرما ١٧ دەرەجەی سێڵسییس لەخوار سفرێ بوو.

 پ: هەمان مرۆڤەکانی پێشان هاوسەفەری ئۆجەلان بوون؟

 و: نەخێر. ئەو جارە دوو پارێزەر بوون، ئێکەکیان هۆڵەندیی بوو، ئەوی دیکە ئەڵمانیی بوو، ژنێکی کورد، و بیزنسمەنێکی قوبرسیی، و من لەناو تەیارە بووین. كاتێک کە ئەو تەیارەی کە دەبوو ئێمەی گەیاندبا هۆلەندایێ نەهات، ئێمە گەڕاینەوە ئەسینایێ. کاتێک کە گەیشتین، زۆر پەرێشان و برسیی بووین. چووینە شوێنێك کە شتێك بخۆین، بەڵام بە ئێمەیان گوت کە ئەوێندەرێ ئەمین نیە، من لەوە گەیشتم چونکە ئەمریکییەکان ئاگەداریی دۆخەکە بوون، لەبەرهەندێ بەرەو دوورگەی کۆرفو وەڕێکەوتین. دوو رۆژ لەوێ ماینەوە. دەوڵەتی یۆنانێ هەوڵی دا ئۆجەلان ڕازیی بکا بۆ ئەوەی بچێتە وڵاتێکی ئەفریکایێ.

 پ: بۆچێ یۆنانییەکان پێشنیازی ئەفریکایان کرد لە وەختێک لەوە دڵنیا بوون کە ئۆجەلان لەوێندەرێ دەستگیر دەکرێ؟

 و: لەبەر ئەوەی ئێمە هیچ بژارەکی دیکەمان بۆ نەمابۆوە؛ و بە ئیحتیمال ئەمریکییەکان ئەمەیان بەسەر دەوڵەتی یۆنانێ سەپاند بوو. ئێمە پێشنیازی ئەوەمان کرد کە ئۆجەلان پێشتر بچێتە وڵاتێکی نێزیک لە ئەفریکای باشوور، دواتر ئێکسەر بچیتە وێندەرێ. ئۆجەلان ویستی ڕای من بزانێ، من پێم گوت، "لەوەختێک کە ئەتۆ هیچ بژارەکی دیکەت بۆ نەمایتەوە، گەرەکە ئەمە قەبووڵ بکەی، بەتایبەتیی لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی یۆنانێ بە ڕەسمیی پشتگیریی میللەتی یۆنانستانێی پێت داوە، و بەڵێنی داوە کە لە هەموو ڕووێکەوە پشتگیرییت لێ بکا." پاشان گووتم، وێدەچێ ئەمە گۆڕانێک بێ لە سیاسەتی ڕەسمیی یۆنانێ لەمەڕ وی. ئۆجەلان قەبووڵی کرد.

 پ: وڵاتەکەی ئەفریکایێ کینیا بوو؟

 و: سەرەتا نەمزانی کە ئەو وڵات کینیا بوو، بەڵام لە ڕێگە زانیم کە لە هەقیقەت وڵاتەکە کینیا بوو.

 پ: ئەوجارە چەند کەس لەگەڵ ئێوە بوون؟

و: ئۆجەلان، بیزنسمەنی قوبرسیی، پیاوێکی کورد کە جنسیەی سوێدێی هەبوو، ژنێکی کورد کە خەڵکی ئەڵمانێ بوو، و من. ئێمە گەیشتینە نایڕۆبیی پێتەختی کینیایێ، و لەوێندەرێ لەلایەن جێگری بالیۆزی یۆنانستانێ پێشوازییمان لێکرا، جێگری بالیۆز پاسپۆرتەکانی ئێمەی وەرگرت و هەموویانی ئیمزا کرد بۆ ئەوەی نەچینە کۆنتڕۆڵی پاسپۆرت و ئێکسەر بۆ خانووی بالیۆزێ چووین.

 پ: کاربەدەستانی کینیایێ لە گەیشتنی ئۆجەلان ئاگەدار بوون؟

 و: نازانم، وا تێدەگەم کە نەیاندەزانی.

پ: چەند ڕۆژ لەوێندەرێ بوون؟

 و: دوازدە ڕۆژ. ڕۆژێک دوای گەیشتنمان، من پێوەندییم کرد بە پارێزەری ڕێبەری ئەفریکای باشوورێ، نێڵسن ماندێڵا کە یۆنانیی بوو بۆ ئەوەی یارمەتیی ئۆجەلان بدا کە بچێتە ئەفریاکی باشوور و لەوێ داوای پەنابەرێتیی بکا. من دەستوورم پێدرا کە بچمە ئەفریکای باشوور بۆ ئەوەی چاودێری ڕەویشەکە بکەم، بەڵام دەوڵەتیی کینیایێ ڕێگەی پێم نەدا بچم.

 پ: چۆن و بۆچی؟

و: من لە فڕینگە بووم لە نایرۆبی کە پۆلیسی کینیا منی ڕاگرت. ئەوان بۆ ماوەکی زۆر خۆیان بە پشکنینی پاسپۆرتی من خەریك کرد کە بووە هۆی ئەوەی تەیارەکەم هەڵسێ و من جێبمێنم. کاتێک گەڕامەوە بۆ بالیۆزگە پێمیان گوت کە وەزارەتی دەرێی کینیایێ داوای پاسپۆرتی من و هی بیزنسمەنی قوبرسیی کردووە. بەڵام، بیزنسمەنەکە زووتر کینیای جێهێشتبوو و گەیشتبووە بەلجیکایێ.

پ: چۆن ئەوان زانیان کە ئۆجەلان لە کینیایێیە؟

 و: ئەز نازانم. دووەم  ڕۆژ کە لە نایڕۆبی بووین. من لە ڕۆژنامەی "حوڕییەتی" تورکیی خوێندمەوە کە سەرۆکی ئاساییشی تورکیی "میت" بە ڕۆژنامەکەی گوتبوو دەزانین کە ئۆجەلان لە کوێیە و نێزیکە بکەوێتە چنگمان.

 پ: تۆ وەها بیر ناکەی کە لەوانەیە ئێکەک لە بالیۆزگەی یۆنانێ خەبەری لەبارەی ئۆجەلان درکاند بێ؟

 و: نا، نا، نا. ئەز باوەڕم کە ئاژانسی سیخووڕیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) ڕۆڵیکی سەرەکیی لە وەدۆزینی ئۆجەلان دیت. بە گوێرەی زانیاریی ئێمە، کاربەداستانی سی ئای ئەی ڕەکەوتنێکیان لەگەڵ میت ئیمزا کردبوو کە ئەوان ئۆجەلان ڕادەستی تورکان بکەن بە مەرجێک کە ئۆجەلان ئیعدام نەکرێ. ئەمە ڕێکەوتنێک بوو لە بەینی ئەمریکایێ و تورکیایێ.

 پ: ئەوکاتەی کە ئۆجەلان میوانی بالیۆزگەی یۆنانێ بوو لە کینیایێ، دەوڵەتی یۆنانستانێ کەوتە ژێر گوشار؟

 و: بەڵێ، ئێکجار زۆر. چەند ڕۆژەک دوای ئەوەی گەیشتین، دەوڵەتی یۆنانێ کەوتە ژێر گوشارێکی زۆر. کاربەدەستێکی باڵای یۆنانێ داوای لە ئێمە کرد کە پەلە بکەین لە پڕۆسێسی وەدۆزینی چارەیێك بۆ ئەو قەیرانە. لەو حاڵەتە، من گوتم کە تەواوی هەنگاوەکان گەرەکە یاسایی بن و دەبێ ئێمە سەلامەتیی ئۆجەلان بپارێزین، چونکە ئەگەر شتێکی خراپ بەسەر ئۆجەلان بێ، خانەوادەی وی و دۆستەکانی دەتانن سکاڵای یاسایی لە دژی ئێمە بکەن. بالیۆز کە پارێزەریش بوو لەگەڵ من هاوڕا بوو. ئێمە نەمان ویست هیچ شتێکی نایاسایی بکەین یان ئۆجەلان ڕادەست بکەین. ئێمە دۆستانی کوردانین و کارێکی ئەوها زیان بە دۆستایەتیی کوردیی ــــ یۆنانیی دەگەینێ و لەسەر ئاستی جیهانێش بۆ ناو و دەنگی یۆنانستانێش باش نابی.

 پ: لە دوا قۆناغ، چۆن ئۆجەلان ڕفێندرا؟

و: ئەو ڕۆژەی کە ئۆجەلانی تێدا ڕفێندرا دووشەم بوو. هەمان رۆژ بوو کە وەزارەتی دەرێی کینیایێ داوای لە بالیۆزی یۆنانێ کرد بوو کە بچێتە وەزارەت. بالیۆز هەولی دا کە پێوەندی بە یۆنانستانێ بکا بۆ وەرگرتنی ڕێنوێنییی، بەڵام کاربەدەستانیی کینیایێ تەواوی هێلەکانی پێوەندیی ئێمەی لەگەڵ ئەسینایێ بڕی بوو، و ئابلۆقەشی خستبووە سەر بالیۆزگە. بالیۆز نەیدەویست کە بەبێ ڕێنوێنی ڕەسمیی لە یۆنانستانێ بچێتە وەزارەتی دەرێی کینیایێ. دواتر، کاربەدەستانی کینیایێ لە وەزارەتی دەرێ بۆ بالیۆزگە هاتن بۆ ئەوەی بالیۆز لەگەڵ خۆیان ببەن هەتتا ئەگەر بە زۆریش بێ. لەو حاڵەتە، بالیۆز لەگەڵ ئەوان چووە وەزارەت و لەوێ وێنە‌هایێکی ئۆجەلانیان لەبالیۆزگە پێ نیشان دابوو کە بەهۆێ مانگوارە (سەتڵایت) گیرا بوون [ئەمە ئەوە دەسەلمێنی کە ئەمریکا مانگوارەی جاسووسیشی بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان بەکار هێنا بووـــ کگ] و بە بالیۆزیان گوتبوو کە ئەوان دەیانزانی کە ئۆجەلان لە بالیۆزگە بووە. کینییەکان ئامادەیی خۆیان نیشان دا کە ئۆجەلان بۆ هەر جێگەیێک کە وی دەیەوێت بە تەیارە بگوازنەوە، و ئەوان پێشنیازی هۆلەندا یان فینلاندیان کرد. بالیۆز پێوەندی بە ئەسینایێ کرد و ئەوانی لە مامرەتەکە ئاگەدار کردەوە؛ لە ئەسینانیێ پێیان گووت کە پێشنیازەکەی کینیایێ قەبووڵ بکا چونە هیچ بژارەکی دیکەیان بۆ نەمابۆوە. کاربەداستانی کینیایێ بە ڕۆشنی بە ئێمەیان گووت کە ئەو پێشنیازە دووبارە ناکرێتەوە، و تەنێ هەتا کاژمێری ٧ ی شەوی هەمان ڕۆژ کاری پێ دەکرێ، و گووتیشیان کە ئەوان بەرپرسیار نین ئەگەر لە دوای کاژمێری حەفت ئادەمکوژان بێنە ناو بالیۆزگە ئێوە بکوژن و ئۆجەلان بڕفێنن.

 لە دواچارە، بالیۆز چووە لای ئۆجەلان و پێشنیازەکەی کینیایێی پێ گووت. ئێمە تەنێ دوو کاژمێرمان مابوو بۆ کاژمێری حەفت کە بۆمان دیارکرا بوو. ئۆجەلان کە پێشنیازەکەی بیست، گووتی "با بڕۆین، ئێمە هیچ کات و بژارەمان بۆ نەماوەتەوە و منیش نامەوێ لەوە زێتر بۆ دۆستانم ببمە بارگرانیی."

 بلانەکە بەو جۆرە بوو. ئێمە تورمبێلی بالیۆز کە ژمارەی دیپلۆماتیکیی هەبوو و لە هیچ شوێنێک ڕانەدەگیرا بۆ چوون بۆ فڕینگە بەکار بێنین و بچین لە پێش ئەو قاڵدرمەی کە بۆ ناو تەیارەکە سەر دەکەوی ڕاوەستین. لەوێندەرێ، گەرەک بوو کە من لە تورمبێل بێمە خوارێ و بچم چاو لەناو تەیارە بکەم، ئەگەر هەموو شتێک باش بوو، و دۆخەکە ئەمین بوو، ئەوکات ڕێنوێنی ئۆجەلان و بالیۆز بۆ ناو تەیارە بکەم و پێکەوە بۆ ئەو جێگە بچین کە ڕێبەری کورد هەلێدەبژێرێ.

 بەڵام، کینییەکان گوشاریان خستە سەر ئێمە کە سواری تورمبێلەکانی وان بین و ویستیان کە ئێمە دابەش بکەن، لەبەر هەندێ ئەوان سێ تورمبێلیان هێنابوو. بالیۆز لەناو تورمبێلی پێشەوە بوو، ئۆجەلان لەناو تورمبێلی ناوەند بوو، ئەزیش لە تورمبێلی دواوە بووم.

 لێخووڕەکان پۆلیسی کێنیایی بوون. لە ڕێگەی چوون بۆ فڕینگە، ئەو تورمبێلەی ئۆجەلانی تێدا بوو لە ڕێگە لای دا و لەبەر چاوان ون بوو. ئێمە بە لێخووڕەکەی خۆمان گووت کە وەدوای تورمبێلەکەی ئۆجەلان بکەوێ، بەڵام ئەو ڕەد کرد و گوتی کە ئێوە لەگەل وی لە فڕینگە یەکدی دەبیننەوە. بەڵام، کاتێک کە گەیشتینە فڕینگە، بۆ کاژمێرێک زێتر بۆ ئۆجەلان گەڕاین بەڵام نەمانتوانی وی وەدۆزین. دواتر کە نەمانتوانی ئۆجەلان ببینینەوە بە تاکسی گەڕاینەوە بۆ بالیۆزگە. ئێمە سەربردەکەمان بۆ ئەسینایێ ڕیپۆرت کرد کە پۆلیسی کینیایێ ئۆجەلانی برد، و پاشان، لە سبحەینێی ڕۆژی دوایی لە تیلەڤیزیۆن بیستمان کە ئۆجەلان ڕفێندراوە.

پ: هەستت بە چی کرد کاتێک کە دیتت ئۆجەلان ڕفێندراوە و بەچاوبەستراویی لەسەر تیلەڤیزیۆن لەدەستی تورکانە؟

 و: تراژیدیێکی زۆر گەورە و ڕۆژێکی ئێجگار خەمناک بوو بۆ ئێمە. من زۆر گریام.

 پ: بە ڕای تۆ ڕفاندنی ئۆجەلان پیلانێکی دەسیسەیی جیهانیی بوو؟

 و: بە یەقین. هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ئەمە نەخشەیێکی خیانەتکارانەی جیهانیی بوو.

 پ: تۆ وەها بیر دەی کە ئیسڕایل ڕۆڵیکی لەو پیلانە هەبوو؟

و: زانیاری زۆرم لەو بارە نیە. بەڵام، كاتێک لە کینیا بووین، ڕۆژێک کە چاوم بە هەواڵەکان دەخشاند و لەهەمان کاتیش لەگەڵ ئۆجەلان دەئاخفتم لە ڕۆژنامەی ئوزگور پۆلیتیک خوێندمەوە کە سەرۆکی کونسولی ئاساییشی ئیسڕایلێ و تیمەکەی خۆی لە ئەنکاڕا بوون. کاتێک بە ئۆجەلانم نیشان دا، وی گۆت، "ئەوانە بۆ من لەوێندەرێن."

 پ: دوای ئەو هەموو شتانە، چۆن لەبارەی ئۆجەلان بیر دەکەی؟

 و: دوو ڕۆژ پێشی ڕفاندنی، ئۆجەلان پێمی گۆت، "هەتتا ئەگەر ئەز دەستگیر بکرێم یان بکوژرێم پەکەکە پایەدار دەمێنێتەوە."
  ئۆجەلان زۆر ڕاست بوو لەوەی کە دەیگووت. پاش دەستگیر کردنی ئۆجەلان خەڵکێکی زۆر وەهایان بیر دەکرد کە پەکەکە لەدوای شەش مانگ لەبەین دەچێ. بەڵام پەکەکە زۆر لەجاران بەهێزترە. بەڕای من، ئۆجەلان موفەکیرێکی مەزن و ڕێبەرێکی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستێ. لەو دواییە، گۆڤاری تایم بۆ نرخاندنی کەسانی ساڵ  بۆ ساڵی ٢٠١٣، ئۆجەلانی لە کۆی ئەو سەد کەسە داناوە کە زۆرترین کارێگەرێتییان لەسەر ئاستی جیهانێ هەیە. بەڕای من، لەپاش مردنی حافیز ئەسەد، ئۆجەلان گەورەترین ڕێبەری سیاسییە لە رۆژەڵاتی نێوەڕاست.

پ: هیچ کاتێك لەلایەن تورکان هەڕەشەت لێکراوە؟

و: بۆ ساڵانێک ئەز لە تورکیا ویسترا بووم. بەڵام، ئەز لە تورکان ناترسێم لەبەر ئەوەی لەو جۆرە کارانە کاردانەوەی بەرامبەریی لەنێوان وڵاتان لێدەکەوێتەوە. هیچ کەسێک هەڕەشە لە بیانییەک ناکا بەبێ ئەوەی ترسی ئەوەی هەبێ کە تۆڵەی لێنەکرێتەوە.

 
سەرچاوە:


 


- نوورەدین وەیسی. وەیسی ژورنالیستێکی فریلانسە و لە هەولێرێ ـــ کوردستانێ دادەنیشێ. دەکرێ وی لە ڕێگەی توویتەر پێواندی پێوە بکرێ

No comments:

Post a Comment