هەڕەشـەکـانـی دژواری داگـیـرکـەرانـی ئـێـرانـێ و ئـێـڕاقـێ
لە دژی سـەرۆکـی کوردسـتـانـێ
کرمانجی سـەعـیـد مەسـیـفـیـی
لەپاش هێرشەکانی چەکدارەکانی داعش و بەزینیی هێزەکانی
سوپای ئێڕاقێ لە بەرامبەر وان، پرۆسەی
ڕزگار کردنی خاکەکانی داگیرکراوی کوردستانێ جارەکی دیکە دەستی پێ کردەوە. کەرکووك و
ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ئاژدادیی، چەلێکی تر لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رزگار
کرانەوە. ئەو دۆخە، لەپاش نێزیکەی دە ساڵ چاوەڕوانیی گەلی کوردستانێ درووست بوو.
دە ساڵ، گەل و سەرۆکایەتیی کوردستانێ چاوەڕێیان کرد کە ئەو ناوچانەی زەفتکراو/داگیرکراو
لە ناو چارچێوەی دەستووری نوێی ئێڕاقێ چارە بکرێن.
پێشبینی دەکرا کە دەوڵەتی ئێراقی پاش سەددامێ، دەوڵەتێکی
نیشتیمانیی سەرتاسەری بێ، و هەول بدا کە ئاسەوارەکانی سیاسەتی شۆڤێنیزمیی و نا
مرۆڤانەی ڕژێمەکانی ڕابردی لە کوردستانێ نەهێڵێ و نابەرامبەرییەکانی هەموار
بکاتەوە. بەڵام، دەسەڵاتی سیاسیی لە بەغدایێ بە نەریتی فەرهەنگی داگیرکاریی خۆی،
نەك هەر هیچ بایەخێکی بە برگەکانی دەستووریی لەمەڕ کوردستانێ نەدا، بەلکە سیاسەتی
داگیرکاریی ئەو خاکانەی کوردستانێی درێژە پێ دا، و لە لای خۆی خەتمی خیتامی لە
داگیرکردنی خاکەکانی داگیرکراوی کوردستانێ دا. لەسەر ئاستیی عارەبییش، فەرهەنگی
حکوومەتێکی فیرقەگەرای شیعەیی سەپاند، و سووننییەکانی پەراوێز کرد.
ئەو پێشهانتە مێژووییە، گەل و سەرۆکایەتیی کوردستانێی
لێکدی نێزیکتر کردەوە کە جارێکی تر میللەت لەژێر فەرمانی ڕێبەرایەتیی کوردستانێ،
ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی ئێك پارچەیی خاکی کوردستانێ
دەربڕی. هەڵبەت، ڕەنگدانەوەی ئەو پێشهاتانە و گەیاندنی دەنگ و خواستەکانی گەلی
کوردستانێ لە بلووری دەنگی مەسعود بارزانیی، سەرۆکی کوردستانێ دەگەیشتە جیهانێ.
لەسەفەری خۆی لەبۆ کەرکووکێ، سەرۆکی کوردستانێ، بانگی
ئێکسانیی و پێکڤە ژیانیی ڕاهێشت و دیداری کەسیی لەگەڵ پێکهاتەکانی غەیرە کورد
ئەنجام دا کە دڵنیایان بکا کە لەکەرکووکی ئاییندە کەڕامەتیی تاك و کۆیان
دەپارێزرێ. لەوێ، مەسعود بارزانیی ئەوەشی بە گوێی گوێدارەکانی جیهانێ ڕاگەیاند کە
هێزەکانی پێشمەرگە لە هییچ جێگەکی کوردستانێ کە بەتازەیی ڕزگار کراون، پاشەکشە ناکەن.
لەوێش بەدواوە، وەکی مافێکی خودا پێداو و مێژوویی گەلی کوردستانێ، بەردەوام هێمای
بە سەربەخۆیی کوردستانێ کردیە.
ئەو هەڵوێستە ڕێبەرانە و نیشتیمانپەروەرانەی سەرۆکی
کوردستانێ، وێدەچێ داگیرکەرانی کوردستانێی قەبز کرد بێ. ڕژێمی داگیرکەری ئێرانێ بە
جۆرێك کە پێشینەی نەبووە هاتۆتە دەنگ و هەڕەشە لە سەرۆکی کوردستانێ دەکا کە نەکا
هزر لە سەربەخۆیی کوردستانێ بکاتەوە. ڕێبەرانی شیعە، لە کنەخۆ، دۆست بوون ــــ هەندێکیان، بە زمانەکی رك و ڕەق هەڕەشە لە
سەرۆکی کوردستانێ دەکەن کە واز لەو مەرامە بهێنی. ئەو ڕێبەرانەی شیعان هەر
بەهەندێش ڕانەوستاینە، پاش ئەو ڕووداوانە و هەڵوێستی سەرۆکی کوردستانێ، لە کەرکووکێ
کەوتوونەتە چالاکیی نیشان دانی قەوارەی خۆیان و درووست کردنی هێزی قەبەتر.
ئەو ڕەفتارە دوژمنکارانە، هەموویان ئاماژە بە مەترسیێکی
دژوار دەکەن کە ڕژێمی ئێرانێ و هەندێك لە دەسەڵاتدارانی شیعەی فیرقەگەرا پلانی
تێکدەرانەیان بۆ گەلی کوردستانێ هەیە کە دەکرێ پلانێکی خوێناویی بێ. لەبەر هەندێ،
گرینگە کە زێتر لەهەر کاتێکی پێشتر، بایەخ بە ئێکڕێزیی ماڵی گەل بدرێ و بە ئێك
گوتاری سیاسی لەگەڵ "خاس و عام" قسە بکرێ. چونکە، ئەرکی ئەخلاقیی
نیشتیمانیی فەرز دەکا کە تا ئەو کاتەی ئەو دۆخە درێژەی هەبێ، گەلی کوردستانێ بە
تەواوی پێکهاتەکانی سیاسی لە دەوری سەرۆکایەتیی کوردستانێ کۆ ببنەوە. ئەو دۆخە،
پێویست دەکا کە هوردە گلەییەکان، ئەگەر هەشبن، هەڵبگیرێن بۆ کاتی پاش هێور
بوونەوەی دۆخەکە کە ئیشاڵا بە سەرکەوتنی گەلی کوردستانێ کۆتایی پێ دێ.
ڕەخنە و ناڕەزایی شتێکگەلێکی زۆر ئاسایین کە گەل لە
سەرۆکایەتیی هەبێ، یان حیزبەکان لەئێکدی بکەن. بەڵام، چونکە کوردستانی دایك بە
ناسکترین قۆناغی مێژوویی خۆی، لە پاش پەیمانی سایکس ــــ پیکۆت، گوزەر دەکا،
گەرەکە زێتر لەهەر وەختێکی دیکە ڕەچاوی فەرهەنگی تەحەمول کردن لەگەڵ ئێکدی بکرێ. لەو
دەمەی ئێستاکانێ، دەبێ هەولێکی جیدیی بدرێ هەر وەختێك دەنگێكی دژ بە سیاسەتی سەرۆکایەتیی
کوردستانێ دەبیسترێ، بوەستێندرێ. ئەو دەمەی ئێستا، دەمی ئەو جۆرە ڕەفتارانە نیە کە
بەرپرسێکی پێکهاتەکی سیاسیی هەتا ئەگەر تەنێ ڕای کەسیی خۆشی بڵێ، ڕێگەی پێ بدرێ کە
وەها ڕەفتار بکا کە درز بخاتە ناو ڕێسای ئێكدەنی گەل. هەر پێکهاتەکی سیاسیی
بەرپرسە لە ڕەفتاری ناشایانی هەر ئەندامێکی خۆی ــــ جا، ئەو ئەندامە چ هی سەرکردایەتیی
بێ یان ئەندامێکی سادە بێ. چونکە لە ئانی قەیرانی نیشتیمانیی دەبێ هەموو دەنگەکان
ــــ کۆك و ناکۆك ــــ ئێك کۆدەنگیی نیشتیمانیی پێك بهێنن کە پاراستنی کەڕامەتی
نەتەوە و نیشتیمان تێیدا ڕنگ بداتەوە.
دەمی ئێستا، وەك هێمای پێکرا، گەرەکە دەمی تەبایی و
هێزمەندکردنی فەرهەنگیی تەحەمول کردنی ئێکدی بێ. چونکە، لە کاتێك کە ڕژێمی ئێرانێ
و شیعەگەراکان لە ئێڕاقێ هێرش دەکەنە سەر سەرۆکی کوردستانێ، لەبەرهەندێ هێرشی
ناکەنە سەر چونکە مەسعود بارزانییە، لەبەر هەندێ هێرشی دەکەن دەکەنە سەر چونکە
ڕێبەرێکی کوردە و پەیامی گەلی کوردستانێ ڕادەگەینی. هەر بۆیێ، پاراستنی کەڕامەتیی
گەل و نیشتیمان، پتر لەهەر کاتێکی تر لەسەر هەر تاکێکی کوردستانێ پێویست دەکا ــــ
تەنانەت ئەگەر ئەو تاکە/تاکانە تۆراویش بن و سیاسەتی سەرۆکایەتیی کوردستانێیان
بەلا پەسند نەبی، دەبێ ڕەچاوی ئەو ئەو دۆخە ناسکەی ئێستا بکەن کە ڕووبەڕووی گەلی
کوردستانێ بووە ــــ ئەو دۆخە، فەرز دەکا کە لەحاڵەتی قەیرانی نیشتیمانیی هەموو
تاکەکان و پێکهاتەکانی سیاسیی و غەیرە سیاسیی کوردستانێ لە دەوری سەرۆکایەتیی
کوردستانێ قەرار بگرن و دەست بەو سەرکەوتنە گرینگانە بگرن کە میللەت بە هیممەتی
هێزەکانی شەرافەتمەندی پێشمەرگە لەو چەند هەفتەی ڕابردی بە دەستیان هێناوە. لەبەرهەندێ،
گەرەکە هەر تاکێکی کوردستانێ، بەرپرس یان سادە، لەبەرامبەر ئەو بەرپرسێتییە مێژووییە
ئەخلاقمەندانە ڕەفتار بکا، و بەرژەوەندییەکانی نیشتیمانیی بخاتە سەرووی تەواوی
بەرژەوەندییەکانی کەسیی و حیزبیی.