Sunday, June 30, 2013

نامەیێک بۆ پرێزدنت بەڕاك ئۆباما لەمەڕ سیاسەتی ئەمریکایێ لەگەڵ پارتی و یەکییەتیی
 
 
مەبەست لە نووسینی ئەو نامەیە بۆ پرێزدنت ئۆباما ئەوە نیە کە ڕۆڵی بالیۆزی کوردیی ببینم. پێشتریش نامەم بۆی نووسیوە. بەڵام، ئەمجارە لەبارەی سیاسەتی ئەمریکایێیە لەمەڕ پارتی دیموکراتیکی کوردستان (پدك) و یەکییەتیی نیشتیمانیی کوردستان (ینك). دەوڵەتی ئەمریکا هێشتا ئەو دوو حیزبە کوردییەی لەسەر لیستی ڕەشی ڕێکخراوەکانی تێرۆریستیی قەرار داوە. لەلایێک، ئەمریکا کۆنسولگەریی خۆی ڤەکریە لە کوردستانێ کە لەلایەن پدك و ینك ڕێڤە دەبرێ، و لەسەرای سپیی پێشوازیی لە ڕێبەرانی ئەو حیزبانە دەکا؛ لەلایێکی دیکە ئەوحیزبانەی خستۆتە ناو لیستی ڕێکخراوهایێکی تێرۆریستیی. ئەو سیاسەتەی ئەمریکایێ لەبارەی ئەو حیزبانەی سیاسیی کوردی ناعادڵانەیە،   و  بە   حەتمیش  سووکایەتیی  کردنە  بە  کەڕامەتی   نەتەوایەتیی  گەلی   کوردستانێ.
 
بەڕاك ئۆباما، پرێزدنت
ویلایەتەکانی یەکگرتووی ئەمریکایێ
سەرای سپی
١٦٠٠ شەقامی پێنسیلڤانیا نۆر‌‌ث وێست
واشینگتۆن، دی سی ٢٠٥٠٠
 
٢٣ ی ژوونی ٢٠١٣
 
شەرافـەتـمـەنـد پـرێـزدنـت ئـۆبـامـا:
 
جەنابی پرێزدنت، گەلی کوردستان بەشێکە لە جیهانەی کە تێیدا هەوڵت داوە بۆ ئەوەی ئازارەکانی مرۆڤ کێم بکەی؛ لێ، ئەوان لە ئێکەم جەنگی جیهانگیر بە دواوە ئازارێکی زۆریان بە دەستی ڕژێمەکانی دیکتاتۆر دیتیە کە لەلایەن سوپێرهێزەکانی هێزمەندی جیهانێ پشتگیرییان لێ دەکرا.
 
لە ماوەی نۆ دەهەی ڕابردوو، کوردان جۆرێك لە ژیانی "کۆیلەیی" لە ئێران، ئێراق، سوریا، و تورکیا ژیاون. لە نەتەوەیێک کە دووەم مەزنە ئیمراتۆرێتییان، ئیمپراتۆریی میدیا، لە مێژووی کەونار دامەزراند ــــ نەتەوەیێک کە تەواوی تایبەتمەندێتییەکانی نەتەوایەتیی وەکی خاک، فەرهەنگ، زمانی تایبەت، و مێژوو هەبوو ــــ بوونەتە کەمینە لەو وڵاتانە و لە هەنگینێوەش لە نێو سێبەری عارەبان، فارسان، و تورکان ژیاون. هەرکاتێک نەتەوەی کوردستان لە هەر پارچەکی کوردستانێ ڕووبەڕووی ئەو وڵات نەتەوانە بووبێتەوە بۆ وەدەستهێنانەوەی مافەکانی خودا پێداوی خۆیان، هێزەکانی ڕۆژاوایێ لەوێ بوونە بۆ یارمەتیی دانی دەوڵەتەکانی نێوەندیی کە نەهێڵن گەلی کوردستانێ مافەکانی نەتەوایەتیی خۆیان بەدەست بهێنن. لەو کاتەی کە بۆتە سوپێرهێزێکی جیهان، ئەمریکا بەتایبەت، پشتگیریی لە تورکیا و ئێرانێ (لەسەردەمی ڕژێمی شا) کردیە بۆ ئەوەی هۆویەت و مافەکانی کوردیی تێکبشکێنن.
 
 لەوەش وێوەتر، وێدەچێ کە تەنانەت لە پاش دەهەی ئێکەمی سەدەی بیست و ئێکیش ئەمریکا بەرنامەیێکی ڕۆشنی لەبۆ خەڵکی کوردستانێ نەبێ. بۆ نموونە، لە ماوەی هێرشی ئەمریکایێ بۆ سەر ئێراقێ لە ٢٠٠٣، بۆ رووخاندنی ڕژێمی چەوسێنەری سەددام حوسێن، هێزەکانی کوردیی سەر بە پارتی دیموکراتیکی کوردستانێ (پدك) بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانیی و یەکییەتیی نیشتمانیی کوردستانێ (ینک) بە ڕێبەرایەتیی جەلال تاڵەبانیی بوونە سەربازی پیادەی ئەمریکایێ و لابردنی سەددام حوسێنیان لە دەسەڵات هاسان کرد. لەوەش زێتر، لەپاش لابردنی سەددام حوسێن، مەسعوود بارزانیی ئێکەم کەس بوو لە ناو ڕێبەرەکانی ئێڕاقێ کە بانگی ئاشتببونەوەی نیشتمانیی لە ئێڕاقێ ڕا بێڵێ. کاتێك جەلال تاڵەبانیی بووە ئێکەم پرێزدنتی کوردیی لە ئێڕاقێ، و مەسعوود بارزانیی بووە پرێزدنتی کوردستانێ، هەرتك سەرۆکی کوردیی، بارزانیی لە هەولێرێ و تاڵەبانیی لە بەغدایێ ئەوەی لە توانایان دابوو ئەنجامیان دا بۆ ئەوەی یارمەتی ئەمریکایێ بدەن کە ئەمریکا لە ئێڕاقێ سەرکەوێ. هەردوو ڕێبەرانی کوردیی لە ئێڕاقێ دەنگی ناوبژیی و ئاشتکردنەوە بوون لە نێوان لایەنەکانی عارەبیی کە دژی یەکتریی بوون. کاتێک کە لە بەغـدایێ بوو، پێشی ئەوەی نەخۆش بکەوێ، جەلال تاڵەبانیی توانا بوو کە سەقامگیریی لە نێوان لایەنەکانی سیاسیی/مەزەبیی عارەبان بپارێزێ. نە زۆر پاش بزر بوونی وی لە سیاسەتی ئێڕاقێ، دۆخی سیاسیی و ئاساییشی ئێڕاقێ بۆ ئاستێك گەڕاوە دواوە کە باری ئاساییش جارەکی دیکە لە کۆنترۆل دەربچێ، و شەڕی مەزەبیی (فیرقەیی) لە پەرەسەندن دابێ.
 
 لەگەڵ هەندێش، بۆ نیشاندانی قەدرانی خۆی بۆ ئەو هاوکارییە بێگەردەی کە خەڵکی کوردستانێ و ڕیبەرایەتیی وان دایانە پاڵ کاری ئەمریکایێ لە ئێڕاقێ، دەوڵەتی ئەمریکایێ هێشتا ناوی ئەو دوو حیزبە سیاسیەی کوردیی، پدك و ینك، لە  ئاستی ٣ لە قانوونی کۆچەریی ئەمریکایێ هێشتۆتەوە ــــ ئاستێك کە ناوی ئەو ڕێکخراوانەی تێدا پارێزراوە کە لەلایەن ئەمریکایێ وەکی ڕێکخراوهایێکی تێرۆریستیی خراونەتە سەر لیستی ڕەش. ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ئاستی ٣ دا تۆمار کراون ئەو ڕێکخراوانەن کە خۆیان، یان گرووپهایێکی چووکەتری سەر بەوان تێکەڵی کارهایێکی تێرۆریستیی بوونە. بەڵام، ئەمە لەبارەی پدك و ینك هەرگیز هەقیقەتی نەبووە ـــــ تەنانەت لە دوای لێدانی هەڵەبجە بە چەکەکانی کیمیایی و ئۆپەڕاسیۆنەکانی ئەنفالیش لەلایەن هێزەکانی سەددام حوسسێن کە زۆرینەی بەشەکانی کورسدتانێیان وێران کرد، گەلی کوردستانێ و ڕێبەرایەتیی وان هەرگیز دەستیان لە کاری تێرۆریستیی نەدا. لەوەش وێوەتر، لەوەتای ئێڕاق ئازاد کرایە، ئەو حیزبانەی سیاسیی کوردیی ڕەکار خستنی هێزەکانی چەکداری خۆیان بەتەواویی ڕاگرتووە.
 
 جەنابی پرێزدنت، کە تەماشای سیاسەتی ئەمریکایێ بە گشتیی و ڕەفتاری دەوڵەتی تۆ بەتایبەتیی، لە مەڕ پدك و ینك دەکەی، ئێکەک بۆی هەیە پرسیار بکا، لە چ شوێنێکی جیهانێ وڵاتەکی دیموکراتیکی وەکی ئەمریکایێ توانیویەتی پێوەندیی و هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوهایێکی "تێرۆریستیی" هەبێ؟ چۆن لەو جیهانە دەوڵەتێکی دیموکراتیکی وەکو ئەمریکایێ دەتوانێ متمانەی نەک بە ئێک بەڵکو بە دوو ڕێکخراویی "تێرۆریستیی" هەبێ و لە نێزیکەوەش کاریان لەگەڵ بکا بۆ ئەوەی ئارمانجەکانی خۆی لە ولاتێکی هەرە دووری وەکی ئێڕاقێ بەدەست بێنێ؟ بۆچێ لەو جیهانە، سەرۆکانی ئەمریکایێ، ئەتۆش لەگەل جەنابی سەرۆك، ئەو دوو ڕێبەرە "تێرۆریستە" داوەتی سەرای سپی دەکەن و ڕوو لە هەر ئێکەکیان بە "جەنابی سەرۆک" ناویان دەهێنن؟  ئەگەر  بە  هەقیقەت   ئەوانە   تێرۆریستن،   چۆن   دەکرێ   کە کاربەدەستانی   باڵای   ئەمریکایێ   لەوانە   جێگری سەرۆك،   وەزیری دەرێ،   وەزیری بەرگریی  و  هیدیش   بچنە هەولێرێ  و بەغدایێ ، و  کۆبوونەوە   لەگەڵ   ئەو  دوو   ڕێبەرە  کوردە   ئەنجام   بدەن؟  ئەگەر بە ڕاستیی ئەوانە تێرۆریستن، چۆن ئەو ڕێبەرە کوردانە لە لایەن ڕێبەرانی جیهانێ وەکی "دەوڵەتمەند" پێشوازییان لێدەکرێ؟ بۆچی ئەمریکا کۆنسولگەریی خۆی لە کوردستانێ هەیە ـــ کوردستان جێگەیەکە کە لەلایەن پدك  و  ینك  ڕێڤە دەبرێ؟ ئەوانە پرسیارهایێکی ماقوول و ئەخلاقیین، و گەرەکە  دەوڵەتی ئەمریکایێ وەڵام بۆ هەر ئێکەك لەو پرسیارانە ئامادە بکا.
 
 لەگەڵ هەندێش، دەوڵەتی جەنابت تا ئەندازەیێك دانی بە هاوکاریی بۆ پدك و ینك ناوە بەوەی کە لە ژێر یاسای کۆچەریی و نەتەوایەتیی بەشی ٢١٢(د)(٣)(ب)(ئای) ئاسانکارییان بۆ بکرێ بۆ ئەوەی [لەکاتی پێویست] ڤیزا بە هەندێک لە ئەندامانی پدك و ینك پێبدرێ (کە وێدەچێ پتر بۆ ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە بێ)، ئەوە تەنێ ئەو مانایە دەگەینی کە ئەمریکا سیاسەتی خۆی نەرم کردیە بۆ مەبەستی ڕەدووکەوتنی بەرژەوەندییەکانی خۆی نەك بۆ دان نان بە هەقیقەتی ڕەوایێتیی پدك و ینك وەکی دوو پارتی سیاسیی و هاوکارانی ئەمریکایێ لە ئێڕاقێ. چونکە، هێشتا، ئەو  دوو حیزبە سیاسییە بە جۆرێکی ئۆفیشاڵ لەو ئاستە پارێزراون کە ڕێكخراوە تێرۆریستەکانی تێدا پارێزراوە؛ ئەو ڕەفتارەش، جەنابی سەرۆك لە باشترین حاڵەتی خۆی، دوو ڕوویی و ڕیاکارییە.
 
 بەو ڕێگەیەی کە دەوڵەتی ئەمریکایێ ڕەفتار لەگەڵ ئەو دوو حیزبە سیاسییە کوردییە دەکا پێچەوانەی هەر جۆرە بنەماگەکی دیموکراتیك و ئەو بەهایەنەیە کە ئەمریکا داکۆکیان لێدەکا؛ و لە هەقیقەتیش،  ئەوە سووکایەتیی کردنە بە کەڕامەتیی نەتەوایەتیی گەلی کوردستانێ. ئەو حیزبانەی سیاسیی کوردیی دۆستانی وەفاداری ئەمریکایێ و هاوکارانی جێباوەڕن لەو هەرێمە، لەبەرهەندێ، نابێ ئەوان وەها بەو جۆرە بێڕێزییە رەفتاریان لەگەڵ بکرێ کە بخرێنە سەر لیستی ڕێکخراوەکانی تێرۆریستیی.
 
 ئەم باوەڕین کە دەوڵەتی ئەمریکایێ گەرەکە ڕیگەیێک وەبینی بۆ ئەوەی لەو سیاسەتە ناماقوولە بێتە دەرێ و ئەو حیزبانەی کوردیی لەسەر لیستی تێرۆریستی لاببا، یان ئەگەر ئەمریکا باوەڕی وەهایە کە پێویستی بەوە هەیە کە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو دوو حیزبە سیساییە کوردییە بپارێزێ، ئەوکات گەرەکە دەوڵەتی جەنابت بێتە دەرێ و بە ڕۆشنیی خەلکێ ئەمریکایێ تێبگەینێ کە چۆن و بۆچی ئەمریکا کار لەگەڵ ڕێکخراوهایێکی تێرۆریستیی دەکا. جەنابی سەرۆک، ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ پدك و ینك دەکا، لە   دیـدی  خەڵکی   کوردستانێ   بۆ سیمای ئەمریکایێ جوان نیە.
 
لە کۆتایی، جەنابی پرێزدنت، دەوڵەتی جەنابت دەزانێ کە پدك و ینك ڕێکخراوهایێکی تێرۆریستیی نین، بەڵکوو ئەوان بەرنامەیێکی نەتەوایەتییان هەیە و خەباتییان کردووە بۆئەوەی مافەکانی نەتەوایەتیی بۆ میللەتە چەوساوەکەی خۆیان بەدەست بێنن. جەنابی سەرۆك، تۆ دەزانی پاش ئەوەی کە ئێڕاق ڕزگار کرا ڕێبەرایەتییەکانی پدك و ینك ڕۆلێکی گرینگیان لە سەقامگیرکردنی ئێڕاقێ بینی ــــ ڕۆڵێک کە ڕێكخراوەکانی "تێرۆریستیی" ناتوانن ببینن. لەبەر هەندێ، داوات لێدەکەین ئەو حیزبانە کە سیاسیین لەسەر لیستی ڕێکخراوەکانی تێرۆریستی لاببەی.
 
دوعای سەرکەوتنت لەبۆ دەکەین.
 
دڵسۆزانە،
کرمانج گوندیی
پرۆفیسۆر
زانستگەی تێنێسی ستەیت      


1 comment:

  1. Shame on the USA government for their above mentioned stupid and shameless action!
    The Kurds should be very careful to count on any help from such a government! They are friend when they need you!!!
    Thousands of shame on the crazy USA government politicians!

    ReplyDelete