Friday, October 17, 2014

دیداری شاندی ئەمریکایێ لەگەڵ ساڵح موسلیم
 
کـرمـانـج گـونـدیـی    
 
پاش ئەوەی لە ڕۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، شاندێکی ئەمریکایێ بە سەرۆکایەتیی تۆنی بڵینکن، جێگری ڕاوێژیاری ئاسایشی نەتەوایەتیی ئەمریکایێ، لە دهۆکێ لەگەڵ سەرۆکی کەی ئاڕ گی کۆبۆوە، ماکینەکانی پرۆپاگەندەی پارتی بڵاویان کردەوە کە لەسەر خواستی مەسعوود بارزانیی، تۆنی بڵینکن لەگەڵ سالح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە، کۆبۆتەوە.
وەلێ، ڕاستییەکان نیشان دەدەن کە دیداری ئەمریکایێ لەگەڵ سالح موسلیم بۆ جاری ئێکەم لە پاریسێ ئەنجام درا بوو (دووشەم، ١٣ی ئۆکتۆبەرێ، جان کێری لە پاریسێ بوو). ئەو دیدارەی شاندی ئەمریکایێ لەگەڵ وی لە کوردستانێ، دیداری دووەم بوو کە بەشێوەکی ئاشکرا ئەنجام بدرێ. چونکە، بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە، پێش دیداری پاریسێ، ژمارەك دیداری ژێرپەردە، لە نێوان هەرتك لا ئەنجام درا بوون.
 
دیداری دووەمی شاندی ئەمریکایێ لەگەڵ ساڵح موسلیم لەسەر خواستی خودی شاندی ئەمریکایێ بوو نەك خواستی سەرۆکی کەی ئاڕ گی. وێدەچێ، ئەوە پشکەی کە سەرۆکی کەی ئار گی لەو بارە وەبەری کەوێ، ئەوەبێ کە شاندی ئەمریکایێ لە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ وی، پێیان گۆتبێ کە لەگەڵ ساڵح موسلیم دیدار دەکەن. ئەو پێوەندییەی ئەمریکایێ لەگەڵ یەپەگە، لە چارچێوە ئەو سیاسەتە نوێیەیە کە ئەمریکا لەمەڕ سیاسەتی جەنگیی خۆی لەبەرامبەر داعش بەتازەیی دەیەوێ ئەنجامی بدا. لە لایەکی دیکە، ئەو سیاسەتەی ئەمریکایێ نیشان دانی بێزارییشە لەبەرامبەر سیاسەتی سەقەتی تورکیایێ و یارمەتی دانی ئەو وڵاتە بۆ گرووپی تاریك و خوێناویی داعش.
 
مخابن، لەمەڕ کۆبانێ، پارتی لەدوا واگنی شمەندەفەری هاریکارییەکانە بۆ ئەو بەشەی کوردستانێ. ئەوەی نەتەوەی کوردستانێ و ناوچە و جیهان لە پارتیان دیت، خەندەق لێ دان و سنوور داخستن بوو لەبەرامبەر ئەو پارچەی کوردستانێ. ئەو ڕەفاتارە تاریکەی پارتی کتومت تەواوکەری سیاسەتی داگیرکەرانەی فەرخەکانی عوسمانیی تورکیایێ بوو.
بەڵام، دوای ئەوەی بەرخۆدانی کچان و کۆڕانی شەهامەتمەندی کۆبانێ جیهانیان حەپەساند، و خۆڕاگری وان لەبەرامبەر خوێناویتری گرووپی تێرۆریستی سەدەی بیست و ئێك، وەهای کرد کە ئەمریکا و دەسەڵاتمەندەکانی دیکە چاوێك بە سیاسەتی خۆیان بخشێننەوە؛ و لە بەرەی جەنگ ستایشی کچان و کوڕانی کۆبانێ بکەن کە لەو ڕەهەندە، فەڕەنسا و ئەڵمان، دەمێکە پشتیوانی خۆیان بۆ کۆبانێ ڕاگەیاندوە، و ڕاستەخۆش سەرکۆنەی سیاسەتی پیسی تورکیایێیان کردیە. ئەوچەل، لەگەڵ ئەوەی کە جیهان دەنگی ناڕەزایی لێ بەرز بۆوە لەبەرامبەر هاریکاری تورکیا بۆ داعش، نێچیرڤان بارزانی گۆتی، " بە تەئکید تورکیا یارمەتی داعشی نەداوە." مەسعوود بارزانیش کەمێك نەرمتر لە نێچیرڤان، گۆتی، "ئێمە بەڵگەمان نیە کە تورکیا یارمەتی داعشی دابێ." ئەوە سیاسەتی سەرۆکایەتیی پارتی بوو لەبەرامبەر تورکیای داگیرکەر و بەرخۆدانی بەشی کوردستانی بندەستی سووریایێ.
ئەنجا، لە بەرامبەر هاواری میللەتی کوردستانێ کە ماوەیێکی زۆرە داوا لە پارتی و حیزبەکانی دیکە دەکەن کە بە هانای ئەو بەشەی کوردستانێ بچن ـــ پارتی بە تازەیی بە شێنەیی، ماکینەکانی پڕۆپاگەندەی خۆی ڕەکار خستیە کە گوایا سەرۆکی پارتی داخوازی کردیە کە ئەو دیدارە ئەنجام بدرێ. لێرەکانێ، ئێكەك لەبۆی هەیە، لەسەرۆکایەتیی پارتی بپرسێ، داخوا ئەو ڕەفتارە بچووکانە کە "بە تەئکید" هێشتا بچووکترتان دەکا، لە پێناوی چی؟
سەرۆکایەتی پارتی، بە جێگەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە و ڕێگە دان بە بڵاو بوونەوەی هەواڵگەلێکی وەها، با هەوڵ بدەن سیاسەتێکی نیشتیمانی لەسەر ئاستی کوردستانێ درووست بکەن. پارتی ئەگەر، بە ڕاستیی، ئەوەندە خەمخۆری پارچەکانی دیکەیە، با چیدی بە بەهانەگەلێگی وێنەچوو، ڕێگری لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ نەکا.

Wednesday, August 27, 2014


تـورکـیـانـاسـیـی یـان کـوردسـتـانـنـاسـیـی!

کـرمـانـج گـونـدیـی

لەناو دەڤەری دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، لە ئەنجامی حیزب ــ حیزبانێ و نەتەبایی حیزبەکان، بەتایبەت پدك و ینك، ئێکەك لەو دیاردانەی کرێت کە دێتە بەرچاو، زۆرینە وبۆرینەیی "پرێسگەلێکی حیزبیی" لەژێر ناوگەلێکی جیاواز کار بۆ سیما جوان کردنی حیزبەکانی "پاڵپشت" دەکەن. کاری ئەو پرێسگەلە دوور لە ئەخلاقیی ژوڕنالیزمی، و ڕەچاو کردنی سەرچاوەی هەواڵی باوەڕمەند، وەکی ماکینەی پڕۆپاگەندە، بەشێکی سەرەکیی کارەکانیان، هێرش کردنە سەر ئەو کەسانە و لایەنانەیە کە لەخەتی حیزبیی وان ناهزرن.  

لەسەرپشکی ئەوەش، بە پارەی میللەت، حیزبەکانی دەسەڵاتدار بۆ "شەکرە قسە" کردن لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان، گۆڤارگەلێکیان ڕەکار خستیە بۆ خزمەتکردنی پرسگەلێکی نەکوردستانیی بۆئەوەی میللەتی کوردستانێ چێتر ئەو لایەنە بناسن. ئێکەک لەو گۆڤارانە، گۆڤاری تورکیاناسییە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی پدك سازوبەرگ دەکرێ. کاری ئەو گۆڤارە، نیشان دانی سیماکانی جوانی تورکیای داگیرکەرە ـــ کە ئەو گۆڤارە بە جۆرێکی کارا کارەکەی خۆی ئەدا کردیە. لە بەرامبەر ئەوەش، کوردستانناسیی وجودی نیە مەگەر ئەوە نەبێ کە ئەکادیمیێکی کوردیی دامەزرایە بۆ ئەوەی سیماکانی شێواوی فەرهەنگی کوردەواریی هەموار کاتەوە. وەلێ، ئەگەر نموونەی "مشتێك لە خەروارێك" بۆ ئەو ئەکادیمییە بهێنینەوە، دەبینین کە ئەو پێکهاتە، لە ئاست ناوەکەی خۆشی کێمی هێناوە. بۆ وێنە، هەر کەسێك جارێك لە هەولێرێ تەماشای تابلۆکانی سەر شەقامەکانی شاری کردبێ، دەزانی کە ئەو ئەکادیمیە وەکی پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە کە تانیبێتی ڕەهەندێکی گشتیی بۆ ڕێنووسی تابلۆکانی ڕێنوێنیی، دابنێ کە وێناچی کارێکی هێندە دژوار بێ.

لەلایەکی دیکە، گچەکەترین هەنگاو لە لایەن حیزبەکانی حوکمدار هەڵنەهێنراوە بۆ زیندی کردنەوەی لایەنەکانی شێواوی مێژوو و فەرهەنگی نەتەوایەتیی ـــ بەو مانایە کە کوردستانناسیی بە جۆرێکی ئەکادیمیی/زانستیی هەرگیز لە دەڤەری کەی ئاڕ گی بایەخی پێ نەدرایە. پێچەوانەی ئەوەش، هەموو توانایێك خراوەتە کار بۆ هێزمەند کردنی پەروەردەی "حیزبناسیی." خویاشە کە پەروەردەی حیزبناسیی، هەمیشە ڕێگر بووە لەبەرامبەرگەشە کردنی هەست و زانستی کوردستانناسیی.

جا لە کاتێك کە کارگەلێکی ئاوهایی دەکرێ، و لە بەرامبەر ئەو کارانەش کێمترین بایەخ بە پاراستنی کەڕامەتیی نەتەوە و نیشتیمان نەدرێ، میللەت ناتوانێ وەکی پێویستە وەها هوشیاریی نەتەوایەتیی هەبێ. لەبەرهەندێ، گەرەك بوو بەجێگەی تورکیاناسیی، یان لانی کێم، لە تەنیشت تورکیاناسیی، کوردستانناسییش بە کوالێتیێکی ئەکادیمیی/زانستیی کاری لەسەر کرابا؛ و هەڵ درابا کە سایکۆلۆژیی شێواویی خەڵکی کوردستانێ لە ڕەهەندی فەرهەنگێکی تەندرووستی نیشتیمانیی زیندیی کراباوە. بەجۆرێك، وەکو دەستپێك، لە چارچیوەی ئەو زهنیەتە کاری کردبا کە نەتەوەی کورد کەمینەی وڵاتەکانی داگیرکەر نیە ــــ کە نەتەوەی کورد، کوردی ئێڕاقێ، کوردی ئێرانێ، کوردی سووریایێ، و کوردی تورکیایێ نین. ئەو نەتەوەیە، نەتەوەی کوردانی کوردستانێن و خاوەنی مێژووی شکۆمەند و خاك و نەریتی خۆیانن، و دابەش و داگیر کراون. لێ مخابن، نەك هەر ئەو کارە نەکرا، بەڵكو درێژە بە فەرهەنگی سەقەتی "ئێمە و ئەوان" درا.  

لە نەتیجەی ئەو فەرهەنگە کرێتەی "ئێمە و ئەوان،" کە ئێمە کوردانی ئێراقێینە و ئەوان کوردانی "مەزرایێن" سایکۆلۆژیی سیاسیی حیزبەکان هەمیشە بە نەساغیی مایتەوە. ئەو شتانەی لەو ڕۆژانەی ئەم دواییە ڕوویان دا جارەکی دیکە ئەوەی وەبیر میللەت هێناوە کە ئەو حیزبانەی دەسەڵات، جارێکی تر لە ئاست ئەدا کردنی ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی کێمیان هێناوە. لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردی،  هێزەکانی پێشمەرگەی پارتەکانی کوردستانی بندەستی ئێرانێ لە بەرەکانی جەنگ لە دژی داعشییەکان کێشرانەوە، و ڕیگەیان پێ نەدرا کە ئەرکی پاراستنی کەڕامەتی میللەت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەری شەرەف ئەدا بکەن. ئەویش، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئێرانی داگیرکەری ڕەزای لەسەر نەبووە. ئەو بڕیارە، نەنیشتیمانپەروەرییە وەهای کرد کە ویژدانی نیشتیمانپەروەرانەی کوردستانێ جارێکی دیکە لەبەرامبەر بەشێکی دیکەی وڵات هەست بە ئازار و شەرمساریی بکا. لە لەلایەکی تر، هەڤوەڵاتییەکی کوردستانی بندەستی ئێرانێ کە لە دەڤەری کەی ئار گی دەژی، چوو بوو بۆ ئەوەی خوێنی خۆی بداتە ئەو پێشمەرگانەی کە لە بەرەی جەنگ دەجەنگن ــــ ئەویش پێی گۆترا بوو کە خوێنی لێوەر ناگرن، چونکە "جنسیەی ئێراقی" نیە.

وێدەچێ، ئەگەر عارەبێکی جنسیە هەڵگری ئێراقی داگیرکەر ئەو کارەی کردبا، خوێنیان لێوەرگرتبا، وەلێ لە کوردێکی کوردستانی خوێن وەرنەگیرایە ــــ کوردێك کە "جنسیەی مێژوویی وی هەمیشە کوردستانیی بووە." کوردێك کە ویستیتی خوێنی خۆی ببەخشێتە براکانی خۆی لە سەنگەری پاراستنی کەڕامەتی نیشتیمان کەچی خوێنی لێوەر نەگیراوە.

لێرەکانێ، ئێکەك لە بۆی هەیە پرسیار بکا، ئایا لەپاش ٢٣ ساڵ حوکمڕانیی پدك و ینك ـــ ئەوە ئەم زهنیەتە سەقەت و نەکوردستانیەیە کە لەبن حوکمی ئەو دوو حیزبە لەناو کوردانی دەڤەری کەی ئاڕ گی درووست بووە؟ ئایا ئەوە فەرهەنگی "کوردستان یان نەمان" ی ینك و پدكە کە بەو جۆرە هەستی وەلاتپارێزیی لەناو هەڤوەڵاتییان، لەو ئاستە نزم و نەخۆشە درووست کردووە؟

لە کۆتایی گەرەکە بگوترێ کە چۆن نەتەوەی کوردستانێ لەهەر چار پارچەی وڵاتێ بە درێژایی چەند سەدە خەباتیان لە دژی دابەشکردنی کوردستانێ لەبەرامبەر داگیرکەران کردیە، بەهەمان شێوەش ڕێگە نادەن ئەگەر حیزبگەلێك بیانەوێ درێژە بە دابەشکردنی زهنیەت و سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی کوردستانێ بدەن. چونکە، سایکۆلۆژیەتیی نەتەوایەتیی کوردستانێ ئێك سایکۆلۆژییە و نابێ ڕێگە بدرێ بەش بەش بکرێ.

ناوی شکۆمەندی کوردستانێ هەر زندی بمینێ!

Wednesday, August 6, 2014

 
 
کارەساتی شەنگالێ و حیزب ــ حیزبانێی حیزبەکانی کوردستانێ
 
کرمانجی سەعـیـد مەسیـفـیی


 لەوەتای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگالی ئاژدادیی دەستی پێکردیە کە تێیدا ئەو کارەساتە بەسەر هەڤوەڵاتییانی ئێزیدیی هات ــــ حیزبەکانی کوردستانێ، بە جێگەی خۆڕێکخستن لە ئێك سەنگەری ستراتیژیی بەرەی فیکریی/سی...اسیی/عەسکەریی، دەستیان دایتە کاری نەشرین کردنی ئێکدیکە. هەرجارە، ڕاستەوخۆ نەڕاستەوخۆ، بە جۆرێك ئێکدی خەتابار دەکەن. بەهەندێش، سەریان لە میللەت شێواندیە. ئێکەك لە رەفتارە هەر نزمەکانیشیان ئەوەیە کە وێنەگەلێکی کەون کە لەبۆ مەرامێکی دیکە گیراون ـــ بۆ مەبستی خۆیان، بۆ چەواشەکاریی میللەت بەکاریان دینن. بە ڕاستیی شەرمە، لە وەختێكی وەها ناسكیش، ئەوانە هێشتا دەست لەو کارە کرێتانە هەڵناگرن!

کارەساتی شەنگالێ، ئەو هەقیقەتەی نیشان داین کە لەئەنجامی نەبەرپرسێتیی سەرکردایەتیی کوردستانێ و ئەو حیزب ـــ حیزبێنە شوومەی کە دەیکەن، کەڕامەتی نەتەوایەتییمان زۆر بە دژواریی لە لایەن چەتەگەلێکی داعشیی سووکایەتیی پێکرا ــــ سووکایەتیێك کە تێیدا نێزیکەی ٥٠٠ لە خاتوونانی ئێزیدیی، خاتوونانی کورد، ڕفێندراون، و هەزارانیشیان لێ ئاوارە کراینە. لە ئانێکی ئاوهایی، چۆن دەکرێ ئەو حیزبانە لە ئاست بەرپرسێتیی ئەخلاقی نیشتیمانیی ئەوها کێم بێنن.

لەوەختێك حیزبەکان، بەتەمان خەتای ئەو کارەساتەش (وەکی کارەساتەکانی پێشان) بخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی ئیقلیمیی و هی دیکە، گەرەکە پرسیاریان لێ بکرێ، بۆچی نابێ بۆ جارێکیش پەنجەی خەتا بۆخۆیان ڕابکێشن؟ لە کاتێك دەگوترێ فڵانە وڵاتی ناوچە و فیساڵە هێز بۆ دژایەتیی گەلی کوردستانێ وەها دەکەن، ئایا ناکرێ بۆ جارێکیش لەگەل میللەت ڕاستگۆ بن و بڵێن، خەتای خۆشیانی تێدایە؟! ئایا لە کاتێك کوردستانیانی دەرێی وڵات گێبیسی ئەو بن کە کەی ئاڕ گی پلانی هەیە مووسل لە دەستی داعشیان دەرێنێ، داعشیەکان لەسەر سنووری کوردستانێ ئەو هەواڵەیان پێ نەگەیشتیە؟ ئایا کە سەرۆکی کەی ئاڕ گی لە کامپی خارز ئاوارەکانی مووسڵ دڵنیا دەکاتەوە کە مووسڵ ڕزگار دەکەن و لەوێ، لە ئایندەکی نێزیك، چاوی پێیان دەکەوێ، داعشییەکان کەڕوکۆرەن؟ ئەو ڕەفتارانە نابینن و ئەو گوفتارانە نابیسن! ئایا لەوەختی سەردانێکی خۆی بۆ بەرەی جەنگ، سەرۆکی کەی ئاڕ گی، بە بەرچاوی میدیای کوردستانێ و جیهانێ، گۆتی، چەکگەلێکی گران و پێشکەفتی لە ڕێن و زوو دەگەنە دەست پێشمەرگان ــــ لە حاڵەتێکی ئەوهایی، جەنابی سەرۆك چاوەڕێی ئەوە دەکا کە داعشییەکان دەست لە چۆکان دابنیشن و هیچ کاردانەوەیێك لەخۆیان نیشان نەدەن؟

کارەساتی شەنگالێ، ئەو ڕاستییەی وەبیر گەلی کوردستانێ هێناوە کە سەرۆکایەتییەکەیان چەندە بێ بەرنامە و بێ ستراتیژە! هەر لەبەر ئەو بێ بەرنامەییەش، بۆ میللەت هەیە کە لە سەرۆکایەتیی بپرسێ، ئایا ئەو زانیارییانەی کە پێوەندن بە نهێنی ستراتیژیی نیشتیمانیی، بۆچی دەبێ ئاوها سەرپێیانە قسەیان لێوە بکرێ و دوژمنان لێیان ئاگەدار بکرێن؟

گەلی کوردستانێ لە بیرتی کە سەرۆکی کەی ئاڕ گی بە بەرچاوی وان و جیهانێ، گۆتی، شەش مانگ پێش هێرشەکانی داعش مالیکمان ئاگەدار کرد کە مەترسیێکی ئەوها بەڕێوەیە. ئەو کارێکی باش بوو کە کردوویەتی، و میللەتیش ئافەرینی پێ دەڵێ. وەلێ، لە حاڵەتێکی ئاوهایی، ئەو پرسیارە دێتە بوون، ئایا لە وەختێك دەوڵەتی ئێراقێت لەو هەڕەشەیە ئاگەدار کردەوە کە ئامادەکاریی خۆیان بکەن، بۆچی خۆت لەناو دەوڵەتەکەی خۆت ئامادەکاریت نەکرد؟ بۆچی کە ئێزیدییەکان داوای چەکیان لێ کردبووی، هێزەکی تایبەتت لە ئێزیدییەکان درووست نەکرد کە بتانن لە "رۆژی مەبادا" پارێزگاری لە خۆیان و لە خاکی کوردستانێ بکەن؟ ئایا بۆچی هەتا ئێستا هیچ کەسێك لەسەر ئەو خیانەتە لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرایە؟ چۆن دەکرێ هیچ کەسێك هۆکاری ئەو خیانەتە نەبێ؟ ئایا هەتا کەینێ بەرژەوندییەکانی نەتەوە و نیشتیمان دەکەن قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حیزب ـــ حیزبانێ؟
 

Sunday, June 29, 2014




هەڕەشـەکـانـی دژواری داگـیـرکـەرانـی ئـێـرانـێ و ئـێـڕاقـێ لە دژی سـەرۆکـی کوردسـتـانـێ
 
کرمانجی سـەعـیـد مەسـیـفـیـی

لەپاش هێرشەکانی چەکدارەکانی داعش و بەزینیی هێزەکانی سوپای ئێڕاقێ لە بەرامبەر وان،  پرۆسەی ڕزگار کردنی خاکەکانی داگیرکراوی کوردستانێ جارەکی دیکە دەستی پێ کردەوە. کەرکووك و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ئاژدادیی، چەلێکی تر لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رزگار کرانەوە. ئەو دۆخە، لەپاش نێزیکەی دە ساڵ چاوەڕوانیی گەلی کوردستانێ درووست بوو. دە ساڵ، گەل و سەرۆکایەتیی کوردستانێ چاوەڕێیان کرد کە ئەو ناوچانەی زەفتکراو/داگیرکراو لە ناو چارچێوەی دەستووری نوێی ئێڕاقێ چارە بکرێن.

پێشبینی دەکرا کە دەوڵەتی ئێراقی پاش سەددامێ، دەوڵەتێکی نیشتیمانیی سەرتاسەری بێ، و هەول بدا کە ئاسەوارەکانی سیاسەتی شۆڤێنیزمیی و نا مرۆڤانەی ڕژێمەکانی ڕابردی لە کوردستانێ نە‌هێڵێ و نابەرامبەرییەکانی هەموار بکاتەوە. بەڵام، دەسەڵاتی سیاسیی لە بەغدایێ بە نەریتی فەرهەنگی داگیرکاریی خۆی، نەك هەر هیچ بایەخێکی بە برگەکانی دەستووریی لەمەڕ کوردستانێ نەدا، بەلکە سیاسەتی داگیرکاریی ئەو خاکانەی کوردستانێی درێژە پێ دا، و لە لای خۆی خەتمی خیتامی لە داگیرکردنی خاکەکانی داگیرکراوی کوردستانێ دا. لەسەر ئاستیی عارەبییش، فەرهەنگی حکوومەتێکی فیرقەگەرای شیعەیی سەپاند، و سووننییەکانی پەراوێز کرد.

ئەو پێشهانتە مێژووییە، گەل و سەرۆکایەتیی کوردستانێی لێکدی نێزیکتر کردەوە کە جارێکی تر میللەت لەژێر فەرمانی ڕێبەرایەتیی کوردستانێ، ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی ئێك پارچەیی خاکی کوردستانێ دەربڕی. هەڵبەت، ڕەنگدانەوەی ئەو پێشهاتانە و گەیاندنی دەنگ و خواستەکانی گەلی کوردستانێ لە بلووری دەنگی مەسعود بارزانیی، سەرۆکی کوردستانێ دەگەیشتە جیهانێ.

لەسەفەری خۆی لەبۆ کەرکووکێ، سەرۆکی کوردستانێ، بانگی ئێکسانیی و پێکڤە ژیانیی ڕاهێشت و دیداری کەسیی لەگەڵ پێکهاتەکانی غەیرە کورد ئەنجام دا کە دڵنیایان بکا کە لەکەرکووکی ئاییندە کەڕامەتیی تاك و کۆیان دەپارێزرێ. لەوێ، مەسعود بارزانیی ئەوەشی بە گوێی گوێدارەکانی جیهانێ ڕاگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگە لە هییچ جێگەکی کوردستانێ کە بەتازەیی ڕزگار کراون، پاشەکشە ناکەن. لەوێش بەدواوە، وەکی مافێکی خودا پێداو و مێژوویی گەلی کوردستانێ، بەردەوام هێمای بە سەربەخۆیی کوردستانێ کردیە.

ئەو هەڵوێستە ڕێبەرانە و نیشتیمانپەروەرانەی سەرۆکی کوردستانێ، وێدەچێ داگیرکەرانی کوردستانێی قەبز کرد بێ. ڕژێمی داگیرکەری ئێرانێ بە جۆرێك کە پێشینەی نەبووە هاتۆتە دەنگ و هەڕەشە لە سەرۆکی کوردستانێ دەکا کە نەکا هزر لە سەربەخۆیی کوردستانێ بکاتەوە. ڕێبەرانی شیعە، لە کنەخۆ، دۆست بوون ــــ  هەندێکیان، بە زمانەکی رك و ڕەق هەڕەشە لە سەرۆکی کوردستانێ دەکەن کە واز لەو مەرامە بهێنی. ئەو ڕێبەرانەی شیعان هەر بەهەندێش ڕانەوستاینە، پاش ئەو ڕووداوانە و هەڵوێستی سەرۆکی کوردستانێ، لە کەرکووکێ کەوتوونەتە چالاکیی نیشان دانی قەوارەی خۆیان و درووست کردنی هێزی قەبەتر.  

ئەو ڕەفتارە دوژمنکارانە، هەموویان ئاماژە بە مەترسیێکی دژوار دەکەن کە ڕژێمی ئێرانێ و هەندێك لە دەسەڵاتدارانی شیعەی فیرقەگەرا پلانی تێکدەرانەیان بۆ گەلی کوردستانێ هەیە کە دەکرێ پلانێکی خوێناویی بێ. لەبەر هەندێ، گرینگە کە زێتر لەهەر کاتێکی پێشتر، بایەخ بە ئێکڕێزیی ماڵی گەل بدرێ و بە ئێك گوتاری سیاسی لەگەڵ "خاس و عام" قسە بکرێ. چونکە، ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی فەرز دەکا کە تا ئەو کاتەی ئەو دۆخە درێژەی هەبێ، گەلی کوردستانێ بە تەواوی پێکهاتەکانی سیاسی لە دەوری سەرۆکایەتیی کوردستانێ کۆ ببنەوە. ئەو دۆخە، پێویست دەکا کە هوردە گلەییەکان، ئەگەر هەشبن، هەڵبگیرێن بۆ کاتی پاش هێور بوونەوەی دۆخەکە کە ئیشاڵا بە سەرکەوتنی گەلی کوردستانێ کۆتایی پێ دێ.

ڕەخنە و ناڕەزایی شتێکگەلێکی زۆر ئاسایین کە گەل لە سەرۆکایەتیی هەبێ، یان حیزبەکان لەئێکدی بکەن. بەڵام، چونکە کوردستانی دایك بە ناسکترین قۆناغی مێژوویی خۆی، لە پاش پەیمانی سایکس ــــ پیکۆت، گوزەر دەکا، گەرەکە زێتر لەهەر وەختێکی دیکە ڕەچاوی فەرهەنگی تەحەمول کردن لەگەڵ ئێکدی بکرێ. لەو دەمەی ئێستاکانێ، دەبێ هەولێکی جیدیی بدرێ هەر وەختێك دەنگێكی دژ بە سیاسەتی سەرۆکایەتیی کوردستانێ دەبیسترێ، بوەستێندرێ. ئەو دەمەی ئێستا، دەمی ئەو جۆرە ڕەفتارانە نیە کە بەرپرسێکی پێکهاتەکی سیاسیی هەتا ئەگەر تەنێ ڕای کەسیی خۆشی بڵێ، ڕێگەی پێ بدرێ کە وەها ڕەفتار بکا کە درز بخاتە ناو ڕێسای ئێكدەنی گەل. هەر پێکهاتەکی سیاسیی بەرپرسە لە ڕەفتاری ناشایانی هەر ئەندامێکی خۆی ــــ جا، ئەو ئەندامە چ هی سەرکردایەتیی بێ یان ئەندامێکی سادە بێ. چونکە لە ئانی قەیرانی نیشتیمانیی دەبێ هەموو دەنگەکان ــــ کۆك و ناکۆك ــــ ئێك کۆدەنگیی نیشتیمانیی پێك بهێنن کە پاراستنی کەڕامەتی نەتەوە و نیشتیمان تێیدا ڕنگ بداتەوە.

دەمی ئێستا، وەك هێمای پێکرا، گەرەکە دەمی تەبایی و هێزمەندکردنی فەرهەنگیی تەحەمول کردنی ئێکدی بێ. چونکە، لە کاتێك کە ڕژێمی ئێرانێ و شیعەگەراکان لە ئێڕاقێ هێرش دەکەنە سەر سەرۆکی کوردستانێ، لەبەرهەندێ هێرشی ناکەنە سەر چونکە مەسعود بارزانییە، لەبەر هەندێ هێرشی دەکەن دەکەنە سەر چونکە ڕێبەرێکی کوردە و پەیامی گەلی کوردستانێ ڕادەگەینی. هەر بۆیێ، پاراستنی کەڕامەتیی گەل و نیشتیمان، پتر لەهەر کاتێکی تر لەسەر هەر تاکێکی کوردستانێ پێویست دەکا ــــ تەنانەت ئەگەر ئەو تاکە/تاکانە تۆراویش بن و سیاسەتی سەرۆکایەتیی کوردستانێیان بەلا پەسند نەبی، دەبێ ڕەچاوی ئەو ئەو دۆخە ناسکەی ئێستا بکەن کە ڕووبەڕووی گەلی کوردستانێ بووە ــــ ئەو دۆخە، فەرز دەکا کە لەحاڵەتی قەیرانی نیشتیمانیی هەموو تاکەکان و پێکهاتەکانی سیاسیی و غەیرە سیاسیی کوردستانێ لە دەوری سەرۆکایەتیی کوردستانێ قەرار بگرن و دەست بەو سەرکەوتنە گرینگانە بگرن کە میللەت بە هیممەتی هێزەکانی شەرافەتمەندی پێشمەرگە لەو چەند هەفتەی ڕابردی بە دەستیان هێناوە. لەبەرهەندێ، گەرەکە هەر تاکێکی کوردستانێ، بەرپرس یان سادە، لەبەرامبەر ئەو بەرپرسێتییە مێژووییە ئەخلاقمەندانە ڕەفتار بکا، و بەرژەوەندییەکانی نیشتیمانیی بخاتە سەرووی تەواوی بەرژەوەندییەکانی کەسیی و حیزبیی.

Wednesday, June 11, 2014


شکستی سوپای عێراقێ لەبەرامبەر داعش جارێكی دیکە پێگەی سیاسیی ـــ سەربازیی کوردستانێی بەرز کردەوە
کرمانجی سەعـید مەسیفیی

 
شکستی ڕیسوایی سوپای ئێڕاقێ لەبەرامبەر گرووپی خوێناویی و جاهیلیی داعش هەقیقەتی پێکهاتەی سوپای ئێراقێ و فەرماندە بێکەلەکەی ئەو سوپایەی نیشان دا. ئەو شکستە جارێکی تر پێگەی سیاسیی ـــ ئەسکەریی کوردستانێێ لەسەر ئاستی ئێڕاقێ، ناوچە، و جیهانێ بەرز کردەوە. ئەوە، هێزمەندترین پێگەیە کە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن، گەلی کوردستانێ و سەرۆکایەتییەکەی تێیدا قەرار دەگرن.
لەو پێگە هێزمەندە، سەرۆکایەتیی کوردستانێ، لە حاڵەتێك دایە کە نەك هەر دەوڵەتی سەقەتی ئێراقێ، بەڵکو ئەمریکاش بە زەحمەت بتانی هیچ شتێكی بەسەر بسەپێنێ، یان بتوانێ ڕێگریی لە سەرۆکایەتیی کوردستانێ بکا کە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی داگیرکراو/دابڕاو نەهەنێرن.
سەنگەر چۆل کردنی سوپای ئێراقێ لەبەرامبەر چەتەکانی داعش بەو جۆرەی کە ڕووی دا، هەقیقەتی سوپای ئێراقێی نیشان دا. چونکە، دەرکەوت کە سوپاکەی دەوڵەتی نوری مالیکی نە هێندە مونەزەمە، نە هێندەش ڕووحیەی بەرگریی کردنیشی تێدا ماوە ـــ وێشدەچێ زەحمەت بێ کە لە بەرەی جەنگ متمانەی پێ بکرێ.
لەوە دەچێ باری ئێراقێ بەرەو حاڵەتێکی دژوار و شێواو بچێ ـــ بە جۆرێك کە هەرگیز جاریكی تر ئێراق نەتوانێ شیرازەی پێکهاتەی وڵات بپارێزێ. ئەو حاڵەتەی کە لە ئێڕاقێ درووست بووە، ئەمریکاشی خستۆتە حاڵەتێكی نەهەموار، ئەویش لەبەر ئەوەی کە ئەمریکا، ئەگەر بشی هەوێ، ناتوانێ جاڕێکی دیکە هێزەکانی خۆی بێنرێتەوە ئێراقێ، چونکە ئەمریکا نە توانای خەرجی جەنگێکی دیکەی پێوە ماوە نە میللەتی ئەمریکایێش ڕێگە دەدا جارێکی دیکە کوڕان و کچانیان لە ئێراقێ بهێنە کوشتن. تەنها کارێك کە ئەمریکا لەو حاڵەتە بتوانێ بۆ ئێراقێ بکا، ئەوەیە کە هێزی جەنگیی هەوایی خۆی لە دژی داعش بەکار بهێنێ کە ئەوەش هاوکارییەکی تا ئەندازە سنووردارە. ئەوە هەقیقەتی ئێستای ئەمریکایێیە. ئەنجا، ڕەنگە ئەمریکا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی وجوودی لەشکریی خۆی، مانۆرگەلێکی سیاسیی بکا، و داوا لە سەرۆکایەتیی کوردستانێ بکا کە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی داعش بهەنێرێتە ناوچەکانی دیکەی ئێڕاقێ.
لێرەکانی، گەرەکە بگوترێ، ئەوە حاڵەتێکی نەخوازراوە کە سەرۆکایەتیی کوردستانێی تێ بکەوێ، ڵی لەو حالەتە، ئەگەر سەرۆکایەتیی کوردستانێ خۆی تێدا وەدۆزی، سەرۆکایەتیی کوردستانێ دەبێ بە ئەمریکاییەکان بڵێ کە کوردان توانای جەنگێکی ئاوها بێ ئارمانجیان نیە؛ ئەمە لەلایێك، لە لایێکی دیکە، ڕێژتنی خوێنی کوردان بۆ پاراستنی خاکی عارەبان، لە کاتێك کە هێشتا نیوەی خاکی ئاژدادیی کوردان لە لایەن عارەبان زەفت کرایە، تاوانێکی مێژوویی دژوارە. لە حاڵەتێکی ئاوهایی، دەبێ، بیر لەوەش بکرێتەوە (ئەگەر خودای ناکردە) هێزەکانی پێشمەرگە بهەنێردرێنە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانێ ـــ دایکان و بابانی پێشمەرگەکانی کوژراو ــــ ڕوو لە سەرۆکی کوردستانێ بکەن و پێی بڵێن، "جەنابی سەرۆك، لە پێناوی چی و بۆچی کوڕانی ئێمەت لەبۆ عارەبان بە کوشتن دا؟"
ئەوە زەوینەیێکە کە لە چاشنی هەلێکی مێژوویی لەبار روخساوە، لەوانەشە زەحمەت بێ کە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە. لەبەر هەندێ، گرینگە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ مانەوەی هەمیشەییان لە سنوورەکانی جوگرافیای مێژوویی وەکی چیا حەمرین، سەعدیە، خانەقین، کەرکووك، مەخموور، شێخان و شەنگال جێگیر بکرێن. چونکە، ئەگەر ئەو هەڵە لە دەست کوردان بچێ، ئاستەمە گەلی کوردستانێ و سەرۆکایەتییەکەی وان بتوانن لە ڕێگەی ماددەی ١٤٠ ئەو خاکانەی کوردستانی ئاژدادیی وەرگرنەوە. مێژووی سیاسیی عارەبان سەلماندتیتی کە فەرهەنگی سیاسیی ــــ کۆمەڵایەتیی عارەبان فەرهەنگێکی نەخۆشە و لەناو فەرهەنگێکی نەخۆش و نەتەندرووست ناکرێ بڕیارێکی و قانوونی مرۆڤانە بدرێ.
ئەو دۆخە، بەهەمان شێوە زەوینەیێکی لەبارە بۆ وەلانای ناڕێکییەکانی لاوەکی حیزبیی و هێزمەندتر کردنی فەرهەنگی تەحەمول کردن و پاراستنی نیشتیمانێ. دۆخی ئێستای کوردستانێ، وەها دەخوازێ کە نەك هەر هێزەکانی سیاسیی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، بەلکو هێزەکانی پێشمەرگەی پارچەکانی تری کوردستانێ لە ئێك بەرەی پاراستنی کەڕامەتی نەتەوە و نیشتیمان لە سەنگەر بن. ئەرکی ئەخلاقی نیشتیمانیی وەها دەخوازێ کە میللەت بە سایکۆلۆژیی سەربەخۆیی بۆ سەربەخۆیی نەتەوایەتیی سازوبەرگ برکرێ.   
میللەت سەربەرز وسیمای پیرۆزی کوردستانێش هەر زیندی بمینێ!   

Saturday, June 7, 2014


 نـەفـتـی کـوردسـتـانـێ لـە بـاژێـری جـیـهـانـێ: سـەودایـێـکـی سـەرگـەردان
کـرمـانـجـی سـەعـیـد مـەسـیـفـیـی

 
سەرەتای دەنگۆی فرۆشتنی نەفتی کوردستانێ وەها بڵاو کراوە کە گوایە سەوداکە لەناو چارچێوەی کۆنتراکتی بازاڕی جیهانێ لەمەڕ نەفت و گاز، ئەنجام دراوە. گۆترا کە هەندێك لە وڵاتانی ئۆڕوپایێ، لەوانە ـــ ئیتاڵیا و ئەڵمان ـــ نەفتی کوردیی دەکڕن. دواتریش مامرەتی نەفتی کوردیی بەرفرە دەکرێ و دەکەوێتە ناو بازاڕی پێترۆڵی ئەمریکایێش.  

لەوهەنگاوە سەرەتاییەی هەناردە کردنی نەفت، خەڵکی کوردستانێ، بەو جۆرەی کە تێگەیاندرا بوون، خۆشحاڵ بوون کە دیتیان کەشتی ئێك ــ ملیۆن بەرمیلیی نەفتی کوردیی لەنگەری جیهانی تورکیایێی جێهێشت و ڕووەو کەنداوی مەکزیکێ بۆ ئامریکایێ سەری هەڵگرت. لێ، زۆری نەخایاند، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەز بڵاوی کردەوە کە کەشتی نەفتی کوردیی لەلایەن ئەمریکایێ، ڕێگەی پێ نەدرا کە لە ساحیلی ئەمریکایێ نزیك ببێتەوە. لەو بارەیە، ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرێی ئەمریکایێ لەمەڕ فرۆشی نەفتی کوردیی هەڵوێستی خۆی ڕوۆناك کرد بەوەی کە کوتی، "ئێمە پەسنی فرۆشتنی نەفت ناکەین ئەگەر لە ڕێگەی بە‌غدایێ نەبێ، و کڕیارەکانی ئەو نەفتەش دەکەونە ژێر هەڕەشەی شکاتی قانوونی لە لایەن دەوڵەتی نێوەندی." وەزارەتی دەریێ ئەمریکایێ لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی خۆی، ئاماژەی بەوەش کرد کە " ئێمە پشتگیریی لە هەناردە کردن یان فرۆشتنی نەفت ناکەین لە وەختێك لەلایەن دەوڵەتی فێدڕاڵی ئێراقێ ڕەزامەندیی لەسەر نەدرا بێ."

لێرەکانێ، وێدەچێ مامرەتی نەفتی کوردیی لە ئێکەم هەنگاوی، لەلایەنی ئەمریکایێ دەرگەی بازاڕی جیهانێی لەسەر داخرا بێ. چونکە، ئەو ڕەفتارەی ئەمریکایێ کە نەیهێشت کەشتی نەفتی کوردیی لێی نزیك بێتەوە، پەیامێکیش بوو بۆ وڵاتانی دیکە کە خۆیان تێکەڵی بازاری نەفتی کوردیی نەکەن.  

کارێگەرێتیی ئەو هەڵوێستەی ئەمریکایێ لەوە دەردەکەوێ ـــ پاش ئەوەی کە کەشتی نەفتی کوردیی لەلایەن ئەمریکایێ ڕێگەی پێ نەدرا، ئەوکات بەرەو وڵاتی مەغریب کەوتە ڕێ. کەمێك پاش ئەوەی لە کەنار ساحیلی مەغریبێ، لە محەمەدیە لەنگەری گرت، کەشتی نەفتی کوردیی ئاگەردار کرا کە هەرچێ زووتر لەنگەری مەغریبی جێبهێڵێ و لەوێ بڕوا. ئیتاڵیاش، گویا ئێکەك لەو وڵاتانە بوو کە پێشتر مەیلی خۆی بۆ کڕینی نەفتی کوردیی نیشان دابوو، لە ئەنجامی ئەو پێشهاتانە، ئەو وڵاتەش کۆمپانیەکان و پاڵاوگەکانی خۆی بە نووسین ئاگەدار کردەوە کە نەفتی کوردیی نەکڕن. چونکە، دەوڵەتی ئێڕاقێ بالیۆزگەی ئیتالیایێی لە بەغدایێ ئاگەدار کردۆتەوە کە لە نەتیجەی کڕینی نەفت کوردیی تووشی لێپێچینەوەی قانوونیی دەبن. هەڵبەت، ئەو هەڕەشەی دەوڵەتی ئێڕاقێ، وێدەچێ، هۆکاری سەرەکی و تەنها فاکتەری گارێگەر بێ لە سەرگەردان کردنی کەشتی نەفتی کوردیی لە نێو ئۆقیانوسەکانی جیهانێ کە نەیهێڵا تەنانەت ڕێگەی لەنگەری ئێك وڵاتی کڕیار وەدۆزێ.  

ئەو مامرەتە، لەوەدەچێ، هەر لەسەرەتا کارێكی بێ پلان بووبێ. وێدەچێ، سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی/پارتی بەبێ ئەوەی ئەو هەقیقەتە بەرچاوەی  لەنەزەر گرتبێ کە سونعەتی نەفت گرینگترین سونعەتی جیهانێیە و لەناو چارچێوەی قانوونگەلێکی جیهانیی مامڵە دەکرێ؛ ئەو کارەی ئەنجام دابێ. چونکە، ڕێکخستنی بازاڕی نەفت بە جۆرێك ئەنجام دەدرێ کە پێش ئەوەی هەر کەشتیێکی نەفت لەنگەر جێبهێڵێ، کۆنتراکتی "کڕین - فرۆشتن" لەگەڵ وڵاتی کڕیار ئیمزا کردبێ. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بازاڕی نەفت وەکی "دوکانی بەقاڵیی" نیە کە دوکاندار شمەكگەلێك بخاتە ناو دوکان و چاوەڕێی ئەوە بکا خەڵك بێن، شمەکەکانی بکڕن. ئەو کارەی سەرۆکایەتیی كەی ئاڕ گی کتومت لە مامرەتی دوکانی بەقاڵیی دەچێ بەوەی کە کەشتیێکی ئێك ملیۆن بەرمیلیی هەناردیتە دەرێ بەبێ ئەوەی لەناو بازاڕی سونعەتی نەفت کڕیارێك بناسێ ــــ تەنێ بە تەمای ئەوەی کە لەوێ نەفتەکەی لێ بکڕن.

لێرەکانێ، ئێکەك لەبۆی هەیە لەسەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی بپرسێ، بۆچی مامڵەیێکی وەها گرینگ بەجۆرێکی وەها بێ پلان ئەنجام دراوە؟ ئایا سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی تەنێ گوێ بیسی دەوڵەتی تورکیای ئۆدۆگانێ بوو، و لەسەر قسە و ڕاسپاردەی وان ئەو کەشتیە ئێك ملیۆن بەرمیل نەفتیەی هەناردەی دەرێ کرد، لە وەختێك هیچ لەنگەرێکی پێشوازییکەر دەستنیشان نەکرا بوو؟ ئایا بۆچی سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی، بۆ ئەو مامڵە گرینگە، تەواوی هێلکەکانی خۆی هاوێشتیتە ناو سەبەتی تورکیای داگیرکەر؟ ئایا سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی هزری لەوە نەکردبۆوە کە لەوانەیە ئەو ئیحتیمالە هەبێ کە تورکیا کارێکی ئاوهایی بکا بۆ ئەوەی شەرمساری بۆ سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی درووست، و پێگەی کورد لاوزتر بکا. بەڵکو لەو ڕێگەش زێتر کۆنتڕۆلی سیاسەتی نەفت و ئابووری کوردستانێ بکا ــــ وەهاش نیشانی جیهانێ بدا کە کوردان لەمەڕ سیاسەتگەل و قانوونگەلی نێو نەتەوەیی نەشارەزان؟

لەلایێکی دیکە، گۆتەکانی فەرمی کەی ئاڕ گی، جێ داخ بوون؛ بەوەی کە ئەمریکا ئاگەدار بکا کە تێکەڵی بڕیاری فرۆشتنی نەفتی کوردیی نەبێ کە لەلایەن کەی ئاڕ گی دراوە. ئەو زمانەی کەی ئاڕ گی/پارتی ئەوەی وەبیر خەڵکی کردستانێ هێناوە کە لە ڕابردوو، جار جار، پارتی قسەی لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستانێ دەکرد!

ئایا سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی لەبیری چووە ئەگەر ئەمریکا دژایەتیی شتێک/پلانێك بکا، ئەگەر نەتانی ڕاشی بگرێ، گرفتی لەبۆ درووست دەکا؟ مەگەر سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی داستانی ڕیزدار عەبدوڵا ئۆجەلانی لەبیر چوو، لە کاتێك کە ئۆجەلان سووریای جێهێشت، ئێك وڵات (تەنانەت ئەوانەی پێشتر بەڵێنیشیان دابوو بیحەوێننەوە) ڕیگەیان بە ئۆجەلان نەدا، تەنێ لەبەر ئەوەی ئەمریکا نەیویست ئۆجەلان لە هیچ وڵاتێك جێگەی حەوانەوەی هەبێ. چونکە، ئەمریکا پلانی ڕادەستکردنەوەی ئۆجەلانی هەبوو بۆ تورکیایێ؟ داخوا، ئەوە چ جۆری دیپلۆماسیێکە کە سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی لەسەر ئاستی جیهانێ بەکاری دەهێنێ؟ مەگەر سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی لەبیری کردیە کە ئێستاش ئەگەر لەبەر ئەو چیلکە دارە نەبی کە ئەمریکا دایتیە بەر پشتی کەی ئاڕ گی، ئەو دەوڵەتۆکەی کوردیی ناتوانێ ڕۆژێك لەسەر پێی خۆی بوەستێ؟ سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی سیمای خۆی لەسەر ئاستی جیهانێ چۆن دەبینێ کە ئەو جۆرە زمانە زبرە بەکار دەهێنێ؟ بۆ وەها ڕەفتار دەکا؟ بۆچی بەو شێوەیە خۆی هاوێشتیتە باوەشی تورکیایێ؟ کەینێ بە پشت بەستن بە عەقڵمەندان و کارزانانی خۆماڵیی و دۆستانی میللەت هەوڵی چاکسازیی ژێرخانی ئابووری کوردستانێ دەدا بۆ ئەوەی لە "ڕۆژی مەبادا" میللەت بتوانێ لەبەرامبەر گوشاری وڵاتانی داگیرکەر لەسەر پێی خۆی بوەستێ؟

ئەوانە پرسیارگەلێکن کە سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی گەرەکە لە خۆی بکا، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە شەرمسارییە لە ئایندە دووبارە نەبیتەوە. شایان دەبێ لەکاتێك کە دەوڵەتی کەی ئاڕ گی بە پلانی موکم ئیدارەی مەملەکەت و بازاڕی سونعەتی نەفت بکا. چونکە، ئەوەی کە لە ئەنجامی سەرگەردانی کەشتی نەفتی کوردیی هاتە پێش، پێگەی کوردان و دەوڵەتۆکەکەی وانی لە بەرامبەر بەغدایێ و لەسەر ئاستی ناوچە و جیهانێ زێتر نەوی کرد. لەبەر هەندێ، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی کەی ئاڕ گی چیدی لەسەر ئاستی جیهانێ تووشی شەرمساریی میللەت و ڕووزەردی مێژوو نەبن، گەرەکە تەواوی کارەکانی مەملەکەت بە هەستی بەرپرسێتیی ئەخلاقی نیشتیمانیی و پلانی خۆماڵیی و ئیرادەی نەتەوەی کوردستانێ ئەنجام بدەن.  

ژێدەر:
Pain, Julia. Reuters. May 30, 2014
Sanli, Ufuk. Almonitor. June 5, 2014
Wilson, Nigel. International Business Times. June 6, 2014

Tuesday, May 13, 2014


ئــێــران جــارێــکــی دیــکــە دوژمــنــایــەتــیــی داگــیــرکــەرانــەی خــۆی وەبــیــڕ نــەتــەوەی کــوردســتــانــێ هــێــنــاوە
 
                کــرمــانــجــی ســەعـــیــد مــەســیــفــیــی

لەو دوو ـــ سێ رۆژانی ڕابردی، ڕژێمی داگیرکەری ئێرانێ لە ڕێگەی کونسولگەریی خۆی لەشاری سلێمانی، شاری فیداکاریی، لە ماڵپەڕی کونسولگەرییەکەیان، بە نەریتی داگیرکەرانە و "کورد بەکێمزانین،" ڕیبەرایەتیی کوردان لەبەشی بندەستی ئێراقێ ئاگەدار دەکاتەوە کە هزر لە سەربەخۆیی نەکەنەوە دەنا پێوەندی ئێرانێ لەگەڵ کوردان خراپ دەبێ. لەو ڕاگەیاندنە، ڕژێمی فیرقەیی ئێرانێ دەستوور دەداتە کەی ئاڕ گی کە ڕێگریی بکا لە بزاڤی کوردان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانێ کە هەول بۆ ئێکیەتیی نەتەوایەتیی کوردیی دەدەن، و ڕاشی سپادردووە کە کەی ئاڕ گی ڕیگە لە چالاکی کوردەکانی بەشی بندەستی ئێرانێ بگرێ. ئەنجا، کۆمەڵێك قسەی بێبنەما و پووچی دیکەی خستۆتە سەر گۆتە وێنەچووەکانی، وەکی کوردان لە هەر جێگەك بن ئێرانیین و زمانی کوردییش زمان نیە و بەڵکو زاراوەکی زمانی فارسییە کە لە زمانەکانی عارەبیی و تورکیی و فارسیی پێك هاتووە.

لێرەکانێ گەرەکە بگوترێ کە هەقیقەتی مێژوویی لەمەڕ کوردان/میدیان و فارسان ئەوەیە کە هەرچی فارسەکان لەبارەی دەوڵەت، مێژوو، و فەرهەنگ هەیانە، هەموویان بە میرات لە میدییەکان پێگەیشتووە و هەرچی هەیانە لە فەزڵی کوردانە. لە ئیمپراتۆرێتیی میدیا، فارسەکان ڕەعیەتگەلێکی بێ فەرهەنگ و بێ شمەك بوون. وەختێکیش کە ئیمپڕاتۆرێتیی میدیا بووە ئیمپراتۆرێتیی میدۆ ــ پێرسیا، تەواوی فەرهەنگ، زمان، داب و نەریتیی میدیایی، وسووڵی لەشکریی، و ئیدارەی سیاسیی مەملەکەت هەمووی وەکی خۆی کۆپی کراو بەبێ دەستکاریی لە سەردەمی کوڕوش بەکار هێنران. خودی کوڕوشیش زێتر میدیی بوو هەتا فارس، چونکە لەگەڵ باوەگەورەی کە مید بوو گەورە بوو، و ڕەزمی ڕێبەریی و دەوڵەتدارێتیی لەوی فێر ببوو. هەر لەبەر ئەوە هۆیەش، کوڕوش لەتەمەنی لاویی لەلایەن شۆڤێنیزمی فارسیی ژارخواردیی کرا و مرد. ئەوچەل، نەعرەی شۆڤێنیزمی فارسیی لەزێدە بوون بوو. ئیدی لەپاش نەمانی کوڕوش، مێژووی میدیا و میدییەکان لەلایەن فارسان دزرا، و لە شوێنەی نەیانتانی بیدزن، هەولیان دا مێژووی میدیان/کوردان بشێوێنن.

لەمەڕ ئەوەی کە زمانی کوردیی زاراوەکی ئێرانییە و لە زمانەکانی فارسیی، تورکیی، و عارەبیی پێکهاتووە، هەر کەسێك ئەو زمانانە بزانێ ئەو هەقیقەتە دەزانێ کە ئەوەی ئێرانی داگیرکەر لەڕێگەی کونسولگەرییەکەی خۆی گۆتیتی، ئەوە هەقیقەتی زمانی فارسییە کە بە ڕێژەکی ئێکجار زۆر لە پەیڤەکانی عارەبی پێکهاتیە، ئەنجا وشەکانی کوردیی، تورکیی، فەرەنسیی، و ئینگلیزیی پێكهاتووە. بەڵام، چونکە شۆڤێنیزمی فارسیی خۆنەناسن و کێمن، بە کێمیش گەورەیی نەتەوەی کوردستانێ دەبینن. لەبارەی ئەوەی ئەگەر کوردان بۆ سەربەخۆیی هەوڵ بدەن، پێوەندی ئێرانێ لەگەڵ کوردان خراپ دەبێ، پێویستە بگوترێ، ئەو پێوەندییە بارتەقای کێمیی و سووکیی خۆیانە و پێشکەشی خۆشیان بێ. ئەو پێوەندییەی کە هەیە پێوەندیی داگیرکەر و داگیرکراوە، و خەڵکی کوردستانێ هەرگیز نە ئەو جۆرە پێوەندییەی ویستیە و نە دەیەوێ بشیپارێزێ.

لەبەرهەندێ، نابێ ڕێگە بدرێ کە ئەو جۆرە ڕەفتارانەی شۆڤێنیزمی فارسیی کار بکاتە سەر سایکۆلۆژیی نەتەوایەتییمان، و لەڕووی وان و داگیرکەرەکانی دیکەش گەرەکە هیمەتبەرزانە لەسەر ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی ڕابوەستین و چۆک ئەستوورانە بۆ وەدستهێنانی مافەکانی نەتەوایەتیی کوردستانێ بخەبتین.   

سیمای کوردستان/میدیا هەر زیندی بمینێ!

Wednesday, April 16, 2014


خەندەقی بێشەرمیی یان پردی شەرەف

کـرمانـجـی سەعـیـد مـەسـیـفـیـی

وێدەچێ لە ئەنجامی نەبەرپرسێتیی بەنێو دەوڵەتی کەی ئاڕ گی کە تەنێ پدك تێیدا بڕیادرەرە، سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی و هزری ئێکیەتیی نیشتیمانیی زێتر تووشی مەترسیی مانەوە لەژێر چەپۆکی داگیرکەران ببێتەوە. نەتەوەی کوردستانێ، لە هەر چار پارچەی وڵات، لەو باوەڕە دابوو کە پێگەی کەی ئاڕ گی لە ناوچە "پردی شەرەفی نیشتیمانیی" لەنێوان پارچەکانی کوردستانێ درووست بکا، کەسێتی شێواوی کوردیی جارێکی دیکە درووست کاتەوە، و جارێکی تر ئیعتیباری نەتەوایەتیی و شکۆی مێژووی میدیا زندی بکاتەوە.

لێ مخابن، لە کاتێك سەرۆکایەتیی پدك بەسەر کۆمەڵگەیێکی دابەش (لە نەتیجەی حیزب ــ حیزبانێ)  حوکم دەکا ــــ کۆمەڵگەیێك کە فەرهەنگی سیاسەتەکی سەقەت و نەنیشتیمانپەروەرانە ئیدارەی دەکا، کۆمەڵگەیێك کە پدك تێیدا تەنێ لە %٣٨ دەنگەکانی هێناوە ــــ ڕێژەیێك کە هەرگیز ڕێگە بە هیچ حیزبێك نادا کە وەها ڕەفتار بکا وەکی ئەوەی کە "حوکمی میللەتی پێدرا بێ." پدك کتومت وەها ڕەفتاری کرد کە حوکمی میللەتی پێدراوە. پدك ڕایگەیاند کە بۆ "خەندەق لێدان" مۆڵەت لەکەس وەرناگرێ ـــ ئەمە وەها شڕۆڤە دەکردێ کە پدك وەها تێدەگا کە کوردستان لەسەر وان تاپۆ کرابێ و هیچ کەسێك  مافی ئەوەی نەبێ لەبەرامبەر ئەو رەفتارە شەرماوەرە، لەبەرامبەر ئەو خەندەقی بێشەرمییە دەنگی لێوە بێ.

سەرۆکایەتیی پدك دەڵێ، "کوردستانی سەربەخۆ بەڕێوەیە و سنوورەکانیشی تەنێ کوردستانی ئێراق دەگرێتەوە." سەرۆکی کوردستانێ ڕاست دەکا کە کوردستانێکی سەربەخۆ بەڕێوەیە، بەڵام دەستنیشانکردنی سنوورەکانی ئەو کوردستانە لە دەسەڵاتی وی نیە ـــ نەك هەر ئەوە، ئەو هێزانەی کە سنوورەکانی کوردستانی ئاییندە دەستنیشان دەکەن، پرس بە سەرۆکایەتیی پدك ناکەن. با، بەو خەندەقۆکانە سادەلوویی نەکەن کە گوایە دەتانن ئەو پارچەی کوردستانێ لە کوردستانی گەورە داببڕن. بۆ ئەو سنوورەی کە سەرۆکایەتیی پدك لە زهنیەتی خۆی داینایە، پدك جەنگی میللەت لەهەر چار پارچەی کوردستانێ دەکا.

بۆ ماوەیێکی زۆر، خەڵکانێك سەبوورانە چاوەڕێ بوون کە سەرۆکایەتیی پدك موتالای سیاسەتەکانی خۆی لەسەر ئاستیی کوردستانیی و هەرێمیی بکاتەوە و بەرنامەکانی خۆی لەڕەهەندی پاراستنی کەڕامەتیی نیشتیمانیی ڕەکار بخا، لێ ئەوەی ئەو خەڵکە، ئەو میللەتە سەبوورە لە سەرۆکایەتیی پدکی دیت، کۆنترۆڵ کردنی سامانی نەتەوایەتیی بوو، هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکووکی کوردستانیی بوو تا کارەکەی گەیاندە ئەوەی کە بەخەندەق لێدان سنووری داگیرکاریی داگیرکەران تەسبیت بکا. ئەنجا، ئێستا پدك وەها ڕاگەیاندن بۆ خەندەقەکەی بێشەرمیی دەکا کە "خەندەق بۆ پاراستنی سەر و ماڵی/سامانی هاوڵاتییانە." لێرەکانێ گەرەکە بگوترێ، سامانی هەڤوەڵاتییان، داهاتەکانی نەفت، گاز، گۆمرگی برایم خەلیل و پۆستەکانی دیکەی سنوورین. سامانی هەڤوەلاتییان سەرمایەی دەستکەوتەکانی فڕینگەکان، ناوچەکانی گەشتییاریی کوردستانێ و سەرچاوەکانی دیکەی بەرهەمهێنانن کە هەر هەمویان لەلایەن وان "حەیف و مەیل" دەکرێ. ئێکەك گەرەکە بڵێ، ئەگەر ئێوە ئەوەندە لەخەمی سەر وسامانی هەڤوەڵاتییانن، بۆچی بەشێکی میللەت دەبێ لە نەداریی و بەدبەختیی بژیێ؟ ئەو سامانە، ئەو ماڵە هی ئەو میللەتەیە، بۆچی هەقیان دەخۆن؟

لە کۆتایی، بۆ ئەو حیزبەی کە سامانی میللەت کۆنتڕۆل دەکا، بۆ ئەو حیزبەی پشتگیریی میللەت و پێگەی هەقیقیی خۆی لەناو میللەت بەهەند وەرناگرێ و بە جێگەی هەندێ پێوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دڕندەترین داگیرکەری کوردستانێ ـــ تورکیا ـــ هەبێ، ئەو حیزبە داهێنەری سەرەتای قۆناخەکانی کۆتایی خۆیتی.

میللەتی کوردستانێ، ئێوە خودا بە شاهێد بگرن، پدك خەندەق بۆ پاراستنی سەر و سامانی هەڤوەڵاتییان لێدەدا...

Thursday, April 3, 2014

نامەیێك بۆ پرێزدنت بەڕاك ئۆباما لەمەڕ کانتۆنەکانی کوردستانێ ــ سووریا و ڕۆڵی نێگەتیڤی تورکیی لە دژی کوردان


بەڕاك ئۆباما، پرێزدنت
ویلایەتەکانی یەکگرتووی ئەمریکایێ
سەرای سپی
شەقامی پێنسیلڤانیا نۆر‌‌ث وێست
واشینگتۆن، دی سی ٢٠٥٠٠
 
٢٥ ی ئازاری ٢٠١٤

 ڕێزدار پرێزدنت ئۆباما،

لە ئەنجامی پلانی کۆلۆنیالیی لە پاش ئێکەم جەنگی جیهانگیر، میللەتی کوردستانێ، دوای ئەوەی کە خاکیان بە جۆرێکی فیزیکیی دابەش کرا، لەنێو سێ فەرهەنگی بیانیی، عارەبیی، فارسیی، و تورکیی بوونە کەمینە. فەرهەنگ و تەسکەرەی کوردیی کەتنە ژێر پرۆگرامێکی سیستەماتیکیی مەحوو کردنەوە.
ئەو چەوساندنەوە سیستەماتیکییەی کوردان لە ڕێگەی چەند بەندگەلێکی پەیمانی سایکس ــ پیکۆت ئەنجام درا ـــ پەیمانێك کە بووە هۆی درووستکردنی هەندێك لە ڕەگەزپەرسترین "وڵات نەتەوە" لە ڕۆژەڵاتی ناڤین. وڵات نەتەوەکانی تورکیا، ئێراق، ئێران، و سووریا لەسەر حسێبی تەسکەرەی میللەتگەلێکی دیکە دامەزرێندران، لەوانە میللەتی کورد کە بوومی ڕەسەنی خاکی ئاژدادیی خۆیان بوون. ئەو پیلانە کۆلۆنیالییە وەهای کرد کە میللەتانی ڕۆژەڵاتی ناڤین لە نەهەمواریی و دەرگیریی بژین. بەجۆرێك وێدەچێ، نەسەقامگیریی ئێستای ڕۆژەڵاتی ناڤین ئەنجامی هەمان دابەشکردنی نەعادڵانەی کۆلۆنیالیی بێ، بەو جۆرەی کە هەرێمی ڕۆژەڵاتی دابەشکرد ـــ بووە هۆی ئەوەی کە ئەو هەرێمە ئێستاکانێ، خۆی لەناو ئازار و ڕەنجی دژوارتین گۆڕانکاریی نەسەقامگیریی لە مێژووی درێژی پڕ لەکارەساتی خۆی ببینیتەوە. 
   
جەنابی پرێزدنت، گۆڕانکاریی بۆ کوردان لە ساڵی ١٩٩١، لەگەڵ هێرشی ئەمریکایێ بۆ سەر ئێراقێ، و دامەزراندنی "هەرێمی نەفڕین" دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٩٩٢، کوردەکان بە هاریکاریی ئەمریکا، ئینگلستان، و فەڕەنسا توانیان ئیدارەی خۆیان لە بەشێك لە کوردستانێ ــ ئێراق دابمەزرێنن. دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، وەکی پێکهاتەیێکی خۆموختاری تازەکار، بە دڵنیایی، کێماسیی خۆی هەیە. وەلێ، کەی ئاڕ گی هەمیشە دۆستێکی جێمتمانە بووە بۆ ئەمریکایێ و بەرژەوەندییەکانی وێ لە ڕۆژەڵاتی ناڤین. ئەوجاش، لەگەڵ هەبوونی هاوکاریی بەردەوامی کەی ئاڕ گی، هەتا ئێستاش کوردان پشتیگیریی هەقیقیی ئەمریکایێیان پێنەگەیشتووە.
لەسەر ئاستی هەرێمییش، تورکیا پێوندییەکی گرفتسازی لەگەڵ کوردان هەیە. ئەگەرچی، تورکیا سوودی لە سەودای تیرە و نەدیاریی خۆی لە بازرگانی نەفت لەگەڵ کەی ئاڕ گی وەرگرتیە، و لە وەختێك بەهرە لە نەفتی کوردیی وەردەگرێ، دەوڵەتی تورکیا ڕەفتاری سیاسیی خۆی لەمەڕ مافەکانی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کوردان لە کوردستانێ ـــ ئێراق نەگۆڕییە، و هێشتا درێژە بە پشتگیریی کردنی گرووپگەلێکی دژ بە کەی ئاڕ گی دەدا. هەروەها، تورکیا ڕێگرە لە هەمبەر گەلی کورد لە کوردستانێ ـــ سووریا کە خۆشیی لەو دۆخە وەرگرن کە ڕەنگدانەوەی تەسکەرەی کوردانەی وان بێ.

لەوەش وێوەتر، تورکیا ڕەدی ئەوە دەکا کە مافەکانی هەڤەوڵاتییانی کوردستانێ لە تورکیایێ لە چوارچیوەی دەستوورێ بناسێ. تەنیا کارێکی دەستووریی کە تورکیا ئەنجامی دابێ، ئەو بوو کە لە سێپتێمبەری ٢٠١٣، دەوڵەتی تورکیا یاسای ٨٥ ساڵەی قەدەغە کردنی لەسەر سێ پیت لە زمانی کوردیی ق، خ، وو، لابرد. بەڵام، ئەوەی کە تورکیا گەرەکە ئەنجامی بدا، قەبوول کردنی کوردانە وەکی ئێکەك لە دوو نەژادیی سەرەکیی (تورك و کورد) لە تورکیایێ. کوردان خاوەنی تەسکەرەی نەتەوایەتیی، زمان، و فەرهەنگی خۆیانن، و دەبێ لە چارچێوەی دەستورێ بناسرێن.
جەنابی پرێرزدنت، کاتێك کە سێ ساڵێك لەمەوپێش نەسەقامگیریی گەیشتە سووریایێ، کوردەکانی ئەو بەشەی کوردستانێ، لە نەژادێکی بێ تەسکەرە و مافی هەڤوەلاتیی بوون، خۆیان بۆ سێ کانتۆنی خۆموختار لە کوردستانێ ــ سووریا، ڕاڤەگواست. ئەو سێ کانتۆنە، غەیرە کوردەکانی وەکی عارەب و ئاشووریش لە ئاستی پشکدرانی ئێکسان لەنێو ئەو پێکهاتە نوێیە لەخۆ دەگرێ. ڕێبەرایەتیی بهەڤڕای ئەو بەشەی کوردستانێ مودێلێکیان بۆڕۆژەڵاتی ناڤین لە ئاییندە درووست کردیە ـــ مۆدێڵێك کە نەژادگەلێکی جیاواز دەتوانن پێکەوە لە ئاسوودیی تێیدا بژین بەبێ ئەوەی لایەنێك بە زۆرینە و ئەویدیکە بە کەمینە بناسرێندرێ. لەگەڵ هەندێش، تورکیا زۆر بە دژواریی دژایەتیی ئەو گۆڕانکارییەی کوردستانێ ــ سووریا دەکا.
جودا لەوەی کە مەرامی تورکیایێ چیە، جەنابی سەرۆك، ئەوەی کە گەلی کورد لە کوردستانێ ـــ سووریا درووستیان کردیە، ڕەنگدانەوی دیدی وان بۆ ئەو جۆرە ژیانەیە کە دەیانەوێ لەگەڵ ئەوانەی لەوێ ژیانمەندن ـــ کورد و غەیرە کورد ـــ لەسەر بنەچەی ئێکسانیی پێکڤە بژین. ئەوەش، ئەمە دەگەینێ کە کوردەکان نایانەوێ وڵات نەتەوەیێکی کوردیی درووست بکەن کە تەنێ کورد تێیدا ئاغای وڵات بێ. لەبەرهەندێ، گەرەکە ئەمریکا پشتیوانی ئەو مۆدێلە باشە بکا بۆ ئەوەی پێشینەیێك بۆدیموکراسیی و ئێکسانیی لە ڕۆژەڵاتی ناڤین لە ئاییندە درووست بکا.
لەوەش زێتر، ئەگەرچی تورکیا کاناڵی دایەلۆگی (نەك دانوساندن) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کردیتەوە، و بەڕواڵت دەیەوێ چارەکی ئاشتییانە بۆ پرسگەلی کوردیی لە کوردستانێ ــ تورکیا وەدۆزێ، لێ، دانوساندنی دەوڵەتی تورکیی، زۆر دەقیقتر، وێدەچی پتر پیلانێکی جامبازانە بێ، چونکە هەتا ئێستا تورکیا هیچ هەنگاوێکی پڕاکتیکی قانوونی نەهاوێشتووە کە وەرامگۆی بژارەی ئاشتیخوازانەی عەبدوڵا ئۆجەلان بێ، بەرەو پێش هەنگاو بنێ، و چارەیێکی دەستووری وەدۆزێ کە تێیدا برایەتیی تورکیی ـــ کوردیی مومکین بکا.
جەنابی پرێزدنت، پاراستنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە گرتیخانە و پەکەکە لەسەر لیستی تێرۆریستیی تەنێ زیان بە پرۆسێسی ئاشتیی  کوردیی ـــ تورکیی دەگەینێ. لەبەرهەندێ، لێت خوازیارین، وەکی براوەیێکی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیی و سەرۆکی ئەمریکایێ، گووشار بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان کە دیدێکی نوێی پێشکەش کردووە بۆ ڕۆژەلاتی ناڤین بۆ ئەوەی نەژادەکانی جودا پێکەوە لە ئاشتیی بژین، درووست بکەی. جەنابی سەرۆك، درێژەدان بە پشتگیرییکردنی وڵاتێك کە دارای دەستوورێکی وەها بەرتەنگە کە تەنێ مافەکانی تورکان دەناسێ، دژی بەهانی ئەمریکایێە. لە ڕابردی، جەنابت نفووزێکی پۆزەتیڤت لەسەر پێوەندی نێوان تورکیایێ ـــ کوردستانێ ـ ئێراق هەبووە. لەبەرهەندێ، لێت دەخوازین تورکیا گووشار بدەی کە هەڵوێستێکی پراکتیکی وەهای لەگەڵ کانتۆنەکانی کوردستانێ ـــ سووریا و گەلی کوردستانێ ـــ تورکیا هەبێ. 

دوعای سەرکەوتنت لەبۆ دەکەین. 

دڵسۆزانە،
کرمانج گوندیی
پرۆفیسۆر
زانستگەی تێنێسی ستەیت

Wednesday, February 5, 2014


لەمپەرەکانی هەمبەر درووستکردنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی و دامەزراندنی کۆنگرەی نـەتـەوەیـی کوردستانێ

 کرمانجی سەعید مەسیفیی*

بـەرایـی
تایبەتمەندێتییەکانی پێکهاتەی نەتەوە، و چەمکی ئەو تێرمە سیاسیی ــ جوگرافییە، قەوارەکی بەرفرەی هەیە کە دەکرێ شرۆڤەی تەسکەرەی نەتەوەی تێدا بکرێ. چەمکی نەتەوە، دەکرێ لەو ڕەهەندە تاریفی لەبۆ بکرێ کە میللەتیكی کەونار (باستانیی) لەسەر خاكی هەزاران ساڵەی خۆی بەردەوام بوونی هەبووبێ، و لەسەر ئەتلەسی دنێدا ئەو خاکە بە هی ئەو میللەتە دێرینە ناسرابێ.
 
ئەو میللەتە، لە تەنیشت ئەو خاکە ئاژدادییە کە هەیتی، دارای چەند گەلێکە کە پێکهاتەی ئەو گەلانە بەگوێڕەی هەڵکەوتی جوگرافیاییان، پێکڕا قەوارەی جوگرافیای گەورەی ئەو نەتەوە درووست دەکەن. بۆ نموونە، گەلەکانی لوڕ و زازا دوو گەلن کە لە پێکهاتەی نەتەوەیی نەتەوەی کوردستانێ، تایبەتمەندێتیی مێژووییان هەیە کە ئێکەکیان لە باشوور و ئەویدیکەیان لە باکوور قەوارەی مەزنی زێدی میدیا نیشان دەدەن.

 ئەو گەلانە، بە هەبوونی زمانێکی نێوکۆیی (بە زاراوەی جیاواز)، داب و نەریتی وێکچوو، مێژوو، ، فەرهەنگ، تایبەتمەندێتیی کۆمەڵایەتیی، و ئارمانجی نێوکۆیی ــ ئێك میللیەتیی ـــ لەبۆ ئەو میللەتە درووست دەکەن، و لە چاشنی نەتەوە دەیناسێنن. هەڵبەت ئەو جۆرە میللەتانە، تەنێ لە ڕووی تایبەمەندێتییەکانی ئیثنیکیی دەخرێنە ناو قەوارەی تاریفی "نەتەوە." دەنا، تەنیا ئەو تایبەتمەندێتییانە بۆ پێناسەی میللییەت نابنە "تەسکەرەی نەتەوەیی" ئەگەر ئەو نەتەوە ئاڵای سەربەخۆیی، و سیستەمی سیاسیی ــ ئابووریی خۆی نەبێ.

درووسـتـکـردنـی هـزری نـەتـەوایەتیـی
بۆ درووستکردنی هزری "نەتەوایەتیی" گەرەکە ئەو تایبەتمەندێتییانەی کە باسیان لێوە کرا لەناو میللەتێك هەبن بۆ ئەوەی ئەو میللەتە لەسەر ئاستی جیهانێ ئەو بوارەی هەبێ کە بتانی داوای تەسکەرەی نەتەوەیی خۆی بکا. ئەنجا، لەگەڵ دامەزراندنی وڵاتی نەتەوەیی، دەسەڵاتی نیشتیمانیی ئەو نەتەوە، سەرچاوەکانی سرووشتیی و مرۆیی ڕەکار دەخا بۆ درووستکردنی فەلسەفی نەتەوەیی و هێزمەند کردنی فەرهەنگی هەڤوەڵاتیی بوون، و بەستنەوەی هەڤوەڵاتییان بە خاکی ئاژدادیی، مێژووی نەتەوایەتیی، فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی، و پەروەردەی نیشتیمانیی کە پێکڕا سیمایێکی تەندرووستی نەتەوایەتیی بۆ ئەو نەتەوە چێ دەکەن.

دەسەڵاتی سیاسیی گەرەکە بەردەوام هەوڵ بدا بۆ درووستکردنی سیستەمگەلێکی کارای پەروەردە، ئابووریی، جڤاکیی، چاندن، و تەندرووستیی بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە لەبوارەکانی ئەکادیمیی، زانستیی، مەعـریفیی، کۆمەڵایەتیی، ئاوەدانکردنەوە، و فەرهەنگیی، پێشڤە ببا کە تێیدا مافەکانی تاکیی و جڤاکیی هەڤوەڵاتییان بپارێزێ بە جۆرێك کە هەموو هەڤوەڵاتییان لەبەرامبەر یاسا ئێکسان بن بۆئەوەی هەر تاکێکی ئەو نەتەوە لەناو کەسێتیی خۆی هەست بە پاراستنی کەڕامەتی خۆی بکا.

هەڵبەت، بۆ بزاڤی ئازادییخوازیی (بەمانای نەتەوایەتیی) ئەگەر هەبێ، گەرەکە بنەماکانی هزری نەتەوەیی لە وجود بێ بۆ ئەوەی بزاڤێکی ئاوهایی هەبێ. ئەنجا، دوای ئەوەی کە بزاڤ دەگاتە هەوارگەی مەبەست کە قۆناخی سەرکەوتنە، پەروەردە کردن و هێزمەند کردنی ئەو هزرە بە جۆرێکی تەندرووست دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقیی ئەو ڕێبەرایەتییەی کە لەسەرووی بزاڤەکە قەراری گرتیە بۆ ئەوەی زەوینەسازیی بکا  بۆ دانانی بونیادی پاراستن و پێشڤەبردنی فەرهەنگی نەتەوایەتیی کە مەرامنامەکەی دەکەوێتە سەرووی تەواوی بەرژەوەندییەکانی تاکیی و حیزبیی. وەلێ، داخوا هزری نەتەوایەتیی بۆ میللەتێکی داگیرکراوی وەکی میللەتی کوردستانێ، چلۆن درووست دەکرێ؟ ئایا خەباتی ڕزگارییخوازیی ئەو میللەتە بندەستە، دەتوانێ چ پێگەیێکی لە هێزمەند کردنی هزری نەتەوەیی هەبێ؟ بەتایبەتیی جۆری دابەشبوونی میللەتی کوردستانێ کە تێیدا چار "وڵات ـــ نەتەوەی" داگیرکەری پاشڤەڕۆ، نەتەوەی کوردستانێیان چەوساندیتەوە ـــ خەباتی میللەتی کوردستانێ هەمیشە زۆر دژوارتر بووە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو میللەتانەی تەنێ خەباتیان بۆ سەردەستەیی ئایدیۆلۆژیی ــ سیاسیی کردووە.

 گەڵاڵەکردنی بنەماگەکانی سایکۆلۆژیی فەرهەنگی نەتەوایەتیی
بۆ باوەڕ بەخۆ بوون لە هەر ئاستێكی ژیان، کەسیی، جڤاکیی، سیاسیی، یان نەتەوەیی، سایکۆلۆژییەکی تەندرووست لەسەرووی عەقڵ پێویستە، چونکە لەوەختێك سایکۆلۆژیی لاواز بێ، عەقڵ نکاری تەندرووستانە کار بکا. عەقڵ هێندە تەندرووست دەمێنێ ــ تا ئەو جێگەی لەژێر هێمای سایکۆلۆژییەکی تەندرووست کار دەکا.

لەو حاڵەتە، بۆئەوەی بنەماگەکانی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی لە سەرووی زهنیەتی نەتەوەیی ـــ سیاسیی ـــ کۆمەڵایەتیی قەراربگرێ، گەرەکە ئەو زهنیەتە سێ جەمسەرییە لەناو ژینگەی پەروەردەیێکی تەندرووست گەڵاڵە و گەشە بکا بۆ ئەوەی کە دەکەوێتە سەر ڕەهەندی خەبات، ئەو توانا ڕووحیی ـــ سایکۆلۆژیی ـــ فیکرییەی هەبێ هەتا بتانی ئەرکی سەنگینیی خەباتی نەتەوایەتیی، چۆك ئەستوورانە هەڵگرێ ــــ بۆئەوەی بتوانێ ستراتیژییەکی ڕۆشن لە پێناو ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی ئامادە و ڕەکار بخا.

بۆ ئەو مەبەستە، گەرەکە ڕێبەرایەتییەکی حەکیم هەبێ تا لە ڕەهەندی کاربردی ستراتیژییەکی نیشتیمانیی، تەواوی تواناکانی ژێهاتیی ڕێکبخا. دەبێ ڕێبەرایەتییەکی نێوکۆیی و بهەڤڕا دابمەزرێ، و ئەو ڕێبەرایەتییە هەوڵ بدا کە سوود لە کاناڵەکانی جۆراوجۆری خەبات، لە وانە خەباتی فەرهەنگیی، دیپلۆماسیی، و (لەکاتی پێویست 'وەکی دوا چارە' بۆ پاراستنی کەڕامەتی میللەت، لە ڕەهەندی چەکدارییش سەر قیت کاتەوە). پێویستە هوشیارانە، ئەو جۆرانەی خەبات، هەرئێك بە نۆرەی خۆی، لە کاتی پێویست بەکاربهێندرێ. لە تەنیشت ئەوانەش، دەبێ نوێکردنەوەی فەرهەنگی جڤاکیی هاوتەریبی خەباتی نەتەوایەتیی لەبەرنامەی کاری ڕێبەرایەتیی، گرینگیی پێبدرێ. چونکە، پاراستنی کۆمەڵگەیێکی تەندرووست و هوشیار، فاکتەری هەرە گرینگی درێژە دان بە خەباتێکی تەندرووستە کە لەهەر قۆناغێکی ئەو خەباتە، خەباتگێڕان، ویژدانمەندانە بە دڵسۆزییەکی ڕەها لە پێناو سەروەریی نەتەوە و نیشتیمان، ئەخلاقمەندانە درێژە بە خەبات بدەن.

ڕێبەرایەتیی حەکیم بەشیوەیێکی سەرەکیی کار لەسەر کێمکردنی ئاستی زهنیەتیی "تاکڕۆیی" دەکا و بەردەوام ئەندامانی سەرکردایەتیی و خەڵکەکەی خۆی، لەمەڕ مەترسیی و ئەنجامی خراپی ئەو زهنیەتە ئاگەدار دەکاتەوە. ڕێبەرایەتیی حەکیم نەك هەر بە گۆتن، بەڵکو بە کردەش هەولی بنبڕکردنی "ئەنانییەت" دەدا، و ژیانی خۆی لە ژیانی خەڵکە سادەکەی دیکە جیا ناکا. ئەو جۆرە ڕێبەرایەتییە بە کەڕامەت ڕێبەرایەتیی خەباتگێڕان دەکا، و خەباتگێڕانیش کەڕامەتمەندانە لە خزمەت ئارمانجەکانی پیرۆزی نیشتیمان دخەباتینی.

لە ڕەهەندی جۆرە خەباتێکی ئاوهایی ــ ئارمەنجەکانی نەتەوایەتیی، جۆری ستراتیژ، و فەرهەنگی نیشتیمانیی دەبنە بنەما و فەلسەفەی خەبات، و لەو ڕە‌هەند و ڕوانگە، ڕێبەرایەتیی، هوشیارانە سوود لە هەر ئیمکانیەتێك وەردەگرێ. بە لەبەرچاو گرتنی زرووفی بابەتیی، هەرێمیی، و جیهانی ـــ واقیعبینانە سیاسەتی خۆی هەموار دەکا.  لەسەر ئاستی جڤاکییش، ڕێبەرایەتیی بەردەوام کاردەکا کە فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی لەسەر بونیادی پاراستنی کەڕامەتی تاکی کۆمەڵ دەوڵەمەند، و لەوێوە هەڤوەڵاتییان فێر دەکا کە فەرهەنگی پاراستنی کەڕامەتی نەتەوایەتیی لەسەرووی هەر جۆرە بەرژەوەندیێکی دیکە دابنێن، و تەنێ لە ڕەهەندی خزمەتگوزاریی نەتەوە و نیشتیمان کار بکەن.

داگیرکەران و سیاسەتی شێواندنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی میللەتی کوردستانێ
لە ڕەهەندی سەرنج دان بە مامرەتی سیاسەتی دوژمنکارانە و داگیرکەرانەی هەر چار وڵاتانی داگیرکەر، ئێران، ئێراق، سووریا، و تورکیا کە هەر ئێك بە نۆرەی خۆی تەواوی تواناکانی خۆی بۆ شێواندنی سیماکانی نەتەوایەتیی میللەتی کوردستانێ بەکار هێنایە، گەرەکە لەو نێوانە، هەڵوێستەیك لەسەر کارێگەرێتیی مەکانیزمی سیاسەتی لاوازکردنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی میللەتی کوردستانێ بکرێ.

پڕۆسێسی چەوساندنەوە لەهەر چار پارچەی کوردستانێ، هەر لەپاش دابەشکردنی زێدی میدییەکان لە دوای ئێکەم جەنگی جیهانگیر لەلایەن هێزەکانی کۆلۆنیالیستی ڕۆژاوایێ، ڕەکار هاتیە، و بەردەوامیش لە دژی میللەتی کوردستانێ کاری پێکرایە. ئەم دابەشکردنە، کارێگەرێتییەکی زۆر دژواری لەسەر تەواوی لایەنەکانی سیمای کوردەواریی، بەتایبەتیی، سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی دانایە کە هەتا ئێستاش لەکە کرێتەکەی، کێم یان زۆر، بەسەر زهنیەتیی بەشێکی خەڵکی کوردستانێ (بەتایبەت هەندێك لەڕێبەرانی سیاسیی حیزبەکان) ماوە.

داگیرکەران، بەردەوام هەوڵیان داوە کە سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی کوردیی تێکەڵ و لە بۆتەی نەتەوایەتیی عـارەب، فارس، و تورك بتاوێننەوە. هەرکاتێکیش لەو سیاسەتە سەرکەوت نەبووبن، ڕەویشی چەوساندنەوەی جەستەیی لەبەرامبەر کوردستانییان بەکار هێنراوە. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە، میللەتی کورد تەسکەرە و فەرهەنگی نەتەوایەتیی خۆی لێ سەندرا، و بەسەریشی سەپێندرا کە ببێتە بەشێك لە فەرهەنگەکانی عارەبیی، فارسیی، و تورکیی. ئەم سیاسەتە دژوارە، وەهای کردیە کە جیهان بینینی میللەتی کورد لە ناو چارچێوەی سایکۆلۆژییەکی لاواز، و ڕوانگەی "کێمباوەڕیی بەخۆ،" سەرچاوە بگرێ و هەر لەو ڕوانگە لاوازەش جیهانی دەوروبەری خۆی ببینێ.

ژیان لەنێو ژینگەی بندەستیی و چەرمەسەرییی بۆ میللەتی کوردستانێ بۆتە ئەو فاکتەرە کە بنچینەکانی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی بکەوێتە ناو ئاژاوەی سیستەمگەلێکی چەواشە و نامرۆڤانە کە هۆکاری هاتنە بوونیان، هەر لەبەرایی، تواندنەوەی هزری نەتەوەیی مرۆڤی کورد لە بۆتەی فەرهەنگی نەتەوەی باڵا دەست بوو.

ئابلۆقە دانی هزری نەتەوایەتیی کوردیی بە سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی نەتەوەی باڵا دەست، دۆخێکی وەهای بۆ مرۆڤی کورد درووست کردووە کە هەمیشە خۆی بێپەنا ببینێ و لە ناو گرفتی تەنهایی نەتەوایەتیی لەنێوچیاکان، لەناو ژانی بێدەنگیی خۆی، هەنیسکان هەڵێنێ. لەبەرهەندێ، لایەنەکانی هزری نەتەوەیی مرۆڤی کورد بە شێوەیێکی گشتیی لە نوشست هێنان بووە ــــ هەر ئەو فاکتەرەش کاری کردۆتە سەر کێمکردنەوەی کارێگەرێتیی کەسێتیی مرۆڤی کورد، بە جۆرێك بۆی زەحمەت بووبێ کە ببێتە ڕێكخەری ڕێكخستنەوە و گەڵاڵە کردنی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی خۆی. ئەمەش وەهای کردیە کە ئەو گرفتەی بۆ درووست بووبێ ـــ لەکاتێك کە مرۆڤی کورد سیاسەتیشی کردبێ ــــ لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوایەتیی، بەسایکۆلۆژییەکی نەتەندرووست کاری کردبێ. هەرئەو سایکۆلۆژییە لاوازەش بویتە هۆی درووست بوونی زهنیەتیی خۆپەرستیی و ڕێبەرهایێکی تاکڕۆ کە هەر ئێك لەوان بە نۆرەی خۆی، زێتر بۆتە هۆی دابەشکردنی سایکۆلۆژیی سیاسیی مرۆڤی کورد کە تێیدا حیزب ـــ حیزبانێ و بەهەدەر دانی تواناکانی میللەتی لێکەوتۆتەوە. هەر لەئەنجامی ئەو حیزب ــ حیزباێیەش، چەندان هەڵی مێژوویی لەدەست دراون، بەجۆرێك، لەپاش ساڵانێکی زۆر لە خەباتی درێژ و خوێناویی، میللەت جاریكی تر خۆی لە ژینگەی بندەستیی دیتیتەوە. هەڵبەت، ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە نەساغ و سەقەتە، بە جۆرێکی زۆر خویا، لە پارچەکەی کوردستانێ بندەستی ئێراقێ، لە ڕفتاری حیزبەکان ڕەنگی داوەتەوە.    

سیاسەتی حیزب ـــ حیزبانێ و کارێگەرێتی نێگەتیڤی ئەو سیاسەتە لە هەمبەر دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی
لە بەشی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، چونکە شۆڕشی نەتەوایەتیی بەڕێژەیێکی زێتر بەردەوامێتیی هەبووە، هەمیشە بواری ئەوە هەبووە کە ڕێبەرانی بزاڤی ئازادییخوازیی نەتەوایەتیی ئەو بەشە، بنەماگەکانی فەرهەنگی ئێکیەتیی نەتەوایەتیی ‌هێزمەند بکەن، و پێشینەیێك بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانێش دابنێن. لێ مخابن، لەبەر نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە ئەرکەکانی نیشتیمانیی، فەرهەنگی حیزب ــ حیزبانێ، جێگەی بۆ هیچ مانۆرێکی نەتەوایەتیی نەهێشتۆتەوە. نەك هەر ئەوەش، بەڵکو سیاسەتی سەرانی هەندێك لە حیزبەکانی ئەو پارچە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانێ بوونەتە مایەی دەردەسەر.

نەتەوەی کوردستانێ، هێشتا لە بیری مایە کە لەساڵی ١٩٩٢، پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پدك) و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانێ (ینك) بەهاوکاریی لەشکری تورکیای داگیرکەر چوونە شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستانێ. ئەو ڕەفتارەی ینك و پدك بووە هۆی بە هەدەر دانی خوێنی هەزاران لە کچان و کوڕانی دلێری کوردستانێ کە پاداشەکەی، لە تەنیشت "سوپاسنامەیێك" کە ژانڕاڵەکانی تورکیا پێشکەشی سەرکردایەتییەکانی ینك و پدكیان کردبوو، شەرمزار کردنی خۆیان بەرامبەر میللەت و مێژووی نەتەوایەتیی کوردستانێ بوو. ئەم کارەی ئەو دوو حیزبە، گەورەترین گورزی خیانەت بوو کە هەرتکیان بەو سیاسەتە چەواشەی خۆیان لە پیرۆزەیی ئێکیەتیی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتییان وەشاند.

وەلێ، ماوەێێکی کێم دوای ئەو ڕەفتارە نەنیشتیمانپەروەرییە، سەرکردایەتیی ینك، لەسەردەمی سەرۆکایەتیی بەهەشتیی، پرێزدنت تورگوت ئۆزال، سەرۆکی تورکیایێ، هەوڵی دا کە ئەو رووزەردییەی خۆی بەرامبەر بە بزاڤی ئازادییخوازیی باکووری کوردستانێ هەموار بکا ـــ ئەویش بە ناوبژییکردنی سکرتێری ینك، جەلال تالەبانیی، لەنێوان ڕێبەر ئۆجەلان و پرێرزدنت ئۆزال بوو. بەهەندێ، سەرکردایەتیی ینك توانی تائەندازەیێك ئەو حەساسیەتە کێم بکا کە لە ئەنجامی سیساتە تاریکەکەی خۆی، درووستی کرد بوو. ئەو ناوبژیی کردنەی تاڵەبانیی کارێگەرێتییەکی پۆزەتیڤی هەبوو لەسەر ڕەهەندی هزری سیاسیی باکووری کوردستانێ بەرامبەر بە ینك. لەبەرهەندێ، خەڵكی باکوور و سەرکردایەتیی پەکەکە هەمیشە ستایشی ئەو هەڵوێستەی تاڵەبانییان کردیە. ئەو سیاسەتەی ینك، لە دوای بزربوونی تاڵەبانیش لەسەر شانۆی سیاسەت، لەلایەن سەرکردایەتیی یەکیەتیی بەردەوامێتیی هەبووە. ینك لەبارەی کوردستانی بندەستی سووریایێش، سیاسەتێکی نیشتیمانپەروەرانەی بەکار هێناوە.

لێ بەلێ، وێدەچێ سەرکردایەتیی پدك، لەو بارە، ئەوەندە خەمخۆری هەموار کردنی سیاسەتی خۆی نەبووبێ. چونکە هەتا ئێستاکانێش، وەکی پێویستە وەها "خزمایەتییەکەیان" لەگەڵ پەکەکە نەگەیاندیتەوە ئاستێك کە مایەی خۆشنوودی میللەت بێ. لەلایێکی دیکە، سیاسەتی تاریکی پدك بەرامبەر کوردستانی بندەستی سووریایێ، جارەکی تر، سیمای سەرکردایەتیی پدکی لەکەدار کردۆتەوە. ئەو سیاسەتەی پارتی بەرامبەر ئەو پارچەی کوردستانێ نەك هەر بۆ خۆیان خراپە، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانا مەزنیش، سیاسەتەکی بەرەواژە. ئەو سیاسەتەی پدك بۆتە گەورەترین کۆسپ لەهەمبەر پێشڤەبردنی پڕۆسێسی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی. پارتی بەو کارەی کە دەیکا، خەریکە سیاسەتەکی خۆکوژیی لەسەر ئاستی نیشتیمانیی بەکار دێنێ. پدك بەو جۆرە ڕەفتارانەی خۆی، بەردەوام خۆی دەخزێنێتە ژێر ڕکێفی تورکیای داگیرکەر، و لەسەر ئاستی نەتەوایەتیی، خۆی زێتر گۆشەگیر دەکا.

لەلایێکی تر، هەڵوەشاندنەوەی "لیستی کەرکووکی کوردستانێ" لەلایەن پدك (بۆ بەرژەوەندی حیزبایەتیی)، لەبەرامبەر "ئێك لیستیی عارەبان" لە کەرکووکێ، بە بەهانەی ئەوەی کە نابێ دکتۆر نەجمەدین کەریم سەرۆکی لیست بێ، خیانەتێکی زەق بوو کە لەبەرامبەر ناوچەکانی دابڕێنراوی کوردستانێ کرا. سووکایەتییەکی مەزن بوو بە کۆششی ڕێبەرانی هەر چار پارچەی کوردستانێ کرا کە دەمێکە خەمخۆرانە، هەوڵی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەدەن. هەر لەبەر ئەو ڕەفتارەی پارتی، خەڵکی کوردستانێ لەبۆیان هەیە بڵێن، با چیدی پارتی نەڵێ "ئێمە سازش لەسەر کەرکووکێ ناکەین. ئێمە شۆڕشی ئەیلوولمان لەسەر کەرکووکێ دانا." چونکە، بەوەی کە ئەوجارە لە بەرامبەر لیستی کەرکووکی کوردستانیی کردی، پدك هیچی تێدا نەهێشتەوە. پدك بەهەندێ، خەڵکی کوردستانێی، نەباوەڕانە، سەرسوڕماو کرد. پارتی کارێکی کرد کە نەك هەر لەخەونی کوردان، بەڵکو لە خەونی "کێوییەکانی" ناو چیاکانی کوردستانێش نەبوو.

پاشان، بۆ هەرنیشتیمانپەروەرێکی کورد هەیە کە پرسیار لە سەرۆکایەتیی پدك بکا، ئایا بوونی دکتۆر نەجمەدین کەریم بە سەرۆکی لیستی کەرکووکێ، هێندەی دەهێنا کە پارتی سیاسەتەکی ستڕاتیژیی نیشتیمانیی ئاوهایی، وەها ئیفلیج بکا؟ ئایا پدك بۆ دەبێ وەها تێبگا کە لەبەرامبەر ئەرکەکانی نیشتیمانیی، دەتانی هەر چۆنێك بیەوێ وەها ڕەفتار بکا، بەبێ ئەوەی هیچ حسێبێك بۆ نەتیجەی خراپی سیاسەتی خۆی بکا کە چ جۆرە زیانگەلێك بە ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی دەگەینێ؟ ئایا پارتی بۆ دەبێ ڕێگە بەخۆی بدا کە دژایەتیی هەر نیشتیمانپەروەرێك بکا؟ دکتۆر نەجمەدین، لەسەر ئاستی هەر چار پارچەی کوردستانێ، وەکی مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر ناسراوە ـــ مرۆڤێکە کە هەر گیز درێغی لە خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتیمانی خۆی نەکردیە. بۆچی دژایەتیی دکتۆر نەجمەدین دەکەن؟ دکتۆر نەجمەدین، لەماوەی ئەو سێ دەهەی کە لە ئەمریکایێ بوو، لە چاشنی کاراترین دیپلۆماتی کورد، بەبێ جیاوازیی، خزمەتی بە دۆزی نیشتیمانیی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە کرد. دکتۆر نەجمەدین، بۆ تەمەعی پارە و مەسوولییەت نەگەڕایتەوە کوردستانێ. ئەو مرۆڤە، ژیانی خۆش و ئاسوودە (و ملیۆنێریی) خۆی لە ئەمریکا جێهێشت و ژیاری ناهەمواری کوردستانێی هەڵبژارد ـــ ئەوەتا هەتا ئێستاش جوامێرانە خزمەتی کەرکووکێ دەکا. هەر کاتێکیش، دکتۆر نەجمەدین وەکی ئەوانی دیکە (کە نممونەیان لەناو پارتی و یەکیەتیی) زۆرە، ڕووی لە گەندەڵکاریی کرد، ئەو کاتە ئەرکی ئەخلاقیی هەر کوردێکی دڵسۆزە ڕەخنەی لێبگرێ. بەڵام، وێناچێ ڕەخنەکانی پارتی بۆ مەبەستێکی ئاوهایی بێ، بەڵکو دژایەتییکردنی دکتۆر نەجمەدین لەلایەن پارتی پتر مەبەستی حیزبایەتیی پێوە دیارە. بەو کارانەش پارتی جەماوەر بۆخۆی زێدە ناکا، بەڵکو وێدەچێ قەوارەی پێگەی جەماری خۆی گچکەتر بکا. لەبەرهەندێ، لەبۆ پدك و ئاییندەی میللەت باش نیە کە سەرکردایەتیی پارتی، بۆ بەرژەوەندی حیزبیی، ئاییندەی ئەو خاکانەی کە هێشتا بە داگیرکراویی لەبندەستی ئێراقی داگیرکەر ماونەتەوە، بخاتە ناو مەترسیی لە دەست چوونێ.

پدك وەها نابەرپرسانە ڕەفتاری کرد، بۆیێ کێرڤی پێگەی جەماوەریی بۆ ڕێژەی لەسەدا سی و هەشت دابەزیوە. ئەو جۆرە ڕەفتارانەی پدك بوونەتە هۆکاری نوشستیی دۆزی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ لەبەرامبەر داگیرکەران. لەبەر هەندێ، گەرەکە کە پارتی ئەگەر بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی خۆشی بێ (و هیچ مەرامنامەیێکی دیکەشی بەلا گرینگ نەبێ) ، خۆی لەو سیاسەتە نەنیشتیمانپەروەرییە دوور بکا. ئەو کارانەی سەرکردایەتیی پدك، نەك هەر بێڕێزییە بەرامبەر بە پیرۆزەییەکانی نیشتیمانیی، بەڵکو بێڕزیشە بەرامبەر بە مێژووی خەباتی خودی پارتی. لەبەرهەندێ، پێویستە پدك بە سیاسەتی خۆی دابچێتەوە، و هەوڵی دیتنی ئەو واقیعە تاڵە بدا کە میللەت تێیدا دەژی. سەرکردایەتیی پدك گەرەکە ئەو ڕەهەندە دژوارە لەنەزەر بگرن کە دۆزی نەتەوایەتیی پێیدا تێدەپەڕێ ـــ دەبێ هەمیشە ئەو هەقیقەتەیان لەبیر بێ کە ئەگەر ئەو هەلە لەدەست بچێ، ئەوە تەنێ میللەت نیە کە ماڵوێران دەبێ، بەڵکو ئەوانیش ڕیسوای زەمانە و شەرمزاری مێژوو دەبن.

پێویستە ئەو حیزبانە گۆڕانکارییەك لە سیاسەتی خۆیان بکەن. چونکە، دۆخی ئێستای کوردستانێ، فەرز دەکا کە پارتی و تەواوی حیزبەکانی دیکەی کوردستانێ واز لە سیاسەتی حیزب ـــ حیزبانێ بهێنن و ئارمانجەکانی نەتەوایەتیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندییەکانی تەسکی حیزبایەتیی. پێویستە هەوڵ بدەن کە لەسەرئاستی کوردستانا مەزن فەرهەنگێکی نوێ ـــ فەرهەنگی پێشڤەبردنی دۆزی نەتەوایەتیی ـــ درووست بکەن. پێکەوە کار بکەن، پێکەوە بڕیار بدەن، و بە ئێك گوتار لەبەرامبەر داگیرکەران و هێزەکانی جیهانێ بئاخفن. درووستکردنی ئەو فەرهەنگە پێویستییەکی مێژووییە، چونکە ئەوە تەنها ڕێچکەی سەرکەوتنی شەرافەتمەندانەی نەتەوایەتییە ـــ سەرکەوتنێك کە کەڕامەتی میللیی و شکۆمەندیی وانیشی تێدا دەپارێزرێ.  

ڕۆڵی کوردستانی بندەستی ئێراقێ لەمەڕ دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ
هزری دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ، بەتایبەت لە کوردستانی بندەستی ئێراقێ، لەوانەیە تەنیا بابەتێك بووبێ کە هەتا ئەم ساڵانەی دوایی، لەلایەن حیزبەکانی کوردستانێ، کێمترین سەرنجیی پێنەدرابێ. وێدەچێ، هۆکاری هەرە گرینگ ئەوە بووبێ کە لە کوردستانی بندەستی ئێراقێ، هەر لەگەڵ دەستپێکی شۆرشی ئەیلوولێ، لەسەر دەستی پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ بۆ ئێکەمجار، درووشمی داخوازیی نەتەوایەتیی لە "مافی چارەنووس و سەبەخۆیی" کێمکرا و هێنرایە خوارێ بۆ "مافی ئۆتۆنۆمیی" لەناو چارچێوەی ئێڕاقێ. ئەمەش هەنگاوێکی گەورە و دژوار بوو بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە، و گچکە کردنی هەیبەتی نەتەوایەتیی نەتەوەی کوردستانێ بوو. چونکە، ئەوە تەسکەرەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێی، وەکی نەتەوەیێکی دابەشکراو گۆڕی بۆ کەمینەیێك لەناو قەوارەی ئێڕاقی داگیرکەری عارەبیی. سیاسەتی خەبات بۆ ئۆتۆنۆمیی، سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی ئەو بەشەی کوردستانێی، کێم یان زۆر، لە سایکۆلۆژییەتی نەتەوایەتیی کوردستانا مەزن دابڕی. هەر ئەوەش لەسەر ئاستیی بەشەکانی دیکەی کوردستانێ، بووە هۆی درووست بوونی زهنیەتیی "ئێمە و ئەوان" کە نەتیجەکەی بووە فاکتەری ئەوەی کە سەرکردایەتیی پدك سیاسەتێکی دژوار و نەنیشتیمانپەروەرانە لە بەرامبەرخەباتی نەتەوایەتیی لەبەشەکانی دیکەی کوردستانێ بەکار بهێنێ کە دەرئەنجامەکەی بۆ ئێکیەتیی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی دژوار و زیانبەخش بوو.   

ئەمە، لەوەختێك دەکرا کە هەر لەسەرەتای دەستپێکی شۆرشی ئەیلوولێ، لەساڵی ١٩٦١، وەکی شۆڕشێکی خاوەن توانای مرۆیی ــــ شۆڕشێك کە لەو قۆناغی خەباتی نەتەوایەتیی، زۆرترین ڕۆناکبیرانی میللەت تێیدا بەشدار بوون، دەیتوانی ئامادەکاریی هزری نیشتیمانیی کردبا، و بەرنامەڕێژیی بۆ بونیادێكی تەندرووستی کردبا  کە تێیدا فەرهەنگی کوردستانیی و سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی زیندی کراباوە.

لێ مخابن، چونکە سەرکردایەتیی شۆڕش دارای ئەو سایکۆلۆژییە هێزمەندەی نەتەوایەتیی نەبوو، و لەمەڕ تێگەیشتنی سەرکردایەتیی نێوکۆییش کامڵ نەبوو ــــ هەر سێ ساڵێك پاش دەسپێکردنی شۆڕش، لەساڵی ١٩٦٤، ناکۆکیی کەوتە ناو ڕێبەرایەتیی شۆڕش و باڵباڵێنێ درووست بوو. کۆتایی باڵباڵێنەکەش بووە هۆی لێکتری ترازان و شەڕی خیانەتکارانەی ناوخۆیی و ماڵوێرانیی میللەتی لێکەوتەوە ـــ بەجۆرێك کە هەتا ئێستاش، نەتەبایی ئەو لایەنانە بەردەوامە و خەڵكی کوردستانێش باجەکەی بەلاوز بوونی دۆسیەی بزاڤی ئازادییخوازیی خۆی لەبەرامبەر داگیرکەران دەدا.

دوای ئەو لێکترازانە، باڵی بەهەشتیی بارزانیی کۆنترۆڵی پارتی و ناوچەکانی ئازادکراوی کوردستانێی کرد. ئەو ڕووداوە، کۆتایی بە ململانێی ناو پارتی هێنا. بۆ ژانڕاڵ بارزانییش، ژانی ئەو ململانێیە بووە ئەزموونێك کە ئیدی زەحمەت بوو، بۆ کەسێك بەبێ ڕەزامەندی وی ببێتە ئەندامی سەرکردایەتیی پدك. بارزانیی بووە سەرۆکی بێڕکبەری پارتی و کەسێتی وی کەوتە سەرووی پدك، و شۆرشی نەتەوایەتیش لەلایەن پدک ڕێبەرایەتیی دەکرا.

پاش ئەو ڕووداوانە، پەروەردەیێکی نەتەندرووست لەناو قەوارەی شۆڕش بڵاو بۆوە. کەسێك بۆی نەما کە بتانی ڕەخنە لە سیاسەتی سەرۆکایەتیی شۆڕش بگرێ. هەموو شتێك ڕاستەوخۆ لەلایەن "بارەگای بارزانیی" ڕێڤەدەچوو. ئەو فەرهەنگە بووە هۆی کێمبوونەوەی هزری شایان لەناو پێکهاتەکانی پارتی و شۆڕش. لەتەینشت ئەو بەربەستە هزرییەش، سەرۆکایەتیی شۆرش پێوەرێکی نەنەتەوەیی لە بەرامبەر خەباتگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستانێ بەکار هێنا بە جۆرێك کە کۆمەڵێك لە ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانێ (پارچەکانی بندەستی ئێرانێ و بندەستی تورکیایێ) ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرکردایەتیی شۆرش شەهید کران. ئەمەش گورزێکی ژاراویی دیکە بوو کە سەرۆکایەتیی شۆڕش لە جەستەی نەساغی "ئێکیەتیی" فەرهەنگی نەتەوایەتیی کوردستانێی دا. ژیان و ئاییندەی شۆڕش تەنێ لەلایەن سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاری لەسەر دەدرا ـــ ئەوەش بووە هۆی درووست بوونی فەرهەنگی سیاسەتەکی سەقەت، و نەتیجەکەی ئەو ئاکامە تاریکەی لێکەوتەوە کە لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥، لەماوەی چەند ڕۆژێك ئەو شۆڕشە قەبەی ئەیلوولێ بەئاسانیی شکست بێنێ.  

دوای ساڵێكیش لەهەرەسی شۆڕشێ ئەیلوولێ لە ساڵی ١٩٧٦، کە جەنگی میللەت لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەر دەستی پێکردەوە ــ ئەوجارە شۆڕش، شۆڕشێکی ئێك ــ حیزبیی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێك حیزبی قەوارە جودا لە مەیدانی خەباتێ بوون. لێ، لەبەر نەبووبی فەرهەنگی ئێکدی تەحەمول کردن لەلایەن حیزبەکانی کوردستانیی، تێکڕای بنەماگەکانی ئێکەتیی سایکۆلۆژیی نەتەوایەتیی، نەتەندرووستانە کەوتنە ناو نەخۆشیی حیزب ـــ حیزبانێ و لەناو زهنیەتێکی تەسکی حیزبایەتییەکی نەساغ، سایکۆلۆژیی نەتەوایەتییان تووشی شەلەل کرد. 

لە پاش ڕاپەڕین و سەردەمی کاری دەوڵەتی کەی ئاڕ گی، تەنها لەمپەرێكی دژوار لە هەمبەر دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەبێ، هەتا ئێستاکانێش، زهنیەتی سیاسیی ڕێبەرایەتیی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێراقێیە. چونکە، ئەو حیزبانە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە کە لەئاست بەرژەوەندییەکانی نەتەوایەتیی، بە هەستی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی کاریان لەگەڵ ئێکدی کردبێ. ئەوانە، ئەلئانەکانێش، نەبەرپرسانە لەناوخۆیان نەتەبان، و نەتەبایی وانیش پێگەی نیشتیمانیی کوردستانی بندەستی ئێراقێی لەمەر کار کردن لەسەر هەر فایلێکی نەتەوایەتیی، لاواز کردووە.

سیاسەتی نەنیشتیمانپەروەرانەی ئەو حیزبانە لەو بەشەی وڵات بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو حیزبانە نەتانن بەرنامەڕێژیی ستراتیژییەکی نیشتیمانیی بکەن. ئەوانە، پتر لە خەمی بەرژەوەندی خۆیان بوونە، و بۆ ئەو مەرامەش لە هەر جۆرە ڕەویشێكی بەردەست سوودیان وەرگرتیە. لە هەڕەشە کردن، زیندانییکردن، تۆقاندن، و تەنانەت کوشتنی نیشتیمانپەروەرانیش سڵیان نەکردووە. لەلایێکی دیکە، ئەو حیزبانە، هەمیشە هەوڵیان داوە کە تەواوی پێکهاتەکانی سیڤیلیی ـــ وەکی یەکیەتییەکانی مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران، ژنان، ئافرەتان، دادوەران، جوتیاران...و...بە کراسی حیزبایەتیی بپۆشن و عەقڵەکانی ناو ئەو پێکهاتانە بە پێوەری خۆیان و بۆ مەرامی سیاسەتی حیزبیی، بەکاریان بهێنن. بەهەندێش، میللەتیان لەخۆیان تووڕەتر و دوورتر کردیە.

ئەو سیاسەتە، کارێگەرێتییەکی زۆر نێگەتیڤی لەسەر رەهەندی زیندیکردنەوەی سایکۆلۆژییەتی نەتەوایەتیی هەبووە ــــ سایکۆلۆژیێك کە نێزیکەی سەدەیێك بوو لەژێر ستەمی ئێراقی داگیرکەر کەوتبوە بەر سیاسەتی عاراباییز، و بە شێوەگەلێكی جۆراوجۆر دەشێوێندرا. لێ بە لێ، ئەوەی لە ئەلیفبێی سیاسەتی ئەو حیزبانە نەبوو، زیندیکردنەوەی سایکۆلۆژییەتی نەتەوایەتیی بوو. شەڕی وێرانکارانەی پدك و ینك لە ساڵی ١٩٩٤، جودا لەوەی کە هەزاران ژیانی کوردی تێدا مەحوو بۆوە، بووە هۆی درووست بوونی دوو زۆن، زۆنی کەسك و زۆنی زەرد. شەڕێك کە نەك هەر ئاییندەی  کەی ئاڕ گی  هێنا ژێر پرسیار، بەڵکو سایکۆلۆژیی سیاسیشی لەو پارچەی کوردستانێ، زۆر دژوارانە، لە خەتی زۆنەکان دابەش کرد.

ئەو ڕووداوانەی خوێناویی کە لەو بەشەی کوردستانێ ڕوویان داوە، لەلایێك هۆکاری لاواز کردنی هزر و سایکۆلۆژییەتیی نەتەوایەتیی بوونە، لەلایێکی تر بونەتە فاکتەری ئەوەی کە گەندەڵیی بخزێتە ناو تەواوی لکەکانی حیزبیی و دەوڵەتیی. لەبەر هەندێ، وێناچێ کە ئەو پارچە، لە قۆناغی ئێستاکانێ، توانا و ئامادەیی هەبێ کە بتوانێ ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ لەو ڕەهەندە گرینگە مێژووییە ببینێ. چونکە، ئەو حیزبانەی ئەو بەشە، هێشتا کاتیان پێویستە تا بتانن خۆیان فێری فەرهەنگی تەحەمول بکەن. هێشتا وێدەچێ، ئەوانە کاتیان پێویست بێ بۆئەوەی بگەنە ئەو قەناعەتە کە چیدی لە ساڵانی شێستەکان وحەفتاکانی سەدەی بیست ناژین. بەڵکو، لەسەرەتاکانی سەدەی بیست و ئێك دەژین، و گەرەکە خۆیان بۆ ئەو سەدە و ئەو قۆناغە، بە دید و زهنیەتێکی نوێ سازوبەرگ بکەن. ئەوانە گەرەکە ئەو هەقیقەتە قەبووڵ بکەن کە میللەتی ئێستای کوردستانێ، هەمان میللەتی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردی نیە. بەرەبابێکی نوێ پێگەیشتیە کە هوشیارترە لەبەرەبابی پێش خۆی. بەرەبابێك کە هێندە "موعجیبی" سیاسەتی بنەماڵەیی ئەو حیزبانە نیە. لەبەر هەندێ، گرینگە کە ئەو حیزبانە بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و هەوڵ بدەن بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتیمان وەدۆزن. بۆ ئەوەی بتوانن تەندرووستانە، هزرێك لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەن، و چیدی خۆیان ڕووزەردی مێژووی نەتەوایەتیی نەکەن.
        
پاشەرۆك
ئەو فەرهەنگە سیاسییە سەقەتەی سەرانی حیزبەکانی کورستانی بندەستی ئێراقێ خەریکە دەبێتە زەوینەسازییێك کە تێیدا داگیرکەران جارێکی دیکە دەستکەوتەکانی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانێ زەفت بکەنەوە، و درێژە بەسیاسەتی داگیرکەرانەی خۆیان بدەن. سیاسەتی ئەو حیزبانە، بەتایبەتیی سیاسەتی پدك، سیاسەتێکی ئەوەند نەتەندرووستە کە خەریکە گرفت بۆ سیاسەت و بزاڤی ئازادییخوازیی نەتەوایەتیی پارچەکانی بندەستی سووریایێ و تورکیایێش درووست دەکا.  

دژایەتیی کردنی کوردستانێ بندەستی سووریایێ لەو دۆخە ناسکەی دۆسیەی نەتەوایەتیی تێیدا قەراری گرتیە، نەك هەر دژی ئارمانجەکانی نیشتیمانیی و دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ خزمەتی سیاسەتی دوژمنکارانەی داگیرکەرانی کوردستانێ دەکا. نەتەوەی کوردستانێ لەبەشی کوردستانی بندەستی سووریایێ، بۆ ئێکەمجار لە پاش پەیمانی شوومی سایکس ــ پیکۆت، توانی تەسکەرەی نەتەوایەتیی خۆی زیندی کاتەوە. لەو ڕەهەندەش، بێدرەنگ لەلایەن داگیرکەران، بەتایبەتیی تورکیا، دژایەتیی کراوە. لەحاڵەتێکی ئاوها دژوار، سەرۆکایەتیی پدکیش سنووری بەڕووی ئەو بەشەی وڵات داخست. ئەو ڕەفتارەی پدك نەک هەر وێرانکردنی هزر و سایکۆلۆژییەتیی نەتەوەیی لێڕا درووست دەبێ، بەڵکو ڕاستەوخۆش یارمەتیی سیاسەتی داگیرکەرانەی تورکیا، و بەرنامەی دوژمناکارانەی چەتەکانی بەرەی نوسڕە و بیلادی ئێراقێ و شامێ دەدا.

سەرۆکایەتیی پارتی گەرەکە وەبیر خۆیان بهێننەوە کە سەرکەوتنی ئەو گرووپە بێکەلکانە، شکستی خەباتی نەتەوایەتیی ئەو پارچەی کوردستانێیە. شکستی ئەو بەشەی کوردستانێ، توانای ئەو چەتە خوێناوییانە زێتر دەکا. هێزمەند بوونی ئەو گرووپانە، کێم یان زۆر، کوردستانی بندەستی ئێراقێش دەخاتە بەر هەڕەشەی عەقڵیەتێکی تاریك و پاشڤەڕۆ. لەبەرهەندێ، گرینگە کە پارتی هەڵوێستەیێك لەبارەی سیاسەتی خۆی لەمەڕ کوردستانی بندەستی سووریایێ بکا. سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر ئەو پارچە بگۆڕێ، و پێکەوە لەگەڵ هێزەکانی یەپەگە چاوردێر و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەردوو پارچەکانی بندەستی ئێراقێ و سووریایێ بکەن و بهەڤڕا هەوڵ بدەن کە نفووزی هێزەکانی وابەستە بە ئەلقائیدە لەو دوو پارچەی کوردستانێ ڕیشەبڕ بکەن.

سەرکردایەتیی پدك، ئەگەر حەکیمانە بهزری، گەرەکە هەرچی زووتر سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر کوردستانی بندەستی سووریایێ هەموار بکا. ئەو کارەشی، زێتر بۆ خودی پدك سوودی هەیە هەتا هەر لایەنێکی دیکەی کوردستانێ. حەکیمانەترە کە پدك پشتیوانی پێکهاتەی خۆجێیی ئەو پارچە بکا. ئەوەش، بەو هۆکارەی کە لە تەنیشت ئەوەی سەرکەوتنی ئەو پارچە، سەرکەوتنی پارچەکانی دیکەی کوردستانێیە ــــ لەوەش وێوەتر، سەرکەوتنی ئەو پارچە دەبێتە گەرێنتی بۆ پاراستنی کوردستانی بندەستی ئێراقێ کە پدك تێیدا دەسەڵاتێکی بەرچاوی هەیە. ئەگەر پدك بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆشی بێ، پێویستە ئەو کارە بکا. بەڵام، ئەگەر پدك درێژە بە سیاسەتی تاریکی خۆی لەبەرامبەر پارچەکانی بندەستی تورکیایێ و سووریایێ بدا. کۆشش بکا تا لەڕێگەی حیزبگەلێکی کلاسیك نفووزی خۆی لەو پارچانە زێدە بکا ـــ ئەوە گەرەکە وەبیر سەرکردایەتیی پارتی بهێنرێتەوە کە ئاستەمە پارتی بتوانێ لەبەرامبەر شۆڕشی نوێی پەکەکە، یەپەگە، و پژاك ــــ بەتایبەتیی بەو پێگە جەماوەرییە بەرفرە کە پەکەکە و یەپەگە لەو دوو بەشەی وڵات هەیانە، ئەو ئارەزووەی پارتی بهێتە دی.

پارتی پێش ئەوەی دەست لەکاری بەشەکانی دیکەی کوردستانێ وەربدا، با  لەسەر ئاستی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر ئەرکەکانی نیشتیمانیی هەموار بکا. با هەول بدا  چارەیێك بۆ ئەو گەنديڵییە وەدۆزی کە تەنگی بە میللەت هەڵچنیوە. با، پارتی هەوڵ بدا لەو بەشەی بندەستی خۆی، سیستەمێکی پێڕگەیی سیڤیل بونیاد بنێ کە کەڕامەتی خەڵکی کوردستانێی تێدا بپارێزرێ. با، پدك داهاتی نەفت و گاز، و گومرگ بە کراوەیی لەگەڵ میللەت باس بکا، داخوا ئەو هەموو ملیۆنان دۆلارە چیان لێدێ ـــ لە وەختێك وڵات، نە ژێرخانی ئابووریی، نە سیستەمی پەروەردە، نە سیستەمی تەندرووستیی، نە سیستەمی بانکی هەیە. ئەو بانکانە بۆ دەبێ وەها خالی بن، لەکاتێك حسێبەکانی بانکی سەرانی ئەو حیزبانە (لەسەر حسێبی میللەت) پڕاوپڕ بن. بۆ دەبێ، هەر سەرەمانگ و بنەمانگێك، ئەوها سووکایەتیی بە کارمەندانی مووچە خۆری کوردستانێ بکرێ. بۆ دەبێ لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو سامانی نەتەوایەتیی، قشرێکی میللەت لە فەقر و بەدبەختیی بژین. ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی  کەی ئاڕ گی  کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پدك ڕێڤەدەچێ، بۆتە مایەی کێمهێنانی نەتەوایەتیی. ئەو سیاسەتەی پدك بۆتە هۆی لاوازکردنی پێگەی میللیی لەسەر ئاستی ئێراقێ، ناوچە، و جیهانێ.

هەر ئەو سیاسەتەش وەهای کردیە کە وڵاتانی ڕۆژاوایێ، بەتایبەتیی ئەمریکا، لە نێزیكڕا چاودێریی دۆخی کوردستانێ و جۆری بەخێوکردنی میللەت لەلایەن سەرۆکایەتیی کەی ئار گی بکەن. بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی نزیك لە هەندێك کوردانی دەرەوەی وڵات، ئەمریکا زۆر لە ڕەویشی ئیدارەکردنی کوردستانێ لەلایەن کەی ئاڕ گی دڵگرانە، بەتایبەتیی لەبارەی جۆری بازرگانی نەفت و بێبەشکردنی میللەت لە سوودی نەفتەکە. ئەو سیاسەتانەی پدك زیانمەندن بۆ دۆزی نەتەوەیی، و بۆ خودی سەرانی پدکیش بوونەتە مایەی کێمهێنانی سەنگ و ناوی وان. لەبەرهەندێ، گرینگە کە سەرکردایەتیی پارتی، سیاسەتەکی حەکیمانە لەمەڕ داهاتەکانی نیشتیمانیی بەکار بێنێ کە خێری میللەت و ئاسوودەیی وانیشی تێدا بێ. پدك، گەرەکە کۆشا بێ بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئەو هەقیقەتەی تێیدا دەژی، لەسەر ئاستەکانی نیشتیمانیی، ناوچەیی، و جیهانیی هەموار بکا بە جۆرێك کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوایەتیی پێشڤە ببرێن.

لەبارەی لیستی کەرکووکێ، ئەگەرچی بە کشانەوەی خۆی، پارتی لیستەکەی فەلەج کرد، لێ وێدەچێ هێشتا کاتی لەدەست مابێ کە مانۆرێکی حەکیمانە بکا. پدك دەتانی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە ڕاوێژ بکا بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدەکانی کورد ڕێك بکەون تا بتانن لەناو خۆیان بگەنە ڕەزایەتێك کە پێکەوە کاندیدەکان هەڵبژێرن هەتا بتوانن لیستێکی بەهێزی کوردستانیی درووست بکەن. ئەوە، ئەرکی ئەخلاقیی نیشتیمانیی وانە کە ئەو کارە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستانێ، کەرکووك و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ئاژدادیی لەدەست نەدەن.

گرینگە بۆ پارتی و حیزبەکانی دیکەش کە خاوەنی پێرەوپڕۆگرامەکانی حیزبەکانی خۆیان بن کە سەرچاوە لە خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتیمانێ دەگرن. با، هێندە بە مێژوو نەنازن کە داخوا لە ڕابردی چیان کردیە. ئەوەی لە ڕابردی کردیتیان، چاك یان خراپ، لەناو هەگبەی مێژوو پارێزراون. هەقیقەتەکە ئەوەیە، ئەوەی کە لەماوەی ساڵانی حوکمی ئەو حیزبانە، میللەت لێیانی دیتیە، تەنێ گەندەڵیی، حیزب ــ حیزبانێ، و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی بووە. بۆیێ، گرینگە کە ئەو حیزبانە، بەجێگەی ئەوەی هێندە لە رابردی بژین، زێتر سەرنج بە ژیانی ئێستا و ئاییندەی میللەت بدەن. دەنا، مێژووی نەتەوایەتیی "سووك و هاسان" خەتمی خیانەت لە فایلی کارەکانیان دەدا. ئەوانە گەرەکە بەخۆدا بچنەوە، چونکە ئەگەر بەخۆدانەچنەوە، بەلای میللەت و مێژوو گرینگ نیە کە ئەو حیزبانە، سەرەتاکانی خەباتی خۆیان چۆن دەست پێکرد ـــ وەك لەهەر شوێنێکی دنێ لە پڕۆسێسی خەبات باوە ـــ چۆن دەست پێدەکرێ تەنێ "کارە" بەڵام چۆن تەواو دەکرێ "كارستانە." لەبەرهەندێ، میللەت و مێژوو ئەو پێوەرە لە بەرامبەریان بەکار دێنن، و ئەوە بۆیان دەنووسن کە چۆن کارەکەیان تەواو کرد.

لەبەر ئەو هۆیانەی لەسەرێ باسیان لێڕا کرا، تا ئەو کاتەی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێراقێ، ڕیفۆڕمێکی ڕیشەیی لە سیاسەتی خۆیان نەکەن، و واز لە سیاسەتی پاوانخوازیی نەهێنن، و هەوڵ نەدەن کە ئەو بەشەی کوردستانێ بە کەڕامەت ئیدارە بکەن، ئەوانە ناتوانن ببنە فاکتەرگەلێکی تەندرووست بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانێ ـــ بە گۆتەکی دیکە ـــ ئەوانە گەرەکە لەسەرەتا خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی بتانن ڕۆڵی کارێگەرانەی خۆیان لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانێ بینن.
 

* دکتۆر کرمانج، پڕۆفیسۆرە لە بەشی ڕێبەرایەتیی پەروەردە، لە زانستگەی ویلایەتی تێنێسی لە ئەمریکا.