ڕزگار کردنی شەنگالێ: بەهای خوێنی پێشمەرگە، گەریلا،
و پیرۆزەیی کەڕامەتی نەتەوایەتیی
(کراوە بۆ سەرۆكایەتیی پارتی دیموکراتیکی
کوردستانێ ـــ پدك)
کرمانج گوندیی
بەرایی
لە مانگی ژولای ٢٠١٤، کەمێك پێشی هێرشەکەی داعش بۆ سەر کوردستانێ، سەرۆکی
پارتی، وەکی پرێزدنتی کوردستانێ، لەبەرچاوی میللەت، بەجۆری زمانی ئاگەدار
کردنەوەی حکوومەتەکەی مالیکی، لە هێلێکی ئاوهایی، گۆتی "ئەگەر بەغدا لەو
ڕەفتارەی خۆی لەگەڵ هەرێم بەدەوام بێ، شتێك دەکەم کە تەوەقوعی نەکەن. نامەوێ بڵێم
چی دەکەم، بەڵام دەتوانم شتێك بکەم کە ئەوان تەوەقعی نەکەن."
ماوەیێك دوای ئەو گۆتە، لە ناکاوێك هێزەکانی داعش لە سووریایێ پەڕینەوە و
موسلیان داگیر کرد. لەوێ، بەرەو شارەکانی دیکەی ئێراقێ، لەوانە تەکریت، شۆڕ بوونەوە. سوپای ئێڕاقێ کە ئەرکی پاراستنی موسڵێیان لە ئەستۆ بوو، ترسنۆکانە لە
ڕووی هێزەکانی داعش هەڵاتن. داعش بەو کارەی نەخشەی سەر ئەرزی واقیعی ئێڕاقێی گۆڕی،
و بووە پێکهاتەکی نوێ لەنێوان سنوورەکانی کوردستانێ، ئێڕاقێ و سووریایێ. دوای ئەو
گۆڕانکارییە، سەرۆکی پارتی، ئێکەم چەهرەی سیاسی بوو، لە ناوچە، لەسەر تیلەڤیزیۆن
گۆتی، "ئێستا ئێمە جیرانێکی نوێمان هەیە کە دەولەتی ئیسلامییە." وەلێ،
چەند ڕۆژێك دوای ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکی پارتی، داعش هێرشی کردە سەرکوردستانێ و
شەنگالێی داگیر کرد. ئەو هێزەی پارتی کە لەبۆ پاراستنی شەنگالێ دانرابوو، لیوایێكی
هێزی پێشمەرگە بوو. ئەو لیوایە نەك هەر بەرهەڵستی هێرشەکەی داعشی نەکرد، بەڵکو کە
شەنگالێشی جێهێشت، هەولی نەدا ژنگەل و زارۆکگەلی ئێزیدییان لەگەڵ خۆیان ببنە
دەرێ. لە نەتیجە، داعش بە چاشنی سەدەی حەفت کە عارەب هاتن و کوردستانیان داگیر
کرد، شەنگالیان داگیر کرد و هەتکی کەڕامەتی کوردستانێیان کرد.
داگیر کردنی شەنگالێ لە لایەن هێزگەلی تاریکی
داعـشێ
لە ڕۆژی ٣ی ئۆگێستی ٢٠١٤ کە شەنگال (مەڕقەدی فەرهەنگ و ئاینی کەوناری
کوردان) لە لایەن هێزەکانی تاریکی داعش داگیر کرا ـــ ئەو کات، پـدك تەنها هێزی
دەسەڵاتداری کوردیی، لە شەنگالێ بوو. داستانی تەسلیم کردنی شەنگالێ و کارەساتی ژینوساید
و سەربردەی تڕاژیدیای هەتکی خانمانی ئێزیدییش، زۆری لەسەر گۆترا کە چۆن
داعشییەکان، ڕۆژانە، تەجاوزی شەڕافەتیی میللەتی کوردستانێیان دەکرد.
لێ بە لێ، هەر لەگەڵ ڕوودانی ئەو کارەساتە، بە گۆتەی شەنگالیان (و خودی
قاسم شەشۆ، بەرپرسێکی پدك لە شەنگالێ)، گەریلاکانی یەپەگە، تەنیا هێز بوون کە داکۆکیان
لە شەنگالێ کرد. ئەو هێزە سەدان ئێزیدیی ڕزگار و لە مەرگی حەتمیی دوور کرەوە.
پاشان، هێزەکانی هەپەگە و هێزگەلێکی رۆژەڵاتی کوردستانێش لەبەرامبەر داعش، لە
شەنگالێ و ناوچەکانی دیکەی کوردستانێ سەنگەریان گرت، و تێکڕای ئەو هێزانەی
کوردستانێ دەیان شەهیدیان لە پێناو پاراستنی شەنگالێ و کەرکووکێ و ناوچەکانی تر
دا.
داعش بەو سەرکەوتنە مەزنەی بەدەستی هێنا بوو لەبەرامبەر سوپای ئێڕاقێ لە
موسڵێ، و هێزەکانی پێشمەرگە لە شەنگالێ، هەڕەشەی داگیرکردنی هەولێرێشی کرد. لێ، کە
هەڕەشەی داگیر کردنی هەولێرێ کرا ــــ سەرۆکی پارتی، بێدرەنگ پێوەندی بە جۆ بایدن،
جێگری سەرۆکی ئەمریکایێ کرد، و پێی ڕاگەیاند کە دۆخەکە زۆر مەترسییدارە ـــ ئەگەر ئەمریکا بە هانەیان
نەچێ، مەترسی هەیە کە هەولێریش لەلایەن داعش داگیر بکرێ. لەپاش ئەو پێوەندییە،
ئەمریکا بڕیاری دا بەهانای کوردان بچێ.
ئەنجا، لە ٥ ی ئۆگێستێ، کۆپتەرێکی عەسکەریی ئێراقێ، و لە ٧ی ئۆگێستێ هێزی
هەوایی ئەمریکایێ، ئاو و خواردنیان بۆ خەڵکەکەی سەر چیا بەرداوە. لە ٧ی ئۆگێستێ،
پرێزدنت ئۆباما لەگەڵ ڕاوێژیارانی ئاساییشی نیشتیمانیی کۆبۆوە. لە ٨ی ئۆگێستێ هێزی
هەوایی ئەمریکایێ بۆ ڕێگریی کردنی لە زێدە بوونی قەتلوعامی ئێزیدییەکان کە
ژمارەیان زێتر لە ٤٠٠٠ کەس بوو، ولەسەر چیای شەنگالێ لەلایەن داعشییەکان گەمارۆ
درابوون، هێرشیان کردە سەر پێگە و کاروانگەلی داعشییەکان، و لە زەویش هێزەکانی
یەپەگە توانیان ئێزیدییەکانی سەر چیا بپارێزن. لە ١٠ی ئۆگێستێ، ئینگلستانیش هەمان
هاریکاریی مرۆیی گەیاندە سەرچیای شەنگالێ. فەڕەنساش، بەڵێنی دا کە یارمەتیی
بگەینیتە سەر چیای شەنگالێ. لە ١٢ی ئۆگێستێ، کۆپتەرێکی عەسکەریی ئێراقێ کە ژانڕاڵ
مەجید عەبدولسەلام ئاشورهەڵیدەفراند، لە ئانی گەیاندنی هاریکاریی بە ئێزیدییەکانی
سەر چیای شەنگالێ، سقووتی کرد، و ژانڕاڵ مەجیدی پایڵەت شەهید بوو. لە ١٣ ی
ئۆگێستێ، تەیارەگەلێکی هەڤپەیمانان، شازدە جار فڕینە سەر چیای شەنگالێ. تەیارەکانی
ئەمریکایێ لە جۆرەکانی سی ــ ١٧ئێس، و سی ــ ١٣٠ ئێچ ئێس، و هی ئۆستڕالیی لە جۆری
سی ـــ ١٣٠ جەی، و هی ئینگلستانێ لە جۆری سی ـــ ١٣٠ جەی، خواردن، ئاو، و شمەکی خەو...و...گەیاندە
سەر چیای شەنگالێ.
دوای دوور کردنەوەی مەترسی لە دەوروبەری چیای شەنگالێ و ڕاگرتنی قەتلوعامی
ئێزدییان، دەست کرا بە ڕاوەگواستنی ئێزیدییەکانی سەرچیا بۆ ناوچەکانی دیکە
کوردستانێ لەناو سنووری کەی ئاڕ گی. سەدانی دیکەش لە ئێزییدیەکان هەر زوو لەلایەن
گەریلاکانی یەپەگە گەیاندرابوونە دیوی بندەستی سووریایێ و لەوێ ئۆردیگەیان لەبۆ
درووست کرا بوو. سەدان هێندەی تریش ڕوویان کرد بووە باکووری کوردستانێ و هەتا
ئێستاکانێش لەوێندەرێنە.
ئەوانەی کە لە دەست داعشییەکان ڕزگار کرا بوون، لەناو سەخت ترین ئازاری سایکۆلۆژیی
دەژیان ـــ بەوەی ئێك خانەوادەی ئێزیدیی نەبوو کە ئەندامێك/ئەندامگەلێك، خزم/خزمگەلێکی
نەکەوتبێتە دەست داعش، بەتایبەتیی کچانی بێگوناهی ئێزیدییان کە لە باژێڕەکانی
موسلێ و شوێنەکانی دیکەی بندەستی داعش لە چاشنی "کۆیلەی سێکس" دەفرۆشران
و ژەمارەیێك لەو کچانە لەلایەن جانەوەرەکانی پاشماوەی سەدەی حەفتی عارەبان،
تەجاوزی بەکۆمەڵیان پێکرا (کۆمەڵێ داعش لە ئێك کات پێکەوە تەجاوزیان پێ دەکردن).
ئەو ئیهانەتە سەختە کە بەجۆرێکی ئاوهایی لە دژی میللەتی کوردستانێ ئەنجام درا،
ئێکەم دەستدرێژیی بوو بۆ سەر شەرافەتی گەلی کوردستانێ لە دوای ئەوەی ئاڵا ڕەش
هەڵگرە مێشك ڕەشەکانی سەدەی حەفت کە کوردستانیان داگیر کرد، و ژنگەل و کچگەلی
کوردیان برد و لە بازەڕەکانی پیسی خۆیان، وەکو کاڵا بۆ هەوەسڕانی
حەیوانسیفەتەکانیان، مامڵەیان پێ دەکردن. داعش ئەو مێژووە ڕەشەی لە سەدەی بیست و
ئێك، جارەکی دیکە نووسیەوە.
ئەو دۆخە دژوار و پڕ سوکایەتیی کردن بە کەڕامەتی نەتەوە و نیشتیمانێ، هەتا
ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٣ی نۆڤێمبەری ٢٠١٥، درێژەی هەبوو. یەنی نێزیکەی ساڵێك و سێ مانگ دوای داگیرکردنی
شەنگالێ ـــ ئەو چەل، بە پشتیوانیی هێزی هەوایی و پلانی ستراتیژیی ئەمریکایێ،
بەشداریی کردنی هێزگەلێکی زۆری پێشمەرگە کە ژمارەیان ٧٥٠٠ کەس دەبوو، هێزیكی ١٥٠٠
گەریلایی هەپەگە و یەپەگە، و خەلكی بەرخۆدای شەنگالێ، هێرش کرایە سەر شەنگالێ و
ئەو شارە ئاژدادییە کوردستانییە ڕزگار کرا.
پڕۆسەی ڕزگار کردنی شەنگالێ
پڕۆسەی ڕزگار کردنی شەنگالێ، ئۆپەڕاسیۆنەکی کورتخایەن بوو. وێدەچێ، کە پلانەکە
موکمتر و کارێگەتر بوو لەوەی کە هێزەکانی داعش لە ناو شەنگالێ بتانن بەرگریی بکەن ـــ
شەنگال ڕزگار کرا. بە ڕزگار کردنی شەنگالێ هەڵێکی دیرۆکیی درووست بوو کە وەکی خاڵی
وەرچەرخانی مێژوویی بۆ بانگڕاهێشتنی "ئێکیەتیی نیشتیمانیی" بەکار بهێنرێ،
و بەرەی بەرخۆدانی نەتەوایەتیی هێزمەند بکرێ. ڵی مخابن، ئەو سەکەوتنە (کە لەپاش
شکستەکی شەرماوەر وەدەست هاتبوو)، ئەو جارەش، تێکەڵ بە مەرامنامەی حیزبایەتیی کرا.
هەر لەگەڵ پاکسازیی کردنی شەنگالێ لە چەتەکانی داعش، سەرۆکی پارتی لەسەر
چیای شەنگالێ بۆ میدیای جیهانێ (وعارەبیش لەگەڵ) قسەی کرد. لەو پرێس کۆنفڕانسە
ــــ لکی میدیای کوردیی، تەنێ کاناڵەکانی سەر بە پارتی بوون. لەوێ، سەرۆکی پارتی
سوپاسی ئەمریکایێ و هەڤپەیمانانی کرد بۆ پشتیوانی کارێگەرانەی وان بۆ ڕزگار کردنی
شەنگالێ. هەروەها سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگەشی کرد. دواتر، لە وەڵامی پرسیارێك
لەمەڕ بەشداری کردنی هێزەکانی دیکەی کوردستانێ لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی
شەنگالێ، سەرۆکی پدك، گۆتی "پێشمەرگەی شەنگال ڕزگار کر، وە چ هێزێ دی چ دەور
نەبیە..."
ئەو پرێس کۆنفرانسە، هەڵێکی لەبار بوو کە سەرۆکی پارتی بەکاری بهێنابا، و
وەکی سەرۆکی میللەتی کوردستانێ ڕەفتاری کردبا ــــ بەوەی کە سوپاسی هەر کەسێکی
کردبا کە لە هەر ڕووێك (لە شارەکانی
کوردستانێ، یان لە هەر شوێنێكی دیکە) یارمەتی ئێزیدییەکانی دابوو. سەرۆکی پارتی کە
دوعای خێری بۆ گیانی پێشمەرگەکانی شەهید وەبووی ئۆپەڕاسیۆنی ئازاد کردنی شەنگالێ خوێند، شانازمەند دەبوو ئەگەر دوعای خێری بۆ شەهیدانی هەپەگە و یەپەگە و خەڵکی
خۆبەخشی شەنگالێش خوێندبا (بۆ ئەو بیانیانەی کوردیان نەدەناسی، وەلێ دوعایان بۆ
شەنگالێ خوێند، دوعای خوێندبا). بەهەندێ کەسێتی وی، وەکی سەرۆکی مەملەکەت زێتر دەچووە
سەرێ. لێ مخابن، وەك چەند هەلێکی دیکە لە ڕابردی لەبۆ وی هاتبوونە پێش کە وەکی
سەرۆکی نەتەوە ڕەفتار بکا، ئەوجارەش، وەکی سەرۆکی پارتی ڕەفتاری کرد (لەو هەلانە، دەکرێ
ئاماژە بەو بکرێ ــــ لە دوای ئەوەی سەرۆکی پدك بووە سەرۆکی کوردستانێ، سەرۆکەکانی
ئەمریکایێ و وڵاتانی دیکەی ئۆڕوپایێ لە کاتێك کە ئەویان داوەتی وڵاتەکانی خۆیان
دەکرد ــــ وەکی سەرۆکی مەملەکەتێك، بە فەرمیی پێشوازیان لێ دەکرد، و پێیان دەگوت
"جەنابی سەرۆك." ئەوە تایتلە لە فەرهەنگی دیپلۆماسیی کوردیی شتێکی نوێ
بوو (و بە جۆرێکیش چاوەڕوان نەکراو بوو) کە سیاسەتی جیهانێ وەهای لێ بێ، سەرۆکی
پارتی، کە تا پێش ڕاپەڕین، ئەگەر داوای دیتنی بەرپرسێکی ئەمریکایێ یان ئۆڕوپایێی
کردبا (ئەگەر لەلایەن وڵاتەکە قەبوول کرابا) ئەوکات، کارمەندێکی پلە ٢ یان پلە ٣ ی
سەفارەت/وەزارەتی دەرێی ئەو وڵاتە، لە کافەتریایێك یان لە جێگەیێکی لەوجۆرە،
دیداریان لەگەڵ دەکرد. ئەو گۆڕانکارییە بۆ گەلی کوردستانێ و بۆ سەرۆکی پارتی،
وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە زەوینەی دیپلۆماسیی کوردیی ــــ سەرکەوتنێکی گەلەك مەزن
بوو. بە تایبەتیی بە بەرچاوی داگیرکەرانی کوردستانێ، لەوانە تورکیای دوژمنکار وداگیرکەر
کە تا (ئەو کات، بە خودی سەرۆکی پارتی دەگۆت 'سەرۆك هۆز').
لەگەڵ ئەو دەستکەوتە مەزنە لە بواری دیپلۆماسیی لە وڵاتانی ڕۆژاوایێ،
سەرۆکی پدك، لەناو کوردستانێ، ئەگەرچی لە پارلەمانێ، سوێندی
یاد کرد کە وەکی پرێزدنتی مەملەکەت سیاسەت بکا، لێ هەمیشە وەکی سەرۆکی حیزب
ڕەفتاری کردیە. تەنانەت لە ١٣مین کۆنفڕانسی حیزبەکەی خۆی (بێ ئەوەی پێویستی بە
گۆتەیەکی ئاوهایی هەبووبێ) فەرمووی، "ئێمە وەك عەشیرەت ١٠٠٠ پیاوین."
لێرەکانێ، ئێکەك لەبۆی هەیە پرسیار بکا، داخوا ئەو مرۆڤە، سەرۆکی پارتی، سەرۆك
هۆز، یان سەرۆکی نەتەوەیێکێ مەزلووم، بەشکراو، و بەشخوراوە؟
ئەوە کەسەرێکی گەورەیە، لە وەختێك کە وڵاتانی زلهێزی جیهانێ وەکی سەرۆکی میللەتێك بەخێرهاتنی
دەکەن، وەلێ جەنابی ئەو پێشمەرگە خاوەن خەباتە درێژە، خۆی وەکی سەرۆکی عەشیرەت و سەرۆك
حیزب نیشان دەدا. ئەوە کێمهێنانە بۆ کەسێك کە دەیەوێ ببێتە سەرۆکێکی نەتەوایەتیی.
ئەوە کێمهێنانە بۆ کەسێك کە لەبەرامبەر قەدرانی سەرۆکانی ڕۆژاوایێ، خۆی بخاتە
ئاستی گۆتەکانی کابرایێکی وەکی ڕەجەب تەیب (وەك ئاماژەی پێکرا)، بۆ ئەوەی لە
هەیبەتی گەلی کوردستانێ کێم بکا، ڕەجەب بەو مرۆڤەی دەگۆت، "سەرۆك عەشیرەت."
بەهەرحاڵ، لەبەرامبەر نکۆڵی کردن لە ڕۆڵی هێزەکانی دیکەی بەشەکانی تری
کوردستانێ، ڕاگەیاندنەکانی جیهانێ کە لە نێزیك هەواڵی ڕووداوەکانیان دەگواستەوە،
لەوانە، یوڕۆنیوز (لکی عارەبیی)، ڕۆژنامەکانی گاردیەن و ئیندیپێندنتی ئینگلستانێ،
بی بی سی، سی ئێن ئێن، واشینگتۆن پۆست، نیویۆڕك تایمز، و ڕۆیتەرز ــــ لەگەڵ جەخت
کردن لە هێزگەلی قەبەی پێشمەرگە، بە وێنە یان ڤیدیۆ، وجوودی هێزەکانی هەپەگە و
یەپەگەشیان پشتڕاست دەکرد، و گوفتاریان لە ڕۆڵی وان لە ئۆپەراسیونی ڕزگاریی
شەنگالێ دەکرد. لە تەنیشت ئەوانەش، کانالی ڕووداوی سەر بە پارتی بۆ ماوەی زێتر لە
١٥ خولەك، لەناو شەنگالێ لە دیمانەیێکی خۆی کە لەگەڵ عەگید، فەرماندەیێکی هێزەکانی
هەپەگە ئەنجامی دابوو، بەشداری کردنی گەریلاکانی هەپەگەی تەسبیت کرد.
دیــمــاهــیــك
گریمان ئەوانەی میدیای جیهانێ ڕاپۆرتیان کرد، هیچیان درووست نەبوون.
هێزەکانی هەپەگە و یەپەگەش بەشدار نەبوون، و تەنێ هێزگەلی پێشمەرگە شەنگالێی ئازاد
کرد. ئەوساش، سەرۆکی پارتی گەورەیی خۆی دەگەیاند، ئەگەر بە پەیڤێكیش سوپاسی هێیزەکانی
دیکەی کوردستانێ و دوعای خێری بۆ شەهیدەکانی وانیش خوێند با. چونکە، هەر لە ڕۆژی
داگیرکردنی شەنگالێ لەلایەن داعش، ئەو لایەنانەی کوردستانێ داکۆکییان لە شەنگالێ،
و پارێزگارییان لە کەڕامەتی گەلی کوردستانێ کردیە. ئەگەر سەرۆکی پارتی نیازپاکیێکی
ئاوهایی لەخۆی نیشان دابا، بە هەندێ، ئەوەندە بەرز دەبۆوە کە میللەتی کوردستانێ
لەهەر چار بەشی نیشتیمانێ لەئاستی هەمان "جەنابی سەرۆك" ئەویان دیتبا.
لەوەش وێوەتر، ئەگەر لەو ڕەهەندە ئیدارەی سەرکەوتنەکەی شەنگالێی کردبا، سەرۆکی
پارتی، لەبۆ هێور کردنەوەی ئەو دۆخە دژوارەی کوردستانێ زەوینەسازیی دەکرد ـــ
کارێك کە ئەوڕۆ یان سبەی دەبێ بیکا. چونکە، پاراستنی ئەو سەرکەتنە پێویستی بە
هیمەتبڵندیی و بەشداریی گەل و لایەنەکانی دیکەی سیاسیی کوردستانێ هەیە. شەنگال
شارەوانییەکی کوردستانێیە و نەتەوەی کوردستانێ لەبەشی بندەستی ئێراقێ و بەشەکانی
دیکەش، لەبەرامبەر شەنگالێ، ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتیمانییان لە گەردەنە.
لەبەرهەندێ، گەرەك بوو کە سەرۆکی پارتی وەکی سەرۆکی کوردستانێ ڕەفتاری کردبا.
ئەگەر دەیەوێ وەکی سەرۆکی هەرێم ڕێزی لێ بگیرێ، ناکرێ چیدی ئەو سەرۆکە وەکی
سەرۆکی پارتی گوفتار بڵێ و ڕەفتار بکا. سەرۆکایەتییش تەنێ ئەوە نیە کە سەرۆکی
پارتی لە تیلەڤیزیۆن دەرکەوێ، و پێشوازی لە فلان سەرۆك، ئەمیر، یان وەزیر بکا.
سەرۆکی کوردستانێ دەبێ لە قەسری سەرۆکایەتیی بێتە دەرێ و بە دەردی میللەت ڕابگا.
گەندەڵی کێم بکا. دەستور بخاتە ڕێفڕاندۆم کە میللەت بڕیاری لەسەر بدا. وڵاتێکی
قانوونیی و جڤاکەکی سیڤیل درووست بکا. کوردستان، ئەوڕۆ پێویستی بەو جۆرە سەرۆکە
هەیە ــــ نەك سەرۆکێك کە لە ڕابردی بژی و ڕابردووی خۆی بە فەزلفرۆشیی بەچاوی
میللەت دابدا ــــ وەك پێشتر، سەرۆکی پارتی، لە تیلەڤیزیۆن گۆتی، "پارتی حەقی
لەسەر میللەت هەیە." لێرەکانی، ڕەوایە پرسیار بکرێ، ئەو نەتەوەی هەر لە
سەردەمی ئیمپڕاتۆرێتیی میدیا کە پتر لە ٢٨٥٠ ساڵ مێژووی هەیە، و لە بەرامبەر ئەو
ستەمگەل و بندەستییەش، لەخۆبوردووانە، تەسکەرە و کەڕامەتی خۆی پاراستییە، پارتی
بەتەمەنی ٦٩ ساڵیی، دەکرێ چ حەقێکی بەسەر میللەت هەبێ، جگەل لەوەی بنەماڵەی
دەسەڵاتدار و ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی،
لەسەر حسێبی ئەو میللەتە، هەموو بوونە بلیۆنێر یان ملیۆنێر؟!
ئەوڕۆ، لە ئەنجامی ئەو کارگەلە تێرۆریستییەی داعش لە پاریسێ کە لە ١٣ی
نۆڤێمبەرێ کردیە سەر خەڵکی سیڤیل ـــ ئەو کارەساتە، کالکەڵۆسی سیاسەتی فەڕەنسا، و
وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایێی لە بەرامبەر داعش گۆڕی. وێدەچی، ئەوجارە وڵاتانی ڕۆژاوایێ
بە جۆرێکی جیدیی تر بەرەنگاری داعش ببنەوە. چونکە، حساباتی ئەمریکایێ و وڵاتانی
تری ڕۆژاوایێ لەمەڕ داعش درووست دەرنەهات بەوەی کە بتانن ئەو داعشییانە لە
ناوچەکانی ڕۆژەڵات کۆبکەن و هەر لەوێش بیانپارێزن. لەو ئێك ـــ دوو هەفتەی ڕابردی،
بە تەقاندنەوەی تەیارەکی نەفەرهەڵگری رووسیایێ و کوشتنی زێتر لە ٢٢٤ سەرنشین،
تەقاندنەوەی مزگەفتەکی شیعان لە لونبانێ و کوشتنی ٤٣ کەسی دوعاخوێن، و کوشتارەکەی پاریسێش کە ١٢٩
کوژراو، و ٣٥٢ برینداری لێکەوتەوە کە هەر هەموویان لەلایەن داعش خاوەنداریی کران.
ئەوانە هەموو، وەهایان کرد کە ئەمریکا و ولاتانی تری ئۆڕوپایێ، جارێکی دیکە بە
جیدی سیاسەتی خۆیان لەبارەی داعش موتالا بکەنەوە، و بڕیارێکی موکمتر بۆ شکستی داعش
بدەن. چونکە، ئەو داعشە، ئەوە نیە کە خۆیان لە ئەردەنێ ڕایان هێنان. ئەو داعشە
کێویی بووە، و لە دەستیان دەرچووە، و ئێستاکانێ ڕووی هەڕەشەکانی خۆی لەوان کردیە.
لەبەرهەندێ، ئەو گۆڕانکارییە لە سیاسەتی ڕۆژائاویێ لە بەرامبەر داعش، دەکرێ
بۆ ئایندەی کوردستانێ سوودی لێ وەربگیردرێ ـــ ئەویش بەجۆرێکی ئاوهایی کە ڕێبەرانە
(لە چاشنی ڕێبەرێکی نیشتیمانیی) کارگەلی پێویست بۆ ئێکیەتیی نەتەوایەتیی ئەنجام
بدرێ. ئەو کارگەلە دەبێ ئەنجام بدرێن. چونکە دۆخەکە وەها دەخوازێ. چونکە، لەو
دۆخەی کە ئێستاکانی کوردستان تێیدا قەراری گرتیە، نەك هەر سەردەمی حیزبایەتیی تەسك
بەسەر چووە، بەڵکو سەردەمی کوردایەتییش تێپەڕیە. ئەوڕۆ سەردەمی درووست کردنی
تەسکەرەی کوردستانێیە ــــ تەسکەرەیێك کە گەرەك بوو هەر لەدوای ڕاپەڕین بەرنامە
لەبۆ درووست کردنی داڕێژ رابا ــــ بە جۆرێك کە تەواوی هەڤوەلاتییان (کورد و غەیرە
کورد، موسڵمان و غەیرە موسڵمان)، هەموویان لەو مەملەکەتە لەبەرامبەر یاسا ئێکسان
بن.
دکتۆر کرمانج گوندیی، پڕۆفیسۆرە لە بەشی ڕێبەرایەتیی پەروەردە لە زانستگەی
تێنێسی ستیەیت لە ناشڤیل، تێنێسی، ئەمریکا.
No comments:
Post a Comment