Sunday, November 1, 2015




سـێـکـیـولاریـزم و ئـایــن

کرمانج گوندیی

بـەرایـی
تێرمی سێکیولاریزم (عـەلـمـانـیـیـەت)، بۆ ئێکەمجار، وەکی فەلسەفەیێکی مرۆیی، لە لایەن جۆرج جەیکەب هۆڵیئۆك، لە سالی ١٨٤٦، بەکار هێنرا. مەبەست لەو فەلسەفە، وەدۆزێنی ڕهەندێکی عەقلانیی بوو کە تێیدا هەر ئادیۆلۆژییەکی ئاسمانیی یان زەوینیی، لە کاتێك جیاوازیی تێڕامانیین و پڕاکتیز لە دیتنگەکانیان هەبێ، بتانن پەڕەلێلیی، کارەکانی خۆیان بکەن بەبێ ئەوەی هیچ ئێکەکیان ئەوی دیکە سەخڵەت بکا.

سێکیولاریزم، باوەڕ هەبوونە بە بنەماگەکانی دیموکراسیی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پشڤەبردن و خەمڵاندنی زیندەگی لەو ژیانەی ئێستاکانێ. ئەو فەلسەفە، هێزدار کردنی چەمك و مەکانیزمی فیکرییە، و دایەڵۆگ بە جێگەی خشوونەت، پانایی پێکەوە ژیان، گوزەری گشتیی، تەبایی، و خۆشەویستیی مرۆڤایەتیی ــــ لەبەرامبەر ڕێچکەی باریکی لە یەکتریی دابڕان، خۆپەرستیی، و دژایەتیی کردنی ئێکدی، هەڵدەبژێرێ. 

سێکیولاریزم، وەکی سیستەمی سیاسیی، هەموو ڕەهەندەکانی، لە مەودای مرۆڤایەتیی و پشێڤەبردنی ژیان تەواو نابی. چونکە، هەر سیستەمێکی سیاسیی سێکیولاریزمیی لە ڕێڕۆی دیموکرسیی هەنگاوەکانی ڕێك ناخا. سیستەمی سێکیولاریزم، بە هەمان شێوەی جێپەنجەی لەسەر سیتەمگەلێکی دیموکراتیك و مەردوومسالار هەیە، بە هەمان جۆریش، پەنجەمۆری لەسەر سیستەمگەلێکی تۆتالەتێریی و چەوسێنەر (وەکی سیستەمی نازیزمی هێتلەریی، ڕژێمەکانی چەوسێنەری کۆمۆنیستیی، سیستەمی فاشیزمی بەعسیی، پۆلپۆتی کەمۆبدیایێ..و...و...) هەیە.  لەبەرهەندێ، سیستەمی سێکیولاریزم بە تەنێ بەس نیە، ئەگەر ئەو سیستەمە سیاسیە ئاوێتەی بنەماگەکانی بەهاکانی ئەخلاقیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئێکسانیی مرۆڤان نەبێ.

سـێـکـیـولاریـزم لـە دیـتـنـگـەی فـەلـسـەفـیـی
سێکیۆلاریزم بنەماگەی ئینستیوتەکانی دەوڵەت و ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیی ئەو ئینستیتیوتیانەی حکومەتیی دەکەن لە پڕینسیپەکانی ئینستیتیوتەکانی ئاینیی و بیچمەکانی ئاینییە جودا دەکا. ئێکەك لە تایبەتمەندێتییەکانی سێکیولاریزم ئەوەیە کە جەخت لەسەر پاراستنی ئازادییەکانی مرۆڤان لە بەرامبەر یاساکان و تێکستەکانی ئاینیی دەکا. بەهەمان شێوەش، هانی ئەو سیاسەتەش دەدا کە حكومەتیش گەرەکە هەول نەدا مەرامنامە و پڕاکتیسەکانی خۆی بەسەر میللەت بسەپێنێ، بە تایبەتیی لەو شوێنانەی کە پێوەندییان بە باوەڕگەلی ئاینیی هەیە. بە گۆتەکی دیکە، نە ئایینمەندان لەبۆیان هەیە باوەڕگەلی ئاینیی خۆیان، نە سیاسەتمەندان لەبۆیان هەیە باوەڕی تایبەت بەخۆیان بەسەر لایەکەی تر بسەپێنن. تایبەتمەندێتییەکی تری سێکیولاریزم ئەوەیە کە تێڕامانین لەمەڕ کاروچالاکیی، و بڕیارەکانی سیاسیی، نابێ کارێگەرێتیی باوەڕی پڕاکتیسی ئاینییان بکەوێتە سەر.    

سێکیولاریزم، مینا ئەو مەکتەبە فەلسەفییەی کە چێتر و جوانتر کردنی مرۆڤایەتیی مەرامنامەی سەرەکییتی، تەواوی سیماکانی ژیانی مرۆڤ و پاراستن و پێشڤەبردنی بەهاکانی مرۆڤایەتیی لەنەزەر دەگرێ ـــ بۆئەوەی مرۆڤگەل لە فەرهەنگگەلێکی جیاواز و شوێنگەلی جودای دنێ، بتانن سوود لە خەسڵەتی پۆزەتیڤی ئێکدی وەرگرن و جوانیی لایەنەکانی فەرهەنگی ئێکدی ببین، و پێکەوە مەودای "مرۆڤایەتیی نێوکۆیی" بەرفرەتر بکەن.

سێکیولاریزم دژی ئاین نیە. لە سادەترین فۆرمی خۆی، سێکیولاریزم دەکرێ وەها تاریفی لەبۆ بکرێ کە سیستەمێکی سیاسیی ـــ قانوونییە. ئەو سیستەمە، دین لە دەوڵەت جودا دەکا بە جۆرێك کە هەر ئێکەك لەو لایەنانە رێز بۆ لایەنی بەرامبەر دادەنێ. هەر لایەنێك، ئێكەکیان کاری کۆمەڵایەتیی، ئەوی دیکەیان کاری سیاسیی ـــ پێڕگەیی (ئیداریی) دەکا. سێکیولاریزم، ئازادیی ئەوە بۆ خەڵك دەستەبەر دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵ نەکەونە ژێر گوشاری سەپاندن و تێکستەکانی فێرکردنی دین، ئەگەر ئەو خەڵکە مەیلی بە ئەنجامدانی ئەو کارە نەبێ. یەنی بەبێ مەیلی وان، ناکرێ هیچ مەرامنامەکی فیکریی بەسەریان بسەپێندرێ. بەهەمان شێوە، ئاییندارییش ئازاد دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵ بە مەیلی خۆیان، وەك بەشێك لە ژیانی تایبەتیی هەر تاکێك ــــ چۆنی بوێ، ئەوها پێڕەوی هەر ئایینێك بکا. وەك هێمای پێکرا، سێکیولاریزم دژی ئاین نیە، بەڵام لە بەرامبەر ئاین سەربەخۆیە. لە بەینی سێکیولاریزم و ئاینیزم دیوار نیە، بەڵکو نێوان هەیە. نێوانەکەش مەودایێکی تەندرووستە کە تێیدا هەر ئێکەکیان زەوینە بەوی دیکە دەدا کارەکانی خۆی ئازادانە ئەنجام بدا.

سێکیولاریزم، ئەگەرچی دەکرێ وەك هەنگاوێك بەرەوە مۆدێڕنێتیی و دامەزراندنی ئینستیتیوتگەلێکی دیموکراتیك بەکار بهێنرێ کە تێیدا عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، و ئابووریی لە ژیانی خەڵك ڕەنگ بداتەوە. لێ بە لێ، سێکیۆلاریزم وەکی پێویست، مانای ئەوە نیە کە هەر سیسیتەمێکی سێکیولار دیموکراتیك بێ!

لەوەش وێوەتر، لە ڕەهەندی جڤاکناسیی (سۆسیالۆگیی)، هەر لە دەمی ماکس وێبەر کە سەرقالی گرفتەکانی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگەکانی سێکیولاریزم بوو، لە دیتنگەی مێژوویی و فەلسەفیی، دیراسەی سێکیولاریزاسیۆن لە شێوەی پرۆسێسی سۆسیالۆگیی، یان مێژوویی ئەنجام درایە. لەو نێوانە، جڤاکگەلێك، بە جێگەی کار و چالاکیی بزاڤگەلێکی کۆمەڵایەتیی کە لە ڕەهەندی کۆمەلایەتیی، بە جۆرێکی بەردەوام، پڕۆسێسی سێکیولاریی پەی کردووە،  ئەو پڕۆسێسە بە سێکیولاریزاسیۆن ناسرایە.  

ئـەخـلاقـی سـێـکـیـولاریـی
لە ساڵی ١٨٤٦، بۆ جاری ئێکەم، وەك لە بەرایی هێمای پێکرا، نووسەری نێوداری ئینگلستانێ، جۆرج جەیکەب هۆڵیئۆك، تێرمی "سێکیولاریزم" وەکی ئایدیای "هزری ئازاد" باس کرد ــــ هزرێك کە بۆ پاراستنی "چارچێوەی مەعریفیی و نەزمی کۆمەڵایەتیی" بەکار بهێنرێ. دواتر، لە ئارتیکڵەکەی خۆی، "ئەخلاقیی سێکیولار"، کە لە ساڵی ١٨٩٦، بڵاوی کردەوە، هۆڵیئۆك بەو جۆرە تاریفی سێکیولاریزمی کرد:

سێکیولاریزم سیمای ئەو کارانەیە کە پێوەندییان تەنێ بە ژیانی ئێستاکانێ (هی ئەو دونیایە) هەیە کە لەسەر بونیادی پاراستنی مرۆڤایەتیەکی تەواو عەیار دامەزراوە، و پشتیوانیی لەو لایەنە هزریە دەکا کە چەمکی ثیولۆژیی بە ئایدیایێكی وەها دەبینێ، وەك ئەوەی، لەمەڕ ژیان و کارەکانی دونیایی نەتەواو، بێ قەوارە، و بێ دیدی ئاییندە بێ. سێکیولاریزم، سێ بنەمای سەرەکیی هەیە...

١) لە ڕێگەی کەرستەکانی ماتریالیی، ئەم ژیانەی ئێستا پێشڤە ببرێ،

٢) زانست وەکی حیکمەت و دیتنگەی پێشبینیی کردن بۆ ئاییندە و ڕووداوەکان، لەبەر دەستی مرۆڤانە کە سوودەی لێ وەرگرن،

٣) ئەو هزرە چاك و بەجێیە کە تەنێ چاکە بکا. باشیی ژیانی ئێستا (ئەو دونیایە) باش و پێویستە، و هەمیشە چاك ئەوەیە کە چاکەی لێوە بەرهەم بهێنرێ، و کارگەلی چاك بکرێن.

سێکیولاریزم، ناڵێ کە ڕۆناکیی و ڕێنوێنیی لەناو جێگە و تێکستی دیکە نیە، بەڵام دەڵێ کە ڕۆشنیی و ڕێنوێنیی لە سێکیولاریزمی هەقیقیی/مەردوومسالار زێتر لە ژیان و ڕەهەندی مرۆڤایەتیی دەکەوێتە بەرچاو ـــــ سێکیولاریزمێك کە حاڵەتگەل و تخووبگەلی خۆی ئازاد و سەربەخۆ، لەبەرامبەر ئاینگەرایی، دەپارێزێ. جا لەبەرئەوەی سێکیولاریزم تێکەڵی ئاین نیە، سێکیولاریزم دەتوانێ لە خزمەتی پێشڤەبردنی ئاین سوودی لێوەر بگیرێ، بەوەی کە ڕێگە نادا بێڕێزیی بەرامبەر بە هیچ ئاینێك بکرێ. هەر ئاینمەندێك لەبۆی هەیە ئایندارێتیی خۆی بکا ـــ تا ئەو شوێنەی کە باوەڕی خۆی نەسەپێنێتە سەر خەڵکی دیکە ــــ ئەو مرۆڤە ئازادە چۆن و چ ئایینێك پێڕەو دەکا. وەلێ، ئەگەر ئەو تخووبەی بەزاند، و ئایدیا و ئاینی خۆی بەسەر غەیرە ئایینمەندانی دیکە سەپاند، لەو حاڵەتە، پێشێلیی مافەکانی خەڵکی دیکە دەکا کە لەوێڕا گەرەکە هەڵوێستەی لەسەر بکرێ.

بێری کۆسمین، لە ئینستیتیوتی دیراسەکردنی سێکیولاریزم لەناو جڤاك و فەرهەنگ، سێکیولاریزمی مۆدێڕن دەکاتە دوو بەش: سێکیولاریزمی توند و سێکیولاریزمی نەرم. سێکیولاریزمی توند، وەها ڕەچاوی ئاین دەکا کە مەرامنامەی ئاینیی لە زهنیەتێکی بێبنەما و بە ئایدیاگەلێك (کە وێدەچێ لەگەڵ هەندێ لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتیی نەگونجێ) درووست دەکا ــــ لە حاڵەتێك، لە دیتنگەی سێکیولاریزمی نەرم، چونکە، وەدەستهێنانی هەقیقەتی ڕەها مومکین نیە ــــ هەقیقەتێك کە هەموو باوەڕی پێ بێنن، لەو ئانە، وەها ڕەچاوی واقیعەکە دەکا کە گەرەکە تەحەمولکردن ببێتە بنچینەی بەحس و دایەلۆگی زانستیی و ئاینیی بەبێ ئەوەی بەهاکانی هیچ باوەڕێك لەهی ئێکەك لەو لایەنانە بێنرخ بکرێ، یان بسڕێتەوە.   

وڵاتی سێکیولاریزم
 لە فەرهەنگی سیاسیی، سێکیولاریزم بزاڤێکی عەقلانییە کە دەوڵەت لە ئاین جودا دەکا. بە مانایێکی تر، تخووبەکانیان لە پێوەند لەگەڵ مافەکانی تاکەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، دەست نیشان دەکا. وێجا، لەو ڕەهەندە بایەخ بە ڕەکارخستنی یاساکانی سیڤیلیی و نەهێشتنی جیاوازیی لە نێو جڤاکی مرۆڤایەتیی دەدا. پێشڤەبردنەکانی کۆمەڵگە لە بنەماگەکانی تێکستەکانی ئاینیی جودا دەکا، و ئێکسانیی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەپارێزێ. هەروەها، بە زێدە کردنی دیموکراسیی، لە ژینگەی مرۆڤان بۆ پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤایەتیی، لە پێوەندی ئاینیی کەمینە لەبەرامبەر زۆرینە، زەوینەسازیی دەکا بۆ ئەوەی مافەکانی هیچ پێکهاتەیێك نەشێوێندرێ.

جیاوازیی ئاین لە دەوڵەت، ستراتیژێکی حەکیمانە و محتەمەلە کە دەکرێ لەلایەن دەوڵەتگەلی سێکیولاریزم بەکار بهێنرێ. تەواوی حکومەتەکان، لە دیموکراتیك ڕا بگرە تا دەگاتە دیکتاتۆریی ــــ هەردوکیان، گرفتی پێوەندی نێوان ئاین و دەوڵەتیان هەیە. هەر لەو ڕوانگە، ئەگەرچی هەر دوو بەشی سێکیولاریزم نایانهەوێ ئاین تێکەڵ بە کارگەلی دەوڵەتداریی بێ، وێدەچێ هەر حکومەتێکی سێکیولاریزم، بۆ مامڵە کردن لەگەل ئاین، یاسای تایبەت بەخۆی هەبێ کە ڕەنگە مەکانیزمەکە لەناو چارچێوەی هەر سیستەمێك (دیموکراتیك یان دیکتاتۆریی) لەگەڵ پێکهاتەی ئاینی جیاوازیی هەبێ. لە ڕەهەندی سێکیولاریزمی دیموکراتیك، لەڕێز دانان بۆ ئازادیی ئاینیی لەناو فەرهەنگی جڤاکیی دەست پێ دەکا ــــ تا دەگاتە سێکیولاریزمی توند کە تێیدا سەرکووتکردنی پێکهاتەکانی ئاینیی ئەنجام دەدرێ. وەلێ، سرووشتی کۆمەڵگەی سێکیولاریزمی دیموکراتیك، بە شێوەیێکی گشتیی دەکرێ ئەو تایبەتمەندێتییانەی تێدا ببینرێ:

١) کۆمەڵگە تەنێ پشتگیریی لە "ئێك" باوەڕ ناکا و هیچ باوەڕێکیش (ئاینیی یان سیاسیی) بەسەر "گشت" ناسەپێنێ.

٢) کۆمەڵگە فەرهەنگێکی تەحەمول کردنی هێزمەندی تێدا هەیە، و هەمیشە مەودا بۆ دەربڕین و بڕیاردانی خەلك فراوانتر دەکا کە خەلك لەمەڕ ژیانی خۆیان، دوور لە کارێگەرێتی سیاسەت و بڕیاری حکوومەت، ڕێکخەر و بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن.

٣) کۆمەڵگە ئێک ڕەنگ ــــ ئێك نەتەوە نیە، بەڵکو جڤاکەکی پلورالیستیی مرۆڤایەتییە

٤) لەوەختێك لە نێو هەر کۆمەڵگەیێك گەرەکە هەندێ ئارمانجی نێوکۆیی، و چارچێوەکی یاسایی گشتیی هەبێ، و پێکڕا لەسەر ئەو ئارمانجانە کۆك بن، وەلێ، ئەوە، نابێتە هۆی کێمکردنی ئازادییەکان و مافەکانی تاكەکانی کۆمەڵ. 

٥) گرفتەکان لە نێو کۆمەڵگەی سێکیولاریزم لە ڕەهەندی لەچاوگرتنی ڕاستییەکان، چارەیان بۆ وەدەدۆزرێ. لەو کۆمەڵگە سێکیولارییە، شتیك بەناوی "چەتری باوەڕی گشتی درووست ناکرێ،" بەڵکو یارمەتی هەڤوەلاتییان دەدرێ کە خۆیان ئارمانجەکانی خۆیان بەدست بێنن.

٦) بۆ هەمیشە هیچ بیچمگەلێکی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگە نامێنێتەوە، و ڕێگە بە هیچ ئایدیایێکیش (ئاینیی یان غەیرە ئاینیی) نادرێ کە پێچەوانەی خواستی میللەت بەسەر هەڤوەلاتییان بسەپێندرێ.

٧) ڕێزێکی زۆر (هی کۆمەڵایەتیی) بۆ تاکەکان و گرووپگەلی گچکە، لەناو کۆمەڵگە دادەنرێ.

٨) قانوونگەلیك بۆ دابینکردنی ئێکسانیی هەڤوەلاتییان دادەنرێن و کاریان پێ دەکرێ.

٩) هەر تاکیكی کۆمەڵ گەرەکە یارمەتی بدرێ بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی بناسێ بەکاریان بێنێ.

١٠) کار کردن بۆ لە بەین بردنی ئەو کۆسپانەی کە بوونەتە هۆکار بۆ درووستکردنی کلاسگەلی کۆمەڵایەتیی ـــ ئابووریی، و چینگەلێکی جیاواز کە دەبنە هۆکاری تێکدانی ئێکیەتیی جڤاکیی.

نـابـەرامـبـەریـیـەکـانی نـێـوان سـێـکـیـولاریـزم و ئـایــن
ئەونەتەباییەی لە نێوان ئاینمەندان و سێکیولاریستان دەبینرێ، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو جیاوازیی ڕیشەییەی کە لە دیتنگەی ئەو دوو مەکتەبە فیکرییە دەخوێندرێتەوە. ئێکەکیان سەودا لەگەڵ دونیای فیزیکیی دەکا، و ئەیدیکە مامڵە لەگەڵ عالەمی مێتافیزیکیی (مێتا یەنی سەرووی...) دەکا. وەلێ، هۆکاری دژوارتر ئەوەیە، لە کاتێك لە شوێنێك، نەتێگەیشتن لە نێوان دوو، یان زێتر لایەن لەمەڕ ئایدیایێك/بابەتێکی عەقلانیی درووست دەبێ، وێدەچێ کە  هۆکارگەلێك بۆ ئەو نەتەباییە هەبن ــــ لەوانە، نەبوونی زانیاریی/زانستیی پێویست لەبارەی بابەتەکە؛ نەبوونی فەرهەنگی تەحەمول کردن و پەسند نەکردنی هیچ ڕایەك کە لە دەرەوەی دیتنگەی ئەویدیکە بێ؛ نەبوونی پەروەردەیێکی تەندرووست و خۆسەپاندنی لایەنێك بەسەر لایەنەکانی دیکە بەوەی کە وەها نیشان دەدا چارەی تەواوی گرفتەکان لەلای ئەو لایەنە بێ.

ئەنجامەکانی دیراساتی ئاینیی وەها نیشان دەدەن کە دیموکراسییەکانی مۆدێڕن، بەشێوەیێکی گشتیی بە سێکیولاریزم ڕەچاو دەکرێن. ئەمەش، لە باوەڕە سەرچاوە دەگرێ کە تێیدا ئازادییەکان بە هەستی بەرپرسێتیی، لە چارچێوەی خزمەتگوزاریی مرۆڤایەتیی بپارێزن. لەهەمان کاتیش، بیچمەکانی دەسەڵاتی ئاینیی نەتوانن قودرەتی خۆیان لەبەرامبەر بڕیارەکانی سیاسیی بەکار بهێنن (وەك ئەوەی خومێنی لە ساڵی ١٩٧٩، لە دژی شای ئێرانێ کردی و دیکتاتۆریی فیرقەیی ئاینیی بەسەر گەلانی ئێرانێ سەپاند). سەرەتا کاربەدستانی ڕژێمی سێکیولاریزمی شای ئیعدام کرد، و دواتر کەوتە گیانی سێکیولاریستەکانی ئێرانێ و تەواوی بەهاکانی مرۆڤایەتیی ــــ کۆمەڵایەتیی لە دیتنگەی تەسکی مەزهەبی شیعەگەرا قەبلاند. بەو گۆڕانکارییە، ڕەهەندی پێشکەوتنەکانی جڤاکیی ـــ سیاسیی ئێرانێ، لەدەرێی سیاسەتی حکومەتیی فیرقەیی خومێنیی، کەوتنە بەر گومان و ڕەد کردنەوە.

خومێنی، بەو زهنیەتە تاریکەی کە بەسەر گەلانی ئێرانێی سەپاند، تەواوی ئازادییەکان و کەڕامەتی تاکەکانی ئێرانێی شێواند. هەر ئازادەیێکی ئەو مەملەکەتە کە دیدێكی غەیرە دیدی "باوەڕی شیعەگەرایی خۆمێنیزمی" هەبوو، بە "مفسد فی الارض" حوکم دران، و بەهەندێ زیانێکی گەورەی لە عەقلی ئازاد و فەرهەنگی پێکڤە ژیانی لەناو کۆمەڵگەی ئێرانێ دا.

لە بەرامبەر ئەو تارکیگیرییەی خۆمێنی، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەسەر ئێرانێی داهێنا، لە هیندوستانێ، ماهاراجا ڕانجیت سینغ، لە ئیمپڕاتۆریی سیخ، لە نیوەی ئێکەمی سەدەی نۆزدە، سەرکەوتانە قانوونی سێکیولاریی، لە پونجاب دامەزراند. ئەو قانوونە سیکیولاریزمە، ڕێگەی دا کە پێڕەوانی ڕەیسگەل و ئاینگەلی جودا ڕێزیان لێ بگیرێ و بەبێ جیاوازیی تەشریف ببەنە دەرباری وی. ماهاراجا نوێنەرانی سیخ، موسلمان، و هیندوسی هەبوو کە پێکەوە سەرپەرشتی کارگەلی دەرباریان دەکرد. ماهاراج، بەهەمان نیازپاکیی، بە جۆرێكی بەرفرە یارمەتی پەروەردەی کۆمەڵایەتیی، ئاینیی، هونەریی زمانگەل و ئاینگەلی جیاوازی دەدا بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ کەسانی خاوەن زمان و ئاینی جودا بکرێ. جا،  لەکاتێك لە وڵاتانی ڕۆژاوایێ و هیندوستانێ، باوەڕی تایبەت و بڕیاری ئاینیی لە دەرێی ڕەهەندی بڕیارەکانی سیاسیی قەرار دەگرن ــــ لە وڵاتگەلی ئیسلامیی، باوەڕەکانی ئاینیی، هەمیشە بەشێك بوونە لە ڕەهەندی بڕیارەکانی یاسایی و جڤاکیی.

وەك لەو ڕەهەندە مێژووییە دەردەکەوێ، پێشڤەچوونەکانی مرۆڤایەتیی و فەرهەنگی پێکڤە ژیان، لە ڕوانگەی ئاینگەلی جودا، هەڵچوون و داچوونێکی زۆری بەخۆوە دیتیە. لێ بە لێ، ئەوەی لە هیندوستانێ لە سەدەی نۆزدە ئەنجام درا، بووە هۆکاری ئەوەی کە هیندوستان لە جیهانی مۆدێرن بە گەورەترین دیموکراسیی جیهانێ بناسرێ و ئەوەی لە کۆتایی سەدەی بیستیش لە ئێرانێ ڕووی دا (کە هەتا ئێساتاکانێش بەردەوامە)، بووە هۆکاری ئەوەی کە ئێران، وەکی وڵاتێكی نەواقیع بین و سەرکوتکەر، لەسەدەی بیست و ئێك مەزەندەی لەبۆ بکرێ.

نەریتی تێکەڵکردنی ئاین و ئایدیولۆژیی تایبەت بە ژیانی خەڵك، بە شێوەیێكی بەرچاو لەناو جڤاکگەلێکی نەپێشکەفتی، لەناو فەرهەنگی حیزبگەلێکی موئەسەساتیی بە ڕۆشنیی دیارە. حیزبگەلی موئەسەساتیی، ئەو حیزبگەلەن کە نەخشەی ڕەهەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، سیماکانی دیموکراسیی، کۆمەڵایەتیی، و ئابووریی کۆنتڕۆڵ دەکەن، و هەموو شتێك بە پێوەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستنیشان دەکەن. ڕادیکالی ئایینیش، بەهەمان شێوە بۆ کۆنتڕۆل کردنی عەقلی مرۆڤ، بەردەوام کاری کردوە. هەمیشە خۆی بە خودێی فەرمانەکانی خودا لە رووی زەوی زانیوە ــــ بە جۆرێك هیچ ئایدیایێکی فەلسەفیی، یان کۆنسێپتێکی مرۆڤایەتیی لەدەرەوەی تێکستەکانی ئاینیی قەبوول نەکردووە. لەبەرهەندێ، هەر ئێکەك لەو پێکهاتانە کە ئاوهایی رەفتاری کردبێ، هەمیشە هۆکاری شێواندنی ئاسوودەیی ژیانی خەڵك بوونە. بە جۆرێك لە ژێر حوکمی سێکیولاریزمی توند، یان ڕادیکاڵی ئایینیی، خەڵك هەمیشە هەستی بە ئازاری ڕووحیی و بێبەش بوون لە مافەکانیان و فەقری ژیان کردووە.

دیـمـاهـیـك
بۆ ژیانێکی ئاسوودە و کەڕامەتمەند، دەکرێ فەلسەفەی سێکولاریزمی دیموکراتیك بکرێتە بنەمای دامەزراندنی پێگەکانی کۆمەڵگەیێکی تەندرووست کە تێیدا مافەکانی تاك و کۆ بە جۆرێکی ئێکسان بپارێزرێ. سیستەمێکی قانوونیی ـــ سیاسیی مەردوومسالار تێیدا بەرقەرار بکرێ کە لە چارچێوەی ئەو سیستەمە، هەر مرۆڤێکی ئەو جڤاکە ژیانێکێ بەختیاری هەبێ. بۆ ئەوەی جۆرە کۆمەڵگەیێکی هوشیار دابمەزرێ، پێویستە لەهەر کۆمەڵگەیێکی فرە ئاین/مەزەب، فرە قەوم، فەرهەنگی ئەو "فرە" بایەخی زێتری پێ بدرێ بۆ ئەوەی لە جوانیی ئاوێتە کردنی ئەو "فرە" فەرهەنگی مرۆڤایەتیی و نیشتیمانیی پێ دەڵەمەندتر بکرێ.

ژیان لە هەر جڤاکێك، پێویستی بە هۆشیاری مەعریفیی و دیدێکی واقیعبینانە هەیە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵ بە ئاسوودەیی تێڕامانینی خۆیان، بە ڕیز دانان بۆ جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵ بەیان بکەن. لە سەرووی ئەو جیاوازییانەش، جیاوزییەکانی ئایدیلۆژیی سیاسیی، یان ئاینیی/مەزەبییە کە دەکرێ لەژێر ڕۆشنایی فەرهەنگی سێکیولاریزمی دیموکراتیك تەواوی ئازادییەکانی تاكەکان لەناو کۆمەڵگە پێشڤە ببرێن. چونکە، بۆ هەر تاکێك کە ئاخافتن لە جیاوزایی ئاینیی یان فەلسەفەی هزریی دەکا گەرەکە ئەو هوشیارەییەی هەبێ کە ئەو جیاوازییە وەکی مەکانیزمی دەوڵەمەندکردنی هەگبەی فیکریی مرۆڤ، دەکرێ سوودی لێ وەربگیردرێ.

مێژووی مرۆڤایەتیی، بەردەوامێتیی خۆی وەها هێناوە، لەو شوێنانەی بەهاکانی کۆمەڵایەتیی ــــ سیاسیی ــــ مرۆڤایەتیی ڕێزیان لێ گیراوە (وەکی کۆمەڵگەی سێکیولاریزمی دیموکراتیك)، ئەو جڤاکانە، ئاسوودەیی و پێشکەوتنی فەرهەنگی مرۆڤایەتیی وپاراستنی کەڕامەتی مرۆڤانی تێدا زێتر پارێزراوە، و پێشکەفتیتر بووە. لەو جێگانەش، فەرهەنگی تەحەمول کردنی جیاوازییەکان، تێیان لاواز بووە (وەکی کۆمەڵگەی سیکیولاریزمی دیکتاتۆریی، یان حوکمدارێتیی ئاینیی)، لەو شوێنگەلە، بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتیی کراون/دەکرێنە سەدەقەی ئایدیولۆژیی حاکم، و تاك و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە هەست بە سووکایەتیی کردن بە کەڕامەتیان، مافەکانیان، و بوونیان وەکی مرۆڤگەل، دەکەن. 

لەبەرهەندێ، گەرەکە ئەو مێژووەی کە دارای داستانگەلێکی خوێناوییە لەمەر ئەو کارەساتانەی بەهۆی ڕادیکاڵی یاینیی، یان توندڕۆیی سیاسیی بەسەر مرۆڤایەتیی هاتوون، سوودیان لێ وەربگیردرێ بۆئەوەی چیدی مرۆڤان بە بەهانەی ئایدیاگەلی سیاسیی، یان ئاینیی نەچەوسێندرێنەوە.
                                                                         
دکتۆر کرمانج گوندیی، پڕۆفیسۆرە لە دیپارتمەنتی ڕێبەرایەتیی پەروەردە لە زانستگەی تێنێسی ستەیت.

-------------

ژێــدەرەکــان

Jones, Seth G. (2014). A Persistent Threat: The Evolution of al Qa’ida and Other Salafi Jihadists (PDF). Rand Corporation. p. 2. Retrieved 28 May 2015.

Moghadam, Assaf (2008). The Globalization of Martyrdom: Al Qaeda, Salafi Jihad, and the Diffusion of ... JHU Press. pp. 37–8. Retrieved 28 May 2015.

 Kramer, Martin. (2003). Coming to Terms: Fundamentalists or Islamists?. Middle East Quarterly X (2): 65–77. "French academics have put the term into academic circulation as 'jihadist-Salafism.' The qualifier of Salafism—an historical reference to the precursor of these movements—will inevitably be stripped away in popular usage."

El-Baghdadi, Iyad. (2013). Salafis, Jihadis, Takfiris: Demystifying Militant Islamism in Syria. 15 January 2013. Retrieved 10 March 2013.

Indonesia: Why Salafism and Terrorism Mostly Don't Mix. International Crisis Group. Retrieved 7 February 2015.

THE GLOBAL SALAFI JIHAD. The National Commission on Terrorist Attacks Upon the United States. July 9, 2003. Retrieved 1 June 2015.

Sageman, Marc (2013). "The Stagnation of Research on Terrorism". The Chronicle of Higher Education. "al Qaeda is no longer seen as an existential threat to the West ... the hysteria over a global conspiracy against the West has faded." April 30, 2013

 Six Points of Tabligh, the chapter on "Desired Manners of Eating and Drinking" includes 26 norms on the etiquette of eating and drinking. From: Globalized Islam: the Search for a New Ummah, by Olivier Roy, Columbia University Press, 2004.

The Princeton Encyclopedia of Islamic Political Thought, p 484

No comments:

Post a Comment